(کورتە شوێنەوار و خەڵک ناسیی کوردستان)
گەلی کورد وەک یەكێک لە کۆنترین گەلانی جیهان بە ئەژمار دێ. ڕەوتی پێکهاتنی قەومیی کورد(1) لە باکووری میزۆپۆتۆمیا (دوو چۆمان) ڕووی داوە. مێژووی کورد وەک یەکێک لەکۆنترین گەلانی جیهان دەگەڕێتەوە ساڵەکانی پێش زایین. یەکەمین بەڵگە مێژووییەکان دەربارەی کورد لە ئاسەواری ئاسۆرییەکانی هەزارەی سێهەمی پێش زاییندا دیتراونەتەوە. کوردستان شوێنی هەوەڵین ئاسەوارەکانی شارستانییەتی سەرەتایی پێش زایینە. دۆزراوەکانی کرماشان سەڵمێنەری بوونی ئینسان لە سەردەمی پالیۆلیتیک لە ڕایەڵی ئێرانە.(2) هەوەڵین بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ کە لە ئەشکەوت و حەشارگەکانی چیای زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیتراونەتەوە لەباری مێژووییەوە دەگەڕێنەوە بۆ نێوەڕاستەکانی سەردەمی پالیۆلیتیک یان سەردەمی ماوستێریەن(3) لە دەوروبەری ١٠٠ هەزار ساڵی پێش زایین.
بە پێی ئەو کەندوکۆژانەی لە ساڵانی (١٩٤٩ و ١٩٥١ی ز) لە ئەشکەوتەکانی بێستوون و تمتمە (لە دۆڵی نازلوو لە باکووری گۆمی ورمێ) لە لایەن گرووپێکی شوێنەوارناس بە سەرپەرستیی زانای ئەمریکایی پرۆفیسۆر کارلتۆن کوون(4) کراوە، ئاسەواری ئینسانی سەردەمی پالیۆلیتیک لەم شوێنانەدا دۆزراونەتەوە. دیتنەوەی دانە گەنم و ئامرازی تیژی لە بەرد درووستکراو، هەروەها ئاشی سەرەتایی لە گوندەکانی «ئاسیاو» و «تەپەی سەرا» لە نزیکی کرماشان پێشاندەری کشتوکاڵ و ژیانی گوندیی لە هەزارەکانی هەشتەم و نۆهەمی پێش زایینە. هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆس، هەوەڵین ژیار لەسەر بنەمای کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ژیانی گوندی پێک هاتوە، ئەم گۆڕانە لە شێوازی ژیان لە هەزارەی حەوتەمی پێش زایین لە کوردستان و ئاسیای بچووک لە لایەن شوێنەوارناسەکانەوە سەڵمێندراوە. دۆزینەوەی قەڵای جەرمۆ(5) لە لایەن رابێرت جان برێیدوود(6) مرۆڤ و شوێنەوارناسی ئەمریکایی لە ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان باشترین بەڵگە بۆ سەڵماندنی ژیانی نیشتەجێیی و گوندیی لە هەزارەی حەوتەمی پێش زایین لەم ناوچەیە دایە. لە ناوچەکانی»پشت کێوی» لۆڕستان و «دەشتی ئەیوان»یش لە باکووری ئیلام، ئاواییەک دیتراوەتە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٣٠٠ یان ٢٢٠٠ی پێش زایین.
کوردستان وەکوو وڵات و دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە هیچ نەخشەیەکی جیهانیدا تۆمار نەکراوە و زۆرتر مانا و مەفهوومێکی ئەتنۆگرافیکی(7) هەیە. کوردستان لە بەشی ناوەندیی ڕۆژئاوای ئاسیا کەوتۆتە نێوان ٣٤ – ٤٠ پلەی پانایی باکووری و ٣٨_٤٨ پلەی درێژایی ڕۆژهەڵاتی. درێژایی کوردستان لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات نزیکەی هەزار کیلۆمیتر و لە باکورەوە بۆ باشوور لە ٣٠٠ هەتا ٥٠٠ کیلۆمێترە. بە گشتی پانتایی کوردستان نزیکەی ٤٥٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەیە (٢٠٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە تورکیه، پتر لە ١٦٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە ئێران و نزیکەی ٧٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە عێراق، هەروەها ١٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە سووریه).(8) کوردستان تا ڕادەیەک شکڵی چەماوە یان کەوانەیی هەیە. لای دەرپەڕیوی بەرەو باکووری ڕۆژهەڵاتە، واتە شوێنێکە کە پاڵی بە ناوچەکانی باشووری قەفقازەوە داوە.(9)
دیاریکردنی سنوورەکانی کوردستان بە وردی، بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کارێکی هاسان نیە و تەنیا دەکرێ باس لە سنوورە ڕێژەییەکانی کوردستان بکرێ. سنوورە مێژوویی و قەومییەکانی کوردستان، هێڵەکانی سنوور و کەشەونی کوردستان لە سەدەی نێوەڕاست لە لایەن بیرمەند و مێژووناسی کورد میرشەڕەف خانی بەدلیسییەوە لە ساڵی ١٥٩٦ی ز دا بەم چەشنە دیاری کراون: «سنوور و کەوشەنی وڵاتی کوردان _کە ناوی کورردستانە_ لە سەر لێواری دەریای هورمزەوە _کە لەسەر کەناری دەریای هیند هەڵکەوتووە_ دەست پێدەکا و لەوێوە بە خەتێکی ڕاست دەکشێ و دێ هەتا لە مەڵبەندی مەڵاتیە و مەرعش دەبڕێتەوە. وڵاتی فارس و عێڕاقی عەجەم، ئازەربایجان و ئەرمەنستانی چکۆلە و ئەرمەنستانی گەورە، دەکەونە لای باکووڕی ئەو خەتەوە. عێڕاقی عهڕەب و مووسڵ و دیاربەکر دەبنە باشووڕی ئەم سنوورە. سەرەڕای ئەوەش هۆز و تیرە زۆر و زەوەندەکانی کورد لەو پەڕی مەڵبەندی ڕۆژهەڵاتەوە دایانگرتوە و تێیدا بڵاو بوونەتەوە و ئەو سەریان گەیوەتە ئەو پەڕی مەڵبەندی خۆرنشین».(10)
کوردەکان بەشێکی بەرچاو لە ڕێژەی دانیشتووانی ڕۆژئاوای ئاسیایان پێک هێناوە. لەبەر نەبوونی سەرچاوە و سەرژمێرییەکی زانستی ناکرێ ڕێژەی کوردەکان لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ی ز. بە وردی حیساب بکرێ. بە پێی بەراوردی کتێبی»زەرد»ی فەڕانسە (ڕێکەوتی ١٨٩٢ی ز) ڕێژەی دانیشتووانی کوردستانی عوسمانی ٣.١٢.٨٧٩ کەس بووە، بە باوەڕی شێخ مەردۆخ ئەگەر کوردەکانی ئێرانیشی لێ زیاد بکەین ئەم ژمارەیە بە نیزیکەی ٥ میلیۆن دەگا(11) [یرواند ئابراهامیان لە کتێبی «ئێران لە نێوان دوو شۆڕش»دا باس لە ڕێژەی ٨٠٠ هەزار کوردی ئێران لە ساڵی ١٨٥٠ی زدا دەکا].(12)
لە کۆتاییەکانی دەیەی سێهەمی سەدەی بیستەمدا ڕێژەی تەواوی کوردەکان ٧.٥ میلیۆن بووە. لەوە دەچێ ڕێژەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتایی دەیەی دووهەمی سەدەی ٢٠، بێ لەبەرچاوگرتنی لۆڕ و بەختیارییەکان وەکوو خزمی ئەتنیکیی ئەوان، یەک و نیو هەتا ٢ میلیۆن بووبێ.(13)
***
پهراوێزهکان:
1) Ethnogenesis
2) Paleolithic یەکەمین قۆناغی سەردەمی بەرد _ دەستپێکی درووستکردنی ئامرازی بەردی بە دەست ئینسان
3) Mousterian سەردەمی ماوستێریەن لە نیوان ساڵەکانی ١٦٠ هەزار هەتا ٤٠ هەزاری پێش زایینە
4) Carlton Coon
5) Jarmo
6) Robert John Braidwood
7) Ethnographic خەلک ناسی، ڕەگەزناسی، لە ڕوانگەی نیشانە و تایبەتمەندییەکانی ڕەگەزییەوە
8) لازاریف، محوی و … کردستان معاصر، صص ١٥_١٤ترجمە کامران امین آوە، چاپ دوم، نشر روشنگری، آلمان ٢٠١٧
9) ن. ز. مۆساکی، کوردستان: سامان و سیاسەت، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ١٢، ئەنستیتووی ڕۆژهەڵاتناسی، مۆسکۆ ٢٠٠٥
10) میرشەرەف خانی بدلیسی، شەرەفنامە، مێژووی ماڵەمیرانی کوردستان، لاپەڕەی٢٢-٢١ وەرگێرانی مامۆستا هەژار، چاپی هەشتەم. پەخشانگای پاییز، تاران ١٣٩٣
11) شیخ محمد مردوخ کردستانی، تاریخ کرد و کردستان و توابع یا تاریخ مردوخ، جلد اول، عدە نفوس کردستان ص ٥٨، چاپ دوم، ١٣٥١
12) یرواند آبراهامیان، ایران در بین دو انقلاب، ترجمە احمد گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی، جدول شمارە ١، ساختار قومی ایران ص ١٦، نشر نی، چاپ شانزدهم، تهران ١٣٨٩
13) لازاریف و … تاریخ کردستان صص، ١٧١ و ١٧٢، مسکو ١٩٩٩، ترجمە فارسی، منصور صدقی و کامران امین آوە، انتشارات فروغ، ، کلن، آلمان ١٣٨٦
( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)