ده‌گێڕنه‌وه کابرایه‌ک ده‌چێته لای هاڕوونی پاشا و ده‌ڵێ پزیشکێکی زۆر به توانام. هاڕوون لێی ده‌پرسێ چیی تایبه‌ت له خۆتدا شک ده‌به‌ی؟ ده‌ڵێ قوربان هیند شاره‌زام مردووش زیندوو ده‌که‌مه‌وه. باڵووڵه شێت که له‌وێ ده‌بێ، هه‌ڵ ده‌داتێ: «ئه‌تۆ زیندووان مه‌کوژه، مردوو زیندووکردنه‌وه‌ت پێشکێشی خۆت!» ئه‌وه ئێستا له ڕووحانی، سه‌رۆککۆماری ئێران قه‌وماوه.
ئاغای ڕووحانی دوو ده‌وره‌یه به دروشمی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ بێ‌کاری و نەهێشتنی قه‌یرانی ئابووری و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک و به‌گشتی به دروشمه هەڵخەڵەتێنە ئابوورییه‌کان گره‌وی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌باته‌وه، که‌چی ئه‌وه‌ی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ خراپتر ده‌بێ هه‌ر بارودۆخی ئابووریی وڵات و، ئه‌وه‌ی په‌یتاپه‌یتاش زه‌ره‌رمه‌ندتر ده‌بێ هه‌ر خه‌ڵکن.
به‌پێی نوێترین ڕاپۆرتی ناوه‌ندی ئاماری ئێران دیسانه‌که‌ش پێچه‌وانه‌ی واده و به‌ڵێنه‌کانی ئاغای ڕووحانی هیچ که هه‌نگاوێک بۆ دامه‌زراندن و دروستکردنی هه‌لی کاریی نوێ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌ڵنه‌گیراوه‌ته‌وه، نرخی بێ‌کاری زیاتریش چۆته سه‌رێ و هه‌تا کۆتایی سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵ 500 هه‌زار که‌سی دیکه‌ش کاره‌کانیان له ده‌ست داوه و چوونه‌ته ڕیزی خێڵی بێکارانی وڵاته‌وه.
ئاماره‌که ده‌ڵێ له پاییزی ئه‌مساڵدا له حه‌شیمه‌تی 26 میلیون و 472 هه‌زار که‌سیی چالاک له وڵات‌دا، 23 میلیون و 331 هه‌زار که‌سیان کاریان بووه و زیاتر له سێ میلیۆن و 141 هه‌زار که‌سیش بێکار بوون. له‌و ئاماره‌دا ئاماژه به‌وه‌ش کراوه که ژنان پشکی زۆر که‌متریان له دامه‌زران و ده‌سخستنی کار پێ بڕاوه و نرخی بێکاریی لاوانی نێوان 15 هه‌تا 24 ساڵ سه‌دا 29 بووه. هاوکات 496 هه‌زار که‌سیش هه‌تا کۆتایی هاوین به هۆکاری جۆراوجۆر کاره‌کانیان له ده‌ست داوه. با لەوەش گەڕێین کە ئاماری ناوەندە سەربەخۆکان دەڵێن حەشیمەتی بێکارەکان لە ئێران لە نێوان 7 بۆ 11 میلیۆن کەسە.
له نوێترین ئاماری ناوه‌ندی ئاماردا ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه که بارودۆخی ئابووریی وڵات سه‌ره‌ڕای به‌رجام و پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ چاکسازییه‌کان له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌روا شپرزه و ناله‌باره و کارناسان به نیگه‌رانیی زۆره‌وه له‌و دۆخه ده‌ڕوانن. هه‌روه‌ها ئه‌و ئاماره له کاتێکدا له‌لایه‌ن ناوه‌ندی ئاماره‌وه و به‌پێی داتا ڕه‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌ت تۆمار کراوه که حه‌سه‌ن ڕووحانی و کابینه‌که‌ی پێشتر ڕایانگه‌یاندبوو که له ساڵدا لانیکه‌م 670 هه‌زار هه‌لی کاریی نوێ دروست ده‌که‌ن. ئێستاش ئاماره ڕه‌سمییه‌کان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن که نه‌ک ده‌وڵه‌ت نه‌یتوانیوه له‌و ماوه‌یه‌دا واده‌کانی خۆی به‌جێ بێنێ، بگره له ساڵی یه‌که‌می ده‌وری دووهه‌می سه‌رکۆمارییه‌که‌یدا 500 هه‌زار که‌سی دیکه‌ش کاره‌کانیان له ده‌ست داوه و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ناهۆمێدیی زیاتری خه‌ڵک به ده‌وڵه‌تی مشوور و هیوای ڕووحانی! ئه‌و ناهۆمێدییه‌ش بارودۆخه‌که به‌ره‌و ئاقاری به‌ره‌وڕووبوونه‌وه ده‌با، به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات؛ به‌ڵام بۆ؟ لێدوانی چه‌ند کاربه‌ده‌ستێکی کۆماری ئیسلامی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا پێمان ده‌ڵێ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران خه‌ریکه ده‌کوڵێ:
محه‌ممه‌د موخبیر دزفولی، سه‌رۆكی «ستادی ئیجڕایی فه‌رمانه‌کانی ئیمام» ده‌ڵێ: ٣٠ میلیۆن كه‌س له ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین که ١٢ میلیۆن كه‌س له‌وان به ته‌واوی له ژێر هیڵی هه‌ژاریی موتڵه‌ق‌دان، واته بۆ نانی شه‌وێ دادەمێنن. عه‌لی ئه‌كبه‌ر سه‌یاری، جێگری وزیری ته‌ندروستی، ده‌رمان و فێركردنی پزیشكیش ده‌ڵێ: که‌ڵکه‌ڵه‌ی ده‌روونیی زیاتر له ٢٥ میلیۆن كه‌س له خه‌ڵکی ئێران نان و چۆنیه‌تیی هێنانی بژیوی ژیان بۆ سه‌ر خوانی ماڵه‌که‌یانه.
موجته‌با ڕه‌حماندوست، نوێنه‌ری تاران و ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌جلیس ڕایگه‌یاندوه كه له ئاستی ئێران‌دا ١٢ میلیۆن كه‌س ئاتاج و چاو له‌ده‌ستن. وه‌ک ئه‌و باسی ده‌کا ٦ میلیۆن که‌س له‌وان له ژێر چاودێریی ماڵیی هیچ ناوه‌ندێکی حکومی‌دا نین و جێی سەرنجە کە لانی زۆری داهاتی ئه‌م ٦ میلیۆن كه‌سه‌ش کە ڕه‌حماندوست باسی ده‌کا هه‌مان بڕی ٤٥ هه‌زار و ٥٠٠ تمه‌ن یارانه‌یه‌یه که له ده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرن. ئه‌حمه‌دڕه‌زا موعینی، نوێنه‌ری كرێكاران له شوڕای بالای كار ده‌ڵێ ئێستا حه‌قده‌ستی ژێر ١ میلیۆن و ٨٠٠ هه‌زار تمه‌ن به ته‌واوی ده‌خرێته ژێر هێڵی هه‌ژاری، کەچی هەر بەپێی نرخی دەوڵەت كرێكاران هه‌قده‌سته‌كانیان مانگانه خوار ٩٠٠ هه‌زار تمه‌نه. خۆش ئه‌وه‌یه که پاسدار ڕۆسته‌م قاسمی وه‌زیری پێشووی نه‌وتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و باڵباڵێنی نێو رێژیم‌دا له‌و پێوه‌ندییه‌دا که‌می ناهێنێ و دان به بارودۆخی خراپی ئابووری و هه‌ژاری و بێكاری داده‌نێ. ئه‌و ده‌ڵێ: ٢٠ میلیۆن که‌س له ئێران به ته‌واوی هه‌ژارن. ناوبراو به په‌لاماردانی حه‌سه‌ن ڕوحانی ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ی ده‌یانگوت له ماوه‌ی ١٠٠ ڕۆژدا هه‌موو كێشه‌كانی ئێران چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین وادیارە ئالزایمێری سیاسی‌یان گرتوه!
بێ‌کاری و هه‌ژاری وه‌ک دوو دیارده‌ی زه‌ق و به‌رچاوی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێستای ئێران که کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی خۆیان له چاره‌سه‌رکردنی ده‌دزنه‌وه بواری بۆ سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی زۆر دیارده‌ی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆش کردوه، وه‌ک: خۆکوژی، لێکترازانی کۆمه‌ڵایه‌تی، دواکه‌وتن و له‌که‌میدانی پێکهێنانی ژیانی هاوبه‌ش، به منداڵی به‌شوودانی کچان، په‌ره‌سه‌ندنی ئێعتیاد به ماده هۆشبه‌ره‌کان، ته‌قینه‌وه‌ی ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌کان و زۆر دیارده‌ی دیکه که هه‌مووی له سۆنگه‌ی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامییه له به‌شی ئابووری و ئیداره‌کردنی وڵات‌دا.
لێکەوتەکانی ئەو بارودۆخە گەیوەتە جێیەک کە وێده‌چێ لە به‌رده‌وامیی خۆیدا بگاته قۆناغی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی توندی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات، وه‌ک چۆن چه‌خماغه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه جارێکی دیکه‌ش له به‌فرانباری ئه‌مساڵدا لێ درایه‌وه که حوکمه‌ت زۆر به توندی سه‌رکوتی کرد، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کێشه‌کان هه‌ر له جێی خۆیانن و ڕێژیمیش یان نایهه‌وێ چاره‌سه‌ریان بکا، یان ده‌سته‌وه‌ستان؛ سروشتییه که ئه‌مجاره‌یان له پانتاییه‌کی زۆر به‌رفراوانتردا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه، بە تایبەت کە لە ئێستاوە مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ئاستێکی بەربڵاو و لە زۆربەی شارەکاندا سەریان هەڵداوەتەوە.
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)