هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌ڵسووڕانی جیدی و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی دەفتەری ته‌حکیم، ئه‌و ناوه‌نده وه‌ک بێ وێنه‌ترین ڕێکخراوی خوێندکاری له مێژووی ئێران‌دا، به داگیرکردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا و به‌شداریی له شۆڕشی فه‌رهه‌نگی له زانکۆ و ناوه‌نده خوێندکارییه‌کان و هێندێک کردەوەی نیزامی و ئەمنییەتی، ناکرێ وه‌ک هێزێکی تەواو مه‌ده‌نی حیسێبی بۆ کرێ. ته‌حکیمی وه‌حده‌ت بەو ئاکارە دزێوانە و به‌شداریی توند ئاژۆیانە له داسەپاندنی ئیسلامی سیاسی له ده‌یه‌ی یه‌که‌می مه‌وجوودیه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا، بەرەو بەشداری لە دەسەڵات هەنگاوی نا.
ئه‌م ڕێکخراوه‌یه، له دوویه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی‌دا، به‌شێوه‌ی لیسته هاته نێو ڕووداوه سیاسییه‌کان و سیما و نێوه‌رۆکی گەورەترین ڕێکخراوی خوێندکاری، له ڕه‌خنه و ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕین به سه‌ره‌رۆیی و دیکتاتۆڕیی گۆڕی و هاوڕێ له‌گه‌ڵ رووحانییهکان، بۆ قایمکردنی ئیسلامی سیاسی، تێکه‌ڵ به ده‌سه‌ڵاتێکی نگریس به‌رێبه‌ریی خومه‌ینی بوو.
ئیسلامی شۆڕشگێڕ
له ده‌یه‌کانی40 و 50 ی هه‌تاویدا دوو هۆ بۆ دروستبوونی «ئیسلامی شۆڕشگێڕ» که پاشان زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌دوای خۆی دا کێشا و له ئاکامدا، بەروە هه‌ڵدێری ئیستای برد، گرینگ بوون. یه‌که‌م، باوه‌ڕمه‌ندی (عقیدتی) که له لایه‌ن خومهینییهوه کرا. ئه‌و جێبه‌جێکردنی یاساکانی ئیسلامی به ڕووحانییهکان سپارد و پێوه‌ندیی ئه‌وانی له‌گه‌ڵ داموده‌زگاکانی سه‌لته‌نه‌ت – که چه‌ند سه‌ده بوو ڕوویان تێی بوو- بۆ لای داخوازیی ئیجرایی و سیاسیی ئه‌و یاسایانه بڕد. ئه‌و به‌وکاره‌ی، ئیسلامگه‌رایی له حاڵه‌تی «محافظه‌کار»ی ده‌رهێنا و مۆرکی شۆڕشگێڕی لێ دا. دوویه‌م، قه‌ڵه‌مبازی موجاهدینی خه‌ڵق بوو به ئیلهاموه‌رگرتن له حیزبه کومونیسته‌کان. ئه‌و کاره ئیمکانی به لایه‌نگرانی ئه‌و ئیدئۆلۆژییه دا، هه‌تا ڕێکخراوێکی پڕبه‌پێستی گهڵاڵهیەکی توتالیتێری بێتە ئاراوە. گرینگ ئەوەیە که ئه‌و دوو قه‌ڵه‌مبازه که ته‌واوکه‌ری یه‌کتر بوون؛ پێکه‌وه نه‌هاتنه دی. بۆیە ئەو شێوە نوێیە لەو ئیسلامگهراییهی تووشی ناهاوسه‌نگیی و لاوازیی و کێشەی نێوخۆیی کرد.(١)
موجاهیدینی خه‌ڵق دوای ڕاپه‌ڕین
ڕێکخراوی موجاهدینی خه‌لقی ئێران، له ده‌یه‌ی ٥٠ ی هه‌تاوی دا –هه‌روه‌ک له‌پێشوو باس کرا- به‌توندترین شێوه سه‌رکوت کرابوو و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ڕێبه‌ران و کادر دیارترەکانی کوژران یا زیندانی کران. له ١٢که‌س ئه‌ندامی ڕێبه‌رییاندا، ته‌نیا ئاغای مه‌سعوود ڕه‌جه‌وی مابوو. ناوبراو به‌هۆی فشاری نێوخۆیی و جیهانیی مافی مرۆڤ و دژبه‌رانی ئیعدام، به‌تایبه‌تی تێکۆشه‌رانی مافی مرۆڤ له سویس، حوکمه‌که‌ی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕا.
حه‌وتوونامه‌ی موجاهید -بڵاوکراوه‌ی موجاهدینی خه‌ڵقی ئێران- له‌م باره‌یه‌وه ده‌نووسێ: له یه‌که‌مین شه‌پۆلی گیران له ساڵی ١٣٥٠دا، مه‌سعوودیش ده‌ستگیر کرا و له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین گرووپی موجاهیدین له بێدادگای شای خاین به ئیعدام مه‌حکووم کرا. به‌ڵام ڕێژیمی شا، به‌هۆی گوشارێکی زۆر که له سه‌ری بوو که یه‌کێک له‌وان، سه‌فه‌ری ئاغای «گروبه» – نوێنه‌ری پارڵمانی سویس- و ١٤ مافزانی دیکه بۆ تاران بوو؛ مه‌سعوودی ڕه‌جه‌وی ئیعدام نەکرا.(٢)
ئه‌و ڕێکخراوه‌یه به‌هۆی ڕابردووی تێکۆشانی خۆێناوی له‌گه‌ڵ ڕێژیمی په‌هله‌ویی دوویه‌م، هه‌م له‌لای ڕووحانییه‌ت و هه‌م خه‌ڵک، به‌تایبه‌تی خوێندکاران خۆشه‌ویست و جێی ڕێز بوو. بۆیە زۆر زوو گه‌شه‌ی به‌رچاوی کرد. ئه‌و ڕێکخراوه پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی له ئا. خومه‌ینی وه‌ک ڕێبه‌ری شۆڕش و خه‌ڵکی ئێران کرد. بڵاوکراوەی موجاهید له 1ی گه‌لاوێژی 1358دا نووسیی: «ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له هه‌ستیارترین کاتی ئه‌و خه‌باته‌دا، وه‌ک نوێنگه‌ی شه‌ره‌ف و ئازادی، خه‌ڵک نازناوی ئیمامیان پێ دا.»(٣) مەسعوود ڕەجەوی و مووسا خیابانی لەگەڵ ئا. خومەینی دیداریان کرد.(٤). پێشترێش رەجەوی و محەممەد حەیاتی لەگەڵ خومەینی لە مەدرەسەی عەلەوی، چاویان پێک کەوتبوو. (٥)- حەیاتی یەکێک لە بەرپرسانی دوایی موجاهیدین و مامۆستای ئەوکاتی مەدەرسهی عەلەوی بوو.-
تیراژی حه‌وتوونامه‌ی موجاهید-ئۆرگان یا زمانحاڵی موجاهیدین- هه‌تا 500 هه‌زار نوسخهبهرز ببۆوه. (٦) لەوێدا، وێڕای پشتیوانی له شۆڕش به ڕێبه‌ریی لێبڕاوی «ئیمام خومه‌ینی»، بیروڕای رێکخراوه‌یی خۆشیان به شێوه‌گه‌لی به‌ربڵاو له سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا، بڵاوده‌کرده‌وه. گرینگ‌ترین تریبوونی ئه‌و رێکخراوه – ئەوکات- بڵاوکراوەی «مجاهد» بوو.
موجاهیدین هه‌وڵێکی زۆری دا، له ڕووداوه سیاسی و ناسیاسییەکاندا، ده‌ور و نه‌خشی گرینگ‌یان پێ بدرێ. به‌ڵام ئاخونده‌کانی نێو شووڕای ئینقلاب و حیزبی جمهوریی ئیسلامی، ئه‌و ئیزنه‌یان پێ نه‌دان.
موجاهیدین له‌گه‌ڵ هێرش و سه‌رکوتی گه‌لانی ئێران به‌تایبه‌تی، کورد، عه‌ره‌ب و تورکمه‌ن موافیق نه‌بوون. له‌باره‌ی رووداوه‌کانی کوردستان، هه‌ڵوێستی باشیان هه‌بوو. ئه‌وان پێش شێوە فیتوای جیهادی ئا. خومه‌ینی بۆ سه‌ر کوردستان نامه‌یه‌کی سەرئاواڵەیان بۆ ناردبوو کە لە رێکەوتی ١٧/٥/١٣٥٨ بڵاوکرایەوە.
لە بەشێکی نامەکەدا، وێڕای گه‌ڵاڵه‌یه‌کی پێشنیاری سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری شووڕایی مه‌سه‌له‌ی کوردستان نووسرابوو: «گرینگ‌ترین مه‌سه‌له‌ی ئێستای گۆڕه‌پانی سیاسیی وڵات، پرسی میللییهتهکان و ناوچه‌کانی کوردستان، گونبه‌د، بلووچستان و خوزستانه. به‌داخه‌وه تا ئێستا که‌متر هه‌ڵسوکه‌وتێکی ئه‌وتۆمان له ده‌زگاکانی به‌رپرسی پێڕاگه‌یشتن به‌و مه‌سه‌لانه دیوه. ئه‌و کێشانه ئه‌وه‌نده گرینگن که له‌وانه‌یه به ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رته‌ش، شه‌ڕی نێوخۆیی و فاجیعه‌ی میللیی لێ دروست بێ. ئه‌وه له‌حاڵێک دایه که به شاهیدیی ته‌واوی مێژوو، ئه‌و گیروگرفتانه، هیچ کات به ده‌ستێوەردانی ئه‌رته‌ش و به سه‌رکوت و خوێنڕشتن چاره‌سه‌ر نابن. هه‌روه‌ها، کام هێزی نیزامی له‌و کاته‌دا که خوێنی خه‌ڵکی بێ په‌نا ده‌ڕێژێ، ده‌توانێ مه‌شرووعییه‌تی هه‌بێ.
ئێستا ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکیانه‌ی شۆڕشگێڕی و ئیسلامی چاو له مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌کان بکه‌ین، کێشەکان ده‌توانن به‌بێ که‌مترین ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌رته‌ش و توندوتیژی ڕێگای چاره‌سه‌ریان بۆ ببیندرێته‌وه. ڕێگا چاره‌یه‌ک که له‌چوارچێوه‌ی ته‌واوه‌تیی خاکی خه‌وش هه‌ڵنه‌گرتووی کۆماری ئیسلامی‌دا بێ؛ و به‌دوور له‌هه‌رچه‌شنه شێوه‌یه‌کی جیاوازیخوازانه بێ. بێ‌شک ته‌واوی هێزه شۆڕشگێڕەکانیش له‌و ڕێگایه‌دا، بۆ هه‌رچه‌شنه یارمه‌تی و هاوکارییه‌ک ئاماده‌ن. مه‌سه‌له‌ی کوردستان به‌هیچ شێوه، ڕێگه چاره‌ی توندوتیژی نیه. ڕێگا حه‌لی شۆڕشگێڕی بنه‌ڕه‌تی، به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و ئیداره‌ی کاروباری نێوخۆیی له چوارچێوه‌ی ته‌وایه‌تیی خاکی وڵات دایه و…. (٧)
سەرچاوەکان
١- کتاب ضد ولایت فقیه، رامین کامران؛ صفحات ٦٠ و ٦١
٢- هفتهنامهی مجاهد، نشریه‌ی مجاهدین خلق ایران، شماره اول، تاریخ یکم مرداد ماه ١٣٥٨
٣ – موجاهید، ساڵی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م، هاوینی ١٣٥٨
٤- روزنامەی اطلاعات، ٨ اردیبهشت ١٣٥٨، ص ٢
٥- یوتیوب، اولین دیدار خمینی با مسعود رجوی
٦- سەرچاوەی ژمارە٣
٧- مجاهد شماره7، ص1، 20 مهر ١٣٥٨.
( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)