ره‌نگه به‌جیهانیبوون یان گلۆبالیزم بۆ به‌شێک له چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی کتێبه‌کانی “کۆتایی مێژوو”ی فرانسیس فۆکۆیاما و “وێککه‌وتنی شارستانییه‌ته‌کان”ی ساموئێل هانتینگتۆن بێ. هه‌ر دوو کتێب باسیان له نه‌زمی نوێی جیهان ده‌کرد؛ فۆکۆیاما پێی وابوو که پاش ڕووخانی یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت، لیبرال دێموکراسی هه‌موو جیهان ده‌ته‌نێته‌وه. به‌ڵام هانتینگتۆن پێی وابوو له جیهانی نوێ‌دا کو‌لتوور ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی گرژی و شه‌ڕ، که‌وایه شارستانییه‌ته جیاوازه‌کان تووشی وێککه‌وتن و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌بن. تێپه‌ڕینی کات ده‌ریخست، که هه‌ر دووکیان هه‌ڵه بوون. به تێپه‌ڕینی نزیک له 25 ساڵ له ده‌رچوونی کتێبی “کۆتایی مێژوو” له ساڵی ١٩٩٢، ئێستاش چین و رووسیه خاوه‌نی سیستمێکی لیبرال دێموکراسی نین و ته‌نیا کاپیتالیزم (ئابووری ئازاد) یان قبووڵ کردوە. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی رژیمگهلێکی ئیسلامی وه‌ک ئێران و عه‌ره‌بستان هه‌موو نیشانه‌ی نادروستبوونی لێکدانه‌وه‌کانی فۆکۆیاما بوو. هانتینگتۆنیش که له ساڵی ١٩٩٣ کتێبی “وێککه‌وتنی شارستانییه‌ته‌کان”ی بڵاو کرده‌وه، شەڕی نوێی جیهانی به پێچه‌وانه‌ی فۆکۆیاما، نه‌ک وه‌کوو شه‌ڕی ئایدیۆلۆژی و ئابوورییه‌کان، به‌ڵکوو وه‌ک شه‌ڕی شارستانییه‌ته‌کان پێناسه ده‌کرد. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ڕوانینی هانتینگتۆن زۆربه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له ده‌یه‌ی ٩٠ به‌مڵاوه ڕووی دا، شه‌ڕی نێوخۆیی بوون نه‌ک شه‌ری نێوان شارستانییه‌ته‌کان. له دوای ڕووخانی یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت هه‌تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌م، ١١٦ شه‌ڕ ڕووی دا که ٨٩ یان شه‌ڕی نێوخۆیی و ته‌نیا ٢٠ یان شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تی بوون (Nye, ٢١٦). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ڕوانگه‌ی فۆکۆیاما و هانتینگتۆن بۆ پێناسه‌کردنی جیهانی نوێ راست نه‌بوون، به‌ڵام له‌وه‌دا راست بوون که ئێمه له سه‌رده‌مێکی نوێ و جیهانێکی نوێ دا ده‌ژین. ئه‌و جیهانه نوێیه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک بنیات نراوه؟ سیاسه‌ت به واتای پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ته‌کان و کێشه‌ی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و هێژمونی له نه‌زمی نوێی جیهانیدا چۆنه؟ کوردایه‌تی له سه‌رده‌می نوێ‌دا چ گۆرانێکی به‌سه‌ردا هاتووه؟
به‌جیهانیبوون و شۆرشی زانیاری
جیهانی نوێ جیهانێکی لێکگرێدراوتر و پێکهوهبهستراوتره. له جیهانی نوێ‌دا پێوه‌ندی و پێکه‌وه‌به‌ستراویی نێوان ده‌وڵه‌تان، گرووپ و تاکه‌کان زۆر زیاتر بووه. به‌جیهانیبوون تاڕاده‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر بنه‌مای شۆڕشی زانیاری و ته‌کنۆلۆژی بنیات نراوه. شۆرشی زانیاری تێچووی پێوه‌ندی که‌م کردۆته‌وه و خێرایی پێوه‌ندیشی یه‌کجار زۆر کردوه. بۆ نموونه له ساڵی ١٩٩٣ ته‌نیا ٥٠ سایت له ئاستی جیهاندا هه‌بوون، که تا کۆتایی ساڵی ٢١٠، ژماره‌ی سایته‌کان گه‌یشته ٢٥٥ میلیۆن سایت (Nye, ٢٩٨). له ساڵی ١٩٣٠ تێچووی پێوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی کۆرت ٢٥٠ دۆلار بوو که ئێستا ئه‌و تێچوویه بۆ زۆر که‌متر له یه‌ک دۆلار دابه‌زیوه (Nye,٢٩٨). ته‌نانه‌ت ئێستا به که‌ڵکوه‌رگرتن له فه‌یس بووک و سکایپ و … نرخی پێوه‌ندی گرتن تا ئاستی خۆڕایی دابه‌زیوه. له ساڵی ١٩٩١ نزیک ١% حه‌شیمه‌تی جیهان ده‌ستی به ئینترنێت ڕاده‌گه‌یشت، ئێستا نزیک 40% حه‌شیمه‌تی جیهان، واته زیاتر له 3 میلیارد که‌س ده‌ستی به ئینترنێت ڕاده‌گا. له ساڵی ٢٠٠٤، که مارک زاکێربێرگ تۆڕی فه‌یس بووکی دروست کرد، نزیک یه‌ک میلیۆن که‌س بوون به به‌کارهێنه‌ری فه‌یس بووک. له ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٣، به‌کارهێنه‌رانی فه‌یس بووک له یه‌ک میلیۆن که‌سه‌وه بۆ زیاتر له یه‌ک میلیارد که‌س به‌رز بۆته‌وه.
به جیهانیبوون و پێکه‌وه‌به‌ستراوه‌یی
ئه‌و پێوه‌ندی و لێکگرێدراوییه به‌رفراوانه گۆڕانی به‌سه‌ر بازرگانی، شه‌ڕ، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، سیاسه‌ت و … هتد هێناوه. به واتایه‌کی دیکه به‌جیهانیبوونی ره‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سەربازیی، سیاسی و … هتد هه‌یه. به‌جیهانیبوون وایکردوه ڕاگواستنی کاڵا زۆر ئاسانتر و هه‌رزانتر بێ و به‌مشێوه‌یه بازاری ئاڵوگۆری کاڵا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ببێته بازارێکی جیهانی. ئه‌و ئاڵوگۆری شتومه‌که له ڕابردووش‌دا هه‌بوو به‌ڵام له چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا خێرایی و به‌رفراوانییه‌کی بێ وێنه‌ی به‌خۆیه‌وه گرتووه. کۆمپانیاگه‌لێک دروست بووه که خاوه‌نه‌کانیان خه‌ڵکی چه‌ند وڵاتی جیان و له چه‌ندین ولات نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه. ئه‌مڕۆکه نزیک به نیوه‌ی شتومه‌ک به ده‌ست کۆمپانیا فرە نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌رهه‌م دێ. بۆ نموونه جێنرال ئێلێکتریک مۆتور (General Electric Motor) که کۆمپانیایه‌کی ئه‌مریکییه و هه‌ر به ته‌نیا سه‌رمایه‌که‌ی له زۆرێک له وڵاتانی جیهان زیاتره، زیاتر له نیوه‌ی کارمه‌ندانی، واته نزیک ٣٠٠ هه‌زار کارمه‌ندی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکان (Economist). زۆرێک له‌و کۆمپانیانه سه‌رمایه ته‌رخان ده‌که‌ن تا یاسا و سیاسه‌تی وڵاتان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا بگۆرن. پێوه‌ندی ئابووری نێوان وڵاتانیش یه‌کجار به‌رفراوانتر بووه. زۆرێک له‌و پێوه‌ندییه ئابووریانه‌ی له نێوان وڵاتاندا به‌ستراوه، پێوه‌ندییه‌کی ناهاوسه‌نگه، به‌و واتایه که به‌ستراوه‌یی وڵاتێک به وڵاته‌که‌ی دیکه زۆرتره. له دۆخی بوونی پێوه‌ندی ئابووری ناهاوسه‌نگ، وڵاتی باڵاده‌ست پێوه‌ندی ئابووری وه‌ک چه‌کێک به‌کار دێنێ و به دانانی گه‌مارۆی ئابووری، ولاته‌که‌ی دیکه ناچار ده‌کا سیاسه‌ته‌که‌ی بگۆرێ.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی ئابووری هه‌رێمی کوردستان له ١٩٩١ تا ٢٠١٥ له‌گه‌ڵ تورکیه و ئێران له‌به‌رچاو بگرین، ده‌بینین که ئێستا به‌ستراوه‌یی ئابووری هه‌رێمی کوردستان به‌و دوو وڵاته یه‌کجار زۆره. له‌گه‌ڵ پێوه‌ندی به‌رفراوانتریش به‌ستراوه‌یی زیاتر به‌رهه‌م دێ. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیه یا ئێران نرخی سووته‌مه‌نی گران بکا، نرخی ڕاگواستنی شتومه‌ک ده‌چێته سه‌رێ و زیانی ئابووری گه‌وره وه‌به‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌وێ. له دۆخی بوونی پێوه‌ندی ئابووری ناهاوسه‌نگ، وڵاتی بالاده‌ست پێوه‌ندی ئابووری وه‌ک چه‌کێک به‌کار دێنێ و به دانانی گه‌مارۆی ئابووری وڵاته‌که‌ی دیکه ناچار ده‌کا سیاسه‌ته‌که‌ی بگۆڕێ.
شه‌ڕ له‌سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون
هه‌روه‌ها له بواری سەربازیدا له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون، شەڕی ناوهاوسه‌نگ ده‌بێته یه‌کێک له به‌رچاوترین جۆره‌کانی شه‌ڕ. شه‌ڕی ناهاوسه‌نگ به شه‌ڕێک ده‌کوترێ که تێیدا لایه‌نێکی لاواز و بچووک له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نێکی گه‌وره‌دا شه‌ڕ ده‌کا. تێرۆریزم به‌رچاوترین جۆری شه‌ری ناهاوسه‌نگ له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون دایه. توانای سەربازی ئه‌لقاعیده له توانای سەربازە ئه‌مریکا زۆر بچووکترە، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ش ئه‌لقاعیده توانی و ده‌توانێ هەڕهشه بۆ ئه‌مریکا دروست بکا. ئێستا هه‌زاران که‌س له وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان پێوه‌ستی داعش بوون، کە لە دوو دەیە لەمەوبەر بە هیچ شێوەیەک دەرەتانی دروستبوونی ڕێکخراوی وەک داعش بوونی نەبوو کە توانای ڕاکێشانی ئەو پۆتانسیەلە ئینسانییەی لەسەرانسەری جیهاندا هەبێ. به واتایه‌کی دیکه تێرۆریستهکانیش که‌ڵک له ده‌رفه‌تی ڕاگواستی خێرا و تۆڕی پێوه‌ندی به‌رفراوان و خێرا وه‌رده‌گرن.
بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون زیاتر له‌وه‌ی به‌رهه‌می بوێری و گیانفیدایی سه‌ربازه‌کان بێ، به‌رهه‌می هه‌بوونی چه‌كی پێشکه‌وتوو و زانیاری ورده. هێزی هاوپه‌یمانان تاکوو ئێستا زیاتر له رێگه‌ی بۆمبارانکردن ڕووبه‌روی داعش بۆته‌وه؛ واته که‌ڵکی له فرۆکه‌ی شەڕکهری پێشکه‌وتوو، فرۆکه‌وانی خوێنده‌وار و زانیاری وردی سیستمی ڕادار و ماهواره وه‌رگرتووه.
دیپلۆماسی له‌سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون
سیاسه‌ت له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون زۆر ئاڵۆزتر بووه، چۆنکه پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تان زۆر به‌رفراوانتر و ئالۆزتره و هه‌روه‌ها کۆمه‌لێک ئه‌کته‌ری ناده‌وڵه‌تی رۆل ده‌گێڕن. له جیهانی ئێستا دیاریکردنی ئه‌وه‌ی که چ شتێک بابه‌تێکی نێوخۆیی و چ شتێک بابه‌تێکی نێوه‌ده‌وڵه‌تییه زۆر دژوارتر بووه. له پێشوودا ده‌وڵه‌تان تاکه ئه‌کته‌ری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بوون، به‌ڵام ئێستا گرووپه‌کانی نێو وڵاتێک هه‌ر کام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به ده‌وڵه‌ت یا وڵاتێکی دیکه ده‌گرن. بۆ نموونه به‌شێک له ئه‌ندامی کۆماریخوازی کۆنگره‌ی ئه‌مریکا نامه‌یه‌کیان ئاراسته‌ی ئێران کرد و باسیان له‌وه کرد رێکه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و ئه‌مریکا له دوای ته‌واوبوونی خۆلی سه‌رۆک کۆماری ئۆباما ئیعتباری نابێ. ئه‌وه لهحالیکدا ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا که ده‌وڵه‌تێکی دێموکراتیکیشه به‌و واتایه پشتئه‌ستووره به ده‌نگی خه‌ڵکی ئه‌مریکا، ده‌بێ نوێنه‌رایه‌تی هاووڵاتیانی ئه‌مریکا له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانی دیکه و خه‌ڵکی دیکه‌دا بکا. یان به‌شێک له نوێنه‌رانی کۆنه‌پارێزی مه‌جلیسی ئێران له دژی رێکه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران و ئه‌مریکا لێدوانیاندا و هه‌ڵوێستیان گرت. له ڕابردوودا پێوه‌ندی نێوان وڵاتان تاڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌مان پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تان بوو، که له رێگه‌ی بالوێزخانهکان و دیپلۆماته‌کان ئه‌نجام ده‌درا. ئێستا له هاووڵاتیه‌ک ڕا بگره هه‌تا گرووپێکی بچووک له خه‌ڵکی وڵاتێک، ده‌توانن کاریگه‌رییان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تان و خه‌ڵکێکی دیکه‌دا هه‌بێ.
ئه‌منییه‌ت له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون
زۆرێک له چه‌مکه‌کانی ڕابردوو گۆڕانی جیددیان به‌سه‌ردا هاتووه. بۆ نموونه له ڕابردوودا که باس له ته‌ناهی ده‌کرا زۆرتر مه‌به‌ست رۆڵی سوپا و پۆلیس له دابینکردنی ئه‌منییه‌تی فیزیکی و گیانی خه‌ڵک بوو. سوپا ده‌بوا هاووڵاتیانی له‌به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌ره‌کی وڵاتێکی دیکه پاراستبا و پۆلیسیش ده‌بوا گیانی هاووڵاتیانی له به‌رامبه‌ر چه‌ته و مرۆڤکۆژهکان له نێو سنووره نه‌ته‌وه‌ییەکان پاراستبا. هه‌ر بۆیه له یاده‌وه‌ری خه‌ڵکدا شه‌ری یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی شه‌ڕێکی خراپ بوو، چۆنکه ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵک له‌و شه‌ڕانه‌دا کۆژران. به‌ڵام که‌متر خه‌ڵک ده‌زانن که له ساڵی ١٩١٨، نزیک ١٨ میلیۆن که‌س، واته زۆر زیاتر له ژماره قۆربانیانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، به هۆی نه‌خۆشییه‌کی ئانفلانزا گیانیان له‌ده‌ست دا. ڕوانینی مرۆڤ بۆ ئه‌منییه‌ت له ڕابردوودا ڕوانینێکی نه‌ته‌وه‌یی بوو، نه‌ک ڕوانینێکی جیهانی و مرۆیی. ئێستا ده‌وڵه‌تان ناچارن له بواری ته‌ندروستی و پزیشکی هاوکاری یه‌کتر بکه‌ن، تا پێش به بڵاوبوونه‌وه‌ی هێندێک ڤایرۆس بگرن. له ساڵی ١٩٨٨ به‌مڵاوه که ڤایرۆسی ئایدز (HIV) پێناسه کرا، زیاتر له ٢٠ میلیۆن که‌س به هۆی تووشبوون به ئایدز گیانیان له ده‌ست داوه و ٤٠ میلیۆن که‌سیش گیرۆده‌ی ئه‌و ڤایرۆسە بوون (Nye). به‌و پێیه پێناسه‌ی ئه‌منییه‌ت له‌سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون پێناسه‌یه‌کی زۆر ئاڵۆزتر و جیهانیتری به‌خۆیه‌وه گرتووه.
ئاکام گیری
به‌جیهانیبوون ئاماژه‌یه به پێوه‌ندی و لێکگرێدراوی بێ وێنه‌ی ده‌وڵه‌تان، خه‌ڵک، کۆمپانیا و رێکخراوه‌کان به یه‌کتر. له‌گه‌ڵ پێوه‌ندی بهفراوانیش چه‌شنێك له پێکه‌وه‌به‌ستراوه‌یی و ئاڵۆزی له هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیان دروست بووه. دوکتور سه‌ریح القهلهم له وتاره‌که‌ی “سیاستمەدار کیست؟”دا ده‌لێ: گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندیی سیاسه‌تمه‌دارێک ئاگادار بوون له بارودۆخی وڵات و ئاگاداربوون له هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تییه. به وته‌ی سه‌ریح القهلهم، سیاسه‌تمه‌دار له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون ده‌بێ له چه‌ند زمانی نێوده‌وڵه‌تی شاره‌زایی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێک له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون له فه‌زای نوێی سیاسه‌تی جیهانی تێنه‌گا، ناتوانێ پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی گرووپه‌که‌شی له جیهانێکی زۆر ئاڵۆزتر بکا و به‌ره‌وپێشی به‌رێ. سیاسه‌تمه‌دارێکی ساویلکه به هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤیزیۆنی بی بی سی، ئه‌لجه‌زیره و … ههڵدهخلهتێ و تووشی چه‌شنێک له کهفۆکول و کاڵفامی سیاسی ده‌بێ.
سەرچاوەکان
Sources:
Nye, Joseph S, David Welch, and Joseph S Nye. 2014. Understanding Global Conflict and Cooperation : an Introduction to Theory and History.
The Economist Online. “Biggest Transnational Companies” from the link:
http://www.economist.com/blogs/graphicdetail/2012/07/focus-1
Internet Users from www.internetlivestate.come
Facebook: 10years of social networking in numbers from the link:
http://www.theguardian.com/news/datablog/2014/feb/04/facebook-in-numbers-statistics
سیاستمدار کیست؟ به قلم دکتر محمود سریع القلم
لە ژماره ٦٥٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه