هه‌ده‌په له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٧ی ژوئه‌ن دا سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی تۆمار کرد. بۆ یه‌که‌مین جار له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارلمانی تورکیه‌دا، کورد وه‌ک حیزب به‌شداری کرد و توانی زیاتر له ١٣ له سه‌دی ده‌نگی ده‌نگده‌ران به ده‌ست بێنێ که ده‌کاته زیاتر له ٦ ملیۆن ده‌نگ. گه‌وره‌یی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه کاتێک ده‌رده‌که‌وێ که بزانین له هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی پێشووی پارلمانی تورکیه‌دا، کورده‌کان وه‌ک کاندیدی سه‌ربه‌خۆ به‌شدارییان کرد و ته‌نیا توانیبوویان که‌متر له ٧ له سه‌دی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بێنن و ٣٦ نوێنه‌ر له سه‌ر ئاستی تورکیه بنێرنه پارلمان. ئه‌وه له حاڵێک دا بوو که ئاکه‌په توانیبووی ٧٩ نوێنه‌ر له باکووری کوردستان بباته پارلمان. چۆن پارتی دێموکراتیکی گه‌لان(هه‌ده‌په) ئه‌مجاره توانی ٨٠ کورسی پارلمان به‌ده‌ست بێنێ؟ هۆکاره‌کانی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه کامانه‌ن؟
له ٢٠٠٥ه‌وه که ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌وکاتی تورکیه، له شاری ئامه‌د له میتینگێکی جه‌ماوه‌ری دا گوتی “کێشه‌ی کورد، کێشه‌ی منه و، ده‌مه‌وێ چاره‌سه‌ری بکه‌م”، به‌شێکی گه‌وره‌ی کوردی باکوور هیوایان به‌وه بوو که پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌پێدان، هه‌نگاوی جیدی و خێرا بۆ چاره‌سه‌ری دۆزی کورد هه‌ڵده‌گرێ. ئاکه‌په له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیه‌دا ئه‌و پرسه‌ی ده‌هێنایه ئارا و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یاسای بنه‌ڕه‌تیی تورکیه هه‌موار ده‌کاته‌وه. گومانی تێدا نییه که ئاکه‌په به به‌راورد له‌گه‌ڵ پارته‌کانی دیکه، کرانه‌وه‌یه‌کی به رووی کورد دا دروست کرد و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی ئه‌ودا، پرۆسه‌یه‌کی ئاشتیش ده‌ستی پێکردووه. به‌ڵام ئاکه‌په خاوه‌خاوی زۆری کرد و میتۆدێکی کیسه‌ڵ ئاسای بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد گرته‌به‌ر؛ به چه‌شنێک که کورد له جیدییه‌ت و سه‌داقه‌تی ئه‌ردوغان و پارته‌که‌ی، بۆ چارسه‌ری پرسی کورد، به‌دگومان بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاکه‌په له مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای کوردستان و خۆڕاگریی کۆبانی دا، به پێچه‌وانه‌ی خواست و چاوه‌ڕوانی کورد جووڵایه‌وه. له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشی وه‌حشیانه‌ی داعشدا، نه ته‌نیا یارمه‌تییه‌کی ئه‌وتۆی کۆبانی نه‌کرد، به‌ڵکوو به پێی هه‌ندێک نیشانه و داتا، رۆڵی پێچه‌وانه‌شی گێڕا. ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری نه‌رێنی له سه‌ر پێگه و روخساری ئاکه‌په له باکووری کوردستان دانا و له ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی 7ی ژوئه‌ن دا ره‌نگی دایه‌وه.
راسته ئاکه‌په له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیدا، ئابووریی تورکیه‌ی بووژانده‌وه و سه‌قامگیریه‌کی سیاسی و ئابووری له تورکیه‌دا پێکهێنا، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره مه‌یلی سه‌ره‌ڕۆیی و تاکڕه‌ویی ئاکه‌په و به تایبه‌ت شه‌خسی ئه‌ردوغان خۆی ده‌رده‌خست و په‌ره‌ی ده‌گرت. به شێوه‌یه‌ک که به‌نیاز بوو سیستمی سیاسیی تورکیه له پارلمانییه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی بگۆڕێ. له سه‌رده‌می سه‌رۆک وه‌زیریی ئه‌ردوغان دا، سه‌رکۆماریی پێگه‌یه‌کی ته‌شریفاتی و سه‌مبولیکی هه‌بوو؛ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که بۆخۆی به ده‌نگی راسته‌وخۆی خه‌ڵک ده‌بێته سه‌رکۆمار، به ده‌سه‌ڵاته قانوونییه‌کانی سه‌رکۆمار، قه‌ناعه‌ت ناکا و وایلێهاتووه بۆخۆی راسته‌وخۆ کۆبوونه‌وه‌کانی کابینه‌ش به‌ڕێوه ده‌با! به پێچه‌وانه‌ی پێگه‌ی بێ لایه‌نانه‌ی سه‌رکۆمار، به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو بانگه‌شەی هه‌ڵبژاردنی بۆ پارته‌که‌ی کرد. له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا سنووریی ئازادییه تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌رته‌سک کردبۆوه. به هۆی له‌خۆبایی بوون و خه‌ونی عوسمانچێتی نوێ، ترسی لای دێموکراسیخوازان له سه‌ر ئاستی کوردستانیش دروست کردبوو، که ئه‌گه‌ر پێشی پێنه‌گیرێ، به‌ره‌و دیکتاتۆریی هه‌نگاو ده‌نێ. ئاشکرا بوونی فایلی گه‌نده‌ڵییه ماڵییه‌کانی ئه‌ندامانی کابینه و ته‌نانه‌ت کوره‌که‌ی ئه‌ردوغانیش، کاریگه‌ریی نه‌رێنی له سه‌ر پێگه‌ی ئاکه‌په له باکوور دانا. بێجگه له‌وانه‌ش ئاکه‌په له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێویستی به کارتێکی یاریی نوێ هه‌بوو که لێی بێ‌به‌هره بوو.
فاکته‌رێکی گرینگ که ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له سه‌ر بکه‌ین ئه‌وه‌یه که، مانیفێستی هه‌ده‌په هه‌ڵقوڵاوی تێزی ره‌د کردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و کۆنفیدرالیزمی دێموکراتیکی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانه که له پارێزنامه‌کانی دا هاتووه. گۆڕانی په‌ده‌په بۆ هه‌ده‌په‌ش هه‌ر به رێنوێنی ئۆجه‌لان بوو. وه‌ک ئۆجه‌لان ده‌ڵێ: ئه‌و شته‌ی داوای ده‌که‌ن نه فیدرالیزمه، نه ئۆتۆنۆمی؛ به‌ڵکوو چه‌شنێک حوکمی زاتی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری پارێزگاکانه. واته کۆماری تورکیه دێموکراتیزه بکرێ و کورد له مافی شارۆمه‌ندیی به‌هره‌مه‌ند بێ و له ناوچه‌کانی خۆی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی هه‌بێ. هه‌ده‌په ناسیۆنالیزمی ئه‌تنیکی به بنه‌ما ناگرێ و ئه‌و سنووربه‌ندییه قه‌ومی-نه‌ته‌وه‌ییه‌ی که له ناسیۆنالیزمی ئه‌تنیکی دا له نێوان کورد‌و تورک وێنا ده‌کرێ، بوونی نامێنێ. له لایه‌کی دیکه‌ش هه‌ده‌په له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی نوێ‌دا جێده‌گرێ. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا نوێنه‌رایه‌تی په‌راوێزخراوه‌کان و چه‌وساوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کرد. وه‌ک بزووتنه‌وه چه‌په نوێکان، ئایدۆلۆژیای هه‌ده‌په به ره‌خنه‌ی هزری له سه‌رمایه‌داری و لایه‌نه‌کانی عه‌قڵانییه‌تی ئامرازیی سه‌رمایه‌داری مۆتۆربه کراوه و له سه‌ر چه‌شنێک عه‌قڵانییه‌تی ته‌عامولی پێداده‌گرێ. به سه‌رنجدان به‌وه‌ی که به‌شێکی گه‌وره‌ی کوردی باکوور له رووی زمانییه‌وه ئاسیمیله بووه و پرۆژه‌ی ئه‌نتیگراسیۆن کاریگه‌ریی زۆر له سه‌ر هه‌بووه، ئه‌م پرسیاره گرینگه دێته ئارا که ئایا به‌شێکی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی هه‌ده‌په بۆ ئه‌و مانیفێست و ئۆرگانیزاسیۆنه نوێیه ناگه‌ڕێته‌وه؟ ئایا ئه‌م سه‌رکه‌وتنه نیشانده‌ری ئه‌وه نییه که کوردی باکوور زیاتر مه‌یلیان به لای چاره‌سه‌ری هێمنانه و ورده‌ورده‌یی پرسی کورده و، وه‌ک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو نیشانیان داوه، دروشمی به ته‌نیا ناسیۆنالیستی، که له سه‌ر بنه‌مای سنووربه‌ندییه‌کی زه‌قی ئه‌تنیکی بنیات ده‌نرێ، زۆر سه‌رنجیان راناکێشێ؟
یه‌کێک له به‌ربه‌سته‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی کورد له باکوور ئه‌وه بووه که به شێوه‌یه‌کی خۆسه‌پێنه‌رانه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه هه‌ڵسووکه‌وتی کردووه، پێده‌چێ سه‌رکه‌وتنی ئه‌مجاره تا راده‌یه‌ک به‌رهه‌می دوورکه‌وتنه‌وه له‌و هه‌ڵسووکه‌وته‌ی پێشوو و خۆگونجاندن لەگەڵ واقعی کۆمەلگای تورکیە بەگشتی و باکووری کوردستان بەتایبەتی بێ.