ستراتژیی نەتەوەیی، یان ستراتژیی گەورە، پێهکاتەیەک لە سێ پێکهێنەر:
* ئۆگرییەکان
* سەەرچاوەکان
* تواناییەکان
بەستێنی سەرەکیی کە گەورەیی و بچووکیی پانتایی جوگرافیایی هەر ستراتژییەکی نەتەوەیی، بەتایبەت لە سیاسەتی دەرەکیدا و بەتایبەتیتر لە ناوچە دەوروبەرەکان دیاری دەکا، بریتییە لە توانامەندی نەک ئۆگری و بەرژوەندییەکان. چونکە توانامەندی کۆنتڕۆڵکەر و بەرتەسککەرەوەی مەزنیخوازییەکانە. لەڕاستیدا هێزی نەتەوەیی پێکهاتەیەکە لە شەش هێز: لەشکەری، کۆمەڵایەتی(حەشیمەتی)، ئاکاری، ئابووری، سیاسی و جوگرافیایی. ستراتژیی نەتەوەییش بریتییە لە هونەری بەکارهێنانی هێزی نەتەوەیی لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکاندا. بەم پێیە پلەبەندیی هێز لە جیهاندا بە سەر ئەم پێنج چەشنە هێزانەدا دابەش دەبێ: تاکە هێز، هێزە بان ناوچەییەکان، هێزە ناوچەییەکان و هێزی نەتەوەیی.
شتێک کە لەم میکانیزمەدا زۆر گرنگە و بۆ هەر نەتەوەیەک ژیانەکییە بریتیە لە هەڵسەنگاندن و بەراوردی هێز لەلایەن بەڕێوەبەریی باڵای هەر وڵاتێکەوە. بۆ وێنە ئەگەر کۆی بەراوردی هێزی نەتەوەیی وڵاتێک ناوچەیی بێ، بەلام بە هەڵە لەلایەن بەڕێوەبەریی باڵاوە بە تاکە هێزی ناوچەیی لەقەلەم بدرێ، ئاکامەی لە زەڵکاو کەوتنە.
یەکێک لە چالشە بنەماییەکانی کۆماری ئیسلامی زیادکردنی بەردەوامیی پابەندییە دەرسنوورییەکانیەتی لەبەرانبەر کەماسیی توانامەندییە شەشانە(هێزی نەتەوەیی) نێوخۆییەکاندا. پێکهاتەیەکی ئەوتۆ بێگومان ناڕەزایەتیی نێوخۆیی تا ئاستی هەڵچوون لێدەکەوێتەوە. بۆیە دەسەڵات چارەیەک بێجگە لە سەرکوت لە بەردەم خۆیدا نابینێ. پێم وایە لەبەریەکهەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت ئاکامی ئەم سووڕە لۆژیکییە بوو.
بۆ دەسەڵاتدارێتی سەرکوت دەکا؟!
بۆچی تەنیا دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و یەک دوو ناوچەی جوگرافیای سیاسیی جیهانن کە لە بەرانبەر داخوازیی گشتیی شارۆمەنداندا ستراتژیی سەرکوت بەکاردێنن؟ لە کاتێکدا دەوڵەتە پێشکەوتووە ئورووپایی و ئەمریکاییەکان و هێندێک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا، کە بۆخۆیان فرۆشیاری سیستم و ئامراز و شێوازی فێرکردنی سەرکوت (بریتی لە گازە فرمێسکهێنەرەکان، باتوومە ئیلکتریکییەکان و شۆکەر، ئیسپرییەکان، قەڵخانپۆشەکان، جلوبەرگی گاردو …)ن کەمتر سەرکوتکەرن.
وڵامی ئەم پرسیارە زۆرتر لەم دێڕەدا کورت دەبێتەوە، چونکە ئەوان تووڕە نابن. چونکە ئەوان لە بەرانبەر هەر تەنگوچەڵەمەیەکدا ڕێگاچارەی زۆرو جۆراوجۆرایان هەیە. بەڵام دەوڵەتگەلی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و سیستمە دەسەڵاتدارییەکەیان بۆ بەرسڤدانەوەی گرفتی کۆیی شارۆمەندان ساناترین و دیارە دزێوترین ڕێگاچارە دەگرنەبەر: سەرکوت.
ئەوانە چونکە ڕێگاچارەی جۆراوجۆر و پڕژمارەکانی دیکە ناناسن، یان ئەزموونیان نەکردوون و کەلکیان لێوەرنەگرتوون، سیستمەکەیان دەجاڵ ئاماڵە، یەک چاوە. ئەوانە بە بەکارهێنانی دوو ڕێگاچارەی کۆن و سواو، واتە سەرکوت و کوشتن، هەروا خۆیان ڕەق و چەمهەڵنەگر هێشتۆتەوە. هەر بۆیە ئەوپەڕەکەی لە بەرانبەر گوشارە سەرەتاییەکانی خەڵکدا خۆیان بۆ ڕادەگیرێ. بەڵام هەرکە بزووتنی خەڵک گشتگیر بوو و بوو بە بزووتنەوە، ئەم ڕێژیمانە دەچەمنەوە یان تێکدەشکێن.
سیا، مووساد، عەرەبستانی سعوودی، پاشاییخوازەکان، کاناڵگەلی تلێگرامی، میدیاگەلی دەرەوە و بە تایبەت تلویزیۆنە مانگیلەییەکان، ئەمریکاییەک بە ناوی مایکل ئاندریا، ژنبرای سەددام حوسێن، بەرپرسێکی پێشوو( لەوانەیە ئەحمەدینژاد)و… ئەوانە ژمارەیەک لەو لایەنانەن کە تا ئێستا وەک گەڵاڵەداڕێژەرانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە ناسێنراون. بەڵام لەم نێوەدا پرسێارێک بە زەقی خۆی دەنوێنێ:
ئێوە کە دوای سی و نۆ ساڵ هێشتا نەتانتوانیوە بەر بە پلانە یەک لە دوای یەکە بیانییەکان بگرن، لەمەبەدوا بە چ میکانیزمێک و بە کام ستراتژی دەتانەوێ ڕێگا لە بەردەم ئەم پلانانەدا بگرن؟ واتە دوژمنانی دەرەکیی ئەم وڵاتە ئەوەندە بەتوانان کە دەتوانن لە ماوەی چەند ڕۆژدا زیاتر لە سەد و دە شار بشلەقێنن؟ کەواتە ئەو تەناهییەی ئێوە لافی لێدەدەن لە وەهمێک زیاتر نیە!
ئەوەی کە لە ڕاپەڕێنە جەماورییەکاندا ڕووی دا و دیارە هیچ گرەنتییەکیش نیە کە لە مانگەکانی داهاتوودا بەتەواوی دامرکێتەوە، زیاتر لە هەر دیاردەیەک (بۆ وێنە گرفتە ئابوورییەکان)، دەگەڕێتەوە بۆ بێهیوابوونی خەڵک، یان بەشگەلێک لە خەڵک، لە دوورەدیمەنی چارەسەرکرانی گرفتەکان. بەتایبەت دوای ئەو هەموو هیوا یەک لە دوای یەکانەی لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا پێیان درابوو. لە راستیدا گرفتی سەرەکی لەوە دایە کە بەشێک لە خەڵک بەتایبەت لاوان، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تێگەیشتوون کە دەسەڵاتداران توانای چارەسەرکردنی گرفتە پڕژمارەکانی وڵاتیان نیە.
یەکێک لە زیانەکانی سیاسەتلێدراویی کۆمەڵگەی سیاسیی ئێمە بریتییە لە لەبیرکرانی خێرای ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان و ونبوونی ئەوان لە تەپوتۆزی ڕووداوە سیاسییەکاندا. ئەمڕۆ ڕەنگە کەم کەس هەبێ پرسیارخوڵقێنترین میتینگی لەدایکبووانی دەیەی هەشتا لە پاساژی کوروش( جۆزەردانی ٩٥) لە بیر مابێ. هەموو شتێك لە هەشتەگێک و وادەیەکی تلێگرامیەوە دەستی پێکرد. وادەی یەکتر بینینێک کە تازەلاوانی کچ و کوڕی تارانی بە بۆنەی کۆتاییهاتنی تاقیکارییکان و دەسپێکی پشووی هاوینە دایاننابوو. خۆیان گوتەنی لە دەوری یەک کۆببنەوە و هەناسەیەک نوێ بکەنەوە و لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان دیدارێک نوێ بکەنەوە. کۆبوونەوەیەکی ساکار کە خۆی لە ٢٠٠٠ کەس دا و سەرسووڕمانی هەمووانی لێکەوتەوە. ئەم ڕووداوە ئەو کات ڕاڤەی لەبارەوە لێکراو پرسیارگەلێکی جۆراوجۆر لەبارەیەوە هاتە گۆڕێ. ئەوەکە بۆ و چۆن ئەم کۆبوونەوە ساکارە پێکهاتوە. بەشداران ئامانجیان چ بوو و بۆ قەرارێکی لەم چەشنە لە ئاکام دا بووتە هۆی ئەوە کە پۆلیس و بەشی پاراستنی ئەم شوێنە بێنە مەیدان بۆ ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی بەشداربوون بڵاوە پێبکەن؟
میتینگی دەیە هەشتاییەکان و تەنینەوەی بۆ شارەکانی دیکە لەو کاتەدا، هێمایەکی باش بوو کە نیشان بدرێ لە هەناوی ئەم کۆمەڵگەیەدا ڕووداوگەلێک خەریکی ڕوودانن، کە هەوڵنەدان بۆ تێگەیشتن لەوان، درەنگ یان زوو ئاکامگەلێکی نادڵخوازی لێدەکەوێتەوە. لەوانەیە ئەم چەشنە کۆبوونەوانە بۆ خاوەنانی دەسەڵات هێندە کەمبایەخ بووبێ کە هیچ بە پێویستیان نەزانیبێ بیر لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم بابەتە بکەنەوە، لەبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەن و بخوازن سەرنجی بدەنێ. ئەم ڕووداوە کۆمەڵایەتییە گرنگەش، لە هاتوهاواری هەمیشەیی دەمەقاڵە سیاسییەکاندا ون بوو و خاوەنانی تریبوون هۆکاری ئەویان گەڕاندەوە بۆ هەڵفریوان بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و لاساییکردنەوە لە کلتووری ڕۆژئاواییەکان. ئەمڕۆ دووبارەخوێندنەوەی لە دەوری یەک کۆبوونەوەی دوو هەزار کەسیی دەیە هەشتاییەکان و پێشوازیی بەرین لەو بە مەبەستی ساتێک خۆشی، بە هەمان ڕادە پێویستە کە ڕاڤەی دروشمە توندەکانی ژمارەیەک لە هاوتەمەنەکانی ئەوان.
ڕوانینێک لە ناڕەزاییەتیەکانی ئەم دواییانە کە زۆرینەی بەشداربووانی، ئەگەر بەتەواوی دەیە هەشتایی نەبن، بەڵام لە تەمەنێک دان کە ڕوانین و بیرکردنەوەیان ناهاوشێوە لەگەڵ بەشداربووانی ئەو میتینگە بەناوبانگە نیە. دیارە کەسانی ناڕازی هەموویان لەم جۆرە نەبوون، بەڵام بەپێی فیلم و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕادەی بەشداریی ئەم جۆرە کەسانە بەرچاو بوو. ئەوان نیشانیان داوە کە لە کەشێکی بەتەواوی جیاواز و تەنانەت دژواز لەگەڵ هەرچەشنە شێوازێکی جێکەوتووی کۆمەڵایەتی دەژین و مەیلی تاکێتی لەوان دا زۆر بەرزە. چونکە لە بنەڕەتدا نەدیتراون یان نەیانویستوە ئەم گرووپە و ویستەکانیان ببینن. ئەم گرووپە ئاوێنەی تەواونوێنی کەلێنی بەرەکانی کۆمەڵگەیە. ئەوان بۆ خۆیان فەرهەنگ، ئایین، بایەخ و وانەی خۆکردیان پێناسە کردوە کە لەگەڵ ئەو شتە کە سیستمی بایەخە حکوومەتیەکان لەوانی دەخوازێ، مەودایەکی واتاداری هەیە. بەپێچەوانەی ویستی خاوەنانی دەسەڵات و سیاسییەکان کە ئەم چەشنە بابەتانە نابینن، دەبێ پشتڕاستی بکەینەوە کە ئەوان هەن، ئاکامی سروشتیی شکستە سیاسییە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن و ئەمە کۆی دەسەڵاتدارەتی بوە کە ددانی بەوان دانەهێناوە. لە پەنا کەمکاری و گرنگیپێنەدانی ڕەوتە سیاسییەکاندا. چونکە شێوە هەڵسوکەوتی تەناهییانە لەتەک کۆمەڵگەدا ڕەوتی باو بوە.
لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییانەشدا، کاربەدەستە پێوەندیدارەکان و ڕاپۆرتنێران ڕووداوەکان ئاوا وەسف دەکەن: ناڕەزایەتییەکان لە چ باژێرگەلێک بە چ تایبەتمەندیگەلێکەوە سەریان هەڵداوە، چ کەسانێک و لە چ ڕادەیەکی تەمەندا و بە چ تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتییەوە لەوان دا بەشدار بوون، چ دروشم و داخوازگەلێکیان هێناوەتە گۆڕێ و…. زانینی ئەم زانیارییانە زۆر گرنگە، بەڵام تێگەیشتن لە ڕووداوەکەی لێناکەوێتەوە. بە واتایەکی دیکە ئەمانە مەرجی پێویست بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکەن، بەڵام مەرجی تەواو نین. بۆ وێنە گوتنی ئەوە کە ئەم ناڕەزایەتییانە بەتەواوی دەگەڕێنەوە بۆ گرفتە ئابوورییەکان و دەستەیەک سواری شەپۆلەکە بوون و دروشمی دیکەیان داوە، بە هیچ شێوەیەک جێگای ڕەزامەندی نیە. لە بیرمان نەچی ڕێژیمی ئاخوندی لانیکەم لە هەر دەیەیەکدا لەگەڵ چالشی وەک ئەمە بەرەوڕوو بووە و توانیویەتی بە جۆڕێک لەوان دەرباز بێ. هەرچەند نووسەری ئەم دێڕانە ناڕەزاییەتییەکانی ئەم دواییانە لەلایەنی چەندایەتی و چۆنایەیتییەوە بە چەشنێکی دیکە دەبینێ و پێی وایە ئەم چیرۆکە بە سەرنجدان بە دۆخی ناوچەیی و جیهانی و کۆتایی شەڕی داعش و دابەشکرانی سەرلەنوێی سنووری هێزەکان زۆر درێژە و لە دەسپێکی خۆی دایە.
ڕەوتێک دەستی پێکردوە کە دەتوانێ لە هەلومەرجی شیاودا و بە یارمەتیی ساناییبەخشەکان سووڕی ڕووداوەکان بە قازانجی خەڵک بشکێننەوە. بەڵام ئێمە دڵنیاین کە بێجگە لە کۆبوونەوەی کۆی هێزە دژە سەرەڕۆییەکان لە دەوری جاڕی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و دیمۆکراسیخوازی گەیشتن بەم ئامانجە نەلواوە و لە هەناوی بزووتنەوە جەماوەرییە بێ ڕێبەرییەکاندا گرووپگەلی چەکداری بێ ئامانج و بێ ڕێبەری و ئامانجی دیاریکراوی دیمۆکراتیک سەرهەڵدەدەن. مەترسییەک کە هاوپێوەندیی ئۆپۆزیسیۆن
زیاتر لە هەر کات ژیانەکی دەکا، ئەوەیە.
هەرچەند دەسەڵاتدارەتی توانیویەتی بە هێزی سەرکوت شەقامەکان کۆنترۆڵ بکا، بەڵام داخوازییەکان هەروا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و ئەگەریش ئاوەزمەندێتییەک مەیلی لە چارەسەرکردن هەبێ، ئەوە بێگومان دەسەڵاتدارەتی نیە و تێگەیشتنی باڵادەستیش ئەوەی دەوێ. بەڵام هێزی سەرکوتی دەسەڵاتدارەتییە سەرەڕۆیەکان سنووردارە و لە شەڕێکی توانابڕدا شەقامەکان ڕادەست دەکا! بێکاری، هەژاری، ئاوسان، پێکهاتەی پشتەوەی گەندەڵی، کەشی ئەمنیەتی و داخراو، نەبوونی لانیکەمی ئازادییە تاکەکەسییە، داڕمانی ئابووری، نالێهاتوویی سیاسی و…. کۆمەڵە ئاستەنگێکن کە خەڵکیان هێناوەتە سەر شەقامەکان. چارەسەرکردنی هیچکام لەوان لە توانای سەرجەم دەسەڵاتداریدا نیە. دەسەڵاتدارەتی، بەتایبەت چاکسازیخوازان و میانەڕۆیەکان دۆڕاوی ئەم مەیداندارییەن. چاکسازیخوازانی نێو دەسەڵاتدارەتی لە ڕۆژانی سەرەتای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا نیشانیان دا نەک تەنیا لایەنگری چاکسازی نین، بەڵکوو بە هەموو توانایانەوە لە هەوڵی پاراستنی دۆخی ئارایی دان. لە نافەرمانییەکانی ئەمدواییانەدا سێ ڕێکخراوی گەورە کە لە کوشتاری خەڵکدا دەوری سەرەکییان گێڕا(هێزی ئینتزامی و رێکخراوی بەندیخانەکانی وڵات و هێزە تەناهییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات) کە هەموویان سەر بە دەوڵەتی ڕووحانین و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕووحانی و فتوای ڕوونی خاتەمی جووڵانەوە. وشەگەلێکی وەک یاغیگەری، بەستراوەبوون، داڵاش و دەیان ناو و ناتۆرەی دیکەی لەم جۆرە لەلایەن ڕێبەریی چاکسازیخوازانەوە خرانە پاڵ خەڵکی وەزاڵەهاتوەوە. خەڵکی ناڕازی و بێزار لەم هەنگاوە ترسەنۆکانەیە بە دانی دروشمی «اصلاح طلب، اصولگرا تمام شد این ماجرا» وڵامی شیاویان بەم ڕەوشتە سیاسییە دایەوە. ئێستا هەر ئەوانە ڕەخنە لە پێشنوێژی کۆنەپارێزی نوێژی هەینیی تاران دەگرن کە وشەی زبڵی بەرانبەر بە خەڵک دەکارهێناوە و دووبارە لە هەڵوێستگرتنێکی حەقدارانەدا ژێستی دیمۆکراتیک بەخۆوە دەگرن. چاکسازیخوازانی نێو دەسەڵاتدارەتی کە بە توندی زەبر لە متمانەیان کەوتوە، لە هەوڵی چاککردنەوەی متمانەی لەدەستچوویان دان. بۆیە بە هێنانەگۆڕێی بابەتگەلی وەک خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانە و … هەوڵ دەدەن بە مەبەستی وەرگرتنی سەرەتی لە دەسەڵاتدارانی سەرەکی چاککردنەوەی متمانەی خۆیان خەڵک بکێشنە سەر شەقامەکان. بەڵام بێگومان هەر ئەو خەڵکە تووڕە و ناڕازییە کە لە مەشهەد نیشانیان دا توانای قۆزتنەوەی هەلەکانیان هەیە، جارێکی دیکەش ئەم هەلە بۆ خۆیان دەقۆزنەوە و دەیسەلمێنن کە خاوەنی شەقامەکان هەر ئەوانن. چونکە داخوازیگەلێک کە لەگۆڕێ دایە و دۆخی نێودەوڵەتی لە نێوەڕاستی رێبەنداندا خەڵک دەگەڕێننەوە سەر شەقامەکان و هاوینێکی بەهار ئاسا چاوەڕوانمانە.
بەکورتی، ڕووداوەکانی بەردەم خێرا و پێشبینینەکراون. ڕووداوگەلێکی جیدی و چارەنوسسازی لە هەناوی وڵات دان و ئێمە وەک ئۆپۆزیسیۆنی کورد دەبێ هەڵ بدەین نەک پێشڕەو بەڵکوو هاوهەنگاو لەگەڵ بزووتنەوەی دژە سەرەڕۆیی بە وەئەستۆگرتنی کەمترین تێچوو بۆ نەتەوەکەمان ئەم پرۆسە چارەنووسسازە تێپەر بکەین. ئەرکی سەرەکیی ئێمە بریتییە لە دانانی میکانیزمێکی روون لە پێناوی دروستکردنی ئوپۆزیسیۆنی کورد و دوورکەوتنەوە لە فرەڕایی و ڕێکخستنی خەڵکی خۆمان.
( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)