ماوه‌یه‌ک پێش نووسینی ئه‌م دێڕانه «عه‌لی شه‌مخانی» سکرتێری «ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران» له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا وله کاتی شرۆڤه‌کردنی بارودۆخی ناوچه‌که‌و وه‌رچه‌رخانه سیاسیه‌کانی جیهاندا گوتی: ئهمریکایییهکان حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دژی ئێمه هان دهدهنو یاری ده‌ده‌ری هه‌موو دوژمنانی یه‌کگرتووی ئێمه‌ن به‌ڵام ئێران ناترسێت!….
ئه‌م دوو دێڕه‌ی شه‌مخانی دیارترین هه‌ڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانه له زاری به‌رپرسێکی باڵای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانه‌وه که له ناو کۆمه‌ڵێ قسهوباسو ههڕهشهوخۆههڵکێشانو هه‌روه‌ها هه‌ندێ قسه‌ی خه‌ڵکی ناسیاسی خۆی ده‌رده‌خا.
به‌ڵام سه‌رنجڕاکێشه بگوترێ دوای ئه‌م هه‌مووه پلاروپلانوپهلهاوێژییهی ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌مخانی له دیمانه‌که‌یدا باسی بابه‌تێکی هێنایه ئاراوه که ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌ی له سهربکرێولهچهند ڕه‌هه‌نده‌وه شیمانه‌و شرۆڤهبکرێ.
شه‌مخانی باسی «ستراتیژی خۆڕاگرتن»ی کرد له به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئێران‌دا. وه‌ک ئه‌وه‌ی له عێراق، سووریاویهمهن وچه‌ند وڵاتێکی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕاده‌برێ، سیاسه‌تی جیهانی تووشی وه‌رچه‌رخان کردوه، بۆوێنه پرسی ڕێکخراوی»داعش»و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی له عێراقوسوریا ومه‌ترسی ئه‌م ڕێکخراوه بۆسه‌رئێران وه‌ک وڵاتێ که پشتیوانی له ده‌وڵه‌تانی دژه داعشی وه‌ک عێراق و سووریادهکا. له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م دوو وڵاته‌دا شیعه‌کان خاوه‌ن دهسهڵاتنو ئێران وه‌ک خۆێ ئه‌ڵێ میراتگه‌ری شیعه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ئه‌زانێ پشتیوانی له هه‌موو شیعه‌کانی جیهان بکات‌و یارمه‌تی کردنی ده‌وڵه‌تانی ناوبراو وه‌ک ئه‌رکێکی ئایینی‌و بنه‌ڕه‌تییه بۆ کۆماری ئیسلامی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژبه ڕێکخراوی داعش شهڕدهکهنو داعش گرووپێکی سوننه مه‌زهه‌بی بناژۆیهو ڕکابهریو شه‌ڕی نێوان شیعه‌و سوننی له چه‌ند سه‌ده پێش ئێستاوه ده‌ستی پێ کردوه‌و ئه‌م شه‌ڕه عه‌قیده‌تیه ئێستا له لووتکه‌ی تێکههڵچوونو بارگرژیدایه. ئێران به خۆی‌و به‌ره‌ی شیعه ده‌ڵێ « هێڵی به‌رگری» واته شیعه له حاڵه‌تی به‌رگریکردن له خۆیدایه‌و ئه‌مریکا که وڵاتێکی گه‌وره‌ی کریستیانهووڵاته عه‌ره‌بیه‌کان که سوننی مهزههبنو ئیسرائیل که وڵاتێکی جووله‌که‌یه‌و به گشتی هه‌موو جیهان هێرشیان کردوه‌ته سه‌ر به‌ره‌ی شیعه‌و ئێران ،هه‌ربۆیه ئێران‌و هێڵی به‌رگری شایه‌نی ئه‌وه‌یه پارێزگاری له خۆی بکات. به‌هه‌رحاڵ هێڵی به‌رگری به سه‌رۆکایه‌تی ئێران وه‌ک له قسه‌کانی شه‌مخانی ده‌رده‌که‌وێت بۆی هه‌یه بۆ به‌رگری کردن له خۆی ده‌ست بداته هه‌موو کارێکی مه‌شروع ونامشروع (ڕه‌وا- ناڕه‌وا) و به‌زاندنی هه‌موو سنووره ئه‌خلاقییه‌کان ته‌نانه‌ت ئهگهرکوژرانی ٣٠٠ هه‌زار که‌سی مه‌ده‌نی له سووریا لێ بکه‌وێته‌وه وله عێراقدا کوشتاروناسهقامگیری وشه‌ڕی تایفه‌یی به‌رپا بکرێ له یه‌مه‌ن ژیانی خه‌ڵک تێک بچێت ویان لوبنان کاول بکرێ‌و پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین له ته‌نیشت ده‌وڵه‌تی ئیسراییل له بار ببردرێو ته‌نانه‌ت بیهه‌وێ بۆمبی ئه‌تۆمی دروست بکات بۆ هه‌ڕه‌شه له جیهان.هه‌موو ئه‌وانه له ڕوانگه‌ی شه‌مخانییه‌وه بۆ پاراستنی هیلالی شیعه ڕه‌وایه. شه‌مخانی کاتێ باسی ستراتیژی سه‌برو خۆڕاگرتن ده‌کات که ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی هه‌موو هێڵه دیاری کراوه‌کانی یاسا مرۆڤیه‌کانی تێپه‌ڕاندوه‌و له هه‌موو کهتنو پیلانگێڕی‌و بێ په‌یمانی یه‌ک خۆی نابوێرێ.
تیمسار شه‌مخانی ده‌ڵێ «هێڵی به‌رگری» له هه‌موو لایێکه‌وه به‌ره‌وڕووی دوژمنان بۆته‌وه‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی گرووپه سه‌له‌فیه سوننییه‌کان دژبه کۆماری ئیسلامی هان ئه‌ده‌ن. دیاره توندوتیژی پاساوی نیه، به‌ڵام دروست بوونی سهلهفیو ڕێکخراوی داعش‌و ئهوڕادیکاڵیزمهی له جیهانی سوننی‌دا هاتوه‌ته ئاراوه ده‌توانین بڵێین له ئاکامی سیاسه‌تی مه‌ترسیداری « صدور انقلاب»ی خومهینیو کۆماره شیعه مه‌زهه‌به‌که‌ی ئه‌ودا هاتنه گۆڕێ… کاتێ زانکۆی «المستنصریه» له به‌غدا ته‌قێندرایه‌وه‌و شه‌ڕی ئێران‌و عێراق ده‌ستی پێکردو کاتێ «ساف» ویستی له گه‌ڵ ئیسرائیل پێک بێت و ده‌وڵه‌ت ڕابگه‌یه‌نێت، ڕێکخراوی جیهاد ئێسلامی دروست کران‌و «اسماعیل هنیهو خالد مشعل دژبه ئامانجی فه‌له‌ستین هان دران. کاتێ ئیسرائیل له لوبنان کشایه‌وه «حزبالله»ی لوبنان که‌وته هه‌ڵگیرساندنی شهڕوماڵکاول بوونی لوبنانی لێکه‌وته‌وه‌و کاتێ به‌هاری عه‌ره‌بی هاته ئاراوه‌و سووریا له لێواری میوانداری کردنی شۆڕشی به‌هاری عه‌ره‌بیدا بوو، به‌شار ئه‌سه‌د هان درا وه‌ک سه‌ردارێکی خوێنخوری کلاسیک سواری ئه‌سپی سه‌رکه‌شی ملهوڕی ببێ‌و ده‌ست له پاک‌و پیس نهپارێزێو نیشتمانه‌که‌ی خۆی بکا به گۆلاوی خوێن… هه‌روه‌ها دنه‌دانی گرووپی حوسی له یهمهنو ئاژاوه‌گێڕی له ناوچه‌ی ده‌ریای سووردا.
ئه‌وه‌ی دیاره کۆماری ئیسلامی خۆی خستوه‌ته بازنه‌یه‌کی ئاگرینی سیاسه‌ته ئاڵۆزه‌که‌ی خۆیه‌وه‌و به هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ک تۆپێکی ئاگرین وایه‌و ڕوو له هه‌رکوێ ده‌کات ده‌یسووتێنێ، هه‌مووکه‌س خۆی لێ ده‌پارێزی… به‌ڵام ئه‌م تۆپه ئاگرینه هه‌تا ماوه‌یه‌کی دیاری کراو له مه‌ودایێکی دیاری کراودا بۆی هه‌یه خۆی ههڵسووڕێنێو نمایشتی هێزی خۆی بکات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وزه‌و خۆڕاگرتنی جیهانیش ڕاده‌یه‌کی دیاری کراوی هه‌یه. هه‌ربۆیه به‌ربه‌ستی بۆ دروست دهکهنو ڕایده‌گرن.
کۆماری ئیسلامی له زاری شه‌مخانییه‌وه باسی ئۆپۆزیسیونی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دهکاتو به «ئه‌وانه‌ی وا بۆسه و که‌مین بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران داده‌نێن» ناویان ده‌بات. ئه‌وه‌ی دیاره ئۆپۆزسێیونی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ڕۆڵه‌ی ئاووخاکو بنه‌ماڵه‌کانی خۆیانن‌و ڕیشه‌و ڕه‌گه‌زو خوێنیان هی وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌و ئه‌گه‌ربه زۆر دهرکرابێتن یان ڕێگه‌ی به جێهێشتنی زێدوخاکو نیشتمان‌و بنه‌ماڵه‌ی خۆیان گرتبێته به‌ر، به زه‌بروزه‌نگی ئه‌و ده‌وڵه‌ته فاشیسته مهجبوورکراون بڕۆن‌و ڕێگه‌ی پارێزگاری له بایه‌خه مرۆییهکانو کوردایه‌تی بگرنه به‌ر… هیچ پاساوێک بۆ داگیرکردنی کوردستان ڕه‌وا نیه‌و هیچ ویژدان‌و بیر‌و ئه‌قڵیه‌تێکی دروست ئه‌مه قه‌بووڵ ناکات خه‌ڵکی بێگانه به پلانگێڕیو خهیانهتو جبه‌خانه‌و فڕۆکه‌و تۆپ‌و تانک‌و هێزی چه‌کداری سه‌دان هه‌زار که‌سی، خاک‌و داروبه‌ردو ئاسمان‌و سامان‌و سروشت‌و مێژووی وڵاتێکی دیکه داگیربکات‌و به سیاسه‌تی «پاڵه‌په‌ستۆ»و «ڕاوه‌دوونان» و «بوغزاندنو تاساندن»، خه‌ڵکی ئه‌ووڵاته ده‌ربه‌ده‌ر بکات،پاشان له شیعه‌کانی لوبنان‌و … خه‌ڵکی به‌کرێگیراو بکڕێت‌و پاسپۆرتیان بۆ دروست بکات‌و له ئه‌ڵمان‌و ئۆتریش‌و فه‌ڕه‌نسا، سهرۆکو سه‌رکرده‌کانی ئه‌ووڵاته داگیرکراوه تێرۆر بکات‌و پاشان به هه‌زاران هه‌زار دۆلارباجو «دهمبهستانه» به خه‌ڵکی کاربه‌ده‌ستی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بدات تاکوو باسی ئه‌م تێرۆرانه نهدرکێندرێن!
شه‌مخانی به ئه‌دبیاتی دارستان قسه دهکاتو ده‌ڵێت حزبه کوردیه‌کان له که‌میندان. مرۆڤ پێکه‌نین دایده‌گرێت کاتێ بیرده‌کاته‌وه کۆماری ئیسلامی خۆی وه‌ک دڕنده‌یه‌ک ده‌بینێ وا به‌رخێکی نازداری به قه‌پاڵ گرتوه‌و هێچکوێ شک نابات بیخوات، له به‌ر ئه‌وه‌ی به دزیهتیو به‌دخوویی هاتوه له مێگه‌لی خه‌ڵکی داوه‌و له گیانی خۆی ده‌ترسێ نه‌کا که‌سی له خۆی به هێزتر په‌یدا بێت‌و به‌رخه‌که له چنگی ده‌ربێنێ. که‌شی مالیخولیای هزری سیاسه‌تمه‌دارانی ئێران به‌رده‌وام باسی «که‌مین»و «پیلانگێڕی»و «له ناکاوبهسهردادان»و ئه‌م چه‌مکه ڕه‌شبینانه ده‌کات، ئه‌وه له کاتێکدایه خۆیان به کهمیندانانو دروست کردنی که‌ندو کۆسپ بۆ هه‌موو جیهان ده‌یانه‌وی ژیان ببه‌نه سه‌رو پاره‌ی نهوتو مافیا جۆراوجۆره کانیان له بانکه‌کانی سویس‌و … که‌ڵه‌که بکه‌ن و بیکه‌ن به خه‌ڵاتی تێرۆریسمی ده‌وڵه‌تی.
له کۆتاییدا با بگوترێ کوردستان مێژووی سه‌ربه‌خۆی دیار‌و تۆمارکراوی خۆی هه‌یه‌و ده‌یان هۆکار به نهزانکاریو خۆبه که‌م زانینی هه‌ندێ لایه‌نی کورد له سه‌ده‌کانی پێشووداو ده‌ستوه‌ردانی یه‌ک،دوو زلهێزی ئه‌وروپایی کلاسیک له کاردا بوون تاکوو گه‌لی کورد له سه‌ربه‌خۆ بوون بێ به‌ش بکرێ. ئه‌وه‌نده‌ش دیاره مێژووی کورد‌و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی کورد ئه‌وه‌نده ڕهسهنو تۆکمه‌یه هه‌تا کۆشش بکرێ بۆ وردکردنو بچووک کردنه‌وه‌ی، زیاتر خۆدهگرێو خۆی ده‌پارێزی. جا ئهگهروانهبوایه له پاش ئه‌و هه‌موو کوشت‌وبڕ وتێرۆرانهی سهرانو سه‌رکرده‌کانی حێزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌ت حێزبی دێموکراتی کوردستان، ژه‌نه‌ڕال شه‌مخانی به خشکه و ناڕاسته‌وخۆ له به‌رنامه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا به هه‌موو ئێرانیه‌کانی ڕانه‌ده‌گه‌یاند حیزبه‌کانی کوردستان به ته‌مای گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ زێدی خۆیان…
گه‌ڕانه‌وه‌ی حیزبه‌کان بۆ ناوخاکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان مافی سروشتی‌و هه‌تاهه‌تایی ئه‌وانه‌و هیچ هێزێکی مادی‌و مه‌عنه‌وی به هیچ پاساوێکه‌وه ناتوانێ ئه‌و مافه له ئهندامانو لایه‌نگران‌و پێشمه‌رگه‌کانی سه‌ربه‌و حیزب‌و ڕێکخراوه سیاسیانه بگرێت‌و ههرههنگاوێ له‌و چه‌شنه، تێرۆریسمێکی ئاشکراو جێنۆسایدێکی مهعنهویو پاکتاوکردنی گرووپه کوردیهکانهو ده‌چێته خانه‌ی «جنایت جنگی» یان که‌تن له شه‌ڕدا دژیمرۆڤایهتی.
تیمسارشهمخانی دان به هه‌بوونی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا دهنێتو وه‌ک هێزێکی هێرشکار ناویان دهباتو ئه‌وه‌ش پڕۆپاگه‌نده‌ی سی وچه‌ند ساڵه‌ی ئه‌وان پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه وا ده‌یانگوت ئۆپۆزیسیۆنی کوردی له ناوچووه و خه‌ڵکی موسڵمانی کوردستان له ئێران‌دا، لایه‌نگری ڕێژیمن ئه‌گه‌روایه کوشتنی ڕۆڵه‌کانی هه‌مان خه‌ڵکی کورد له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا چ واتایه‌کی هه‌یه؟
دیسان ڕاشکاوانه پێویسته بگوترێ: دۆزی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دانه‌خراوه‌و به دانه‌خراوی ده‌مێنێته‌وه، ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌مخانیش ئه‌م ڕاستیه‌ی دووپات کرده‌وه!…
لە ژماره ٦٥٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه