ململانێی ئێران و عه‌ره‌بستان له ناوچه‌دا دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش و شه‌ڕی نێوخۆیی یه‌مه‌ن پێی ناوه‌ته قۆناغێکی نوێوه. ئه‌م ململانێیه که به‌ر له هه‌موو شت له دیپلۆماسیی نه‌وتدا و پاشان پێشبڕکێ له ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری وڵاتانی ناوچه‌دا خۆ ده‌نوێنێ، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌ره‌گرتنی توند ڕه‌وی و به‌هێزبوونی ره‌وته رادیکاڵه‌کانی لایه‌نگری هه‌ردوو لا له ناوچه‌دا هه‌یه و پاشان کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کێشه نهتهوهییهکانش ده‌بێ. مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی ئاڵقه‌ی ونبووی ئه‌م رووداوانه‌یه. مه‌ترسییه‌کانی ئه‌م ململانێیه و ئه‌گه‌ری کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر کوردستان له‌و مه‌سه‌لانه‌ن که له‌م چه‌ند دێڕه‌دا باسیان ده‌کرێ.
دوو به‌ره‌ی شیعه و سوننی
ئێران و عه‌ره‌بستان پێش سه‌رهه‌ڵادانی داعش و شه‌ڕی یه‌مه‌نیش پێوه‌ندییه‌کی باشیان نه‌بوو، ته‌نیا له سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی سه‌ید محه‌ممه‌دی خاته‌می (١٣٤٨ ـ ١٣٧٦)دا پێوه‌ندییه‌کی تا راده‌یه‌ک ئاسایی له نێوانیاندا هه‌بوو، ئه‌گینا له پاش هاتنه سه‌رکاری کۆماریی ئیسلامییه‌وه ئه‌و پێوه‌ندییه تێکه‌ڵ به ململانێ، کێشه‌ی دیپلۆماسی و ته‌نانه‌ت رووداوی خوێناوییش بووه. له ساڵی ١٣٦٨دا نزیکه‌ی ٤٠٠ ئێرانی له رێوره‌سمی حه‌جدا کوژران و بریندار بوون. له‌وساڵه‌دا خۆپێشاندانی ئه‌و به‌شه له لایه‌نگرانی کۆماری ئیسلامی له مه‌ککه که خولیای ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شۆرشیان له که‌لله‌ی دابوو که‌وته به‌ر ده‌سڕێژی پۆلیسی عه‌ره‌بستان و له خوێن وه‌ردرا.
رووداوی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ له نیۆیۆرک هاوکێشه‌ی سیاسیی له ناوچه‌دا به قازانجی ئێران گۆڕی. تا ئه‌و کاته رادیکالیزمی شیعی که ئێران نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کرد وه‌ک گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌مریکا به تایبه‌تی و رۆژئاوا به گشتی ده‌هاته به‌ر چاو. به‌ڵام رادیکالیزمی سوننی که ئه‌لقاعیده نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کرد هاوکێشه‌کانی گۆڕی. هێرش بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان (٢٠٠٢) و عێڕاق(٢٠٠٣) به کرده‌وه رۆڵی ئێرانی له ناوچه‌دا زیاتر کرد. ئێران له ماوه‌ی 8 ساڵ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێڕاقدا نه‌ک هه‌ر نه‌ی توانی خه‌ونی له‌مێژینه‌ی بۆ ده‌سڕاگه‌یشتن به که‌ربه‌لا به‌دی بێنێ، به‌ڵکوو له‌به‌رامبه‌ر عێڕاقدا شکستێکی تێکه‌ڵ به جامی ژه‌هری خوارد. له ٢٠٠٣دا بێ ئه‌وه‌ی سه‌ربازێکی به کوشت بدا ده‌ستی به که‌ربه‌لا راگه‌یشت. له راستیدا عێڕاق له‌و کاته‌وه بۆته ناوچه‌ی ژێر نفووزی ئێران.
شه‌ڕه نێوخۆییه‌کانی سووریه، یه‌مه‌ن، عێڕاق، خۆپێشاندانی شیعه‌کان له به‌حره‌ین که له راستی دا شه‌ڕی نێوان هێزه رادیکاڵییه شیعه و سوننییه‌کانه بواری ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و عه‌ره‌بستانی له‌و شه‌ڕاندا له دژی یه‌کتر پێک هێناوه. هه‌ر کامیان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه لایه‌نگرانیان به‌هێز بکه‌ن و مه‌یدانی نفووزی خۆیان به‌رین بکه‌نه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له ناوچه دا بپارێزن. ئێران لێبڕاوانه له هه‌وڵ دایه که‌وانه‌ی شیعی (ئێران ـ عێڕاق ـ سووریه ـ لوبنان) پێک بێنێ، له هه‌رسێک وڵات‌دا جگه له پشتیوانیی ئابووری سه‌ربازه‌کانیشی حوزووریان هه‌یه و به کرده‌وه له‌شه‌ڕدا به‌شدارن.
ته‌حریمی نه‌وتیی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریکا له دوو ساڵ مه‌وبه‌ره‌وه و هاوکات چوونه‌سه‌ری رێژه‌ی به‌رهه‌می نه‌وت له لایه‌ن عه‌ره‌بستانه‌وه ئه‌م ململانێیه‌ی زیاتر کردوه. ئێران پێی وایه عه‌ره‌بستان بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی که‌میی نه‌وتی ئێران له بازاڕه جیهانییه‌کاندا به‌رهه‌می نه‌وتی خۆی ده‌باته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رۆژئاوا بتوانێ ته‌حریمه‌کانی سه‌ر ئێران درێژه پێ بدا.
ململانێی ئه‌م دوو وڵاته ته‌نانه‌ت له ئاستی کێشه‌ی نێوان دوو وڵاتیش تێ په‌ڕیوه و ئاقاری ناوچه‌یی به‌خۆیه‌وه گرتوه. ئه‌و وڵاتانه‌ی له رووی مه‌زهه‌بییه‌وه و هه‌روه‌ها له رووی قازانجی ئابووری و ستراتیژیه‌وه لێک نزیکن خستۆته به‌ره‌یه‌ک و به کرده‌وه به‌ره‌یه‌ک به رێبه‌رایه‌تیی عه‌ره‌بستان و به‌ره‌یه‌کیش به رێبه‌رایه‌تیی ئێران له ناوچه‌دا به‌رامبه‌ر یه‌کتر راوه‌ستاون.
مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی له‌م ململانێیه‌دا
بێگومان دیموکراسی له په‌ره‌گرتنی ئه‌م ململانێیه‌دا جێگایه‌کی نیه؛ کێشه‌ی ئێران و عه‌ڕه‌بستان نه کێشه‌ی نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریه و نه‌کێشه‌ی راست و چه‌پ و نه کێشه‌ی داگیرکه‌ر و ئازادیخواز. کێشه‌که پێشبڕکێی نفووزی ئه‌و دوو لایه‌نه که له شکڵی کێشه‌ی مه‌زهه‌بیدا خۆی ده‌نوێنێ. ئیمکانات و پشتیوانیی ئه‌م دوو لایه‌نه بێگومان ره‌وت و هێزه رادیکاڵییه ئیسلامییه‌کانی دوو لایه‌ن دەگرێته‌وه. په‌ره به ده‌مارگرژیی ئایینیی دوو لایه‌ن ده‌دا، سه‌رنجی خه‌ڵکی ناوچه به تایبه‌تی توێژی لاو که به‌رامبه‌ر به رووداوه‌کان زیاتر له هه‌ر توێژێکی دیکه هه‌ستیارن و زووتر دژکرده‌وه له خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، بۆ لای خۆی راده‌کێشێ. ئه‌مه راست ئه‌و شته‌یه که ره‌وته رادیکاڵه ئیسلامییه‌کان گه‌رکیانه. ئه‌وان له دۆخێکی وادا سه‌ربازه‌کانیان راده‌کێشن و ته‌یاریان ده‌که‌ن. ئه‌م ململانێیه ده‌مارگرژیی ئایینی زیاد ده‌کا و گیانی مه‌ده‌نییه‌ت و ئۆگری به ئه‌منییه‌ت که‌م ده‌کاته‌وه. بیری دیموکراسی و پێکه‌وه ژیان و گه‌شه‌ی ئابووری و بیری چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له رێگای وتووێژه‌وه لاواز ده‌کا. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هێزه پێشکه‌تنخواز و دیموکراته‌کان که هه‌رله بنه‌ڕه‌تدا به‌هۆی سه‌رکوت و رابردووی دوور و درێژی دیکتاتۆری له ناوچه‌دا هێزی سه‌ره‌کی نین، لاوازتر بن و بکه‌ونه ژێر کاریگه‌ریی شه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌کانه‌وه.
مه‌ترسییه‌کانی ئه‌م ململانێیه له‌سه‌ر نێوخۆی ئێران و کوردستان
ئێران له رووی پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌وه فره چه‌شنه؛ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای ئێران هه‌م له رووی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م له رووی ئایینییه‌وه له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران جیان. نه‌ته‌وه و په‌یڕه‌وانی ئایینه جیاجیاکانی ئێران له کۆنه‌وه بێبه‌ش و چه‌وساوه‌ن. له پاش هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ئه‌م ره‌وته زیاتر به‌ره‌و خراپی چووه، ته‌نانه‌ت شه‌ڕی خوێناویی تێدا رووی داوه. مه‌ترسیی ئه‌وه له گۆڕێ دایه که له ئه‌گه‌ری قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌و ململانێیه گرژی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی ئایینی له ئێران‌دا روو بدا که راده‌ی زه‌ره‌ر و زیانه‌کانی بۆ که‌س پێشبینی ناکرێ.
مه‌ترسییه‌کانی ئه‌م ململانێیه بۆسه‌ر کوردستان یه‌کجار جیددیه؛ کورد له ئێران‌دا له دوو گرووپی سه‌ره‌کیی شیعه سوننی پێک هاتوه. له ئوستانی کرماشانه‌وه به‌ره‌و باکوور به‌شی هه‌ره‌زۆری دانیشتوانی کوردستان مسوڵمانی سوننین، به‌ره‌و باشووریش به‌شی هه‌ره زۆری مسوڵمانی شیعین. ئه‌م دوو به‌شه له خانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا یه‌کن؛ له بێمافیی نه‌ته‌وییدا هاوخه‌من و له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی دا هاوخه‌بات. دیاره که‌مایه‌تیی ئایینیی دیکه‌ی وه‌ک مه‌سیحی، جووله‌که، ئه‌هلی حه‌قیش له کوردستان ده‌ژین. مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه له ئه‌گه‌ری قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیه‌دا زیان به یه‌که‌یه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی کورد له ئێرندا بگا. مه‌ترسیی ئه‌وە له گۆڕێ‌دا ده‌بێ که بزووتنه‌وه‌ی کورد له ململانێهکدا زیانی پێ بگا که نه لایه‌نێکه له ئه‌و و نه ئه‌گه‌ر قازانێکی هه‌بێ قازانجه‌که بۆ ئه‌و ده‌بێ. مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران‌دا له مێژه وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتیک له گؤڕێ دایه. کۆماری ئیسلامی له مێژه هه‌وڵده‌دا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به پێچه‌وانه‌یه‌وه پێناسه بکا. ئه‌و کاته‌ی کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه بزووتنه‌وه‌ی کورد به ده‌سکردی ئه‌مریکاو رۆژئاوا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، تا له‌گه‌ڵ عێڕاق له شه‌ڕ دابوو به ده‌سکردی رێژیمی به‌عسی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و له‌م دوییانهشدا رووداوه‌کانی مه‌هاباد و چه‌ند شاری دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به ده‌سکرد و پیلانی عه‌ره‌بستان! له‌قه‌ڵه‌مدا.
سه‌ره‌نجام. ئه‌وه‌ی بۆ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی کوردستان، هێزه سیاسییه‌کانی کورد گرنگه ئه‌وه‌یه که له سروشتی ئه‌و ململانێیه ئاگادار بن. مه‌ترسییه‌کانی که بریتیین له په‌ره‌گرتنی ده‌مارگرژیی ئایینی و به‌هێزبوونی رادیکالیزم کاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر ره‌وتی دێموکراسی له ناوچه و له کوردستاندا هه‌یه که تاقه رێگای به‌ده‌ستهێنان و ده‌سته‌به‌ری مافه نهتهوایهتییهکانی کورده.