بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسه‌تی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕه‌نگه پێكگرتنی سه‌ركۆماری ئێستای ئه‌مریكا دۆناڵد تڕا‌مپ، له‌گه‌ڵ ڕۆناڵد ڕێیگه‌ن (١٩٨١-١٩٨٨) سه‌ركۆماری به‌رێی ئه‌م وڵاته بتوانێ به باشی یارمه‌تیده‌ر بێ. له ڕواڵه‌تدا ئه‌م دووانه ده‌كرێ بڵێین كۆماریخواز و له هه‌مان كاتیش‌دا كۆنسێرڤاتیون، به‌ڵام جیاوازیی زۆر بنه‌ڕه‌تیان لەگەڵ یەکتر هه‌یه.
سیاسه‌تی ڕۆناڵد ڕێیگه‌ن ئه‌وه بوو كه له نێوخۆ، گرژی و چالێنجه‌كان كه‌م كاته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ش هێژمۆنیی ئه‌م وڵاته به‌سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنێ. بۆ وێنه له‌هه‌مبه‌ر دیارده یان به ته‌عبیری ئه‌مڕۆیی، قه‌یرانی كۆچبه‌ری و په‌نابه‌ری كه خه‌ڵكانێكی زۆری ئه‌وان سه‌رده‌مان به شێوه‌ی نایاسایی له ئه‌مه‌ریكا بوون، ئیزنی مانه‌وه‌ی پێدان و به‌م جۆره چه‌شنێ یه‌كیەتیی نێوخۆیی له نێو چین و توێژه جۆربه‌جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگەی ئه‌مریكادا ساز كرد. له لایه‌كی دیکەوە لەبارەی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، توانی هێژمۆنیی خۆی له دنیای دوو جه‌مسه‌ریی ئه‌و كاتدا به‌سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنێ. كاتێ ڕووی له میخائیل گۆرباچۆف، دوایین سه‌ركۆماری یەکیەتیی سۆڤییه‌تی پێشوو كرد و گوتی: «ئه‌م دیواره بێنه‌خوار». ئه‌م ڕسته‌یه شابه‌یتی غه‌زه‌لی وتاره به‌ناوبانگه‌كه‌ی ڕۆناڵد ڕێیگه‌ن بوو كه له ١٢ی جوونی ١٩٨٧ له بێرلینی ڕۆژاوا كردی و داوای كرد كه گۆرباچۆف ده‌وری مێژوویی خۆی بۆ ڕووخاندنی ئه‌م دیواره بگێڕێ كه له ساڵی ١٩٦١ه‌وه بێرلینی كردبوو به دوو له‌ت.
ئه‌م دوو نموونه‌یه‌م بۆیه باس كرد تا له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی دۆناڵد تڕا‌مپ گرێی بده‌م. دۆناڵد تڕا‌مپ ئه‌گه‌رچی وه‌ك ڕۆناڵد ڕێیگه‌ن، له دنیای سیاسه‌ته‌وه نه‌هاتۆته نێو كۆشكی سپی _ڕێیگه‌ن ئه‌كته‌رێكی هالیڤوود بوو و تڕامپیش له دنیای بیزنێسه‌وه و وه‌ك شۆمه‌ن هاته نێو كۆشكی سپی_ بەڵام وه‌ك باسم كرد هه‌ردووك كۆماریخواز و كۆنسێرڤاتیون به‌ڵام شێوه ڕوانینیان جیاوازه.
له‌هه‌مبه‌ر قه‌یرانی كۆچبه‌ران، سیاسه‌ته‌كانی تڕا‌مپ ویشك و ته‌ڕی به یه‌كه‌وه سووتاندووه و یاسای travel ban و ته‌نانه‌ت سازكردنی دیوارێكی گه‌وره و دوور و درێژ له سنووری نێوان ئه‌مریكا و مێكزیك نموونه‌یه‌كن له سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن و بردنه ژێر پرسیاری دێموكراسی و فره‌چه‌شنهی (diversity) ئه‌م وڵاته و له هه‌مان كاتیش‌دا له‌ژێڕ پێنانی چه‌مكێك به ناوی داڵده و په‌ناده‌ری، كه له شه‌ڕی نێوخۆی ئه‌م وڵاته به‌تایبه‌تی له شه‌ڕی ساوانا له ساڵی ١٨٦٤ڕا ئه‌م په‌ناده‌رییه ببوو به بایەخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی_ سیاسی له ئه‌مریكا.
لەبارەی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ش، ئه‌مریكا نه‌یتوانیوه ئه‌م ده‌وره مێژووییه‌ی خۆی له ئاست زلهێزه‌كان بگێڕێ و ئه‌وه‌ی تا ئێستا دیتراوه زیاتر له ئاستی قسه‌دابووه، چ له ئاست ڕووسیە و چین و چ له ئاست هاوپه‌یمانه ئه‌ورووپییه‌كانی. له ئاست ناوچه‌ی پڕشه‌ڕوشۆڕی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و به تایبه‌تی ده‌وری ئێرانیش تا مانگی مه‌ی ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین بزانین ئایا ئاخۆ تڕا‌مپ به‌ڵێنه‌كانی ده‌باته سه‌ر یان نا؟
لێره‌دا پرسیارێكی سه‌ره‌كی به تۆخی خۆی ده‌رده‌خا به پێكگرتنی ئه‌م دوو نموونه‌ی باسم كرد له سه‌رده‌می ڕۆناڵد ڕێیگه‌ن و سه‌رده‌می دۆناڵد تڕا‌مپ، ئایا به‌ڕاستی سیاسه‌تی كۆماریخوازه كۆنسێرڤاتیوه‌كان ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه؟ ئایا ئه‌وان نایانه‌وێ چیدیکە ده‌وره مێژووییه‌كه‌ی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر دنیا بگێڕن؟ هه‌رچه‌ند حه‌وله‌كانی تڕا‌مپ سه‌باره‌ت به كۆرەی باكوور له‌م دواییانه‌دا جێگه‌ی ئاماژه پێكردنه.
سه‌باره‌ت به نێوخۆش، ئه‌وه كه تا چ ڕاده‌یه‌ك خه‌ڵكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كۆنسێرڤاتیوه‌كان هاوڕان، ڕه‌نگه هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له نوڤامبری ئه‌مساڵدا وڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه.
دۆناڵد تڕا‌مپ زۆر جاران حه‌ول ده‌دا له‌گه‌ڵ ڕۆناڵد ڕێیگه‌ن موقایسه بكرێ، چون له ڕاستیدا ڕێیگه‌ن وه‌ك ٤٠ه‌مین سه‌ركۆماری ئه‌مریكا، سه‌ركۆمارێكی زۆر تایبه‌ته بۆ كۆماریخوازه‌كان و بگره دێموكراته‌كانیش ڕێزی زۆر تایبه‌تی بۆ داده‌نێن. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ خه‌ڵكی ئه‌مریكا باسی سیاسه‌تی ئابووریی ڕۆناڵد ڕێیگه‌ن ده‌كه‌ن كه به Reaganomics ناسراوه، سیاسه‌تێك كه بوو به هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی نرخی باج (Tax) و باشتربوونی دۆخی گوزه‌رانی خه‌ڵك و گه‌شه‌ی ئابووریی وڵات. چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر تڕا‌مپ له تویتێكدا نووسیبووی: «له ڕۆژی یه‌كه‌می هاتنه سه‌ر كارم به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌واڵی درۆ و كتێبی درۆ به‌روه‌ڕوو بووم، ڕۆناڵد ڕێیگه‌نیش له‌گه‌ڵ ئه‌م گرفتانه ڕووبه‌ڕوو بوو، به‌ڵام به باشی له عۆده‌یان هاته‌ده‌ر و منیش ده‌توانم.»
به‌ڵام گه‌لۆ «ڕۆناڵد»ێك كه دیواری بێرلین ده‌ڕووخێنێ و «دۆناڵد»ێك كه دیواری مێكزیك ساز ده‌كا، ده‌كرێ بێنه تای ته‌رازوویه‌كه‌وه؟ ڕه‌نگه بۆ وڵامی ئه‌م پرسیار بڕێك زوو بێ و با مێژوو له داهاتوودا قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر ٤٠ و ٤٥ بكا.
( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)