[ کوژران و برینداربوونی ١٨٣ کۆڵبەر، گرتنی٦٦٧ چالاکی سیاسی ئێعدامی ٧٠ بەندی و تەقینەوەی مین لە بن پێی ٤٦ کەس لە کوردستان لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا]
لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویشدا لانیکەم ١٠٥٠ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە. با بەخێرایی چاوێک بەسەر چەند حاڵەتێکی زبری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا دەخشێنین:
کۆڵبەرکوژی
لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانن، لە ماوەی ئەم ساڵەدا 183 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 183 قوربانییەی ئەمساڵ 79 کەسیان کوژراون و گیانیان لە دەست داوە، هەروەها 104 کەسیش بریندار بوون.
ڕەشبگیر و گرتنەکان
لە ماوەی ساڵی 1396دا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردووەتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، 667 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو 667 کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم 52 کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی 30 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم 2869 مانگ (88939 ڕۆژ) زینداییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها 6 بەندکراوی کوردیش بە تۆمەتی محاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و 10 بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیان لێ ئەستێندراوە.
ئێعدامەکان
ئاماری ئیعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی 1396دا لانیکەم 70 کەس بووە کە بهپێی ڕێژهی حهشیمهتی کورد له ئێران و ئاماری ئێعدامهکان لهو وڵاته، لهو بوارهی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد ههر بهشی شێری بهرکهتوه. بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە ساڵی 1396دا لە کوردستان ئێعدام کراون، بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و دەستدرێژی لە دار دراون و زیندانییەکی سیاسیی کوردیش بەهۆی ئەندامەتیی حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی و چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێعدام کراوە.
بەردەوامیی ئێعدامی بەندکراوانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر لە حاڵێک دایە کە مەجلیس دەیەوێ بە پەسندکردنی قانوونێک سزای ئێعدام لەسەر ئەو تاوانانە هەڵبگرێ و سزای زیندان و جێگرەوەی دیکەیان لە بری ئەوە بۆ لەبەرچاو بگرێ. مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە ڕەسمی داوای لە دەزگای قەزایی کردوە هەتا یەکلابوونەوەی ئەو قانوونە دەست لە ئێعدامکردنی زیاتر لەو 5 هەزار کەسە بپارێزێ کە لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە؛ بەڵام دەزگای قەزایی بێگوێدانە ئەو داوایە لە جێبەجێکردنی سزای ئێعدامەکان بەردەوامە.
قوربانییانی تەقینەوەی مین
ژمارەی قوربانیانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی 96دا لانیکەم 46 کەس بووە. وردەکارییەکان دەڵێن لەو 46 کەسە 38 کەسیان بریندار و نقوستان بوون و 8 کەسیشیان گیانیان لە دەست داوە؛ بهڵام بە دڵنیاییەوە ئاماری ورد و دهقیقی قوربانیانی تهقینهوهی مین _ بەهۆی ئەوەی ههواڵدهرییه ڕهسمییهکان خۆ له بڵاوکردنهوهیان دهبوێرن یان ناوی قوربانیان ئاشکرا ناکهن_ لهوهنده زیاتره که ناوهندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژههڵاتی کوردستان تۆماری کردوه.
ئاماره رهسمییهکان دهڵێن 16 میلیۆن مینی پاشماوهی شهڕی عێڕاق و ئێران له خاکی ئێراندا ههڵنهگیراونهتهوه، ههروهها له ساڵی 67 ی ههتاوییهوه که شهڕی ئێران و عێڕاق کۆتایی هاتوه تا هاوینی ساڵی 93 _کە دوایین ئامارە ڕەسمییەکان لەو پێوەندییەدا بڵاوبوونەتەوە_ ههرنهبێ 368 کهس له کوردستان بههۆی تهقینهوهی مین گیانیان له دهست داوه و 1600 کهسیش بریندار بوون.
خۆکوژی
خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمساڵدا لانیکەم 90 کەس لهو سهدان کهسهی بههۆی جۆراوجۆی وهک ههژاری و کێشهی خێزانی ههوڵی خۆکوژییان داوه، هەولەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به ژیانیان هێناوه. لەو 90 کەسە 57 کەسیان پیاو و 43 کەسیان ژن بوون و کهم تهمهنترینیان کچێکی 18 ساڵ و به تهمهنترینیان پیاوێکی تهمهن 60 ساڵ بووه.
ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییە دوو هیندەی قوربانیانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن.
قوربانییانی ڕووداوی کار
ژمارەی قوربانیانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 55 کەس بووە. لەو 55 کەسە 39 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 16 کەسیش بریندار و نقوستان بوون. گیانلەدەستدان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی رووداوی کار دهبن بیمەن و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به تایبهت کرێکارانی کهرتی بیناسازی لە ژێر چاودێریی هیچ بیمەیهک دانین.
هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له ساڵی 1396دا دڵتهزێنتر و نالهبارتر له ساڵانی پێشوو بوو، و مووچه و حهقدهستی کرێکاران له زۆربهی کارخانه و ئیداره دهوڵهتییهکانی وهک شارهوانی سێ مانگ و تهنانهت شهش مانگ دواکهوتوه و ئهوه جیا لهوهی دهرکردن له کار و بێکارکرانیان ههمیشه وهک مۆتهکه بهسهریانهوه بووه.
ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.
* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی بەهار کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:
* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی هاوین کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:
233 حاڵەتی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە سێ مانگی هاوینی 1396دا
* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی پاییز کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:
* بۆ بینینی خشتە پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی زستان کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:
( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)