1) دوانه‌ی ئاخوند_ پاسدار
له یه‌ك ڕسته‌دا ده‌كرێ بڵێین دوانه‌ی «ئاخوند _پاسدار» له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رفاندن و به‌لاڕێدا بردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران له ڕێی شیعه‌گه‌ری و دواجار به زه‌بری چه‌ك و زۆره‌ملی، له ڕێگه‌ی پاسداره‌كانی ئه‌م سیستمه‌وه دامه‌زراوه. ئه‌مه تا هه‌نووكه‌ش سه‌ره‌كیترین ستراتیژیی كۆماری ئیسلامی بووه بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، چ له ئاستی نێوخۆیی و چ له ئاستی ده‌ره‌وه.
به‌لاڕێدا چوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ئه‌م هه‌له‌ی بۆ ئاخوندکان ڕه‌خساند سواری لۆتكه‌ی شۆڕش بن و بۆ گه‌یشتن به ڕۆخی ده‌سه‌ڵات، چینێكی گه‌نجی هه‌ژاری نه‌خوێنده‌وار بكه‌ن به سه‌وڵی لۆتكهكهیان. چینێكی په‌راوێزخراوی بێده‌ره‌تان، كه به نیسبه‌ت حكوومه‌تی پاشایه‌تی پڕ بوون له گرێوگۆڵی ده‌روونی. ئاخوندكان زۆر باش ده‌یانزانی ئه‌م ڕق و كینه په‌نگخواردووه ته‌نیا و ته‌نیا به كوشتن و قه‌تڵوبڕی دیتران داده‌مركێ و ئه‌وانیش به ناوی خوا و ئیسلامه‌وه ئه‌وه‌ی خواستی دڵیان بوو، پێیان كردن. بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م گه‌نجانه كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان ته‌مه‌نیان له نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ لانكه‌ی ده‌كرد، به‌رپرسیارێتی زۆر گه‌وره‌یان ده‌درێتێ. ئه‌وان که به ته‌واوی گۆشكراوی ئاخوندی شیعه و ڕێبازه‌كه‌ی بوون و تا ئێستاش كه له ساڵانی ٦٠ی ژیانیاند ان وه‌فادارن به ڕێچكه و ئایدۆلۆژیی شیعی و له ڕاستیدا ئه‌وانن كه پارێزه‌ری ڕێژیمن وه‌ك پاسدار. تۆ كه ورد ده‌بییه‌وه هه‌رگیز فه‌رمانده‌یه‌كی پله‌به‌رزی ئه‌رته‌ش نابینی به‌مجۆره‌ی كه فه‌رمانده‌رانی سپا له میدیاكان ده‌رده‌كه‌ون و هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌شه ده‌كه‌ن له خه‌ڵك و وڵاتانی ده‌ره‌وه، لێدوان بده‌ن!
له ڕاستیدا دراوی كۆماری ئیسلامی لایه‌كی ئاخونده و لایه‌كی پاسدار، به‌ڵام ئه‌م خاڵه گرینگه‌ش نابێ له بیر بكرێ كه هه‌موو ئاخوند و پاسدارێك ئیزنی هاتنی نیه بۆ نێو ئه‌م بازنه‌یه، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه له‌وێ ده‌بن كه له چل ساڵ له‌وه‌پێشه‌وه، سه‌فه‌رێكیان به‌یه‌كه‌وه ده‌ست پێكردوه بۆ ده‌ستداگرتن به‌سه‌ر سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته! ته‌نانه‌ت كه‌م نه‌بوون ئه‌و كه‌سانه‌ی به شێوه‌یه‌كی گوماناوی له‌م بازنه‌یه دوورخران و دواجار سه‌ریان تێداچوو!
2) گێڕانه‌وه ناڕاسته‌كه!
وه‌ته‌ی كۆماری ئێسلامی هه‌یه هیچ ڕووداو و پێشهاتێك نه‌بووه كه په‌رده‌یه‌كی ته‌مومژاوی به‌سه‌ردا نه‌كێشێ _ئه‌ویش به مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان و په‌رده‌پۆشكردنی ناپاكی و جینایه‌ته‌كانیان له هه‌موو بواره‌كاندا_ كۆماری ئیسلامی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆی ڕاست نه‌بووه و ده‌رئه‌نجامی ئه‌م ناڕاستییه بۆته هۆی ئه‌وه كه بچووكترین متمانه به‌م سیستمه نه‌بێ و نه‌مێنێ.
ڕۆژی ٧ی گه‌لاوێژی ٧٥ی هه‌تاوی (٢٨ی جولای ١٩٩٦) هێزێكی زه‌به‌لاحی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی به چه‌كی قورسه‌وه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر قه‌ڵا و بنكه و باره‌گاكانی حیزبی دیمۆكرات و به خه‌ستی به تۆپ و كاتیۆشا و خۆمپاره بۆ ماوه‌ی نیزیك به ١٢ ساعه‌ت ده‌یكوتن. وه‌ك باس ده‌كرێ ٣ تا ٤ هه‌زار گولله‌ی ئه‌م چه‌كه قورسانه وه ماڵه‌كان ده‌كه‌وێ و به‌م هۆیه زیان و خه‌ساری زۆر به‌ر ده‌یان ماڵی نێو بنکه‌کانی حیزب ده‌که‌وێ. به‌ڵام به پێی ئه‌وه كه هه‌ر له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی ئه‌م هێزه له نێوخۆوه، حیزب له ڕێگه‌ی شانه‌كانی خۆیه‌وه ئاگاداری هێرشه‌كه كرابوو، ماڵه‌كان چۆل ده‌كرێن و هیچ زیانێكی گیانی به پێشمه‌رگه و بنه‌ماڵه‌كانیان ناگا و سه‌یر له‌وه‌دایه وه‌ك ده‌گوترێ قه‌ڵای دیمۆكرات و ده‌وروبه‌ری كه پڕ بووه له پێشمه‌رگه بۆ بهرهبهركانی له‌گه‌ڵ پاسداره‌كانی كۆماری ئیسلامی، هێرشی نه‌کرایه سه‌ر و ئه‌مه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه پاسدار ته‌نیا هاتبوون بۆ كوشتنی ژن و منداڵ! دیاره حیزب كومیته‌یه‌كی مه‌یدانیش به به‌شداریی چه‌ند فه‌رمانده هێز و ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی پێک دێنێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م باری پاراستن و ئه‌منیی دۆخه‌كه له‌ستۆ بگرن، هه‌م ئه‌گه‌ر بێتوو پێویست به قسه‌وباس هه‌بێ ئه‌وه حیزب له‌سه‌ر هه‌ست بێ. ئه‌ندامانی کۆمیته‌که‌ش بریتی بوون له مسته‌فا مه‌لوودی، برایم چوکه‌ڵی، ئه‌حمه‌د پادگانی، ئه‌حمه‌د نستانی، سمایل بازیار و کاوه به‌هرامی.
به‌ڵام ئه‌م عه‌مه‌لیاته سه‌ربازییه‌ی سپا له‌باری نیزامییه‌وه كه یه‌كێك له ئه‌ندامانی بازنه‌ی ئاخوند_پاسدار، واته پاسدار ئه‌حمه‌د كازمی فه‌رمانده‌یی ده‌كرد دواجار چیی ده‌ست ده‌كه‌وێ؟
كاناڵی «مستند»ی ده‌نگوڕه‌نگی كۆماری ئیسلامی به‌ڵگه‌فیلمێكی بڵاو كردۆته‌وه به ناوی «كوی سنجق» كه ده‌یه‌وێ ڕه‌وایه‌تی ڕه‌سمیی خۆی له‌م ڕووداوه‌ی وا به كورتی له‌سه‌ره‌وه باسم كرد ده‌رببڕێ. په‌یامی به‌ڵگه‌فیلمه گاڵته‌جاڕییه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه:
«پاسدارێك به خۆی و له‌شكره‌كه‌یه‌وه سنوور ده‌به‌زێنێ بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی حیزب ته‌مبێ بكا. ده‌ی، پاڵه‌وان باره‌گا و مهقهڕهكانیان تۆپباران ده‌كا و پێشمه‌رگه‌ش زۆر ده‌ترسێن و دواتر له لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه وه‌ك نێوبژیوانكهر حیزب ته‌سلیم ده‌بێ و ده‌ڵێ به غه‌وس تازه نایه‌مه‌وه نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵات! پاسدار كازمیش له‌شكر هه‌ڵده‌گرێ و به لای پارتیدا بڕواته‌وه ئێران، كه‌چی پێشمه‌رگه‌ی پارتی پێشیان پێده‌گرن و ده‌مه‌قاڵه له نێوانیاندا ساز ده‌بێ و كاك كازمی ده‌ڵێ بۆ هه‌ر زلله‌یه‌ك كه له له‌شكره‌كه‌م بده‌ن، سه‌د كه‌ستان لێ ده‌كوژم. خۆلاسه كاكی پاسدار و له‌شكره‌كه‌ی به ڕێگایه‌كی دیکه‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ مۆڵگه‌كانی خۆیان! به‌ڵام ڕاویی به‌ڵگه‌فیلمه‌كه ده‌ڵێ ئه‌و كاره‌ی مه‌سعوود بارزانی كردی زۆر گرانی بۆ ته‌واو بوو!» ئه‌مه كۆی گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌سمیی كۆماری ئیسلامییه له ڕووداوه‌كه.
٣) ئه‌ودیوی گێڕانه‌وه‌كه
بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كان و پشتی په‌رده‌ی ئه‌م فیلمه بخه‌ینه به‌رچاو، پێویسته چه‌ند خاڵێك شه‌نوكه‌و كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دواجار به ده‌رئه‌نجامێكی دروست بگه‌ین:
_ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌نه به‌شداربووانی فیلمه‌كه ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌شداری هێرشه‌كه‌ی كۆیه بوون، له شێوه‌ی قسه‌كردنیان ڕا به ته‌واوی دیاره كه زۆربه‌یان توركن! كۆماری ئیسلامی به درێژایی ته‌مه‌نی له‌م چه‌شنه كه‌لێنانه بۆ نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌یی، ئایین و ئایینزایی، چینایه‌تی، جێندێری و… وه‌ك «ستراتیژی كۆنتڕۆل» كه‌لكی وه‌رگرتوه، به‌تایبه‌تی له‌به‌ریه‌ك ڕۆنانی كوردی سوننه و توركی شیعه له ناوچه‌كه‌دا! له ڕاستیدا ئه‌م كه‌سانه به مه‌به‌ست له فیلمه‌كه‌دا خویا ده‌بن تا ئه‌وه به بینه‌ره‌كه‌ی بڵێن كه كورد وه‌ك ڕابردوو هه‌ر ئه‌وی تره و جێی مه‌ترسییه.
_ به شێوه‌یه‌كی دهبنهوهبڕانه سازكردنی جۆرێ دڕدۆنگی له نێوان ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی دوو باڵه‌كه‌ی دێموكرات كه ڕێكکهوتنامهكه كاك مسته‌فا هیجری، جێگری سكرتێری ئه‌وكات ئیمزای كردوه نه‌ك سكرتێر. له‌لایه‌ک ئه‌و ڕێککه‌وتنه درۆیینه‌ی ئه‌وان ڕێککه‌وتنێکه حیزب له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کردوویه‌تی و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه شه‌خسی مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ئاماژه به‌مه ده‌كا كه هۆكاری ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرنسیپێكی پڕۆتۆكۆڵی. واته به پێی ئه‌وه كه دوكتور فوئاد مه‌عسووم وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كیه‌تیی نیشتمانی ته‌ره‌فێكی ڕێكه‌وتنه‌كه بوو، بۆیه حیزبی دیمۆكراتیش كاك مسته‌فا هیجریی وه‌ك جێگری سکرتێر بۆ ئه‌م كاره ده‌سنیشان كرد. له كتێبی ئه‌زموونی خه‌بات (ئاوڕێك له ژیان و خه‌باتی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده، ئاماده كردنی هه‌یاس كاردۆ، ٢٠١٢، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ئه‌رزان، سوئێد) لاپه‌ڕه‌ی ٣٦٧ تا ٣٧٢دا به ته‌سه‌لی باسی ئه‌م په‌لاماره كراوه و باس له‌وه ده‌كرێ كه ڕێكه‌وتنه‌كه به ئاگاداریی ده‌فته‌ری سیاسی كراوه.
_ به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرینگه هه‌ر له‌م كتێبه‌دا مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە به‌سه‌راحه‌ته‌وه ده‌ڵێ: «ئێمه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له ڕێگه‌ی سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانی خۆمانه‌وه ده‌مانزانی كه ئێران به‌ته‌مایه هێرشێك بۆ ئێره بكا. ئه‌و خه‌به‌ره‌مان هه‌بوو.» هه‌رچه‌ند ئاماژه به‌مه‌ش ده‌كرێ كه دواتر له لایه‌ن یه‌كیه‌تییه‌وه حیزب ئاگاداری په‌لاماره‌كه ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام حیزب به‌ته‌واوی خۆی ئاگادار بوو. باس له گوشاره‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر یه‌كیه‌تی و هێزه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی سپا كه له سنوور ئاودیو ده‌بێ و به‌ره‌و كۆیه ده‌چێ بۆ تۆپبارانی ژن و منداڵ، ڕه‌نگه له تاقه‌تی ئه‌م كورتهوتارهدا نه‌بێ، به‌ڵام دیسانیش ده‌یانه‌وێ یه‌کیه‌تیی پێ تۆمه‌تبار بکه‌ن.
_ له‌م به‌ڵگه‌فیلمه‌دا پارتی له كوێ وه‌ستاوه؟ سه‌ره‌تای به‌ڵگه‌فیلمه‌كه كه له ڕاستیدا كۆتایی فیلمه‌كه‌شه، به گه‌مارۆی پاسداره‌كان له لایه‌ن پارتییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كا و به فڵاش به‌ك بۆ ڕابردوو و قسه‌ی چه‌ند پاسدار و جاشێك درێژه په‌یدا ده‌كا. له پاش «فتح الفتوح»ی پاسدار كازمی و ته‌واو بوونی مه‌ئموورییه‌ت، له‌شكر ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ره‌و ئێران به‌ڵام به ناوچه‌ی پارتیدا. لێره چیرۆكه‌كه هه‌ندێ ده‌شه‌مزێ. پێشمه‌رگه‌ی پارتی، له‌شكری كۆماری ئیسلامی گه‌مارۆ ده‌دا و به دیلیان ده‌گرێ و وه‌ك «برهان عه‌بدی، خه‌ڵکی جوانڕۆ»؛ جاشه‌كه‌ی نێو به‌ڵگه‌فیلمه‌كه باس ده‌كا، چه‌ند قونهشهقێكیشیان وێده‌كه‌وێ. به‌ڵام سرنجڕاكێش ئه‌وه‌یه كه به قسه‌ی خودی پاسدار سه‌حراڕوودی، دیپلۆمات تیرۆریستی تیمی تیرۆری شه‌هید دوكتور قاسملوو، بارزانییه‌كان به‌ڕه‌ڵڵایان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئیزن ناده‌ن به ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا تێپه‌ڕن. هه‌ردوا به‌دوای ئه‌ودا، گێڕه‌وه‌ی فیلمه‌كه ده‌ڵێ ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه سیاسه‌ته‌كانی قه‌رارگای هه‌مزه و قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان به قازانجی یه‌كیه‌تیی نیشتمانی ئاراسته‌كه‌ی ده‌گۆڕدرێ و ئه‌م وه‌رچه‌رخانه بۆ مه‌سعوود بارزانی زۆر گران ته‌واو ده‌بێ!
له دوابه‌شی فیلمه‌كه، گێڕه‌وه باس له‌وه ده‌كا كه پاش ئه‌م ئۆپراسیۆنه ئاسایش و ئارامییه‌كی سه‌قامگیر به‌سه‌ر ناوچه‌دا حاكم ده‌بێ و خه‌ڵكی كورد به گۆشت و پێسته‌وه هه‌ست به ته‌ناهی و ئاسایش ده‌كه‌ن! شابه‌یتی داكیۆمێنتهكهش هه‌ر ئه‌وه‌یه، واته ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێ ئه‌وە به بینه‌ره‌كه‌ی بڵێ ئیتر ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هیچ كێشه و گرفتێكی ئه‌منی و سیاسی نیه و شامی شه‌ریفه. به‌ڵام ئه‌مه باس ناكا كه دوای ئه‌و ڕێکه‌وته‌ش ده‌یان جووڵه‌ی نیزامی و سیاسیی پێشمه‌رگه له کوردستاندا کراون و له ناوچه‌کانی سنه و سه‌رده‌شت و مه‌هاباد و پیرانشار و شنۆ و … ده‌یان عه‌مه‌لیات کراون، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م كوردستانه چه‌ند سه‌د چالاكی سیاسیی كورد، هه‌ر له پاش په‌لاماره‌كه‌ی كۆیه ئێعدام كراون، ئه‌شكه‌نجه كراون، زیندانی كراون، په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران بوون و… باس له‌وه ناكا كه خه‌ڵك له بچووكترین ده‌رفه‌ت كه‌ڵكی وه‌رگرتووه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و دژایه‌تی كۆماری ئیسلامی. كورد گوته‌نی ئه‌وه‌ی له‌م به‌ڵگه فیلمه‌دا بڵاوبۆوه درۆی حزووری بوو كه ته‌واوی گه‌لی كوردستان ده‌زانێ فڕی به‌سه‌ر ڕاستییه‌وه نه‌بووه.
٤) ترسی كۆماری ئیسلامی
په‌یوه‌ندیی نێوان ترس و سازكردنی كه‌شوهه‌وای دیكتاتۆری، په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌م ئهوێتییه، واته هه‌ر ڕاده ده‌سه‌ڵاتی حاكم ترسی زیاتر بێ، گوشارێكی زیاتر ده‌خاته سه‌ر خه‌ڵك و ئۆپۆزیسیۆن و زۆر بێ ڕه‌حمتر ده‌جووڵێته‌وه. كۆماری ئیسلامی بۆ شه‌رعییه‌تدان به‌م زه‌بر و گوشارانه كه هه‌ر وه‌ك باسم كرد به‌رهه‌می ترسه له وریایی گشتی خه‌ڵك، دێنێ كڵاو و پاساوێكی شه‌رعیشی بۆ ساز ده‌كا و له‌ڕاستیدا مرۆڤێكی مكانیكی سازده‌كا وه‌ك مه‌ئموور كه ئه‌ركه‌كانی ئاخوند جێبه‌جێ بكا و ئه‌م مه‌ئمووره ده‌بێته پاسدار. پاسدارێك كه له‌م ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا كاری كوشتن و سه‌ركوت بووه و نازناوێكی وه‌های پێ به‌خشراوه كه هیچ هێزێكی ره‌سمیی هیچ وڵاتێك له دنیادا به‌درێژایی مێژوو وه‌ها نازناوێكی شه‌رمه‌زارانه‌ی نه‌دراوه‌تێ: ئه‌م نازناوه تیرۆریسته، واته سپای تیرۆریستی كۆماری ئیسلامیی ئێران. ئه‌و تیرۆریستانه‌ی وه‌ك دایناسۆره بێ مێشكه‌كانی چاخی به‌ردین، بوون به هێمای تۆقاندن و كوشتن. سه‌یر نیه كه سیاسه‌توانانی ئه‌مریكایی له‌به‌ر گوێڕایه‌ڵی و بێ ڕه‌حمی وه‌ك هێزێكی گێشتاپۆیی وه‌سفیان ده‌كه‌ن.
لێره‌دا چه‌مكێكی هانا ئارێنتی ده‌توانێ هۆكاری گوێ له مستی پاسدار بۆ ئاخوند، ده‌ربخا. ئه‌ویش ئه‌مه‌یه كه له ڕاستیدا پاسدار «مه‌ئموور»ی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مری ئاخونده، ئه‌و ئاخونده‌ی كه واده‌ی به‌هه‌شتی پێداوه و ته‌نانه‌ت كلیله‌كه‌شی خستۆته ملی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌رگای به‌هه‌شت ماتڵ نه‌بێ! له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پاسداره‌كان وه‌ك مه‌ئمووری خودا له سه‌ر عه‌رز، بۆ ئه‌نجامی ڕاسپارده‌ی نوێنه‌ری خودا به وڵات‌دا وه‌رده‌بن و له ئه‌نجامی هیچ جینایه‌تێك خۆ نابوێرن، جینایه‌تێك كه له باری شه‌رعییه‌وه ئیزن پێدراوه و ئاخوند فتوای له‌سه‌ر داوه.
ترسه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی له كوردستان، له‌به‌ر ئاستی به‌رزی شعووری سیاسیی گه‌لی كورد به‌نیسبه‌ت شوێنه‌كانی تری ئێران، چه‌ندقات زیاتره. بۆیه هه‌ڕه‌شه و سه‌ركوت و كوشتنیش به‌هه‌مان شێوه فره‌تره. له ماوه‌ی چل ساڵی ڕابردوودا حكوومه‌ت تێچوویه‌كی یه‌كجار زۆری له‌باری سیاسی، چه‌كداری، ئه‌منی و فه‌رهه‌نگی بۆ كوردستان سه‌رف كردوه كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه پێمل بكا به ویسته‌كانی خۆی، ته‌نانه‌ت خۆ ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوو بزووتنه‌وه‌ی كورد له بواری چه‌کدارییه‌که‌ی به به‌ربڵاویی پێشووتری خۆی نه‌بووه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی له‌ناخداهه‌ڵگر، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له نێو زه‌ین و مێشكی گه‌لی كورددا خۆی مات كردوه و زۆر جاران به بۆنه‌ی جۆراوجۆر ئه‌م وزه‌یه ڕه‌ها بووه، ئه‌مه ڕێك ئه‌و شته‌یه كه كۆماری ئیسلامی لێی ده‌ترسێ و لێی تۆقیوه. بۆیه ده‌یه‌وێ به زه‌بری هێزی نه‌رم (بۆ وێنه له چه‌شنی ئه‌م به‌ڵگه‌فیلمانه) چه‌مكی نه‌ته‌وه‌خوازی كاڵ كاته‌وه یان بیسڕێته‌وه، كارێك كه چوار ده‌یه‌یه ده‌یكا و نه‌ك هیچی بۆ كۆماری ئیسلامی لێ شین نه‌بۆته‌وه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵكی كورد زیاتر بێزراوه و بێ متمانه بووه به سیستم.
٥) ئاكام
چل ساڵه كۆماری ئیسلامی به زبری سه‌رنێزه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كورد به‌ربه‌ره‌كانی ده‌كا و له هیچ كرده‌وه‌یه‌كی دژه‌ئینسانی به‌رامبه‌ر به كورد خۆی نه‌بواردووه، كه‌چی نه‌یتوانیوه سیاسه‌تی هۆمۆژێن سازی و تواندنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بخاته واری جێبه‌جێ كردنه‌وه، بۆیه هێزی نه‌رمی (soft power) بۆ له‌بار بردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی به هه‌موو شێوه‌كان له شه‌ڕی ڕه‌وانی و سایبێرییه‌وه بگره تا پڕوپاگه‌ندا و ده‌نگۆ هێناوه‌ته گۆڕێ. هێزی نه‌رمی كۆماری ئیسلامی به دژی بزووتنه‌وه‌ی كورد، هه‌رچه‌ند ده‌مێكه ساڵه له فۆرم و شێوازی جۆراجۆردا به‌رده‌وامه و سه‌ره‌ڕای ته‌واوی هه‌ول و دهولهكانی نه‌یتوانیوه «قه‌ڵا»ی بیری نه‌ته‌وه‌یی داگیر بكا. كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی هێزی نه‌رم به ئاكامی دڵخوازیان بگا، هاتوون ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی جۆزێف نای، تیۆریسییه‌نی ئه‌مریكاییان به‌م شێوه‌یه گۆڕیوه: «هێزی نه‌رمی ئاوێته‌ی سه‌بر» (soft power accompanied with patience) . ئه‌وان پێیان وایه كهلكوهرگرتن له هێزی نه‌رم، وه‌ك هێزی سه‌خت (hard power) نیه كه له كورتماوه‌دا وڵام بداته‌وه، به‌ڵكوو ڕه‌نگه چه‌ندین ساڵ بخایه‌نێ، ڕێك ئه‌و كاره‌ی له زۆر شوێنی نێوخۆی ئێران یان ته‌نانه‌ت له جوغرافیای هیلالی شیعی كردوویانه. به‌ڵام له كوردستان هه‌رچه‌ند هێزی نه‌رمی ئاوێته‌ی سه‌بر، زۆر ده‌مێكه وه‌گه‌ڕ خراوه، تا هه‌نووكه نه‌یتوانیوه ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بپێكێ، كه ئه‌ویش داماڵینی چه‌مكی ناسیۆنالیزم بووه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان!
سازكردنی ئه‌م جۆره به‌ڵگه‌فیلمانه‌ش هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م سیاسه‌تانه‌دا، بۆته به‌شێكی سه‌ره‌كی له كاره‌كانی ده‌نگوڕه‌نگی كۆماری ئیسلامی. بۆ وێنه زنجیره به‌ڵگه‌فیلمی «پیشمرگان»یش له كاناڵی موسته‌نه‌دی ده‌نگوڕه‌نگی كۆماری ئیسلامی هه‌ر له پێناو ئه‌م مه‌به‌سته‌دا بڵاوده‌كرێته‌وه.
له دواسێكانسی فیلمی به‌ناوبانگی بژی زاپاتا (Viva Zapata) له ده‌رهێنه‌ری ئیلیا كازان، كاتێ به فێڵ و ته‌ڵه‌كه زاپاتا، ڕێبه‌ری شۆڕشی مه‌كزیك ده‌كه‌وێته بۆسه‌ی سه‌ربازه‌كانه‌وه و ده‌یكوژن، ئه‌سپه‌كه‌ی به یاڵ ڕاوه‌شاندن ڕاده‌كا. فه‌رمانده‌ی سه‌ربازه‌كان یه‌ك به خۆی ده‌گوڕێنێ ئه‌سپه‌كه… ئه‌سپه‌كه… ئه‌سپه‌كه بگرن! فه‌رمانده ده‌یزانی خه‌ڵك باوه‌ڕ به مردنی كه‌سێك ناكا كه ڕووحی شۆڕشی تێدا زیندوو كردوونه‌وه، بۆیه هاواری گرتن و كوشتنی ئه‌سپه‌كه‌ی زاپاتای ده‌كرد. ڕێك له كۆماری ئیسلامی قه‌وماوه، شۆڕشی كورد لێوڕێژه له‌م قه‌ڵایانه، قه‌ڵا وه‌ك هێمای سه‌ركه‌شی و شۆڕش، وه‌ك هێمای به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ك ڕه‌مزی نیشتمانپه‌روه‌ری…
دوێنێ قه‌ڵای دمدم، قه‌ڵای سارم، قه‌ڵای هه‌ولێر، قه‌ڵای وان… ئه‌مڕۆش قه‌ڵای كۆیه…
قه‌ڵای كوردی هه‌رگیز له‌بن نایه!
( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)