بڵێسه‌ی شه‌ری چه‌نه‌د ساڵه‌ی ماڵوێرانکاری نێوان ئێران – عێراق باڵی شوومی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌و به‌تایبه‌ت دوو به‌شی کوردستان له‌رۆژهه‌ڵات و باشور دا ، کێشابوو، به‌شی هه‌ره‌زۆری به‌ره‌که‌تی شه‌ره‌که‌ش به نسیب شاره سه‌رسنووریه‌کانی کوردستان ببوو.
ئێمه وه‌ک پێشمه‌رگه چه‌ند ساڵێک بوو که بنکه‌کانمان له سه‌ر سنوور جێگیر کردبوو به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه‌نه‌بووکه ئێمه له خه‌ڵکه‌که‌مان دوور که‌وتووینه‌ته‌وه‌و کادرو پێشمه‌رگه له ناوچه‌کان دا حزوری به‌رچاویان نه‌بێ .
من ده‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کی دیکه‌م له کادرو پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێمۆکرات له قاڵبی تیمێکی ته‌شیلاتی دا به‌ر له مانگی پووشپه‌ڕ له ناوچه‌ی سه‌رده‌شتێ دا به‌کاری حیزبییه‌وه سه‌رقاڵ بووین وبۆ ته‌ماس له گه‌ڵ خه‌ڵک شی‌و و دۆڵ و موچه‌و شاخ و داخ و گوند و دێ مان ده‌پێواو، واش سه‌ره‌رای فه‌زای میلیتاریستی زاڵ به‌سه‌ر ناوچه‌دا ، هه‌ستی ماندووی ، شه‌که‌تی ، برسییه‌تی و تینوایه‌تیمان، له‌چاوترووکانێک دا به‌سۆزوخۆشه‌ویستی خه‌ڵکی دڵسۆز به‌یه‌کجاری ده‌ره‌وانده‌وه.
ئێمه‌پاش گه‌رانێکی نێزیک به 2 مانگ له‌ناوچه‌ی سوێسنایه‌تی و هه‌ڵکشان و داکشانێکی زۆر له‌ده‌وروبه‌ری گوندی ” هه‌ڵوێ ” له مووچه‌یه‌ک وا بزانم به‌ناوی ” سمێله” که داپۆشراو له دارستان بوو ، بارگه‌مان لێ خست و خه‌ریکی حه‌وانه‌وه‌و ئیسراحه‌ت بووین و میوه جۆراوجۆره‌کا‌نی ئێمه‌ی به‌خۆیه‌وه خه‌نی کردبوو.هه‌ر له فکری چۆنیه‌تی ته‌ماس و پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ خه‌ڵک دا بووین کت‌وپڕ خه‌ڵک ئاگاداری کردین که شاری سه‌رده‌شت به‌هۆی چه‌ند فرۆکه‌یه‌که‌وه بۆمباران کراوه و زۆری نه‌خایاند که چه‌ندوچۆنی بۆمبارانه‌که، له ئاستی ناوچه‌که دا وه‌ک بۆمب ده‌نگی دایه‌وه.
ده‌توانم بڵێم هه‌ر ئه‌م رۆژه چۆنیه‌تی روداوه سامناکه‌که‌ی شیمیایی سه‌رده‌شت له‌لایه‌ن فرۆکه‌کانی رێژیمی عێراق که‌تێی دا سه‌دان شه‌هید و هه‌زاران زامداری له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی پێکهاتووله ژن و منداڵ و پیروپه‌ککه‌وته‌ی لێ که‌وته‌وه، له ئاستی به‌ربڵاو دا ده‌نگی دایه‌وه. خه‌ڵکێکی زۆر له نێوشار دا ئاواره‌و په‌ریوه‌ی گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری چۆمی که‌ڵوێ بوون. چه‌نده قوڵایی کاره‌ساته‌که زیاتر ئاشکرا ده‌بوو هه‌ر به‌و راده‌یه‌ش ئه‌و که‌سانه‌ی که‌خزم و که‌س و کاریان له نێو شار دا ده‌ژیان زیاتر ترس و دڵه‌خورپه‌و نیگه‌رانی له‌مه‌ر به‌رکه‌وتنی خزمه‌کانیان به‌و روداوه دڵته‌زێنه دا،هه‌ست پێ ده‌کرد وتوشی شۆکی ده‌کردن.
له‌نێو تیمه‌که‌ی ئێمه دا کاک محمد که‌سرایی یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو که ماڵێ باب و براکانی له‌سه‌رده‌شتێ دا ده‌ژیان و به بیستنی راده‌ی شه‌هید و برینداره‌کان، به زوویی هه‌ستمان کرد که‌نیگه‌رانی سه‌رتا پای وجودی ناوبراوی داگرتوه‌و، سات به‌سات له هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی هه‌واڵی تازه دایه.
به‌نیاز بووین زیاترله‌وه درێژه به‌حه‌ره‌که‌تی تیمی خۆمان بده‌ین و زۆرتر له نێو خه‌ڵک دا بمێنینه‌وه‌و تا ته‌ماسی زیاترمان له گه‌ڵ ئه‌ندام ، لایه‌نگرو دۆستانی حیزبی هه‌بێ به‌ڵام نیگه‌رانی به‌جێی ئه‌و هاورێ یه‌و ئه‌گه‌ری به‌رکه‌وتنی یه‌کێک له خزمه‌کانی ( شه‌هید حاجی کسرایی )، ئه‌و هۆکارانه ئێمه‌شی هان دا تا هێدی هێدی به‌ره‌و سنوو بکشێین و سه‌رئه‌نجام پاش بۆمبارانی شیمیایی سه‌رده‌شت ( 7ی پووشپه‌ری 1366) ده‌توانم بڵێم هه‌فته‌یه‌ک دواتر گه‌یشتینه‌وه بنکه‌کانمان له‌سه‌ر سنوور.
به‌رپرسی ئه‌وکاتی کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت شه‌هید فه‌تاح عه‌بدولی بوو . ناوبراو له‌جه‌وله‌که‌مان زۆر رازی بوو . هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه داوای له من و که‌سرایی و شه‌هید مه‌لا حسین همزه‌پور (زێوه‌یی ) کرد که به حاڵه‌تی ته‌شویقی وزیاتریش له به‌رچاوگرتنی دۆخی روحی که‌سرایی، به‌قه‌ول سه‌ردانی قه‌ڵادزێ بکه‌ین و سه‌رئه‌نجام سه‌فه‌ره‌که‌مان سه‌ری گرت و گه‌یشتینه قه‌ڵادزێ به‌ڵام تا ده‌هات غه‌م و نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌و هاورێیه‌مان زیاتر ده‌بوو، داوای له من کرد که بچینه ئۆردوگای” به‌سه‌ستێن ” ئه‌و جێگایه‌ی که له‌وانه‌بوو له شه‌وورۆژێک دا سه‌دان کاروانچی سه‌رده‌شت و به‌تایبه‌ت ده‌وروبه‌ری بۆ هێنان و بردنی که‌لوپه‌لی جۆراوجۆر بێ گوێدان به مه‌ترسییه‌کانی،له هاتۆچۆ دا بن .
هه‌ر چۆنێک بێ ساغ بووینه‌وه به‌بێ بوونی (عدم تعرض ) ملی رێگای به‌سستێن بگرینه به‌ر و تا گه‌یشتینه پرسگه‌که هه‌موو شتێک ئاسایی ده‌هاته‌به‌ر چاو، به‌ڵام هه‌ر که‌واریدی وێ بووین یه‌که‌م پرسیاری که‌سی ( استخبارات ) ی یه‌که ئه‌وه‌بوو ، کوا ( عدم تعرض ) و ئێمه‌ش بێجگه له کارتی پێشمه‌رگایه‌تی شتێکی دیکه‌مان پێ نه‌بوو تا نیشانی بده‌ین و یه‌ک سه‌ر دایان به‌زاندین و هه‌رچه‌ند خۆمان ناساند و کارته‌کانمان نیشان دا به‌ڵام که‌ڵکی نه‌بوو. له‌و کاته دا ماشێنێک هات و ته‌نیا که‌سێکی تێ دا بوو که‌ده‌رکه‌وت ناوی (اسماعیل جاف )ه و پێ ده‌چوو چه‌کداری رێژیم بێ و ویستمان داوایه‌کمان بۆ بکا تا رامان نه‌گرن به‌ڵام پێی گووتین شتێکی وا نیه‌و سوار بن و هاتینه سه‌ر جاده‌ی سه‌ره‌کی به‌ره‌ومه‌سیری رانیه‌و دروست له سه‌ر جاده‌که ژنێک ده‌ستی لێ هه‌ڵێنا و سواربوو. ئێمه‌هه‌ر سێک مان له وه‌سه‌تی ماشێنه‌که، ( استخبارات ) ی یه‌که له پێشێ و ژنه‌که‌ش له پشته‌وه دا، سوار ببووین.
کێشه‌ی ئێمه ته‌نیا نه‌بوونی ( عدم تعرض ) نه‌بوو ، به‌ڵکوو بوونی ده‌مانچه‌یه‌ک ، عوزری له قه‌باحه‌ت خرابتر کردبوو . خه‌ریکی سرت و خورت بووین و ده‌تگوت ژنه‌که هه‌ستی به‌بوونی شتێکی نامۆ کردوه‌و گوتی : ئه‌گه‌ر کارێک به‌من ده‌کرێ پێم بڵێن ، من ” ئایشه‌مه‌ره ” م و قه‌دیم خه‌ڵکی لای ” میراوێ ” بووم و‌ئێستا ماڵم له رانیه له نێزیک ماڵێ ” رحیم شیوه‌یی ” یه‌وهه‌ر چۆنێک بوو ساغ بووینه‌وه ده‌مانچه چارده‌خۆره‌که‌ی ته‌حویل بده‌ین به‌ڵام چۆن؟ به جۆرێک پیاوه‌کانی رێژیم هه‌ستی پێ نه‌که‌ن و هێندێک جاریش فکرمان له‌وه ده‌کرده‌وه که زه‌ربه‌یه‌ک له پیاوه‌که بده‌ین وئه‌وجا رابکه‌ین. به‌خافڵاندنی پیاوه (استخبارات) ی یه‌که، ده‌مانچه‌که‌مان ته‌حویلی ژنه‌که دا و لێی دا رۆیشتین تا گه‌یاندیانینه فیرقه‌ی سه‌ربازی چوار قورنه‌و له وێش بێ سێ و دوو هه‌ر کام له ئێمه‌یان خزانده زیندانێکی تاک سلولی .هه‌رله سه‌ره‌تاوه ده‌رکه‌وت نه ته‌نیا هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌گه‌ڵ ئێمه زۆر خرابه، به‌ڵکو زیندانه‌که‌ش بۆ خۆی چیرۆکیکی له‌بیرنه‌کراوه‌یه : گه‌رمایه‌گی تاقه‌ت پرووکێن ، ئاوی گه‌رم بۆ خواردنه‌وه ، گرفتی چوونه توالیت ، کێچ ئه‌سپێ، دووپشک و مشکی زۆروزه‌وه‌ند ، خه‌ولێزران به‌هۆی ناله‌بار بوونی سلولی زیندان .
جاروباریش که‌خه‌و نه‌ده‌چۆ چاومان، ده‌ستمان به سرود و گۆرانی ده‌کرد وجا ئه‌و که‌ره‌ته‌ش که‌سێکی مرچ و مۆن و دێزه مان به ناوی ” شوان ” لێ په‌یدا ده‌بوو که به نیسبه‌ت من زۆر هه‌ستیار بوو و حه‌زی به‌دیتنی من نه‌ده‌کرد .
له‌و چه‌ند رۆژه‌دا له‌به‌ر نه‌خواردنه‌وه‌ی چا، هه‌موومان تووشی ژانه‌سه‌رێکی سه‌خت ببووین و کوره‌کان داوایان لێ کردم که به شوان بڵێم چایه‌کمان بده‌نێ به‌ڵام له‌بری پێدانی چا، شوان هه‌ڵی کوتا سه‌رم و قسه‌ی زۆر ناحه‌زی پێ گوتم و به‌جۆرێک ناره‌حات و له‌خۆم بێزار بووم و ئاواتم بۆ ئامرازێک وه‌ک نارنجۆک ده‌خواست که‌خۆم و ئه‌وی پێ له‌نێو به‌رم .هه‌ر چۆنێک بێ ئه‌و هه‌فته‌یه‌ی له زیندانێ دا بووین تێ مان په‌راند وبه شێوه‌ی چاوه‌روان نه‌کراو پێمان گووترا ساز بین و ده‌ماشێن یان خزاندین و تۆمه‌ز مه‌سیره‌که‌ی به‌ره‌و سلێمانی بوو، پێمان وابوو تازه به‌م زوانه ئازاد نابین و دیسان فکری هه‌ڵاتن به‌مێشک مان دا هات به‌ڵام باش بوو له به‌ختی ئێمه ماشێنه‌که‌له جیات خه‌تی سلێمانی، به‌ره‌و جاده‌ی نیزامی چوارقورنه – ده‌ربه‌ند وه‌رێ که‌وت و یه‌ک سه‌ر بردیانینه ئیداره‌ی موخابراتی قه‌ڵادزێ و هێشتا نه‌گه‌یبووینه وێ که تۆپ بارانی ئێران ده‌وروبه‌ری موخابراتیشی گرته‌وه و له ترسان هه‌موو پێرسۆنێله‌که‌یان چووبوونه کونه ته‌یاره‌و ئێمه‌شیان برده‌وێ وله به‌ر تۆپه‌ڵه‌ی کێچان، ده‌لینگی پانتۆڵه‌کانمان خسته ژێر گۆره‌وییه‌کانمان وله‌به‌ر شڵه‌ژاویی دۆخه‌که که‌س ئاگای له‌که‌س نه‌بوو، بۆیه‌ئازادیان کردین و خۆمان گه‌یانده‌وه پێوه‌ندییه‌کانی حیزب له شاری قه‌ڵادزێ .