هه‌روه‌ک له هه‌واڵه‌کانی ناوه‌ندی هه‌واڵی کوردستان و کورد دا باس کراوه و گرینگیی پێ دراوه، له چه‌ند رۆژی رابردوودا و له هێندێک له ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی له باشووری رۆژهه‌ڵات دارستان و قه‌دپاڵه‌کانی به‌شێک له‌و ناوچانه ئاگریان تێبه‌ر بووه و به‌م جۆره به‌شێك له سامانی سروشتی و بیۆلۆژیی ئه‌و ناوچانه بوون به خه‌ڵووز و له‌نێو چوون. دوایین نموونه‌ش سووتانی لێره‌واری زاگرۆس له ئیلامه که تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
ئه‌مه یه‌که‌م جار نیه که له ده‌سپێکی وه‌رزی گه‌رمادا ژینگه‌ی سروشتیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ئاگردا هه‌ڵده‌قرچێ. به‌پێچه‌وانه‌وه، حاڵه‌ته‌کانی سووتماکی لێره‌واره‌کانی کوردستان له ساڵانی دواییدا ئه‌وه‌نده زۆر بووه که وه‌كوو دیارده‌یه‌کی سیستماتیکی لێ هاتووه. سه‌ره‌ڕای لێدوانی به‌رپرسانی رێژیمیش له‌و پێوه‌ندییه‌دا و به‌له‌به‌رچاوگرتنی وشیاری و هه‌ستی به‌رپرسیاریی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه ئه‌م دیارده‌یه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گوماناویش دێته به‌رچاو.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه و جه‌خت کردن له‌سه‌ر دوو ره‌هه‌ندی ئه‌م بابه‌ته به‌پێویست ده‌زانرێ:
ره‌هه‌ندی یه‌که‌م پێوه‌ندیی به خودی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه. به‌و هۆیه که سروشتی هه‌ر وڵاتێک به‌تایبه‌تی بۆ وڵاتێک به سروشتی کوردستانه‌وه، پشتوێنی بنه‌ڕه‌تیی ژیانی ته‌ندروستی مرۆڤ و سه‌رجه‌م زینده‌وه‌رانه و سه‌رچاوه‌ی بژیوی خه‌ڵك و بنه‌مای گه‌شه‌سه‌ندنی پایه‌داری وڵات له خۆ ده‌گرێ، ژینگه‌ی سروشتی به پێکهاته‌یی‌ترین سامانی به‌کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی هه‌ر وڵاتێک له قه‌ڵه‌م ده‌درێ. هه‌ربۆیه زۆر گرینگه که خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و دڵسۆزان و نیشتمانپه‌روه‌رانی نزیک له ژینگه‌ی سروشتیی کوردستان له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا یه‌کجار هه‌ستیار بن و خۆیان به به‌رپرسیار بزانن. پێویسته هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری نه‌ک هه‌ر خۆیان له هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵسوکه‌وتێک که مه‌ترسیی ئاگرکه‌وتنه‌وه بخاته سه‌ر لێره‌وار و دارستانه‌کانی کوردستان ببوێرن، به‌ڵکوو هه‌ر هه‌مووشیان به‌سه‌ریه‌که‌وه چاوه‌دێری ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی که‌سانی دیکه له‌و بواره‌دا بن و تێ‌بکۆشن کرداره پێشگیرییه‌کان په‌ره پێ بده‌ن و یارمه‌تی به دامرکاندنه‌وه‌ی سووتماکه‌کان له ده‌سپێکه‌وه بده‌ن. وه‌ک چۆن له زۆر له وڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهاندا له‌سه‌ر چیمه‌نی باغه گشتییه‌کان ده‌نووسن “ئه‌م شوێنه له‌ژێر چاوه‌دێریی هاووڵاتییاندایه”، با ژینگه‌ی کوردستانیش بکه‌وێته ژێر چاوه‌دێریی ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان.
ره‌هه‌ندی دووه‌م پێوه‌ندیی به رێژیمی کۆماری ئیسلامییه‌وه هه‌یه. ئاشکرایه که به درێژایی سی و شه‌ش ساڵ ته‌مه‌نی ئه‌و رێژیمه، کاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسانی رێژیم نه‌ک هه‌ر له‌ئاست ئاگالێبوون و گه‌شه‌پێدانی کوردستان و ژینگه‌که‌ی بێ موبالات و که‌مته‌رخه‌م بوون، به‌ڵکوو له‌وه‌ش زیاتر زۆربه‌ی کات ئه‌وان بۆخۆیان داڕێژه‌ر و جێبه‌جێکاری به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان و تێکدان و وێران کردنی ژینگه‌ی سروشتیی کوردستان بوون. سه‌باره‌ت به ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ی چیا و لێره‌واره‌کانی کوردستانیش نه‌ک ته‌نیا داموده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کانی رێژیم ئه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا لێیان چاوه‌ڕوان ده‌کرێ به‌دروستی وجیددییه‌ته‌وه ئه‌نجامی ناده‌ن، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت بۆخۆیان گیروگرفت و به‌ربه‌ستیش بۆ ئه‌و ئیبتکارانه دروست ده‌که‌ن که له‌بواری ژینگه پارێزییه‌وه له‌لایه‌ن خه‌ڵک و بژارده دڵسۆزه‌کانه‌وه وه‌ڕێ ده‌خرێن. جێی خۆیه‌تی لێره‌دا گه‌رمترین سڵاو و ده‌سخۆشی بۆ ئه‌نجومه‌نه‌کانی ژینگه‌پارێزی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بنێرین که سه‌رباری هه‌موو کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کانی سه‌ر ڕێیان ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانه‌نیشتوون و له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکی مه‌ده‌نی و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان له‌و بواره‌دا به‌رده‌وام بوون.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه هه‌روه‌ک باس کرا، رووبه‌ر و چۆنیه‌تیی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌کان و مامه‌ڵه‌ی کاربه‌ده‌ستانی رێژیم له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه ته‌می گوومان ده‌خاته سه‌ر واقعییه‌تی سه‌رچاوه‌ی سووتماکه‌کان. به‌له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی سیاسیی هه‌ستیاری ناوچه و په‌ره‌گرتنی جموجۆڵی پێشمه‌رگه و میلتیاریزه کرانه‌وه‌ی زیاتری ناوچه سنوورییه‌کان، به دوور نازانرێ که رێژیم بۆخۆی به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌نجامده‌ر یا لانیکه‌م رێگه‌خۆشکه‌ری سووتانی ژینگه‌ی سروشتیی کوردستان بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ژینگه سروشتییه داڵده‌به‌خشی له‌باری وڵاتپارێزانی کورد نه‌بێ و به‌م چه‌شنه هێزه‌کانی رێژیم باشتر و ئاسانتر ره‌سه‌دی ئه‌و ناوچه سنوورییانه بکه‌ن که لێیان نیگه‌رانن. ئه‌وه‌ش شتێک نیه غه‌یری درێژه‌دان و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی عه‌رزی سووتاو که له پاش راگه‌یاندنی جیهاد به‌دژی خه‌ڵکی کوردستان و هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ سه‌ر شار و گونده‌کانی کوردستان وه‌ڕێ خرا.
پارێزگاری کردن له ژینگه و لێره‌واره‌کانی کوردستان هه‌ر پاراستنی چوارچێوه‌ی سروشتیی ژیان و بنه‌مای گه‌شه‌سه‌ندن و ئاوه‌دانیی کوردستان له دواڕۆژدا نیه هه‌تا ته‌نیا وه‌ک ئه‌رکێکی مه‌ده‌نی و هاووڵاتێتی چاوی لێ بکه‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد گه‌لێکی ره‌سه‌نه که هه‌میشه له سروشت نزیک بووه و خاکیش بڕبڕه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده، هه‌ستیاری و دڵسۆزی له به‌رامبه‌ر سروشت و ژینگه‌ی کوردستاندا هه‌ر له‌و کاته‌دا ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تیشه.