له سه‌د ساڵی ڕابردوودا که بزاڤی ڕزگاریخوازو ئازادیخوازی کورد له هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان به پێی ههلو مه‌رج له ئارادا بووه هەتا ئیستا بەردەوامەو له‌و ماوه دوورودریژەدا خوێن‌و قوربانی زۆری داوه به‌خۆشیه‌وه وله ژێر سێبه‌ری ئه‌و گیانبازی‌و فیداکاریانهدا لەسه‌رده‌می ئێستادا ده‌بینین که کورد‌و کوردستانیان له وه‌دیهاتنی ئامانجه‌کانیان نزیک ده‌بنه‌وه که هه‌مان رزگاری‌و گه‌یشتن به مافه‌کانی گه‌لی کورده. له باشوری کوردستان ده‌بینین که کورد زیاتر له ٢٠ ساڵه خاوه‌ن پارلمان‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆیهتیو هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوایانه‌ی تورکیه پێگه‌یه‌کی دیکه‌ی لەململانە سیاسیەکانی نێوخۆیی تورکیەبه باکووری کوردستان داوه و کورد له خۆرئاوای کوردستان هه‌وڵی داوه له‌و ههلو مه‌رجه‌ی که له سوریه هاتوه‌ته پێشێ هه‌تا ڕاده‌یه‌ک به قازانجی خۆی که‌ڵکی لێ وه‌رگرێ‌و ڕووداوه‌کانی ئهودوایانهی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌و حهرهکهتو جم‌و جۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن که ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش چاوه‌ڕوانی ههلو فورسه‌تێکه که خۆی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ده‌سته‌وه بگرێ‌و ئه‌وانه‌و ده‌یان به‌ڵگه‌ی دیکه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن که نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان له ماوه‌ی ئه‌و سه‌د ساڵه‌دا قۆناغی زۆر سهختو دژواری بڕیوه به‌ڵام کۆڵی نه‌داوه و هه‌روه‌کی پێشتر گوترا له سایه‌ی ڕه‌نج و تێکۆشان و فیداکاری ڕۆله به ئه‌مه‌گه‌کانی گه‌لی کوردلەسەردەمی ئێستا کاتی ئه‌وه هاتووه له به‌شێکی به‌رین له خاکی کوردستانی دابه‌ش کراو به‌رهه‌می ڕه‌نجی خۆی بخوا.
به‌ڵام بێجگه له‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌و کوشتارو کاولکاری که به سه‌ر کوردستاندا هاتووه، بێجگه له دەرندەخویی دوژمنه داگیرکه‌ره‌کان له ماوه‌ی ئه‌و سه‌د ساڵه‌دا نهخۆشیو ده‌ردێکی دیکه به‌رۆکی خهباتو خه‌باتکارانی کوردی گرتووه که زۆر کوشندهیە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ؛ئه‌ویش دیارده‌ی جاشایه‌تیه که ده‌ردێکه بۆته سه‌رباری هه‌موو ده‌ردان جاش یا جاشایه‌تی واته خۆفرۆشتن به بێگانه به پاره‌و پله‌و پایه. ئهوخۆ فرۆشتنه ده‌توانێت به شێوه‌ی فرۆشتنی گهلو وڵات بێ یا هاوکاری کردنی دوژمن له بواری جۆراوجۆردا بێ که زیان به‌و کۆمه‌ڵگایه بگه‌ێنێ که خودی خۆفرۆشه‌که‌ی تێدا له دایک بووه‌و گه‌وره‌و په‌روه‌رده بووه.
جاشایه‌تی کۆیلایه‌تی خۆویستانهیهو دزێوترین ڕه‌هه‌ندی مرۆڤه له به‌رئه‌وه که خسڵهتو تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤی تێدا نامێنێ و ده‌بنه دوژمنی ئاو‌و خاک‌و نیشتمانی خۆیانن‌و له به‌رامبه‌ر جووڵانه‌وه‌ی نیشتمانی‌و پێشکه‌وتنخوازیدا ده‌بنه بهربهستو هه‌موو بایهخو ئه‌رزشه مرۆڤایه‌تیه‌کان ده‌که‌نه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان.
ده‌توانین جاش‌و جاشایه‌تی به دوو ده‌سته دابه‌ش بکه‌ین، یه‌که‌م که‌سانێک که به شێوه‌ی تاکو نهێنی پێوه‌ندی به ده‌زگاکانی ئهمنیو هه‌واڵگریه‌کانی دوژمنه‌وه دهگرنو له به‌رامبه‌ر مووچه‌یه‌کدا زانیاری به دژی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان‌و به قازانجی دوژمن ده‌ده‌نه‌وه به‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه که ده‌گوترێ سیخوڕ که زۆر مه‌ترسیدارترن له‌وانه به ئاشکرا چه‌کیان پێیه. دووهه‌م ئه‌و ده‌سته که‌س یا که‌سانه‌ن که بۆ قازانجی تاکه‌که‌سی یا عه‌شیره‌یی یا له ڕووی تووش بوون به کۆمه‌ڵێک کێشه‌و گرفت ڕوو له دوژمنی گه‌ل دهکهنو چه‌کی ده‌سه‌ڵات له شان دهکهنو شان به شانی هێزه‌چه‌کداره‌کانی ده‌وڵه‌ت له سهرکوتو ئهزیهتو ئازاری هاووڵاتیو هاوڕه‌گه‌زی خۆیاندا به‌شدار دهبنو زۆرجاران له ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی قیزه‌وندا وه پێش هێزه‌کانی دوژمنیش ده‌که‌ون.
جاش له بنه‌ڕه‌تدا به پێی فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی کوردی بەوئاژەلەشوبهیندەراوەکە گوێ ڕایه‌ڵی بێ ئه‌م لاو ئه‌و لایه وله مانای سیاسیه‌که‌دا ئه‌وانه‌ی که ڕیزی خه‌ڵکی خۆیان به جێ ده‌هێڵن‌و تێکه‌ڵاو به داگیرکه‌رو دوژمن ده‌بن جا به هه‌ر پێوه‌رێک که خۆیانی پێی قائیل ده‌که‌ن فه‌رق ناکا چونکه له به‌رامبه‌ر فهرمانو ده‌ستووری ئاغاکانیاندا ده‌بێ ملکه‌چ بن‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و فهرمانو ده‌ستوره قهتڵو عامی خه‌ڵکی هاووڵاتی، هاوشاری‌و هاوگوندی خۆشیان بێ، ده‌بێ بێ ئه‌ملاولا جێ به جێ بکه‌ن.
به‌داخه‌وه ماوه‌یه‌کو جاروبار له هێندێک له ڕاگهیەنه گشتییه‌کاندا ده‌بیسترێ به جێگای به کارهێنانی وشه‌ی جاش بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ڕیزی خه‌ڵکی خۆیان جێهێشتوه‌و تێکه‌ڵ به ده‌سه‌ڵاتدارو داگیرکه‌ری کوردستان بوون و له سه‌رکوت و ئه‌زیه‌ت و ئازاری خه‌ڵک شه‌رێک و برابه‌ش دوژمنن، وشه‌ی چه‌کداری خۆجێی یان بۆ کار ده‌بردرێ ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئیدامه‌ی هه‌بێ ناڕاسته‌وخۆ به جۆرێک له جۆره‌کان کرده‌وه‌و کرداری جاشه‌کان مه‌قبووڵیه‌تی پێ دهدرێو هه‌رئه‌وه خۆی خزمه‌ت ناکا به که‌م کردنه‌وه‌ی دیارده‌ی جاشایه‌تی به‌ڵکوو به جۆرێک یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ په‌ره‌گرتنی دیارده‌ی جاشایه‌تی.
کورد ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا له وشه‌ی جاش که‌ڵکی وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه بووه که خهباتو دزێوی کرداره‌که‌ی ئه‌و ده‌سته که پشت یان له نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان کردووه ده‌ربخاو ده‌بێ ئه‌وه‌مان له بیر بێ که به هیچ جۆر نه‌چینه خانه‌ی ئه‌وه که قهباحهتو دزێوی کرداری جاشایه‌تی وا لێ بکه‌ین که مه‌قبووڵییه‌تی پێ بده‌ین به‌ڵکوو ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین له ڕێگای جۆراوجۆره‌وه پێوه‌ندی بکه‌ین به‌و که‌سانه که هه‌تا ئێستاش هاوکاری دهوڵهتو ده‌زگا ئهمنیهکاننو چه‌کی جاشایه‌تیان له شاندایهو تێ‌یان بگهێهنین که کرداره‌که‌ی ئه‌وان نه‌ک هه‌ر زیان به جووڵانه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌گه‌ێنێ به‌ڵکوو زیان به خۆشی چ وه‌ک تاکو چ وه‌ک بنه‌ماڵه‌و تایفه‌و عه‌شیره ده‌گه‌ێنێ چونکه ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن که خهباتو خهباتگێڕانو گه‌ل سهردهکهونو ئه‌وکاته ئه‌و جۆره‌که‌سانه ده‌که‌ونه به‌ر ڕق‌و قینی کۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵک که رەنگەبۆ په‌ژیوان بوونەوە ده‌رنگ بووبێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌وانه بیر له داهاتووی خۆیان ناکه‌نه‌وه ده‌بێ بیر له داهاتووی منداڵه‌کانیان بکه‌نه‌وه که سبه‌ی دواڕۆژ ناخۆشترین کاتی ژیانیان ئه‌وکات ده‌بێ که به منداڵی جاش پێناسه بکرێن. ئه‌وانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چه‌کی جاشایه‌تیان هه‌ڵگرتوه ده‌بێ له نزیک خۆیان باشوری کوردستان و باکووری کوردستان ببینن که سه‌رده‌مانێک له ودووپارچهییه کوردستانیش به‌داخه‌وه جاشایه‌تی به‌ره‌وی هه‌بووە به‌ڵام دەبینین له عێراق ده‌وڵه‌تی سه‌دام ڕوخا وجاشه‌کان هه‌ر مه‌جبوور بوون په‌نا بۆ خه‌ڵکی کوردستان به‌رنه‌وه و له تورکیا ده‌بینین ئه‌وانه‌ی خه‌باتیان کردوه خه‌ڵک ده‌نگیان پێ ده‌دا و ده‌بنه ئه‌ندام پارله‌مان و ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی ده‌وڵه‌تی تورکیایان کردوه به دژی خه‌ڵکی خۆیان جووڵاونەوە له په‌راوێزدان و کۆمه‌ڵگا هیچ حیسابیکیان بۆ ناکا.
له کۆتاییدا با هه‌وڵ نه‌ده‌ین به هێنان و به کاربردنی وشه‌ی چەکداری خۆجێی له دزیویو ناشیرینی دیارده‌ی جاشایه‌تی که‌م بکه‌ینه‌وه به‌ڵکوو با هه‌وڵ بده‌ین به تێگه‌یاندنی ئه‌و که‌سانه‌و گیرانه‌وه‌یان بۆ باوه‌شی گهلو نیشتمان دیارده‌ی جاشایه‌تی بەرادەیەک کەم بکەینەوە کە بگاتەبنبڕبوونی یەکجاری و ئه‌و ئاره‌زوه بێنینه دێ که هیچی دیکه کورد نه‌بێته دارده‌ستی دوژمن‌و ڕیزی خهڵکو خه‌بات به به‌رگی جاشایه‌تی نه‌گۆڕێته‌وه.
لە ژماره ٦٥٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه