هێشتا زۆر خەمی دەروونی و بهشمەینەتیی ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە لەیاد و بیرەوەریی تاڵی دوازدەسوارەی مەریوان له قارەمانی وەک حیسام ئەسعەدی نەڕەویبوو، هێشتا لاپەڕەکانی گەرمەشینی جێگەدارانی سەروان ئەفشێن و کاک هەژار لاپەڕەکانی ئارشیو نەکرابوون، هێشتا باڵندەی باڵ جوانی هەست و خەیاڵ لەسەر تەرمی پیرۆزی ئەو شەهیدانە هەڵنەفریبوو، هێشتا فرمێسکی قەتیسماو لە کالانی چاوەکزەکانی دایک و باوکی شەهیدەکانی کوردستان بە زەردەخەنەی کیژۆڵەی چاوکەژاڵ و ژیکەڵەی پێشمەرگەی شەهید نهسڕابوو کەهەواڵیان هێنا، چ هەواڵێک؟
رۆژی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٢٦٢ی هەتاوی، هەواڵێکی جەرگبڕ و دڵتەزێن، بە خێرایی شەقام و کۆڵانەکانی شاری مەهابادی تەنییەوە و بە جارێک کۆمەڵانی خەڵکی ئەو شارەی تاساند و تووشی سەرسوڕمانی کردن.
لهو ڕۆژهدا خەڵکی مەهاباد گوێبیستی بەیەننامەی حەمیدڕەزا جەلاییپوور، فەرمانداری شار بوون که باسی له ئێعدامی ٥٩ لاوی ئەو شارە دهکرد کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکرات گوللەباران کرابوون. بەشێک لەو ٥٩ کەسە کە کەمتر لە دوو مانگ بوو گیرابوون، تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ و لە دادگایەکی فۆڕمالیتە و فەرمایشی و بە پەلەپڕووزەدا، حوکمی لەسێدارەدانیان بو دەرچوبوو.
کۆماری ئیسلامی کە تازە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو بە دوو مەبەست ئەم کردەوە دڕندانەی ئەنجام دا؛ یەکەم ئەوەکە بەم کردەوە وەحشیانەیە لە لایەک خەڵكی کوردستان و لاوانی شۆڕشگێڕ چاوترسێن بکا و لە لایەکی دیکە پێش بە پەیوەستبوونی لاوانی نیشتمانپەروەر بۆ نێو حیزبە کوردییەکان و بەتایبەتی حیزبی دیمۆکرات بگرێ و لە هەمان کاتدا خەڵکی وڵاتپارێز لە یارمەتیدان و پاڵپشتکردنی ئەو حیزبانە دڵسارد بکەنەوە، دووهەم دەیویست لەم ڕێگەیەوە بە بزووتنەوەی خەباتکارانەی کورد بڵێ کە دەستی تۆڵە ئەستاندنەوەم بەهێزە و تۆڵەم لێ کردوونەتەوە؛ چونکە هەر لەو سەروبەندەدا کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار چەکداری خزاندبووە کوردستان و، هێزە سەرکوتکەرەکانی لە بەرامبەر هێرش و بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزی پیشمەرگەدا زەبوون و داماو بوون. تەنانەت محەممەد بروجێردی، جێگری فەرماندەی قەرارگای عەمەلیاتی «حمزه سیدالشهداء» کە بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگیی تایبەتی هەبوو، لە شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە کوژرابوو.
لە ماوەی دەسەڵاتدارهتیی کۆماری ئیسلامیدا، دیاردەی ئێعدام شتێکی تازە نیە و نەبووە و لە یەکەم ساڵی دەسەڵاتی خۆیاندا، دەستیان بە کوشتار و ئاسیمیلە کردنی نەتەوەی کورد کرد و هەر ٣ ڕۆژ دوای پەیامی خومەینی لە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ بۆ چارەسەری کێشەی کورد، دەستی ڕەشی تاوانیان زیاتر دەرکەوت و ١١ لاوی کوردیان لە زیندانی دیزڵئاباد گوللەباران کرد و لەو کاتەوە تا ئیستا کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمه لە ڕشتنی خوێنی لاوانی کورد نەپرینگاون.
کاتێک هەواڵی گوللەبارانکردنی ٥٩ لاوی مەهاباد بڵاوبۆوە، کەشێکی ماتەم باڵی بەسەر خەڵکی ئەو شارە و دەورووبەریدا کێشا و شار ڕەشی پۆشی و بە هەزاران کەس ئەژنۆی خەمیان لە باوەش گرت. ههروهها کۆمەڵێک پرسیار بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی شاری مەهاباد و بنەماڵەی شەهیدەکان درووست بوو کە تاوانی ئەم لاوانە کە تەنانەت چەند کەسیان لە پۆلەکانی ناوەندی و دواناوەندیدا دەرسیان دەخوێند، چی بوو؟!
بەڵام زۆری پێ نەچوو کە ڕۆڵەکانی کورد لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاست لە ناوچەی کرماشان و کامیاران، بڕیاریان دا کە یاد و بیرەوەریی ئەو ٥٩ لاوەی مههاباد بەرز ڕابگرن. بە بڕیارێکی لێبڕاوانە و شۆڕشگێڕانە و بە نەعرەتەی شێرانەی کوڕانی ئەو مەڵبەندە، تەنیا دوو سەعات دوای تێپەڕینی ئێعدامی ئەو شۆڕەلاوانە، قارەمانانی هێزی بێستوون لە شەوی 12ی جۆزەرداندا، یەکەمین عەمەلیاتی قارەمانانەیان بە یادی ئەوان بەڕێوە برد و دووهەمین عەمەلیاتیان لە ڕۆژی 14ی جۆزەردان، شادی و خۆشیان خستە نێو بنەماڵەی ئەو شەهیدانە و فرمێسکی خەمیان بۆ کردنە شادی و لە ڕۆژانی دواتردا ڕۆڵەکانی کورد لەو مەڵبەندە، سەرجەم ٥٩ عەمەلیاتی قارەمانانەیان بەیادی ئەو ٥٩ شەهیدە ئەنجام دا. تێکۆشەرانی هێزی بێستوون له زۆربهی شاخ و دهشت و دۆڵ و چیاکانی ناوچهی کرماشان، کامیاران، مهریوان و پاوه به فهرماندهیی شەهیدان شاپوور فیروزی، سالار ئیبراهیمی، محەممەدکەریمی نەدیمی، ئەحلە میسری و حەسەن مینبەری و دەیان ڕۆڵهی تێکۆشهری دیکەی دێموکرات زەبری زۆر کاریگهریان له دوژمن وەشاند. شهڕه بهناوبانگهکانی نێو شاری کامیاران، دهرهویان، پشته، بێڵهوار، شیرینسوار، شاڕێی کرماشان _ سنه، ناڵهشکێنه، ماویان، شهریفاوا، بزوهش، چیای شاهۆ، ژاوهرۆ، چڕووسانه، گڕگڕ، نێو شاری کرماشان، تهختی زهنگی، نهرگسڵه، شانشین، بهردهسپی و گرتنی ٦ پایەگا، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو عەمەلیاتانە بوو کە بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی ٥٩ لاوی مەهاباد ئەنجام دران، عەمەلیاتگەلێک کە ئێستاش له بیر و زەینی خهڵكی ئهو ناوچانهدا به زیندوویی ماوهتهوه.
ئەو ٥٩ عەمەلیاتە سوکنایی خستە نێو دڵی دایکی ٥٩ لاوی مەهابادی و خەڵکیش فرمێسکی شادییان هەڵوهراند، چونکە قارەمانانی دێموکرات هەموو ڕۆژێ ناو و یادی ئەو لاوانەی کە خوێنیان بەناحەق ڕژا زیندوو دەکردەوە.
ئەگەر بڕوانینە مێژووی خوێناویی گەلەکەمان و حیزبە خەباتگێرەکەیان، ئەو ٥٩ عەمەلیاتە بەیادی لاوانی لە خوێندا شەڵاڵی مەهاباد لەچەند بارەوە گرینگی هەیە و لە مێژوودا جێگای تایبەتی خۆی کردۆتەوە:
یەکەم؛ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و بەتایبەتی مەهاباد، بە ئێعدامی ڕۆڵەکانیان چاویان نەترسا و هەروا بە بەردەوامی بە هەموو شێوەیەک بەرهەڵستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوونەوە و لەسەروو هەمووانەوە لاوانی ئەو شارە پۆل پۆل ڕیزی خەباتگێرانی دێموکراتیان بۆ خەبات هەڵبژارد. دووهەم؛ ڕێژیم بە ئێعدامکردنی ئەو لاوانە لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ پەڵەیەکی ڕەشتری لە مێژوودا بە ناوچاوانی خۆیەوە نا، کە بۆ هەتاهەتایە وەک خاڵێکی نەنگ و سەرشۆری لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کرا. سێهەم؛ بە درێژایی مێژوو گەلی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەربەدەر و قەڵوعام کراوە، بەڵام دوای هەر کارەساتێک سەربەرزانە لە خەبات بەردەوام بووە و سەری بۆ دوژمن نەوی نەکردووە، هەر بەو پێیەش بوو کە هێزی قارەمانی بێستوون بە بڕیارێکی شۆرشگێرانە یادی ٥٩ لاوی مەهابادیان بەزیندووی ڕاگرت.
( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)