موجاهیدین له په‌یامێکدا بۆ ڕووحانییه‌تی موباریز، له‌ژێر سه‌ردێڕی «ڕووحانییه‌تی شیعه له‌سه‌ر دووڕێیانی مێژوویی»، باسی ویلایه‌تی فه‌قیهـ و دەستێوەردان له‌کاره ئیجراییه‌کان دوای پتر له ١٣٠٠ ساڵ ده‌کا. له په‌یامه‌که‌دا، به‌غه‌در زانراوه که کۆمه‌ڵێک خۆیان به ڕووحانی و پاک و خه‌ڵکی دیکه به نه‌حس و پیس بزانن.
موجاهیدن ئەوەی کە، بۆ ئیداره‌ی وڵات مه‌جلیسی خیبره‌گان «فقیه جامع الاشرایط»ی په‌سند کردوه، له دنیای مودێڕینی ئه‌مڕۆ‌دا، به دروست نازانێ. چونکه له مه‌سه‌له پڕکێشه و گرێ و گۆڵه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، بەپێی چاوه‌ڕوانی و پێشکه‌وتنه‌کانی، پێویستە بە زانیاری و هەوڵی گشتی، پسپۆڕی و فرەڕەهەندی کارەکان بکرێن. ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانی ڕه‌ها بۆ ته‌نیا که‌سێک به پێی گرینگیی ئێران و تایبه‌تمه‌ندیی مێژوویی و کێشه به‌را‌ییه‌کانی له‌نێوخۆ و دوره‌وه، و نه‌خشی ژێئۆپلۆتیک و سیاسی له جیهان به‌گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی، له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کان ناته‌بایه. هه‌روه‌ها، لەپەیامەکەدا، که‌سانێکی که «ئیمام خومه‌ینی» جیا ده‌که‌نه‌وه و کۆی ده‌سه‌ڵاته‌کان بۆ ئه‌و به ڕەوا ده‌زانن، به ناڕاست له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. چونکه ئه‌ویش مرۆڤه و مرۆڤیش «جایزالخطا»یە.
موجاهیدین ئه‌و په‌یامه به‌و دێڕانه ته‌واو ده‌کا که:» ئه‌گه‌ر سوننه‌تی شۆڕشگێڕی و گه‌لیی ته‌شه‌یوع له‌به‌رچاو نه‌گرن و ڕێز بۆ شه‌هیده شۆڕشگێڕه‌کان دانه‌نێن و سه‌رمه‌ستی ده‌سه‌ڵات و هێز بن، خۆتان به‌ده‌ستی خۆتان نه‌فی کردوه و ده‌بنه هاوده‌ستی پله چه‌نده‌می زاڵمی کاربه‌دەستانێک که به‌ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن.»(١)
دیاره موجاهیدین له‌وکاتدا، بیروڕای ڕووحانییه‌کانی بۆ به‌ده‌ستەوەگرتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات، بۆ پیاده‌کردنی ئیسلامی سیاسیی باش لێک ده‌داوه. بەڵام بۆخۆیشی به‌شێوه‌یه‌ک، به گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی خه‌ته‌ری «ئیمپڕیالیزم» و ته‌نانه‌ت مه‌حکوومکردنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناساندنی وەک «پیلانی ئیمپریالیستی» _که ژماره‌یه‌کی زۆری کادر و ئه‌ندامی چالاکی ئه‌و ڕێکخراوە و به‌رپرسی یەکەمی لە ڕێژیمی پێشوودا، له مه‌رگ ڕزگار کردبوو_ ڕێگای بۆ ده‌سه‌ڵاتی نگریسیان خۆش ده‌کرد. ئه‌و ڕێکخراوەیە پێی وابوو: «سیاسه‌تی مافی مرۆڤ ده‌یهه‌وێ ڕووی دزێوی ئیمپریالیزم داپۆشێ!»(٢)
موجاهیدینی خه‌ڵق و پێشنووسی یاسای بنه‌ڕه‌تی
باسی مه‌جلیسی موئه‌سیسان که له پاریس قسه‌ی لێ کرابوو و هه‌ر له‌ویش وه‌ک پێشنووسی یاسای بنه‌ڕه‌تی گه‌ڵاڵه‌یه‌ک له‌لایه‌ن شاره‌زایان ئاماده‌کرا. دوای سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕین، له شووڕای شۆڕش، گه‌ڵاڵه‌ی ناوبراو هاته‌وه به‌رباس و به‌هێندێک ده‌ستکاری په‌سند کرا و پاشان له ڕۆژنامه‌کاندا، بڵاوکرایەوه. هه‌تا ئه‌وکات موخالیفه‌تێکی ئه‌وتۆشی له‌گه‌ڵ نه‌کرابوو و دیارده‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهیشی تێدا نه‌بوو.
موجاهیدین ڕۆژی سێشه‌ممە، ٩ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨ له کۆنفڕاسێکی چاپه‌مه‌نی له تاران بیروڕای خۆیان سه‌باره‌ت به یاسای بنه‌ڕه‌تیی پێشنیارکراو، ده‌ربڕی. مه‌سعوود ڕه‌جه‌وی له‌و بارەیه‌دا گوتی: داڕشتنی یاسای بنه‌ڕه‌تی، بناخه و ڕێگاکانی ژیان و پێوه‌ندیی داهاتوومان بۆ تۆمار ده‌کا. که‌وابوو چاره‌نووسی مه‌حکه‌مه‌کان، هه‌ڵسوکه‌وتی دادگاکان و تاوانی ئه‌و که‌سانه‌ی دادگایی ده‌کرێن، جێی باس و لێ وردبوونه‌وه‌ن. پێویسته کۆمه‌ڵگەکه‌مان وه‌ک که‌شتییه‌ک سه‌یر بکه‌ین که به داڕشتنی یاسای بنه‌ڕه‌تی ڕوون ده‌بێته‌وه بۆ کوێ ده‌چێ. ئایا بۆ لێواری نه‌جات و ڕزگاریی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئازادی و یه‌کسانی دەڕو؛ یا پێچه‌وانه‌که‌ی بۆ قووڵایی ته‌فره‌قه و جیاوازی، گێره‌شێوێنی و ئاژاوە و به‌ستراوه‌یی دەچێ؟ پێویسته بزانین، باشترین شێوه‌ی پێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و کوێمان ده‌با. کۆمه‌ڵگەی ناچینایه‌تیی ته‌وحیدی، یا ئه‌و بۆچوونه ئیده‌ئالە کۆمه‌ڵایه‌تییەی به تایبه‌تمه‌ندیی ئیمامی زه‌مانی‌یەوە؟ داهاتووی کۆمه‌ڵگه ڕوون نیه. نازانی به‌ره‌و کۆێ ده‌چێ و ئامانج لێڵه. ئایا بناخه‌ی ئه‌و بینا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی دایده‌نێین، ده‌بێ به‌هۆی چ که‌سانێکه‌وه به‌ڕێوه بچێ و بگۆڕێ؟ پێویسته هه‌ژاره‌کان یا کرێکاران و وه‌رزێڕان، ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه دروست که‌ن و پشت به‌وان ببەسترێ. ئێمه خوازیارین له‌داهاتوودا، ئابووریی شتومه‌کی (کالایی) و ئابووریی قازانج په‌رستانه‌ی سه‌رمایه‌داری لەگۆڕه‌پانی جیهانیدا، به‌ته‌واوی له‌نێو بچێ. باشتر نیه ئێمه بزانین که ده‌کرێ خاوه‌نداریی به‌رهه‌مهێنان گشتی بێ، نه‌ک تایبه‌تی؟ یانی کۆمه‌لگەی چه‌وساوه له ئاکامدا، جێی خۆی بدا به کۆمه‌ڵگەی بێ چینایه‌تیی ته‌وحیدی. کۆمه‌ڵگەیه‌ک که له‌ژێر رێبه‌ڕایه‌تیی شۆڕشگێڕی ئیمامی قائیم بێ؟ ئه‌وه ئامانجی نەهایی ئێمه‌یه. به‌ڵام له ئێستای شۆڕشدا، چمان ده‌وێ؟
شۆڕشی ئێمه دژی ئیمپریالیستی و ئیستیعماری یا داگیرکه‌ری، سه‌ره‌ڕۆیی و دیکتاتۆرییه. ده‌بێ ئه‌و ده‌وره‌یه به‌ته‌واوی تێپه‌ڕێنین هه‌تا بگه‌ین به مه‌رحه‌له‌یه‌کی دی. که‌وایه پێتان هونه‌ر نه‌بێ که دروشمی دژی چه‌وسانه‌وه بدین. ئا. تاڵەقانی له ڕۆژی ٣٠ ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵدا، سێ شتی زۆر گرینگی گوتوه که گۆیا له قوم قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه که: ئێمه دژی سه‌ره‌ڕۆیی به هه‌ر شێوه‌یه‌کین و دژی داگیرکه‌ری و دژی چه‌وسانه‌وه‌ین.
یاسای بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر دژی ئیمڕیالیست بوونی شۆڕشه‌که‌مان پێ‌داگر نه‌بوه و ئه‌و ئازادییانه‌ی که په‌یامی خۆێنی شه‌هیدان بووه، یانی ئازادی له ژێرده‌سته‌یی و زوڵم، ئازادی میللیە‌ته‌کان له سته‌می دووقات، ئازادیی ژن، ئازادیی تێکۆشانی سیاسی و چاپه‌مه‌نی، ئازادیی بیروباوه‌ڕ و پێکهێنانی فه‌زایه‌کی ئه‌وتۆ که ڕۆڵه‌کانی ئێمه نه‌فه‌سی تێدا بکێشن، به‌دی ناکرێن. چوونکه ئازادی و ڕزگاری جه‌وهه‌ری مێژووی مرۆڤه و ڕه‌وتی مێژوو هه‌میشه له ڕووبه‌ری پێویستی ئازادی دایه. به‌پێی ئه‌و بۆچوونه، ئێمه ڕه‌خنه له یاسای بنه‌ڕه‌تی ده‌گرین و له بەرانبەریدا، ڕاده‌وستین.(٣)
ڕه‌جه‌وی نیزامی شووڕایی به ته‌نیا شێوه‌ی ئیسلامیی ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگە ده‌زانی و له‌بواری سیاسییه‌وه وه‌ک ئه‌سڵێکی خه‌وش هه‌ڵنه‌گری ئیسلام و قورئان به شکلی حکوومه‌تی ئیسلامی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی له قه‌ڵه‌م دا.
ئه‌و به‌پێی ته‌فسیری ئا. تاڵقانی له سووڕه‌ی «نازعات» _که تەلەڤیزیۆنیش بڵاوی‌کردبۆوه_ ده‌ڵێ: مه‌سه‌له‌ی شووڕاکان به‌هێند وه‌ربگیرێ. چونکه سه‌ره‌ڕای ته‌ئییدی ئیمام و پشتیوانی ئا. تاڵقانی، ده‌ستانێک له کاردان بۆ ئیجرانه‌کردنی ئه‌و ده‌ستووره بنه‌ڕه‌تییه‌ی ئیسلام و پێشگیری له دامه‌زرانی نیزامی شووڕایی. ئه‌و ده‌ستانه هه‌ر ڕۆژه‌ی له شوێنێک ئاژاوه‌ی ده‌نێنه‌وه هه‌تا پێش بە خه‌ڵک له به‌ڕێوه‌به‌ری نیزامی شووڕایی بگرن. ناوبراو ئه‌سڵه‌کانی ٩١، ٩٢ و ٩٣ی ته‌واوکه‌ر (موته‌میم)ی یاسای بنه‌ڕه‌تی پێشووی، له‌گه‌ڵ ئه‌سڵی ٣ی یاسای نوێ لەبارەی شووڕاکانی هه‌ڵسه‌نگاند و به‌و ئاکامه گه‌یشت که یاسای نوێ، ٧٢ ساڵ له یاسای پێشوو له‌دواتره.(٤)
سەرچاوەکان
1ـ مجاهد، شمارە ٧، صفحات ١و٢
2ـ مجاهد شماره ٥، صفحات ١و٢.-
٣و ٤ـ مجاهد، شمار ٣، سال اول، دوشنبه ١٥ مرداد ١٣٥٨ ، ص٦
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)