ساڵی نوێی هەتاوی لە ئێران بە قووڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان، بەردوامیی ناڕەزایەتیدەربڕینی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت مانگرتنی
کرێکاران، دەستەوەستانیی زیاتری دەوڵەت لە کۆنتڕۆلکردنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەستی پێ‌کرد. «کوردستان» بە مەبەستی تاوتوێی زیاتری دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان و ناوچە، وتووێژێکی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێناوە:
حەسەن ڕووحانی چاوەڕوانییەکی زۆری لە خۆی دروست کردبوو. ئایا ناوبراو توانیویەتی لەو ماوەیەدا بەرعۆدەی وادە و بەڵێنەکانی بێ؟
هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ڕوحانی وه‌ک سه‌رۆککۆماری ئێران بۆ جاری دووهه‌م هیچی له بارودۆخی نێوخۆیی ئێران و سیاسه‌تی ڕه‌سمیی کۆماری ئیسلامی نه‌گۆڕیوه. بەهۆی ڕێژیمی خۆسەپێن و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامی خه‌ڵکی ئێران _جیا له تاقمێکی که‌م نه‌بێ که به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌و نیزامه گرێ دراوه_ به‌گشتی له‌گه‌ڵ قەیرانە ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک نه‌بوونی دێموکراسی و ئازادی، بێ‌کاری، گرانی، هه‌ژاری و دژواریی وه‌ده‌ستخستنی بژێوی ژیان ده‌سته‌ویه‌خه‌ن و، به‌داخه‌وه بارودۆخه‌که هیچ لە بەرژەوەند و قازانجی خه‌ڵک نه‌گۆراوه، به‌ڵکوو ڕۆژ به ڕۆژ ژیانی خه‌ڵک خه‌راپتریش بووه. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای کرد کە له ماوه‌ی ڕابردوودا به تایبه‌ت له مانگی به‌فرانباری ساڵی پاردا شه‌پۆلێکی نوێی ناڕه‌زایه‌تیده‌ربرین و تووڕەیی خه‌ڵکی ئێران به دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە ڕێ.
بەڵام خۆپیشاندانەکان سەرکوت کراون و هەست دەکرێ دەوڵەت توانیبێتی کۆنتڕۆڵیان بکا؟
ڕاستە دەسەڵاتی سەرکوتگەر به سه‌رکوتی توند و تیژ و ڕەشبگیری بەربڵاو ناڕهزایهتییەکانی خه‌ڵكی لە شێوازی خۆپیشاندانەکانی سەرشەقامی لە ڕواڵەتدا کۆنترۆڵ کردوه، به‌ڵام چەند شتی گرینگ هەیە لەو پێوەندییەدا کە دەبێ لەبەرچاومان بێ: ئەوەی کە خۆپێشاندان و ناڕهزایهتییەکانی خه‌ڵکی ئێران ئه‌مجاره‌یان هه‌م له ڕووی ڕاشکاویی دروشمی خۆپیشانده‌ران و هه‌م له ڕوانگه‌ی به‌شداریی چین و توێژه جۆراوجۆره‌کانی خه‌ڵک و هه‌روه‌ها پانتایی جوغرافیایی و گشتگیربوونیان به به‌راورد له‌گه‌ڵ شەپۆلی ناڕه‌زایه‌تییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر جیاواز و کەم وێنه بوو. ئەمجارەیان تابۆی ویلایه‌تی فه‌قیهـ شکا و «مردن بۆ دیکتاتۆر» و «نه‌مان بۆ خامنه‌یی» به‌شێکی سه‌ره‌کیی دروشمه‌کان بوون.
ئەم ناڕەزایەتییانە به‌ڕوونی ئه‌م په‌یامانه‌یان تێیدا ده‌خوێندرێته‌وه که خه‌ڵکی ئێران له‌باری ژیان و گوزه‌رانه‌وه له خه‌راپترین باروودۆخ دان و چونکی ڕووناکییه‌ک بۆ ده‌رچوون له‌م وه‌زعه به‌دی ناکه‌ن و ڕۆژ به ڕۆژ بارودۆخیان خراپتر دەبێ، هه‌ر بۆیه ڕێگایه‌ک جگه له هاتنه سه‌رشه‌قام و به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ناره‌زایه‌تییان بۆ ڕاوه‌ستان له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێژیمه‌یان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. خەڵک به تهجرووبهش بۆیان ده‌رکه‌وتووه کە ئاڵوگۆڕی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت له نێوان ئه‌م یان ئه‌و قۆڵ و باڵی نێو ڕێژیم گۆڕانێکی جیددی له بارودۆخی ژیانی ئه‌واندا پێک ناهێنێ و بێ‌کاری و گرانی و بێ داهاتی و ده‌یان کێشه‌ی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک بە چارەسەرنەکراوی هه‌ر له جێگای خۆیان ماونه‌وه و ئاسۆیه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنیان به‌دی ناکرێ.
لەو نێوەدا کوردستان چۆن دەبینن؟ خەڵکی کورد چۆن لە مەیدانەکەدا بوون؟
وه‌زعی خه‌ڵکی کوردستان هەر وه‌ک خه‌ڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانه و له هێندێک بواردا به‌داخه‌وه خراپتریشه، به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان سه‌رەڕای هه‌موو کێشه و گرفته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی له‌و ماوه‌یه‌دا له تێکۆشان و چالاکیی مه‌ده‌نی به‌رده‌وام بوون. هه‌ره‌وه‌ز و به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵکی کوردستان بۆ خه‌ڵکی زیاندیتووی پارێزگای کرماشان کە تووشی بومه‌له‌رزه هاتبوون، نموونه‌ی هه‌ره‌به‌رزی هه‌ره‌وه‌ز و هاوکاریی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ خوشک و بڕاکانیان بوو. له نه‌ورۆزی ئه‌مسالیشدا سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌ست دروستکردنی حکومه‌ت، به‌ڵام خه‌ڵک به هه‌وڵ و تێکۆشانی ئازایانه به‌پیل ئه‌و بۆنه نه‌ته‌وه‌یی چوون و دەبینین له هه‌موو ده‌رفه‌تێکدا به چالاکی لە بۆنه‌ی جۆراوجۆری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕه‌نگ و بۆنی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی ئاوێتە ئەم جموجۆڵ و چالاکییانە دەکەن.
ئەوە زیاتر لە سێ حەوتوویە مانگرتنێک لە شارە سنوورییەکانی کورستان هەیە. خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەو مانگرتنە لەو شێوە مەدەنییەدا چیە؟
پێش هەموو شتێک سوپاس و ڕێزی تایبه‌تیم بۆ ئه‌و خه‌ڵكه ئازا و خۆڕاگره هه‌یه که سه‌ره‌ڕای فشارێکی یه‌کجار زۆری ژیان و گوزه‌ران و به‌سه‌ختی په‌یدا کردنی بژێوی ژیان بۆ ماڵ و منداڵیان، ئاوا یه‌کگرتوویانه زیاتر له سێ حه‌وتوویه بۆ پشتیوانی له کاسبکارانی کۆڵبه‌ر، دووکان و بازاڕیان داخستووه و یه‌کگرتووانه داوای مافی ڕه‌وای خۆیان ده‌که‌ن که حکومه‌ت لێیان ناگه‌رێ به‌و ڕێگە ئاستهمەشدا کاربکه‌ن و نانێک بۆ ماڵ و منداڵیان په‌یدا بکه‌ن.
ئێمه ده‌زانین حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی وه‌ڵامده‌ر نیه و خۆ به به‌رپرسیار نازانێ، بۆیه ئیمکانی هه‌یه به پیل داوای ڕه‌وای خه‌ڵکه‌وه نه‌چێ. به‌ڵام ئه‌و ڕاستیه‌ش حاشای لێ ناکرێ که ئه‌گه‌ر خه‌ڵک یه‌کگرتوو و پێ‌داگر بێ له‌سه‌ر مافه ڕه‌واکانی هه‌ر وه‌ک زۆر دیکتاتۆر به چۆکدا هاتوون، دیکتاتۆری حاکم به سه‌ر ئێرانیشدا له کۆتاییدا هه‌ر به چۆک دادێ. جا یان ناچار ده‌بێ وه‌ڵامی داوای ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستان و خه‌ڵكی وه‌زاڵه هاتووی ئێران بداته‌وه یان خه‌ڵك به خه‌باتی به‌رده‌وام و یه‌کگرتوویانه به چۆکی داده‌نێن.
دڵنیاش بن له‌و خه‌باته ڕه‌وایه‌دا حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌ک هه‌میشه پشتگیر و پشتیوانی هه‌میشه‌یی خه‌ڵک ده‌بێ. هیوادارم هه‌رچی زووتر سایه‌ی شومی ئه‌و ڕێژیمه نگریسه له کۆڵ خه‌ڵکی وڵاتی ئێمه بێته‌وه و خه‌ڵكەکەمان به ئازادی و ئاسووده‌یی بژی.
سەرەڕای بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و سەرباری قوڵبوونەوە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام ڕێژیم هەر لە جێی خۆیەتی. هۆکار و سەبەب چیە؟
ڕاستە خه‌ڵکی ئێران به تەواوی له حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی ناڕازین. کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و کۆر و کۆمه‌ڵی سیاسی و ئێمه‌ش ئەمە باش دەزانین به‌ڵام هه‌روه‌ک زۆر جار ئێمه و حیزب و لایه‌نی سیاسیی دیکه‌ش گوتوویانه، یه‌کێک له هۆیه‌کانی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش نه‌بوونی ئالترناتیڤ و ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزە که به‌داخه‌وه تا ئێستاش نەیتوانیوە خۆی دەربخا و چاوەڕوانیی ئەوەش ناکرێ بەم دەمودەستە شکڵ بگرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ندەی پێوه‌ندیی به حیزبی دێموکراته‌وه هه‌یه، لە هه‌وڵەکانی بۆ پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنێکی دێموکرات که باوه‌ڕی به هەموو مافە سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی پێکهاته‌کانی ئێران هه‌بێ بەردەوام بووە. هەر بۆ ئەو ئامانجە دەبینین کە له پێکهێنانی شوڕای دێموکراسیخوازاندا حیزبی ئێمە نه‌خش و ده‌وری باشی بووە. ئێستا ئه‌و هاوپەیمانییە به به‌شداریی دە حیزب و ڕێکخراوه‌ی سیاسی_ئیرانی و پێکهاته جۆراوجۆرە نه‌ته‌وه‌ییەکانی ئێران خه‌ریکی کار و تێکۆشانه. هەڵبەت ئەگەرچی چاوه‌ڕوانی لێ ناکرێ ئه‌و یه‌کیتییه وه‌ڵامی هەموو ئه‌و نیازه زهرووییانه بداته‌وه که وه‌ک بۆشایی جیددی له ئێران له لاوازیی ئۆپۆزیسیۆندا هه‌ستی پێ ده‌کرێ، به‌ڵام دیسانیش ڕێگایه‌کی باشه بۆ هه‌وڵ و تێکۆشان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان بۆ دروستکردنی ئادرسێک، ئەویش بە مەبەستی له ده‌وری یه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترین لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی حکومه‌تی ئێران.
دەرەنجامی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و دواوێستگەی هێژمۆنیخوازیی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ئێستا چۆن لێک دەدەنەوە؟
ده‌ستێوه‌ردانی کۆماری ئیسلامی له کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عێراق، سووریه، یه‌مه‌ن، لوبنان و هتد، ئه‌گه‌ر له لایه‌ک بە ڕواڵەت بەهێزیی کۆماری ئیسلامی لە گەمە ناوچەییەکاندا پیشان دەدا، بەڵام هەر ئه‌وه بۆته کێشەیەکی جیددی بۆ خه‌ڵکی ئێران. له به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆری ئه‌و وڵاته له جێگای ئه‌وه‌ی له ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی وڵات‌دا خه‌رج بکرێ، دەبێتە تێچووی ده‌ستێوه‌ردان و سیاسه‌تی زێده‌خوازانه‌ی حکومه‌ت له ناوچه‌که‌دا. جیا له‌وه‌ش هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته کارتێکه‌ریی زۆر نگه‌تیڤی بۆ سه‌ر ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی خه‌ڵکی ئێران دەبێ. بەڵام ئەوە لە درێژخایه‌ندا به قازانجی کۆماری ئیسلامی ته‌واو نابێ و هۆیه‌کی گرینگە بۆ فشار خستنه‌سه‌ر ڕێژیمی ئێران له کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا. دیارە ئەگەرچی به‌زاهیر حکومه‌تی ئێران به‌و ده‌ستێوه‌ردانه حیساب بۆکراو و به‌رنامه بۆداندراوە توانیویه‌تی ئه‌کته‌ر و ڕۆڵگیرێکی کاریگه‌ر بێ له ناوچه به‌تایبه‌ت له قەیرانخوڵقێنی و ئاڵۆزکردنی مه‌سه‌له‌کاندا؛ به‌ڵام ئێستا که‌م و زۆر هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه‌ی له ناوچه‌دا حزووریان هه‌یه ده‌زانن که ڕۆڵ و نەخشی کۆماری ئیسلامیی ئێران چه‌نده به زیانی دابینکردنی ئه‌منییه‌ت و سەقامگیریی ناوچەکەیە. جا بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێ هه‌روا ئه‌سپی خۆی تاو بدا و ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەواندا ناگونجێ کە ڕێژیمی ئێران جێ پێی خۆی لە ناوچە توند بکا و پەرە بە هێژمۆنییەکانی خۆی بدا. هەڵبەت ئێمه پێمان وایه ئه‌و ده‌ستێوه‌ردان و زێدهخوازییەی کۆماری ئیسلامی له درێژماوه‌دا به زیانی ڕێژیم و خه‌ڵكی ئێرانیش ده‌شکێته‌وه و، ده‌بێ به بەڵای سه‌ری حکومه‌ت و بیانوودان بە وڵاتانی ناوچه و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی که پێش ئێران بگرن و به‌ربه‌ستی بۆ دروست بکه‌ن.
ئەو لێکدانەوەیەتان چەندە پیوەندیی بە سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا بە نیسبەت ئێرانەوە هەیە؟
ئێران و ئەمریکا بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو ململانێ و ڕکەبەریی خۆیان لەسەر زۆر پرسی سیاسی لە ناوچەدا بووە و سەرۆککۆماری ئێستای ئەمریکاش لەو ماوەیەدا هەڵوێستت توندتری لە هەمبەر سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی و دەستدرێژییەکانی ئێران‌دا نواندوە. وەک دەبینین په‌یتا په‌یتا لێدوانی زۆر تووند به دژی ڕێژیمی ئێران ده‌ده‌ن به تایبه‌تی ئێستا هه‌ست ده‌کرێ کابینه‌ی ترامپ له که‌سانی دژ به کۆماری ئیسلامی پێکهاتووه و وه‌ک تیمێکی ته‌واو دژی ئه‌و حکومه‌ته کار ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌تی نوێی ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌ڵێ به‌رجام رێککه‌وتنێکی خراپه و ده‌بێ ئیسلاح بکرێ یان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، یان لێی دەچینە دەرێ. ده‌زانین له حاڵی حازردا هه‌ر چه‌نده وڵاتانی ئوروپایی کار ده‌که‌ن بۆ هه‌ڵنه‌وه‌شانه‌وه‌ی به‌رجام، به‌ڵام وڵاته گرینگه‌کان وه‌ک فه‌رانسه، ئاڵمان و بریتانیا هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا که ده‌بێ پێداچوونه‌وه به به‌ند و ماده‌کانی «به‌رجام»دا بکرێ و؛ به‌تایبه‌ت له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سنوودار کردنی توانای مووشه‌کیی باڵستیکی ئێران فشاری زیاتر بخرێته سه‌ر ڕێژیمی ئێران.
لەهەرحاڵدا لە ئێستادا چارەنووسی بەرجام بە بڕیاری تڕا‌مپ بەستراوەتەوە و وێدەچێ ئەمریکا لە فشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ئێران بە مەبەستی سنووردارکردنی ئەو وڵاتە مکوڕ بێ.
به‌گشتی هه‌مووی ئه‌وانه و زۆر کاری دیکه‌ش وه‌ک هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێندێک وڵاتی ناوچه به تایبه‌تی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی بۆ سنووردارکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانه و به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه بۆ حکومه‌تی ئێران زۆر گران ته‌واو ده‌بێ. لەلایەکی دیکەوهش ئەو دۆخە ده‌توانێ ده‌رفه‌تێک بێ بۆ خه‌ڵکی ئێران که پهرچەکرداریان هەبێ و پەرە بە خۆپێشاندان و نارهزایهتییەکانیان بده‌ن. ئه‌وه‌ش ڕەوشێکە که کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی ئێران زۆر لێی نیگه‌رانن.
لە گێژاوی سیاسیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پرسی کورد بە کام ئاقاردا دەڕوا؟ بە تایبەت لە سووریە و ڕۆژاوای کوردستان کە چەقی ڕووداوەکانن؟
هه‌ر وه‌ک ده‌زانین نزیک به حه‌وت ساڵه شه‌رێکی ماڵوێرانکه‌ر له سووریه به‌رۆکی خه‌ڵکی به‌ڵالێدراوی ئه‌و وڵاته‌ی گرتووە. جیا له حکومه‌تی ناوه‌ندیی سووریه و زۆر تاقم و گرووپی جۆراوجۆر، چه‌ند وڵاتی وه‌ک ئه‌مریکا، روسیه، ئێران، تورکیه و عه‌ره‌بستان و قه‌ته‌ر و شوێنی دیکه‌ش ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌و وڵاته‌دا ده‌ور و کاریگه‌ریان هه‌یه. هه‌ر ئه‌وه‌ش چارەسەری قەیرانی سیاسی، کۆتاییهاتن به‌و شه‌ڕە و، ئاسۆی ئاشتی و ئارامی و ئه‌منییه‌تی له‌و وڵاته نادیار کردوه. ئەوەی تا ئێستا ئێمە دەیبینین ئەوەیە کوردەکان لە ڕۆژاوا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و بەهۆی ئازایەتی و قوربانیدانیان لە شەڕی داعشدا ئەگەرچی توانیبوویان دەسکەوتی زۆر وەسەریەک بنێن، بەڵام هه‌ست بەوە ده‌کرێ له داڕشتنی سیاسه‌تیان له ناوچه‌دا وردبینیی ته‌واویان نه‌کردوه و به ئیلهاموهرگرتنیان له PKK بیانوویان دایە ده‌ست تورکیه بۆ هێرشکردنە سه‌ر ناوچەی خۆبه‌رێوه‌به‌ریی عفرین. دیارە هەر لەجێدا دەستدرێژیی تورکیە بۆ سەر خاکی سووریە و ڕۆژاوای کوردستان نایاسایی، پێچەوانەی پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکانە و مەحکوومە، بەڵام ئه‌گه‌ر دەسەڵاتی سیاسیی کورد له سووریه بنەماکانی دێموکراسیی ڕەچاو کردبا و، رێگەی بەشداریی بە هەموو هێزە سیاسییەکان لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی ناوچەکەیان دابا و، مەجالی بەرگریی بۆ هەموو لایەنەکان ڕەخساندبا و به ئیراده‌ی خۆیان و به خوێندنه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردی سوورییه سیاسه‌تیان کردبا، لەوانەبوو تورکیە نەتوانێ بەم جۆرە بجووڵێتەوە.
چەند مانگێکە قەوارەیەک یان شکڵێک لە هاوکاریی بەکردەوەی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شکڵی گرتوە. چۆن دەڕواننە ئەو هەوڵانە و چۆن دەتوانن ئەو هەنگاوانە کارامەتر بکەن؟
بەڵێ وایە. حیزبی دێموکراتی کوردستان به هه‌وڵ و ماندووبوونی به‌رچاو توانیویەتی له‌گه‌ڵ چوار حیزبی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان «ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران» پێک بێنێ. ئەو کارە لە جێ‌دا به له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌لومه‌رجی زاڵ به‌سه‌ر حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتدا کارێکی سه‌رکه‌وتوو و باشه ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ک به‌رپرسانه کاری بۆ بکه‌ن ده‌کرێ له داهاتوو و لە دواڕۆژدا ببێ به مه‌کۆی کۆکردنه‌وه‌ی زیاتری حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و، ته‌نانه‌ت پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانیش.
دیارە نەک هەر لەو بەستێنەدا، بەڵکوو بەگشتی ئێمە له‌سه‌رمانه کار بکه‌ین بۆ به‌هێزکردنی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران له‌و حاڵه‌ته بێته ده‌رێ و بزووتنه‌وه‌ی کوردستانیش له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری گرێدراویی هه‌بێ و خواست و داواکانیشی بخاته نێو بیر و زه‌ینی خه‌ڵکی ئێران و خه‌ڵکی ئێران زیاتر ئاشنا بن به داواکانی خه‌ڵکی کوردستان و، کوردستانیش بتوانێ ئه‌زموونی خه‌باتکارانه و سیاسیی خۆی بگوازێته‌وه نێو بزووتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ریی خه‌ڵکی ئێران.
لەو نێوەدا ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران پێویستە به ئاقارێکدا بروا که ببێ به ئادره‌سێکی جێگای بڕوا و شوێندانه‌ر بۆ هیدایه‌ت و بڕدنه‌پێشی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد لە ئێران.
زۆر سپاس بۆ ئەو کاتەی کە بۆ ئێمەتان تەرخان کرد
سپاس بۆ ئێوەش
( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)