نیزیک بە ٤ مانگ له بوومه‌له‌رزه و کاره‌ساته جه‌رگبڕه‌که‌ی پارێزگای کرماشان تێپه‌ڕی. دوای ئه‌و ڕووداوه که کاولکاری و ماڵوێرانیی زۆری لێ که‌وته‌وه و هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی بێ خانه‌ولان کرد، ئێستا ئیدی نه باس و خواسی ئه‌و خه‌ڵکه قسه‌ی سه‌ر زاری خه‌ڵک و ڕۆژنامه‌کانه و نه تڕافیکی سه‌ردانی کاربه‌ده‌ستان بۆ ئه‌و ناوچانه له گۆڕێ دایه. ئه‌وه‌ی هه‌یه و ماوه ئه‌مه‌یه که خه‌ڵکێکی بێ په‌نا له خێوه‌ت و کانێکسه‌کان چاوه‌ڕوانی کۆتاییهاتنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌ی زستان و وه‌دیهاتنی واده و به‌ڵێنه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی خانووه‌کانیانن. ئه‌وه‌ی ئێستاش هه‌یه چیرۆکی نه‌بڕاوه‌ی بێ ئیمکاناتی، بێ ده‌ره‌تانی و پشتگوێخرانی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه که ده‌سه‌ڵات پشتی تێکردوون و لایان لێ ناکاته‌وه.
ئه‌زگه‌ڵه، وه‌ک ناوه‌ندی بوومه‌له‌رزه‌که و شار و ناوچه‌کانی سه‌رپێڵی زه‌هاو و سه‌لاسی باوه‌جانی زۆرترین زیانیان بەرکەوت. که‌م خانوو هه‌بوو له گونده‌کانی ده‌ورووبه‌ری ئه‌و شاره به پێوه بمێنێ و له نێو شاری سه‌رپیڵ تێکڕمانی بیناکانی مه‌سکه‌نی مێهر بوون به تابلۆیه‌ک له گه‌نده‌ڵی و بێ کیفایه‌تیی کاربه‌ده‌ستان.
«م.ی»، زیاندیتوویه‌کی شاری سه‌لاسی باوه‌جانی له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ «کوردستان» دەڵێ: «به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاماری قوربانیانی ڕووداوه‌که له سەلاسی باوەجانی و ئەزگەڵە کەمتر له سه‌رپیڵی زه‌هاو بوو، که‌متر له‌لایه‌ن میدیاکانه‌وه ئاوڕ له‌و دوو ناوچه‌یه درایه‌وه، له حاڵێکدا زۆرترین وێرانییه‌کان له‌و شوێنانه به‌جێ مان».
پێنج مانگ دوای ئه‌و ڕووداوه ئێستاش به‌شی زۆری خه‌ڵک هه‌ر له خێوه‌ت و کانێکسدا ده‌ژین. «م.ی» ده‌ڵێ: «له‌لایەک خانووی زۆر که‌س بەته‌واوی ڕوخاووه و هێشتا نۆژه‌ن نه‌کراونه‌ته‌وه و، له‌لایه‌کی دیکه‌ش ترسی دووپاتبوونه‌وه‌ی ڕووداوێکی له‌و چه‌شنه وایکردوه که خه‌ڵک نه‌وێرن ماڵه‌کانیان ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه؛ چونکی پێیان وایه به‌رگه‌ی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە ناگرن».
به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵک یه‌کێک له جوانترین دیمه‌نه‌کان پاش کاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌که بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیی ده‌وڵه‌ت بوو که قسەی زۆری له‌سه‌ره. «م.ی» ده‌ڵێ: «خه‌ڵک له به‌شێک لە گونده کاولبووه‌کان کانیکسیان دراوه‌تێ، بەڵام لە نێو شاری سەرپێڵی زەهاو و سەلاسی باوەجانی کانێکس بە زۆربه‌ی خەڵک نەدراوە و به‌رپرسانی فه‌رمانداریش پێیان گوتون هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان بۆ کراوه و له به‌رنامه‌یاندا نیه چیدی کانێکس بە خەڵکی بده‌ن».
پرسی خوێندنی منداڵان و دابڕانیان له خوێندن لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌و کاره‌ساته سروشتییه بوو که له‌وه‌شدا که‌مته‌رخه‌می و بێ کیفایه‌تیی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت خۆ ده‌نوێنێ. «م.ی» له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: «بارودۆخی خوێندنی منداڵان له‌و ناوچانه زۆر خراپه. لەلایه‌ک ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌که له منداڵاندا و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌کانیشدا دروست ببوو و له‌لایه‌کی دیکه‌ش پشتگوێخرانی ئه‌و بابه‌ته. وه‌ک چۆن له هیندێک شوێن مانگێکیش دوای بوومەلەرزەکە خوێندنی منداڵان نه‌گه‌ڕاوه سه‌ر دۆخی ئاسایی خۆی. ئەوەش به‌جێی خۆی که پێش بوومەلەرزەکه‌ش قوتابخانەکان له دێهاتەکانی ئەو دوو شاره زۆر وێران بوون و به‌شێکیان ئه‌و کاتیش هه‌ر لە کانێکسدا دابوون. ده‌مه‌وێ بڵێم پێش ئه‌وه‌ش ئاوڕێکی ئه‌وتۆ له‌و خه‌ڵکه و کێشه‌کانیان نه‌درابۆوه و بوومه‌له‌رزه‌که ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش بارودۆخه‌که‌ی بۆ خه‌ڵک سه‌ختتر کردوه».
له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه هه‌واڵه‌کان هینده‌ی دیکه ناخۆشتر بوون. باسی گیانه‌له‌ده‌ستدانی چه‌ند منداڵێک به‌هۆی پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشکی، پرسی بێهداشت و ساخڵه‌مه‌یی خه‌ڵکه‌که‌ی کرده بابه‌تێکی گرینگ. «م.ی» له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: «بارودۆخی بێهداشت و پاک‌وخاوێنی له‌و په‌ڕی خراپیی خۆی دایه. شوێنه به‌رپرسیاره‌کان له‌و پێوه‌ندییه‌دا که‌مته‌رخه‌من و خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ساته له وه‌رزی گه‌رمادا قه‌ومابا، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه عفوونییه‌کان زیان و خه‌ساره‌کان زۆر له‌وه زیاتر ده‌بوون. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش خه‌ڵک که‌میان کێشه نیه، وه‌ک ده‌بینین داوده‌رمان که‌مه و له‌و که‌مه ده‌رمانگایه‌ش که داندراوه خه‌ڵکێکی زۆر له پیر و منداڵی لێیه که تووشی نه‌خۆشیی قورس و مه‌ترسیدار بوون».
بابه‌تی ئاسانکاریی ده‌وڵه‌ت بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی خانووه‌کان له شێوه‌ی وام باسێکی پڕ هه‌را له نێو خه‌ڵکی زیاندیتووه. ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ک به خه‌ڵکی گوتووه که ده‌بێ تا ساڵی داهاتوو چاوه‌ڕوان بن و له‌لایه‌کی دیکه‌ش ڕایگه‌یاندوه که پێدانی وام ته‌نیا ئه‌و که‌سانه ده‌گرێته‌وه که ماڵه‌کانیان به ته‌واوی ڕووخابن، یان زیانی قورسیان به‌ر که‌وتبێ؛ ئه‌و وامه‌ش به‌پێی ڕێژه‌ی زیاندیتنی ماڵه‌کان ڕێژه‌یی و له نێوان 10 تا 30 میلیۆن ده‌بێ و قازانجی بانکیشی دێته سه‌ر و ئه‌وانه‌ی ده‌یاندرێتێ ده‌بێ دوای ساڵێک ده‌ست به دانه‌وه‌ی بکه‌ن. ئه‌و به‌شه له وامی «بلاعوض»ه‌ش که بڕه‌که‌ی 6 میلیۆن تمه‌نه به مه‌رجی وه‌رگرتنی وامه سه‌ره‌کییه‌که ده‌رێ به خه‌ڵک. زۆر که‌سیش که گوتویانه وامه‌که وه‌رناگرین، هه‌ر ئه‌وه‌مان بده‌نێ پێیان گوتوون به‌بێ وه‌رگرتنی وامه سه‌ره‌کییه‌که که دیاره به‌هره‌ی بانکیی دێته سه‌ر، ئه‌وه‌ی دیکه‌یان نادرێتێ. لێره‌شدا ده‌وڵه‌ت پتر له‌وه‌ی که ده‌بێ له بیری خه‌ڵکی بێ ئه‌نوا و ماڵکاولبوو دابێ، زیاتر بیر له قازانجی خۆی له به‌شمه‌ینه‌تی و ماڵوێرانیی خه‌ڵکدا ده‌کاته‌وه. خۆ ئه‌وه‌ش له جێی خۆی که به‌هۆی گرانبوونی که‌ره‌سته‌کانی بیناسازی ئه‌و بڕه وامه به‌شی هیچ ناکا و که‌لێنێکی ئه‌وتۆ بۆ خه‌ڵکی زیاندیتوو ناگرێ، هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ناره‌زایه‌تیی ئه‌وان. «م.ی» ده‌ڵێ: «بڕیار بوو ئه‌وانه‌ش که کرێنشین بوون به‌هۆی شێوانی ماڵ و حاڵیان و ئه‌و زیانه ماڵییه‌ی له سۆنگه‌ی بوومه‌له‌رزه‌که‌وه به‌ریان که‌وتووه، قه‌ره‌بوویه‌کی ماددیان بۆ بکرێته‌وه و یارمه‌تی بدرێن؛ به‌ڵام ده‌وڵه‌ت له ژێر ئه‌و به‌ڵێنه‌شی داوه».
ئه‌و ده‌ڵێ بابه‌تی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ماڵ و خانوو و ژیانی له ده‌ستچووی خه‌ڵک خه‌می دوایه‌ی ئه‌وانه و ئه‌وه‌ی ئێستا خه‌م و کێشه‌ی سه‌ره‌کییانه نه‌بوونی کانێکس و له خێوه‌تدا ژیان، سه‌رما و سۆڵه‌ی زستان له بێ ئیمکاناتی و نه‌بوونی ئه‌منیه‌تی ژیان و بێهداشت و سڵامه‌تییانه.
«م.ی» ده‌ڵێ: «خه‌ڵک هه‌تا خوا حه‌ز بکا له ده‌وڵه‌ت ناڕازین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕێ به‌ره‌وڕووی لێپرسینه‌وه‌ی توند ده‌بێته‌وه و تۆمه‌تی ئه‌منیه‌تی و سیاسیی ده‌رێته پاڵ و په‌روه‌نده‌ی له دژی دروست ده‌کرێ».
به‌هار دێ و وه‌رزی گه‌رما ده‌گاتێ. خه‌ڵکی زیاندیتووی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی کرماشان ده‌ست به دروستکردنی ژیانی وێرانبوویان ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام به‌و نیگه‌رانییه‌وه له داهاتوویان ده‌ڕوانن که چۆن و له کوێ‌ڕا ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه. دروستکردنه‌وه‌ی ماڵ و حاڵ و ئاساییکردنه‌وه‌ی ژیان بێ ئه‌وه‌ی حکومه‌ت له پشتیان بێ و بێ ئه‌وه‌ی کارێک شک ببه‌ن هه‌تا ژیانی خۆیانی پێ دابین بکه‌ن. ئه‌وان ده‌ڵێن تاوانی ئێمه بێ‌شک کوردبوونمانه، چونکی ده‌بینین له‌و بارودۆخه سه‌خت و ناخۆشه‌دا که خه‌ڵکی ته‌مابڕاو و ته‌نانه‌ت تووشی نه‌خۆشیی رووحی و ده‌روونی کردوه، حکومه‌ت سنووره‌کانیش داده‌خا هه‌تا کۆڵبه‌ریش به‌و خه‌ڵکه ڕه‌وا نه‌بینێ. ئه‌وان ده‌ڵێن کوردبوون له ئێران موسیبه‌ته و ئه‌وان له‌و کاره‌ساته سروشتییه‌دا به ئێسک و پێسته‌وه ئه‌و موسیبه‌ت بوونه‌یان بینی و هه‌ستیان پێ‌کرد و ئازاره‌که‌یان چێشت.
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)