چه‌ندین هۆکاری جۆراجۆر بۆ به‌رپابوونی شۆڕشێ ئێران له ساڵی 1357 له‌لایه‌ن لێکۆڵه‌ران و خاوه‌ن ڕایان هاتۆته به‌رباس، وه‌ک: په‌ره‌سه‌ندنی ناڕێک، ئیستبدادی نه‌فتی، نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و یان به بۆچوونی سه‌ڵته‌نه‌ت ته‌ڵه‌به‌کان پیلانی ده‌ره‌کی (کۆنفرانسی گواد لۆپ) به هۆی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆخوازانه‌ی حه‌مه‌ڕه‌زا شا، که ئه‌مه‌یان به بڕوای من که‌متر له عه‌قڵدا ده‌گونجێ. بێگومان شۆڕشێکی له‌م چه‌شنه به‌ربه‌رین و جه‌ماوه‌ری وه‌ک هه‌ر دیارده‌یه‌کی دیکه‌ی مێژوویی ناتوانێ «ته‌ک سه‌به‌بی» بێ و هه‌موو هۆکاره‌کانی که ئاماژەیان پێ کرا کەم و زۆر ڕۆڵیان هەبووە لە هەڵگیرسانی ئەم شۆڕشەدا.
لە نێو ئە فاکتەرانەدا، فاکتەری تەزادی سوننەت و مودێرنە لە کۆمەڵگه‌ی ئێران‌دا یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانە، بەم چەشنە کە پرۆژەی مودێرنیزاسیونی شا بە خێرایی دەرگای بە تەواوی بەڕووی واڵاکرا، ئەوەش بەبێ دیقەت و زەرافەت لەگەڵ ستراکتۆرە نەریتییەکانی کۆمەڵگه‌ی ئێرانیی (ئیسلامی – شیعە) که پێککەوتن و ئەمە کێشەی گەورەی نایەوە. ڕووحانییەتی شیعە لەم تەزادە گەورەترین کەڵکی وەرگرت و بە شێوەیەکی لێزانانە ئەم پێکدادانەی قۆستەوە و لە هەستی ئایینیی خەڵک کەڵکی خراپی وەرگرت بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆی، ئەگەر لە بیرمان بێ لە ڕەوتی شۆڕشدا خۆپیشاندەران پێش هەموو شوێنێک هێرشیان دەبردە سەر سینه‌ماکان، مەشروب فروشی و باڕ و کابارەکان، وەک شوێن گەڵیک کە هەڕەشە بوون بۆ کو‌لتوور و فەرهەنگی ئیسلامی. لە ڕاستیدا ئێستاشی لە گەڵ بێ تەزادی سەرەکیی کۆمەڵگه‌کانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئیسلامی هەر ئەمەیە و «ئیسلامی سیاسیش» بەرهەمی ئەم تەزادەیە. «ئیسلامی سیاسی» دژکردەوەیەکە بە هاتنی کولتوور‌و فەرهەنگی ڕۆژئاوا وڕووحانییهتی شیعه‌ش دروشمی پاراستنی کولتووری ئیسلامیی که که‌وتوته به‌ر هێرش کولتووری بێگانه و کافرانی به‌رز کردوه، هه‌روه‌ک ڕه‌وته‌کانی ئیسلامی سیاسی له وڵاتانی دیکه که ئه‌مه به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن.
ڕووحانیەتی شیعە لە مێژووی سیاسی_کۆمەڵایەتی ئێران‌دا پاشخانێکی چەندسەد ساڵەی هەبوو. لە ساڵی 1501ی زایینییەوە کە مەزهەبی شیعە بە هۆی بنەماڵەی سەفەوییهوه بە زەبری شمشیر بوو بە مەزهەبی ڕەسمی، لەو کاتەوە کولتووری سیاسیی ئێران لە سەر دوو کۆڵەکەی مەزهەب و دەوڵەت ڕاوەستاوە. ڕووحانییەتی شیعە کە نوێنەرایەتیی مەزهەبی دەکرد لەوکاتەوە لەگەڵ دەوڵەت هاوتەریبی یەکتر خاوەن نفووز و پێگە و ده‌سه‌ڵات بوون. پەیوەندیی ئەم دوو دامەزراوەیە، واتە دەوڵەت(شایەکان) و ڕووحانییەتی شیعە هه‌ندێک جار دۆستانه و هه‌ندێک جار دوژمنانه بووه و له مه‌ترسی که‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان یا پاراستنیان شێوازی ئه‌م پەیوهندییهی دیاری کردوە. شایه‌کانی ئێران ئه‌گه‌ر مه‌شرووعیه‌تی مه‌زهه‌بییان نه‌با وه‌ک قاجاره‌کان، ده‌بوو ده‌سته‌وداوێنی ڕووحانییه‌ت بن و باجیان پێ دابان. سه‌فه‌وییه‌کان که شه‌جه‌ره‌ی خۆیان بردبۆوه سه‌ر ئیمام مو‌سا کازم پێویستییان به شه‌رعیه‌ت وه‌رگرتن له ڕووحانییه‌ت نه‌بوو_هه‌ڵبه‌ت ئه‌م شهجهرهسازییەش ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نه‌بووه_ به‌ڵام قاجاره‌کان لەم مەشروعییەتە بێبەش بوون و بە ناچار پەنایان بۆ ڕووحانییەت بردوه. ڕووحانییه‌ت لەسەردەمی قاجارەکان به نیسبه‌ت ڕابردوو هێزێکه، که به‌ته‌واوی شان له شانی شا ده‌دا. ڕووحانییه‌ت بۆته چینێکی خاوه‌ن زه‌ویی گه‌وره که له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییەوە زەوییەکانی «وه‌قف» پێ بڕاوە و هه‌م شه‌رعیه‌تی به شا داوه بۆ حوکمرانی. ئه‌م ئۆتوریته و هێزی ڕووحانییه‌ت به‌ده‌سپێکی شه‌ڕه‌کانی قاجاره‌کان له گه‌ڵ ڕووسیه (1803_1813) و (1826_1828) ئه‌وه‌نده‌ی دیکه په‌ره‌ی ستاند، چونکه شا بۆ هاندان و به‌سیجی خه‌ڵک بۆ به‌ره‌کانی شه‌ڕ په‌نایان بۆ ڕاگه‌یاندنی جیهادی ڕووحانیه‌ت لە دژی «ڕووسه کافره‌کان» برد! و ئه‌مه ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ی وهسهرخستن و مه‌یدانیان درایه.
بزاڤی تووتن یا ڕووداوی «ڕژی» (1880 ز) یه‌که‌م بزاڤی سیاسی بوو له ئێران‌دا. ڕووحانیه‌تی شیعه له‌م کاته‌وه تا ساڵی 1357(1979ز) له هیچ ڕووداوێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا نه‌بووه که‌م و زۆر ڕۆڵی نه‌بێ و ئه‌م ڕۆڵ بینه زۆرجار دواکه‌وتووانه و له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا بووه، به‌ڵام مۆرک و نیشانی خۆیان له ڕووداوه‌که داوه. لێره‌دا مه‌جالی ئه‌وه نیه به وردی ئاماژه به هه‌مووان بکه‌م، به‌ڵام وه‌ک نمونه: هه‌ر له بزاڤی تووتندا ڕووحانییهک به ناوی میرزای شیرازی به حه‌رام ڕاگه‌یاندنی به‌کارهێنانی تووتن و ته‌نباکۆ ده‌وڵه‌تی ناچاربه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کۆمپانیای تالبۆتی به‌ریتانیا کرد. ڕووحانییه‌ت له بزاڤی مه‌شرووته‌شدا ڕۆڵی به‌رچاویان بینی، وه‌ک ئه‌وه‌ی شیخ فه‌زڵوڵڵای نوری به هێنانه ئارای «مه‌شرووته‌ی_ مه‌شرووعه» هاته گۆڕه‌پانه‌که. ڕووحانییه‌ت ئه‌وکات مه‌به‌ستیان بوو که یاساکانی شه‌رع له کۆمه‌ڵگه‌دا جێبه‌جێ بکرێ که به‌هۆی وشیاریی ڕووناکبیرانی ئه‌وسه‌رده‌م سه‌ری نه‌گرت. به ڕێکه‌وت نه‌بوو خومه‌ینی ده‌یگوت «شۆڕش عوله‌ما کردیان و ڕووناکبیران لێیان دزین»! له ساڵی 1303 ئێران له یه‌ک هه‌نگاویی گوڕینی سیستمی پادشایی بۆ کۆماری بوو، به‌ڵام دژایه‌تیی ڕووحانییه‌تی شیعه له‌گه‌ڵ سیستمی کۆماری _چونکه له تورکیه ڕووحانیه‌ت له سیستمی کۆماری زه‌ره‌رمه‌ند ببوون_ ڕه‌زاخانی نه‌خوێنده‌وار به‌ڵام زیره‌کی له هه‌ڵگرتنی ئه‌م دروشمه پاشگه‌زکرده‌وه. ڕووحانییه‌تی شیعه له قۆناغی 1320_1322 له پشتی «ڕێکخراوی فیداییانی ئیسلام» بوون، ئه‌و گرووپه‌ی که تیرۆره سیاسیه‌کانیان ده‌کرد. له بزاڤی خۆماڵی کردنی نه‌وتیشدا، حه‌مه‌ڕه‌زاشا له ڕێکه‌وتی 9ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 1331ئێرانی به‌جێ ده‌هێشت، چونکی موسه‌دیق قه‌ناعه‌تی پێ هێنابوو که بۆ ماوه‌یه‌ک ئیران به‌جێ بێڵێ؛ به‌ڵام ئایه‌توڵڵا بێهبه‌هانی و کاشانی نه‌یانهێشت. له ڕاستیدا له‌و قۆناغه‌دا 1320_1332 په‌یوه‌ندیی ڕووحانییه‌ت و سه‌ڵته‌نه‌ت که‌متر گرژیی تێکه‌وتووه، چونکی مه‌ترسیی کۆمۆنیزم، ئه‌وانی هان ده‌دا بۆ پاڵوێکدان. هاندانی خه‌ڵک بۆ ڕاپه‌رینی 30ی پووشپه‌ر1331 و پشتیوانی له کوده‌تای حه‌مه‌ڕه‌زاشا له دژی موسه‌دیق و دواجار ڕاپه‌رینی 15ی جۆزه‌ردانی 1342 که ئیتر بۆخۆیان به‌ته‌نیا ڕێبه‌رایه‌تییان کرد و دیارده‌ی خومه‌ینیی لێ که‌وته‌وه و به دوای مردنی بروجێردیدا _که به پێچه‌وانه‌ی «موده‌ڕیس»و «کاشانی» سیاسه‌ت پیشه نه‌بوو_ مه‌رجه‌عی گه‌وره‌ی شیعه‌کان ئه‌ستێره‌ی به‌ختی دره‌وشایه‌وه. له ڕاستیدا وه‌ک چۆن ڕووداوی «ڕژی» تهمرینبێک بوو بۆ بزاڤی مه‌شرووته، ئه‌م ڕاپه‌رینه‌ش خۆ ئاماده کردنی ڕووحانیه‌ت بوو بۆ شۆرشی 1357.
ڕووحانیه‌تی شیعه چۆن توانیان له یه‌ک ساڵه‌ی شۆرشدا جڵه‌وی خۆپیشاندانه‌کان و شۆرش به‌ده‌سته‌وه بگرن؟
ڕووحانییه‌ت به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و پاشخانه سیاسی _ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که هه‌یان بوو و دووجار هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان، له بزاڤی مه‌شرووته‌دا هه‌وڵیان دا بۆ جێبه‌جێکردنی یاساکانی شه‌رع له کۆمه‌ڵگه‌دا و له 15ی جۆزه‌ردانی 1342دا قه‌ڵه‌مبازێکی جیددیان هاویشت بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات. ڕووحانیه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌رنامه و ئامانجی دیاریکراویان هه‌بوو بۆدامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی له سه‌ر بنه‌مای «ویلایه‌تی فه‌قیهـ». له سه‌رده‌می فه‌تحعه‌لیشای قاجاره‌وه، واته له 200ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا ئه‌حمه‌د نه‌ڕاقی باسی له «ویلایه‌تی فه‌قیهـ» کردبوو. خومه‌ینی له نه‌جه‌ف و له کۆتایی چله‌کاندا تێزه‌که‌ی خۆی له‌م باره‌وه نووسی و له چه‌ندین شوێندا ئاماژه‌ی به قسه‌کانی ئه‌حمه‌د نه‌ڕاقی ده‌کا؛ به‌ڵام ئه‌مه‌یان زیره‌کانه به په‌یڕه‌وی له «تەقیه»ی شیعه‌کان ئاشکرا نه‌ده‌کرد. دروشمه‌کانیان دیار بوون: «ئیستقلال، ئازادی؛ حکومه‌تی ئیسلامی»، «نهضت ما حسینی، رهبر ما خمینی». په‌یڕه‌وییان له ڕێبه‌رێکی تاقانه و لێبڕاو ده‌کرد. خومه‌ینی به هیچ جۆر له‌گه‌ڵ شا سازشی نه‌کرد. ئیمکاناتی ماڵیی به‌رفراوانیان له به‌ر ده‌ستدا بوو. ڕووحانیه‌تی شیعه به هۆی که‌ڵکوه‌رگرتن له داهاتی وه‌ک «سهم امام» یا «وجوهاتی شه‌رعی»هه‌میشه بێ نیاز بوو له ده‌وڵه‌ت و هیچ حه‌وجێیه‌کی پێی نه‌بووە. توڕێکی په‌یوه‌ندیی بهربڵایان له به‌رده‌ستدا بوو و قسه و گوتاریان به هۆی مزگه‌وته‌کان و مه‌لاکان که ده‌گه‌یشته هه‌موو شوێنێک ته‌نانه‌ت کوێره گونده‌کانیش، به سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا بڵاو ده‌بۆوه. له شوێنه یاساییه‌کان وه‌ک مزگه‌وت، حوسێنییه و دامه‌زراوه خێرخوازه‌کان بۆ ڕێکخستن و کۆبوونه‌وه‌کانیان که‌لکیان وه‌رده‌گرت. که‌ڵکوه‌رگرتن له بۆنه جۆراجۆره‌کانی ئایینی و هه‌روه‌ها ئۆستووره و سیمبوله‌کانی ئایینی شیعه فاکته‌رێکی دیکه‌ی به‌هێزبوونی ئه‌وان بوو. له به‌رامبه‌ردا گرووپه‌کانی دیکه‌ش پرش و بڵاو و به دروشمی جیاواز و ته‌نانه‌ت دژ به یه‌ک بوون.
ئێستا پرسیارێکی به جێ دێته گۆڕێ، له‌م ڕووداوه‌دا «چه‌پ» له کوێ بوو؟
له ڕاستیدا له خه‌بات به‌دژی ڕێژیمی حه‌مه‌ڕه‌زاشادا هێزه‌کانی چه‌پ له خاکڕیزی هه‌ره‌پێشه‌وه‌دا بوون، ته‌له‌فاتی هێزه‌کانی چه‌پ به به‌راورد به هێزه ئیسلامییه‌کان یه‌ک به ده‌یه، ته‌نانه‌ت ده‌کرێ بڵێین پتریش. ئه‌گه‌ر له ساڵی 1332 «وارتان»ه‌کان له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانیان له ده‌ست ده‌دا و ده‌بوونه ئیلهامی شێعری «نازلی» بۆ ئه‌حمه‌د شاملوو، له‌لایه‌ن ڕووحانییه‌ته‌وه بارانی برووسکه‌ی پیرۆزبایی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شای شیعه بۆ سه‌ر ته‌خت و تاج ده‌چوو. وه‌چه‌ی دووهه‌می چه‌پ له ده‌یه‌ی چلدا خۆی به ئاو و ئاگردا ده‌کرد و گاڵته‌ی به مردن دەهات و هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئارمانخوازه‌کانی کوردی 47_46 دوڕگه‌ی ئارامی شایان شڵه‌ژاند. به‌ڵام تا ساڵی 1355 شا به‌هۆی ده‌زگای ساواک و پۆلیسه‌وه ته‌فروتونای کردبوون. ڕێبه‌رانیان یا کوژرابوون، یا گیرابوون. حیزبی تووده‌ش که ڕێبه‌ره‌کانی له په‌نا دیواری بێڕلێن و لایپزیک پاڵ که‌وتبوون، دووراودوور سه‌یری ڕووداوه‌کانیان ده‌کرد. پێگه‌ی سه‌ره‌کیی چه‌پ له نێو خوێنده‌وار و زانکۆیی‌دا بوو و ئه‌مانه‌ش مه‌گه‌ر سه‌تا چه‌ندی پێکهاته‌ی دانیشتووانی ئێرانیان پێک ده‌هێنا؟ له بیرمان نه‌چێ له ساڵی 1357دا هێشتا پتر له نیوه‌ی دانیشتووانی ئێران له گونده‌کاندا ده‌ژیان. که‌س زانی که ڕێبه‌ری به ڕابردووترین حیزبی چه‌پی ئێرانی به کوێدا و که‌ی گه‌ڕاوه بۆ وڵات؟ دواتر زانیمان له پاش سه‌رکه‌وتنی شۆرش و له مانگی ڕه‌شه‌ممه‌دا گه‌ڕابۆوه ئێران و بینیشمان که خومه‌ینی له 12ی ڕێبه‌ندانی 1357دا له نێو ئه‌قیانووسێکدا که به دروشمی «دیو چو بیرون رود فرشته در آید» چوبوونه پێشوازی، گه‌ڕایه‌وه. فریشته‌یه‌ک! که ئه‌و پێشوازییه مه‌زنه‌ش هه‌ستی نه‌جووڵاند و گوتی: «هیچ احساسی ندارم» و ماڵم حه‌قه زۆر زووش چهنگاڵهکانی ئه‌و دێوه‌زمه‌یه له ژێر باڵی فریشته‌دا ده‌رکه‌وتن. لێره‌دا «بیژه‌نی جه‌زنی»مان دێتەوە یاد، که‌سایه‌تیی ناسراوی سه‌ر به وه‌چەی دووهەمی چەپ و دامەزرێنەری ڕێکخراوی چریکە فیداییەکان کە ساڵی 46 گیرا و ساڵی 54 لە زینداندا کوژرا. ئه‌و لە کتێبی «تاریخی سی سالە»دا کە هەر لە زینداندا نووسی، دەڵێ: «خومه‌ینی لە نێو جەماوەردا بە تایبەتی لەنێو توێژەکانی کاسبکاری وردەبۆرژوازیدا خۆشەویستییه‌کی کەم وێنەی هەیە و لە ئەگەری چالاکیی سیاسیی تا ڕادەیەک کراوەدا، پێشوازی و سەرکەوتنێکی گەورە وەدەست دێنێ.»
ڕووحانییەتی شیعە توانی بە هۆی «عەلی شەریعەتی» بۆشایی نفووز لەنێو لاوەکان و زانکۆکانیشدا پڕ بکاتەوە. شەریعەتی بێ ئەوەی خۆی بیهەوێ ئاوی لە ئاشی ڕووحانییەت کرد، لەبەر ئەوەی خۆیشی ڕووحانییەتی پێ دواکەوتوو بوو. شەریعەتی بە خوێندنەوەیەکی شۆڕشگێرانە لە ئیسلام و بونیاتنانەوەی ڕادیکاڵانە لە ئیسلام توانی سەرنجی لاوەکان و خوێندکاران ڕابکێشێ. ئەو بە قەرزوەرگرتن لە مارکسیزم، ئیگزیستانسیالیزمی سارته‌ر و له‌ژێرکاریگه‌ریی «فرانس فانۆن» له داهێنانێکی وشیارانه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ ئیسلام کرد، واته «تشیع علوی و تشیع سه‌فه‌وی». مێهدی فه‌تاپوور، یه‌کێک له ڕێبه‌رانی فداییان ده‌ڵێ: «ساڵی 1350 که گیرام که‌ش و هه‌وای زانکۆ له ژێر گۆتاری چه‌پدا بوو، به‌ڵام ساڵی 1355 که ئازاد بووم ئه‌و هاوسه‌نگییه وه‌ک خۆی نه‌مابوو و ئیسلامییه‌کانیش حزووری به‌رچاویان هه‌بوو». ئه‌م تێکچوونی هاوسه‌نگییه بێ ئه‌ملاوئه‌ولا بۆ کاریگه‌ریی شه‌ریعه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئیستا که 39 ساڵ له‌م ڕووداوه ڕاده‌برێ، وه‌بیر وته‌یه‌کی به نرخی «ئه‌حمه‌د که‌سره‌وی» ده‌که‌ومه‌وه که خۆیشی بوو به قوربانیی ده‌مارگرژیی ڕووحانییه‌تی شیعه و ساڵی 1324 له‌لایه‌ن فیداییانی ئیسلامه‌وه تیرورکرا. که‌سره‌وی ده‌ڵێ: «ده‌بێ ڕووحانییه‌ت له ئێران‌دا به ده‌سه‌ڵات بگه‌ن هه‌تا خه‌ڵک نێوه‌رۆکی ڕاستەقینەی ئه‌وانی بۆ ده‌رکه‌وێ». ئه‌من ئه‌و وته‌یه گشتگیرتر ده‌که‌م و ده‌ڵێم؛ ئیسلامی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی ئیسلامی هه‌تا تاقی نه‌کرێته‌وه، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا به که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌ستی ئایینیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و دروشمی پۆپۆلیستی و ئیسلامخوازانه و شکستی مۆدیله‌کانی پێشوو، ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی له سه‌رووی هه‌موو هێزه‌کانی دیکه ده‌بێ. ئه‌وه لهتاقیکاریی ده‌سته‌ڵات دایه که ئیسلامی سیاسی فه‌شه‌ل دێنێ، ئه‌وه نیه له ئێران‌دا و له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ده‌بینین که خه‌ڵک چۆن سه‌ره‌کیترین بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی تور هه‌ڵ ده‌ده‌ن و چیتر به دروشمەکانی ڕێفورمخوازەکان هەڵناخەڵەتێن.
ئەم واقعییەتە لە زمانی خۆشیان دەبیسترێ کە دەڵێن 75 لەسەدی خەڵک ناڕازییە. ئەم ئەزموونکردنەش تێچووی زۆری هەیە لە ئێران‌دا کە پێشەنگی هاتنەسەر دەسەڵاتی «ئیسلامی سیاسی» بوو. لە ڕاستیدا شۆرشی ساڵی 57 شۆرشی ئیسلامی بوو و ڕووحانییەتی شیعە مودیرییه‌ت و ڕێبەریی کرد و تائێستا به نرخی ته‌مه‌نی دوو وەچە تەواو بووه.
چی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ که ئەمە واقعییه‌تێکی تاڵ و ڕەقی کۆمەڵگەی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاستی ئیسلامییە.
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)