دەنگۆی گۆڕانکاری لە شێوەی نیزامی حکومەتیی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا زۆر باس و سەرنجی بە دوای خۆیدا هێناوە. لای کەس شاراوە نیە کە کۆماری ئیسلامی دوای راپەرینی خەڵک لە مانگی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی ئێستاش نەیتوانیوە دۆخەکە بەڕێنێتەوە سەردەمی پێش راپەرینە پر لە کاریگەرییەکەی سەرشەقام و لە داهاتووشدا خۆی ناگرێتەوە، بگرە بە هۆی زۆر فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی رۆژ بە ڕۆژ بناخەکانی دەسەڵات لەرزۆکتر دەبن. تەنانەت کار گەیشتووتە جێگایەک کە کاربەدەستانی حکومەت و دەسترۆیشتووانی نێو نیزام بە ئاشکرا یەکتر خەتابار دەکەن و لە هەولی چارەسەری و خۆ دەربازکردن لەم قەیرانە دان و هەن کەسانێک کە نیزامێکی توندڕەوتر بۆ سیستمی بەڕێوبەریی وڵات پیشنیار دەکەن و هەموو مەبەست و ئامانجەکەش مانەوە و پاراستنی جێگە و پێگەی خۆیانە.
لە ڕوانگەی هیندێک لە دەستەڕاستی و ئوسەلگەراکان تاکە ڕێگای دەربازبوونی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانەکانی بەردەمیدا هێنانەسەرکاری حکومەتێکی نیزامییە. ئەوان پێیان وایە پیچەوانەی ئەوە ڕووخانی رێژیمەکەیانی بەدوادادێ. ئێستا سەرفی نەزەر لەوەی کێ باسەکەی چۆن هێناوەتە گۆڕێ و ڕەنگدانەوەی لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان چۆن بووە، پرسیار ئەمەیە: ئاخۆ بە هێنانەسەرکاری سەرۆککۆماری نیزامی کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران کۆتایی دێ؟ ئایا خەڵکی ئێران ڕێگە دەدا دەسەڵاتێکی تەواو نیزامی بێتە سەر کار؟ ئەو حکومەت و سەرۆککۆمارە نیزامییە کێیە و توانایی چەندە کە بتوانێ لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران‌دا بە سەر کیشەکانی بەردەم ڕێژیم‌دا زال بێ و، بە پێی کام بنەمایەکی قانوونی دەکرێ بەرەو ئەو بژاردەیە بچن و زۆر پرسیاری دی.
لە ڕوانگەی نووسەری ئەم چەند دێرانەوە هێنانەسەرکاری حکومەتێکی دیکتاتۆرتر لەوەی ئێستا و سەرۆککۆماری نیزامی ناتوانێ چارەسەری قەیرانی سیاسی و ئابووریی ئێستای ئێران بێ، بە چەند هۆ:
یەکەم؛ پێش هەموو شتێک با ئاورێکی کورت لە پێناسەی «نیزامی سه‌ربازی» یان هەمان میلیتاریسم بدەینەوە واتە ئیدۆلۆژییەک کە سوپا و توانایی سه‌ربازی بە سەرچاوەی ئەمنیەت دەزانێ و لە نەرمترین و ئارامترین شێوەی نیزامی خۆیدا پێی وایە کە بە دەسەڵاتی نیزامی دەتوانێ سه‌قامگیری مسۆگه‌ر و سەپاندنی خۆی وەک ڕێگاچارە بۆ ئەهوەن کردنەوەی دەورانی قەیران دەیبینێ. ئەوەش کاتێک دەتوانێ ئەم ئەرکە جێبەجێ بکا کە بۆ ئەم تواناسازی و بە دەسەڵات بوونە و هاوکات دەستەبەری ئەمنیەتی سەرتاسەریی وڵات دەرسەدێکی زۆری سامان و داهاتی وڵات بۆ ئەرتەش و دامودەزگای نیزامی تەرخان بکرێ. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆر کە خۆ تا ئێستا سپاە و ئەرتەش و هێزه چه‌کداره‌کانی ئێران زۆرینەی بودجه‌ی وڵاتیان بۆ ته‌رخان کراوه و زۆربه‌ی وه‌به‌رهێنانی نیشتمانی و که‌رتی تایبه‌ت له پاوانی ئه‌وان دایه، ئەدی چۆنە تا ئیستا ئەو ئارام و سه‌قامگیرییه‌ی ئەوان ده‌یانه‌وێ پێی نه‌گه‌یشتوون. کەواتە نیزامییەکان ئیمتحانی خۆیان داوە و سه‌لماوه که وڵات به شێوه‌ی پۆلیسی ناکرێ به‌ڕێوه ببرێ. لایه‌کی دیکه‌ی ئه‌و بابه‌ته متمانه و ڕه‌واییه که هیچ کام له کاربه‌دستانی ڕێژیم به تایبه‌ت له به‌شی سه‌ربازیشدا متمانه‌ی خه‌ڵکیان له پشت نیه. لە لایەکی دیکەوە بە هێنانە بەرباس و پێشنیارکردنی سەرۆککۆماری نیزامی لە ئێران، ناڕاستەوخۆ کارنامەی٤٠ ساڵەی دەوڵەتداریی به‌ناو خه‌ڵکی و دێموکراتێکی خۆیان، وەک پرۆسەی هەلبژاردنه‌کان، هەبوونی پارلمان و هەموو دام و دەزگای بەڕێوبەریی ڕوو دەکەن و دان بە شکست و ناکارامه‌یی سیستمی خۆیان دەکەن.
سەرۆککۆماری نیزامی کێ ده‌بن و کێ دێننه پێشێ، ئه‌وه‌ش خۆی باسێکه کە ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته بکه‌وێته ڕۆژه‌ڤ باس و کیشەیەکی زۆری لێ دەکەێتەوە. ئەگەر زیاتر وردبینەوە و درێژخایەن بروانین، مێژوو نیشانی داوە هاتنە سەر کار و ئیداره‌ی وڵاتێک کە نیزامییەکان بەڕێوەیان بردووە، یەکەم ئەوەی ئیراده و ویستی خه‌ڵکی له پشت نه‌بووه و دووهه‌م ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه به‌ره‌و دیکتاتۆری چوون و پاشان هه‌ره‌سیان هێناوه. لێره‌شدا مه‌به‌ست ئه‌وه نیه که بڵێین ئیران و حکومەتی ئیستا دەوڵەتێکی دێموکرات و خەڵکیە، بەڵام باس لەوەیە کە ئێران که‌وتۆته دۆخێکه‌وه که ده‌سه‌ڵات خه‌ریکه ناچار ده‌بێ هه‌موو ئه‌و که‌لێن و که‌له‌به‌رانه‌ی خه‌ڵک ده‌توانن به جۆرێک خۆیانی تێدا ببیننه‌وه، دایان ده‌خا. ئه‌وه‌ش بڵێین که هه‌میشه سیاسه‌تی به‌رگری و سه‌ربازیی وڵاتان تابعێکه له دۆخی ستراتیژیی سیاسیی وڵات و له ژێر بڕیاری ناوه‌نده سیاسییه‌کان دایه. بۆیه به‌و به‌رگ گۆڕینه نه‌ک کێشەکان چارەسەر نابن، بەڵکوو وڵات به‌ره‌و ئاقارێکی دی ده‌با و بێدەنگکردنی خەڵک بە هێزی سه‌رکوت رێگه‌چارەی مانەوەی رێژیم نین و هه‌نگاوێکی دیکه‌ش له ڕووخان نیزیکتری ده‌کاته‌وه.
دووهەم؛ خاڵێکی هەر گرینگ لە گۆڕانکارییه‌کانی کۆمەڵگه‌دا چ لە ئاستێکی بەرزی وەک سیستمی حکومه‌تی و چ لە ئاڵوگۆرێکی لۆکا‌ڵی و ناوچه‌ییدا پابەندە بە خواستی خەڵک. ڕاستە لە وڵاتیکی وەک ئێران کە دێموکراسیی تێدا ڕه‌چاو نه‌کراوه، به‌ڵام هه‌موو خرۆشانی خەڵکی ئێرانمان له‌به‌رچاوه و ده‌زانین تا چ ڕادەیەک خه‌ڵک لەم حکومەت و سیستمە نارازین و هەر کاتەو لە شوێنێک و بۆ خواستێک لە سەر شەقام هەڵویست دەگرن. هه‌روه‌ها دەگەڵ ئەوەیدا ئێران لە ناوچەیەک هه‌ڵکه‌وتوه که دراوسێکانی پێشتر و ڕه‌نگبێ ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریی ڕه‌هایان به‌سه‌ره‌وه بووبێ، به‌ڵام خەڵکی ئێران جیاوازن و له‌و ئاسته تێپه‌ڕیون که ڕێگه به‌و گۆڕانکارییه له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای وڵات‌دا بده‌ن. مافخوازی و ناڕازەیەتییەکانی ئەم دواییانە پێمان ده‌ڵێن که خه‌ڵک له ته‌واوه‌تیی ڕێژیم تێپه‌ڕیون و ئه‌و په‌له‌قاژانه دادی ڕێژیم ناده‌ن.
خۆ ئەگەر بڕوانینە پێکهاتەی دانیشتووانی ئێران و که‌مێک وردتر بڕوانینه دۆخه‌که، ئەوە نەسلی چوار یان هەمان «نەسڵی دیجیتال» کە زیاتر دەیهەوێ لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیدا ڕۆلی هەبێ کە بە بڕوای کۆمەڵناسان تەیفی دیجیتال تێکەڵاویی لەگەڵ دنیای مۆدێرن و دەرەوەی وڵاتی خۆی زیاترە و به‌ڕۆژه و نایهەوێ له شه‌پۆلی پێشکه‌وتنه جیهانییه‌کان بەجێ بمێنێ. ئه‌م داهاتووه‌ش نە بە سەرۆککۆماری ئێستای ئێران دەستەبەر دەبێ و نە بە سەرۆککۆماری نیزامیش وه‌دی دێ. لە لایەکی دیکە نەسڵی پیش شۆڕشی گەلانی ئێران که له ژیاندان و تامی حکومەتی نیزامی‌یان چێشتووە، ئاماده نین بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه. هێزه چه‌کداره‌کانیش چ له ڕووی چه‌ند و چۆنیی به‌ربژێره‌کان و چ له ڕووی ده‌ستڕۆیشتووییان له نێو بازنه‌ی حاکمییه‌ت و خه‌ڵکدا له‌و ئاسته‌دا نین شانسی ئه‌وه‌یان هه‌بێ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات له ئێران‌دا بگرنه به‌ر.
داڵغه‌ی سه‌ره‌کیی خه‌ڵکی ئێران له ئێستادا دێموکراسی و دابینبوونی مافه سیاسی، مه‌ده‌نی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانیانه و ٤٠ ساڵە خه‌باتی بۆ ده‌که‌ن و تێچووی بۆ ده‌ده‌ن. بۆیه‌ش هێنانه‌به‌رباسی ئه‌و ئیده‌یه له‌لایه‌ن ئوسولگه‌راکانه‌وه بۆ هەڵبژاردنه‌کانی ساڵی ١٤٠٠ وێناچی هینده بڕ بکا و هه‌ر له شێوه‌ی قسه‌دا ده‌مێنێته‌وه. قسه ئه‌وه‌یه که کۆماری ئیسلامی زه‌رفییه‌تی ئه‌وه‌ی تێدا نیه بتوانێ خۆی له نێو دنیای هاوچه‌رخ و پڕه‌نسیپه جیهانییه‌کاندا ببینێته‌وه.
سێهەم؛ خاڵێکیش کە ڕەنگبێ هیندە لەم باسەدا فوکوسی نەخرابێتە سەر، خوێندنه‌وه و هه‌ڵوێستی وڵاتانی ناوچه و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له ئێرانە بۆ هاتنە سەر کاری سەرۆککۆماری نیزامی. دیاره ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ئه‌و باسه زۆر به چڕوپڕی نه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پشتیوانیی شاراوە یان ڕاستەوخۆی ده‌ره‌کیش له‌و بابه‌ته‌دا ده‌ور ده‌بینێ. کێشه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه، پشتیوانیی ڕێژیم له تێرۆریسمی ده‌وڵه‌تی، دروستکردنی میلیشیا و تاقمی چه‌کدار له وڵاتان، قه‌یرانخوڵقێنی و ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، پڕۆژه‌ی ئه‌تومیی کۆماری ئیسلامی سه‌ره‌رای به‌رجام و په‌ره‌پێدان به مووشه‌که بالستیکه‌کان که هه‌مووی له دژی سه‌قامگیری و ئه‌منییه‌ته له ناوچه‌دا، هیچ شانسێک بۆ کۆماری ئیسلامی له ڕاکێشانی پشتیوانیی ده‌ره‌کیدا ناهێڵێته‌وه.
لە لایەکی دیکە لەو ناوچەیەی ئێرانی لێ هەڵکەوتووە و بەو کۆمپلیسیتییەی کە لەو ناوچەکه‌دا هەیە کە هەر وڵاتە له پێناو بەرژەوەندیی خۆیدا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتێک یان وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست ده‌کا؛ هاوکات بەکەوتنە نێوانێکی زۆری بەره‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا (ڕووسیە و ئامریکا) ئەگەر زەمانێک سەرکۆمارێکی نیزامیش بە هاوکاریی یەکێک لەم بەرانە (ڕووسیە و لایەنگرانی) لە فۆرمی کودتایەکدا بکرێ، دیسانەوە دەسەڵاتێکی سه‌قامگیر نابێ، چونکی دژی ته‌ناهیی ناوچه‌که خۆ ده‌نوێنێ.
به‌گشتی له ئێستادا بارودۆخی ئێران زیاتر بەرە شلەژان دەچێ و ڕەنگبێ ئه‌وه خۆی وه‌ک کاتالیزۆرێک بێ بۆ گۆڕینی سیستمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران‌دا، ئه‌گه‌رچی کودیتای نیزامی له ئێران به‌هۆی یه‌کده‌ستبوونی ده‌سه‌ڵات له ئێران له ئێستادا دوور له چاوه‌ڕوانییه. بۆیه وێده‌چێ ئه‌و باسه زیاتر بۆ له مه‌حه‌کدانی بیروڕای گشتی له ئێران بێ هه‌تا چاره‌سه‌ر بۆ تێپه‌ڕین له قه‌یرانه‌کان له نێو نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا.
***
( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)