تا ئێستا، کاتێک کە باس له کۆماری ئیسلامی و کێشه‌کانی ئه‌م رێژیمه وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی حاکم به‌رسەر ئێران، له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسییه جۆراوجۆره‌کان کراوە، بەگشتی دوو فاکتۆڕی سه‌ره‌کیی، واتە کێشه‌ی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی، زیاتر له هه‌مووان زه‌ق بوونه‌ته‌وه و له ره‌هه‌ندی جۆراوجۆره‌وه خوێندنه‌وه‌یان بۆ کراوه.
١- کێشه نێوخۆییه‌کان؛ واته ئه‌و کێشه سیاسی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر له نێوخۆی وڵات‌دا له هاوپێوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات به‌رۆکی رێژیمی گرتۆته‌وه و به‌ستێنێکی به‌ربه‌ره‌کانیی به‌رده‌وامی له نێوانیاندا پێک هێناوه. چییه‌تی ئه‌م چه‌شنه کێشانه که زیاتر به کێشه‌کانی مافی مرۆڤ پێناسه ده‌کرێن و بواری جیاواز له خۆ ده‌گرن، جۆرێکی له خواست و ئیراده‌ی گشتیی جه‌ماوه‌ری بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به درێژایی ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی‌دا پێک هێناوه که لە قۆناغە جیاوازه‌کاندا به شێوه‌ی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە. به‌داخه‌وه کۆماری ئیسلامی قەت گوێی به‌م خواست و ئیراده جه‌ماوه‌رییانه، چ وه‌ک هاووڵاتیان و چ وه‌ک گرووپ و ئه‌تنیک و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان نه‌داوه و تا ئه‌و جێیه‌ی بۆی کرابێ سه‌رکوتی کردوون. هه‌ربۆیه‌ش به‌پێی ئاماره ره‌سمی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، کۆماری ئیسلامی به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی، به‌رده‌وام له ریزی سه‌ره‌وه‌ی رێژیمه سه‌رکوتکه‌ر و پێشێلکاره‌کانی مافی مرۆڤ له ئاستی جیهانیدا بووه.
٢- كێشە دەرەكییەكان؛ واتە ئەم كێشە سیاسییانەی كە لەنێوان كۆماری ئیسلامی و كۆمەڵگەی جیهانیدا هەیە یان دێتە ئاراوە. رێژیمی كۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی و هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە قەت لەگەڵ كۆمەڵگەی جیهانی بێ كێشە نەبووە و بەگشتی لە قەیراندا ژیاوە و ئەوەش خۆی تایبەتمەندییەكی تایبەتی پێ بەخشیوە. كێشەی گەورەی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە، ئێستا، زیاتر لە هەموو شتێك پرسی وزەی ناوەكی و چەكی ئەتۆمییە كە گرژی و ئاڵۆزییەكی كەم وێنەی پێك هێناوە. كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوایی سوورن لە سەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەك نەهێڵن رێژیمی ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی و تەكنۆلۆژیای ساز كردنەكەی رابگا و لە بەرامبەردا ئێرانیش دەیەوێ هەرچی زووتر وەك هێزێكی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دیار بە تایبەت لە بواری نیزامییەوە دەر بكەوێ و لەم راستایەشدا کار دەکا. بەربەرەكانییەكی چەندین ساڵەی بەردەوام لە نێوان دنیای دەرەوە و ئێران‌دا فەزایەكی بێ متمانەیی و بێزارییەكی بەرینی نێو نەتەوەیی بەرامبەر بە حكوومەتی ئێران پێك هێناوە و ئەم رێژیمەی زیاتر لە هەمیشەی خۆی لە ئاستی جیهانیدا تەریك كردۆتەوە. دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و پشتگیری لە هێزە چەکدارە تێرۆریستەکانی وەک حەماس و حیزبوڵلا و حوسییەکانی یەمەن و دژایەتیی بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل، روخسارێکی ئەوەندەی تر ناشیرینی لە کۆماری ئیسلامی لەئاستی نێونەتەوەییدا ساز کردوە و کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابووریی قووڵی بۆ دەسەڵات و خەڵکی ئەم وڵاتە بە خەڵات هێناوە.
هەر كام لەم فاكتۆرە سەرەكییانە لە جێی خۆیدا بە مەرجێك كە بە ئاستی لێورێژی خۆیان بگەن دەتوانن رێژیمێكی دەسەڵاتداری وەک ئێران بەرەو هەڵدێرەكانی نەمان پاڵ پێوەبنێن. بەڵام ئەوەی كە ئێستا و بەم دواییانە زیاتر لە هەمیشە گرینگیی پەیدا كردوە و وەك تەواوكەری دوو فاكتۆرەی ناوخۆی و دەرەکی دەتوانێ دەورێكی ئەکتیڤ و سەرەكی بگێرێ و قەت بەم شێوەیە و لەم ئاستەدا خۆی نیشان نەدابوو، كێشەی ناوخۆیی نیزامی كۆماری ئیسلامی و دوور كەوتنەوەی بەرینی لایەنە جۆراوجۆرەكانی نێو رێژیمە لە یەكتر. دانانی ئەم فاكتەرە لە تەنیشت دوو فاكتۆرەكەی دیكەوە سێ گۆشەی قەیرانی مانەوەو نەمانەوەی رێژیمی تاران تەكمیلتر لە جاران دەكا. لە راستیدا فاكتەری كێشە نیوخۆیی رێژیم خۆی بوارێكی كردەوەیی و خێراتر بە گەشەی دوو فاكتۆرەكەی دیكە دەبەخشێ و ئەگەری رۆژ لە گەڵ رۆژ لاوازتربوون و لە پەراوێزکەوتنی زیاتری كۆماری ئیسلامی مومکینتر دەكا. ئەگەرچی شیمانەی سنووربەندیی بەرینی نێوان باڵ و لایەنە جیاوازەكانی رێژیم شتێكی دوور لە زەین نەبوو، بەڵام دان پێدانان و ئیعترافی خودی سەرانی نیزام بەرگێكی پڕرەنگتری لەبەر كردوە.
نەریتی جارانی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی بۆ پاساو هێنانەوە لە بەرامبەر ئەو رەخنانەی كە رووبەڕووی دەبوونەوە زیاتر حاڵەتی «فرافكنی» و خۆ لێ دەرهاویشتن بوو. زۆربەی جار، یان ئێستای ئێرانیان لەگەڵ سەردەمی رێژیمەكانی پێشوو بەراورد دەكرد، یان رووی كێشەكانیان لە دنیای دەرەوە و دژبەرانی نیزام بەتایبەت “ئیمپریالیزمی جیهانی” دەكرد. کەچی ئێستا راشکاوانە رەخنەی توند ئاراستەی یەکتر دەکەن و نایشارنەوە کە کێشەی جیددی و ئەساسییان لە دەروونی خۆیاندا هەیە.
ئێستا ئەو پرسیارەی دێتە گۆڕێ ئەوەیە كە، ئایا لە زیادبوون و لەگەڵ كەوتنی فاكتەرەی سێیەم (كێشەی دەروونیی نیزام) له‌گه‌ڵ دوو فاکتۆره‌که‌ی دیکه‌ی پێشوو (کێشه‌ی نێوخۆیی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و کێشه‌ی ده‌ره‌کی لەگەڵ دنیای دەرەوە)دا، كۆماری ئیسلامی بەرەو کام ئاراستە دەبا؟!