هه‌مووتان به‌خێر بێن بۆ ئه‌و کۆڕیاده که به‌بۆنه‌ی له‌ده‌ستدانی ئه‌دیبێکی گه‌وره و نیشتمانپه‌روه‌رێکی گه‌وره‌ی کورد، کاک ئه‌حمه‌دی قازی پێک هاتوه.
به‌خێرهاتنی هه‌مووان ده‌که‌م به‌تایبه‌تی به‌خێرهاتنی برای به‌ڕێز کاک عه‌لی قازی (کوڕی ڕه‌ش) یادگاری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د ده‌که‌م . له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی موناسهبهتهکه تاڵ بوو به‌ڵام فرسه‌تێکی باش بوو که له‌و بۆنه‌یه‌دا جه‌نابی لێره بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه هاوده‌ردی له گه‌ڵ ئه‌و بکهینو ئه‌ویش هاوده‌ردی له گه‌ڵ ئێمه بکا چونکی وه‌ک ده‌زانین کاک عهلیو کاک ئه‌حمه‌د بنئامۆزای یه‌کترن.
ئه‌وه‌ی له به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی‌دا هاتبوو له باسی کاک ئه‌حمه‌دی قازی‌دا له کوللیاتدا شتێکی بۆ من نه‌هێشتۆته‌وه که باسی بکه‌م، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌من له دیدگایه‌کی دیکه‌وه هێندێک وردتر بچمه نێو باسه‌که: وه‌ک گوترا کاک ئه‌حمه‌د ئه‌دیبێکی گه‌وره و ئینسانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره بوو. نه تهعریفهو نه تهعاروفهو نه موجامه‌له‌یه ئه‌گه‌ر بڵێین بنه‌ماڵه‌ی قازی‌یان نهکههر له مه‌هاباد به‌ڵکوو له موکریانو دواتر له کوردستانیش بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره‌و به‌ڕێزو بۆ هه‌مووان ناسراون ، به‌ڵام ڕه‌نگه زیادم نه‌گوتبێ ئه‌گه‌ر بڵێم بنه‌ماڵه‌ی «قازی که‌ریم«ی بابی کاک ئه‌حمه‌دی قازی له هێندێک شت‌دا بۆخۆیان ئیستیسنا بوون. هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، شێعر، هونه‌ر به هه‌موو مهعناکانیهوه له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا زۆر ناسراوه. برا گه‌وره‌ی کاک ئه‌حمه‌دی قازی که وابزانم سێ ساڵ به‌ر له ئێستا فه‌وتی کرد، کاکه ڕه‌حمانی قازی ڕهسامێک یان نه‌قاشێک بوو که تابڵۆکانی له ڕیزی تابڵۆ نازدارهکانو ناسراوه‌کاندا ده‌ناسران، خهتخۆشێک بوو، به خه‌تی خۆی قورئانێکی نووسیه‌وه که وه‌ختی خۆی ویستیان گوایه لێی بکڕن. ئه‌ووه‌خته حه‌وت تمه‌ن به دۆلارێک بوو، پێنج ملیۆن تمه‌نیان دا نه‌یدا. ئێستا شتێکی به‌نرخه و له‌و شته نهفیسانهیه که ده‌بێ له مووزهدا ئیشه‌ڵڵا له مووزه‌ی کوردستاندا بپارێزرێن. براکانی دیکه هه‌موویان خاوه‌نی به‌هره‌ی ئهدهبیو سیاسین شه‌خسیه‌تی گه‌وره‌ی کۆمهڵایهتینو به خۆشیه‌وه هه‌مووشیان له نزیکانو ئهندامانو لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانن. له باره‌ی هاوکارییه‌کانی ده‌گه‌ڵ حیزبی دێموکڕات باسکرا ئه‌من پێم خۆشه ته‌وزیح بده‌م که کاک ئه‌حمه‌د له ئه‌ندامانی هه‌ره کۆنی حیزبه، ئه‌وساڵه‌ی بۆ گیرانه‌که‌ی باس کرا ئه‌وه‌نده‌ی من له بیرم بێ ورد نیه ساڵی ١٣٤٣ که ده‌کاته ١٩٦٤ی زایینی گیرا، نه‌ک ٤٦ که ده‌کاته ٦٧. له زیندانیش‌دا ئه‌و پیاوه نموونه‌ی موقاوه‌مه‌ت بوو له عه‌ینی حاڵ‌دا که بۆ خۆێ موقاوه‌مه‌تی ده‌کرد، بۆ ڕه‌فیقه زیندانیه‌کانیشی وره بوو، ڕۆحیه بوو، مامۆستا بوو.
کاتێک بزووتنه‌وه‌ی گه‌لانی ئێران به سه‌ر ڕێژیمی پاشایه‌تیدا سه‌رکه‌وتو حیزبی دێموکرات تێکۆشانی ئاشکرای خۆی ئێعلان کرد خه‌باتی ئه‌حمه‌دی قازییش له پێوه‌ندی لەگه‌ڵ حیزبی دێموکرات‌دا ئاشکرا بوو. ده‌نا هیچ وه‌ختێک پێوه‌ندیی لەگه‌ڵ حیزب نه‌پچڕا. ره‌نگه که‌مێکی موجامه‌له تێدا بێ، سێ عونسوری چالاکمان هه‌بوون جه‌لیلی گادانی‌و سادقی شهرهفکهندیو ئه‌حمه‌دی قازی که پێوه‌ندییان هه‌میشه به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام ئه‌وجار که خه‌باته‌که ئاشکرا بوو ئه‌و پیاوه زۆر به به‌هره بوو. ئه‌من شانازیی ئه‌وه‌م هه‌بوو که ماوه‌یه‌کی به‌داخه‌وه کورت، که‌متر له ساڵێک له ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا ده‌گه‌ڵی بووم. بۆ نووسین، بۆ ته‌رجه‌مه به فارسی، له فارسییه‌وه بۆ کوردی، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و بابه‌تانه که ده‌مانویست به زمانی خارجی بڵاو ببنه‌وه، بهیاناتێک که ده‌رده‌چوون ئه‌حمه‌دی قازی ته‌نیا سه‌رچاوه‌مان بوو له ده‌سته‌ی نووسهرانداو سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر به خێر‌و بێرێش. چونکی -ڕه‌نگه کاک فه‌تاح که هاوکلاسی بووبێ بزانێ- ئینگلیسیزانێکی زۆر به‌تواناش بوو. هه‌ر فارسی‌و کوردیی نه‌ده‌زانی.
پێم خۆشه ئه‌وه‌ی لێره گوترا ئه‌من دووپاته‌ی بکه‌مه‌وه که ئه‌حمه‌دی قازی له کاره‌کانی حیزبی‌دا له هه‌موویاندا به ته‌ئسیر بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌و وه‌ختی له مه‌هاباد بوون له بیریان بێ دوکتورقاسملوو وه‌کوو ڕێبه‌ری حیزب، ڕێبه‌رێکی ناسراوو خۆشه‌ویستی حیزب له هه‌رکوێ بوو ئه‌حمه‌دی قازی ده‌گه‌ڵی بوو چونکی به حه‌قیقه‌ت ده‌یتوانی کۆمه‌گی فیکری‌و سیاسی بکا. که به مشاوری کومیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا ( زۆرجار مشاوری پۆستێکی بڵێین ته‌شریفاتییه ،هه‌ربۆ ئیحترام له خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بێ) به‌ڵام ئه‌و مشاوربوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی مه‌شوه‌ره‌ت بدا بۆ ئه‌وه‌ی ئیده بدا.
ئه‌من دووجار بۆ کاری گه‌وره له خزمه‌ت کاک ئه‌حمه‌دی قازی‌دا بووم، جارێکیان که هه‌یئه‌تێکی شه‌ش نه‌فه‌ریمان له لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه چووبووین بۆلای سه‌رکۆماری تازه‌هه‌ڵبژێردراو به‌نی سه‌در، جارێکیشیان دواتر به ماوه‌ی نزیک به ساڵێک له هه‌یئه‌تێکی سێ نه‌فه‌ریدا که کاک ئه‌حمه‌دی قازی بوو براده‌رێکی دیکه‌مان بوو -له ده‌رێیه ناوی به‌رم خه‌راب نییه- کاک موهندیس ئاریا که هاوڕێیان زۆریان ده‌یناسن، چوین بۆلای آیتالله خومه‌ینی. ئهوتهرحی مه‌شهووری شه‌ش ماده‌یی که به دوای گه‌ڵاڵه‌ی بیست‌و شه‌ش ماده‌ییدا هات، ڕاسته به کۆمه‌گی هه‌مووان گه‌ڵاڵه کرا، به‌ڵام فۆرموله کردنی، کردنی به فارسی، به فارسیه‌کی شیواو جوان کاری ئه‌حمه‌دی قازی بوو.
له خزمه‌ته ئه‌ده‌بیه‌کانی پیاو نازانێ باسی چی بکا. ئه‌سه‌ری زۆر به‌ناوبانگ و به‌ڕاستی سه‌ختی سیروانتس، (دونکیشۆت) تاپێش ئه‌حمه‌دی قازی که‌س نه‌یوێرابوو خۆی لێ‌بدا، ئه‌حمه‌دی قازی له ماوه‌یه‌کی که‌مداو به شێوه‌یه‌کی عالی کردی به کوردی. له نووسیندا به‌تایبه‌تی له نووسینی ته‌نزدا ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن «ههزهڵ» ده‌کرێ بڵێم تا ئێستاش ئه‌حمه‌دی قازی نه‌بوه‌ته دوو هه‌ر ئه‌حمه‌دی قازییه، ڕه‌نگه لێره ئه‌وانه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌یان خوێندوونه‌وه که‌م بن. به وتار یان جاروبار به کتێب وه‌کوو( باقەبێن). باقه‌بێن وه‌ختی خۆی به‌جۆرێک، هێندێک که‌س ئیرادیان لێ گرت که ئه‌وه له ڕوانگه‌یه‌کی تهبهقاتییهوه نووسراوه. به‌ڵام کاک ئه‌حمه‌دی قازی ڕاسته بۆ خۆی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره بوو، له‌وانه نه‌بوو که له سه‌ره‌وه‌ڕا ته‌ماشای چینه‌کانی خواره‌وه بکا، به‌ڵکوو ده‌گه‌ڵیان بوو، خه‌باتی بۆ ده‌کردن له گه‌ڵیان دهژیاو ده‌یویست ده‌گه‌ڵیان بمرێ. کاره‌کانی له سروه‌دا، ڕاسته پێشه‌نگه‌که ڕه‌حمه‌تی مامۆستا هێمن بوو به‌ڵام به ئاکامگهیاندنهکهی کاری کاک ئه‌حمه‌دی قازی بوو چونکی کاک ئه‌حمه‌دی قازی ماوه‌یه‌کی زۆرتر، زۆر زۆرتر، نزیک به ده به‌رابه‌ری مامۆستا هێمنی کاری تێدا کرد.
حه‌ز ده‌که‌م باسی ئه‌وه‌ی بکه‌م که وه‌ختێکی بونگای سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییووبی دانرا هێندێک له خۆمان، له سیاسییه‌کان، له حیزبه سیاسییه‌کان هجومیان بۆ کرد ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به پارێزیش بووبێ ئه‌وانه که هاوکاریی بنکه‌ی سه‌لاحه‌ددینی ئهییووبییان ده‌کرد -که سروه‌ش له‌وێ ده‌رده‌چوو- ئه‌وانه‌یان به‌وه تۆمه‌تبار کرد که خزمه‌تی ڕێژیم ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌من سه‌ربه‌رزم که حیزبی دێموکرات بۆچوونێکی دیکه‌ی هه‌بوو. هه‌ر ئه‌و وه‌ختی نووسی که ئه‌وه خێری ڕێژیمی جمهوری ئیسلامی نیه، ئه‌وه ده‌سکه‌وتی خوێنی شه‌هیدانه، ههرپاڕاگڕافێک که ده‌نووسرێ لوێچێک خوێنی شه‌هیدانی بۆ ڕژاوه، ته‌شویقی کردن که له‌و ڕێگایه‌دا به‌رده‌وام بن. به‌ڕاستییش هه‌م سروه، هه‌م نووسینه‌کانی دیکه که وه‌ک کتێب ده‌رده‌چوون و هه‌م دوای ئه‌وانیش که ئه‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤارانه که له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رده‌چوون یه‌کجار سه‌ربه‌رز بوون. له بیرمه کاتێک لێره له ده‌ورانی ده‌وڵه‌تی به‌عسیدا گۆڤاره‌کان ده‌رده‌چوون چوار پێنج لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ووه‌ڵ ده‌بوو به ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کرو به سه‌دام حوسێن هه‌ڵ بڵێن. ڕووناکبیره‌کان ده‌یانگوت بابه ئه‌و چوارپێنج لاپه‌ڕه پاسپۆرتی ئه‌وی دیکه‌یه، ڕاستیشیان ده‌کرد. ده‌بوو ئه‌وه‌نده هه‌بێ تا بتوانن مه‌تالیبی دیکه بڵێن. به‌ڵام سروه‌و سروهیییهکان ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شیان هه‌ر نه‌کرد. ته‌نیا له لاپه‌ڕه‌ی دووهه‌می به‌رگدا هه‌رجاره‌ی شێعرێک یان بابه‌تێکی ئایینی‌یان ده‌نووسی، ده‌نا له یه‌ک کهلیمهشدا به ڕێژیمی جمهوری ئیسلامی‌یان ههڵنهگوت.
ئه‌من پێم وایه به مردنی هه‌رکامێکمان، هه‌ر شهخسیهتێکمان له هه‌ر بوارێک‌دا، نابێ‌و ناکرێ کاروانه‌که ڕاوه‌ستێ. کاروانی ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌گه‌ر به مردنی خانی‌و جزیریو بێسارانی‌و مه‌وله‌وی‌و نالی‌و ناریو گۆران‌و تۆمارێکی الحمدولله دوور‌و درێژ ڕانه‌وه‌ستا، به مردنی کاک ئه‌حمه‌دی قازییش هه‌ر نابێ ڕاوه‌ستێ. به‌تایبه‌تی که هێمنو ئه‌حمه‌دی قازی سروه‌یان کرده قوتابخانه‌یه‌ک که زۆر قه‌ڵه‌می تازه‌ی پێگه‌یاندن، به‌قه‌د هه‌موو ئه‌وانه و چه‌ند به‌رابه‌ری ئه‌وانه که له پێشدا ده‌یاننووسی، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌ڵکیان پێ گه‌یاند. ته‌بیعه‌ته‌ن ئه‌وانه توانایان هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌وه‌ڵین مه‌کته‌ب بوو که بۆیان کرایه‌وه. بۆیه ئه‌من ناڵێم جێی ئه‌حمه‌دی قازی خاڵییه، به‌ڵام ده‌ڵێم جێی ئه‌حمه‌دی قازی تا ئه‌ده‌بیاتی کوردی هه‌یه که ئیشه‌ڵڵا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ هه‌میشه دیاره. چونکی ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌می ئه‌حمه‌دی قاز‌یان دیوه یان له‌مه‌ودوا ده‌یبینن، ده‌بینن که ئه‌حمه‌دی قازی له زۆرباره‌وه مامۆستایه. له زۆر بوواردا شتی پێیه، له مه‌عنا،له زمان ،له داڕشتن، له هه‌مووی ئه‌وانه که ده‌بنه ستاتیکای نووسینێکی جوانی کوردی یان فارسی یان زمانێکی دیکه. له باری سیاسییشه‌وه هه‌روه‌ک له به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسییشدا ئیشاره‌ی پێکرابوو کاک ئه‌حمه‌دی قازی له ئێمه نه‌بڕا. بێجگه له پێوه‌ندی مه‌عنه‌وی که هه‌یبوو، ئه‌و جارانه که هاتوچۆی ئێره‌ی ده‌کرد که زۆرجاریش بوون، -ئێستا که وه‌فاتی کردوه ده‌کرێ پیاو بیڵێ- ئه‌من پێم شک نایه هاتبێته باشووری کوردستان‌و بێ پێوه‌ندی لەگه‌ڵ ئێمه گه‌ڕابێته‌وه. هه‌میشه دوور له چاوی چاوو گوێکانی جمهوری ئیسلامی ئێمه‌ی ده‌دی ته‌نانه‌ت ده‌هاته ئێره‌ش، ده‌هاته نێویشمان. له‌وه‌ش گه‌ڕێ که ئه‌و، خه‌ته فکرییه که ئه‌و به ته‌به‌عیه‌تی ئه‌و ئه‌وانی دوای ئه‌ویش گرتبویانه پێشێ له خزمه‌ت به زمان‌و ئهدهبو قه‌زیه‌ی میله‌تی کورددا بوو. ئه‌من به‌شبه‌حاڵی خۆم ڕه‌نگه که‌مم خوێندبێته‌وه به‌ڵام ناتهبایییهکم لەگه‌ڵ سیاسه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان تێدا نه‌دیون. بۆیه ئه‌من ناڵێم حیزبی دێموکرات دۆستێکی له ده‌ستدا ده‌ڵێم کورد شه‌خسیه‌تێکی گه‌وره‌ی له ده‌ستدا و حیزبی دێموکرات ئه‌ندامێکی به‌وه‌فای له ده‌ستدا. ئه‌حمه‌دی قازی قه‌ت له ئه‌ندامه‌تیی حیزبی دێموکرات نه‌کشاوه‌ته‌وه، به‌ڵام شه‌رایه‌تی ژیانی ئه‌وه‌یه که ناتوانێ ئه‌ندامێکی چالاک‌و ئاشکرا بێ. له‌وه‌ش موهیمتر جامیعه‌ی فه‌رهه‌نگی، جامیعه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردستان له ڕۆژههڵاتو هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به‌ڕاستی گه‌وره قهڵهمێکو گه‌وره نووسه‌رێکیان له ده‌ستدا. ئه‌من ئاره‌زوو ده‌که‌م و هه‌رواش ده‌بێ، ئیشه‌ڵڵا ڕێگای ئه‌حمه‌دی قازی له هه‌موو بواره‌کاندا له سیاسه‌ت، له ئه‌ده‌ب، له مه‌سائیلی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رده‌وام ده‌بێ.
ئیزن بده‌ن به‌ناوی خۆم‌و به‌ناوی ئێوه بهڕێزانیشهوه سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه چووکه‌که‌ی، له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی قازی‌یان، له خه‌لکی مههابادو له جامیعه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردستان به هه‌موو به‌شه‌کانیه‌وه بکهمو ته‌مه‌نی درێژ‌و به‌رده‌وامی بۆ ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌و له ژیان‌و خه‌باتدا وله کاروخزمهتهکاندا به ئاوات ده‌خوازم. زۆر سپاستان ده‌که‌م.
پیادە کردنی دەنگ: رزگار مستەفایی
لە ژماره ٦٥٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه