لە یەک مانگی ڕابردوو دا ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەد و گۆڕەپانی کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسیی جێی هەڵوێستە لە سەرکردن بوو. خۆپێشاندانی ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕی خەڵکی مەهابادو، هەژانی سیاسیو ڕەوانیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەم ڕاسانە جەماوەرییەوە، یەک لەو ڕووداوانە بوو. دووهەم ڕووداو، بەڕێوەچوونی ئەو زنجیرە ڕێوڕەسمو بەرنامەیە بوو کە لە ژێرناوی “کۆنگرەی پێشمەرگە موسوڵمانەکان” لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کرماشانو پاوەو سنەو چەند شاری دیکەی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوون. ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکانی دیکە بریتی بوون لە ٣- جووڵەی پێشمەرگەکانی هەر دوو حیزبی دیموکرات بەرەوە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کە تێکهەڵچوونی نێوان گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانو پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان بە دوا دا هاتو، ٤- بڵاوبوونەوەی نامەی سەرئاوەڵای دەیان چالاکی سیاسیو میدیایی ڕوو بە هیزەکانی ڕۆژهەڵات کە لەودا پێویستیی پێکهاتنی هەر چی زووتری بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان وەبیر هێناوەتەوە.
ئەگەرچی ئەمانە ٤ ڕووداوی بە تەواوی جیاواز بوون، بەڵام هەر کامیان هەڵگری پەیام یا کۆمەڵە پەیامێکن کە دەکرێ هەر هەموویان لە ژێر یەک میچو بە سوود وەرگرتن لە یەک قامووس بخوێندرێنەوە. ناوی ئەم میچە یا ئەم قامووسە ڕۆژهەڵاتتەوەرییە.
خۆپێشاندانەکەی مەهاباد سەلماندییەوە کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی کەڵەکەبوونی ئاسەوارەکانی بێبەشیو سەرکوتێکی درێژخایەنو ڕۆژبەڕۆژ زیاتر، هەمووکات ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێ لە گەڵ پەیدابوونی بیانووو دەرفەتێکی گونجاو، بە گژ هێزو دامودەزگای سەرکوتدا بچێتەوە، بەڵام لە نەبوونی یەک گوتاریو یەک هەڵوێستی وهاوکاریی هێزەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتو لاوازبوونی لێکتێگەیشتنی ئەکتەرانی نێوخۆو دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم جۆرە ڕووداوانە، ناتوانن ببن بە ماکەی هێنانە سەر شەقامی خەڵک لە شارەکانی دیکەو لە جیاتی بە خێر بە سەر چارەنووسی ئەم بەشەی کوردستان دا بشکێنەوە، دەبن بە هەوێنی سەرکوتی زیاتربێ ئەوەی دەسکەوتێان لێ بکەوێتەوە.
ڕێژیمی ئێران، لە سۆنگەی پێوەندیی گەرمو “تایبەت” لە گەڵ هێزە سەرەکییەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانو بوونی لە نێو ڕووداوەکانیاندا، خۆی بە دۆستو پشتیوانی کورد لە ناوچەکە دەناسێنێو، هاوپەیمانەکانیشی شایەدی بۆ ئەم دۆستو پشتیوانبوونەی دەدەن! ئەم ڕێژیمە بۆ زیاتر لە ١٠میلیۆن کورد لە وڵاتەکەی خۆی، تەنانەت ئەو مافانەشی بە رەسمی نەناسیوە کە نزیکەی پەنجا ساڵ لەمەوبەر ڕێژیمی بەعس بۆ کورد لە عێراقی بە ڕەسمیی ناسیبوون. ئەمەش لە کاتێک دایە کە پرسی کورد لە هەر کام لە وڵاتانی دراوسێیدا چووەتە ئاستێکی بانتر. کۆماری ئیسلامی لە جیاتی بە جێ نەمان لە وڵاتانی دەوروبەرو گەڕان بە دوای چارەسەرێک بۆ پرسی کورد لە ئێرانداو ملدان بۆ بەڕەسمی ناسینی مافەکانی نەتەوەی کورد، گەڕاوەتەوە سەر نمایشدانی جاشەتیی کۆمەڵێک کوردی خۆفرۆشو ڕێزگرتن لە تاوانەکانیان بەرامبەر خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە نەتەوەییەکەیان لە درێژایی٣٥ ساڵی ڕابردوودا! بەم جۆرە ئەو ڕێژیمە پێ لە سەر هەمان پەیامو سیاسەت دادەگرێتەوە کە تا ئێستا بوویەتیو هێڵێکی راستو چەپ بە سەر هەموو ڕێگایەکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ پرسی ڕەوای کورد لە ئێراندا دێنێ. کوردی ڕۆژهەڵات پیویستە ئەم پەیامە وەربگرێ.
دوو دەیە خۆپاراستنی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حوزوور لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتو هەرێمی کوردستانو، دووری کردنیان لە چالاکیی بەردەوامو جیددی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە هۆیەکانی بەجێمانی بزووتنەوەی کوردو لە ڕۆژەڤدانەبوونی پرسی کورد لەم بەشەدا بووە. حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هەستکردن بەم ڕاستییە لە ساڵانی رابردوودا،هێندێک حەرەکەتی کرد کە هیواو هومێد خوڵقێن بوون. ئەمە بووە بە هۆی ئەوە پێویستیی بوون لە سەر سنوورەکانو چالاکبوونەوە لە نیوخۆی ڕۆژهەڵات، لە لایەن هێزەکانی دیکەشەوە هەنگاوی بۆ بنرێ. تێکهەڵچوونی چەکدارانەی گریلاکانی پێ.کا.کا لە گەڵ پێشمەرگەکانی حدکا، ئەو پەیامەی لێ خوێندرایەوە کە حوزوور لە سەر سنوورەکانو چالاکبوونەوە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، کە مافی بێئەملاوئەولای تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتە، دەتوانێ بکێشێتە تەنانەت تێکهەڵچوونی چەکدارانەش لە گەڵ هێزێکی وەک پێ.کا.کا. بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە بێ یەکگرتوویی نێوان خۆیانو بێ هاوکاریی لە گەڵ یەکتر، ئایا دەتوانن ئەم مافەی خۆیان ئەمڕۆ بە پارتی کرێکارانی کوردستانو سبەینێ بە هەرێمی کوردستان، بسەلمێنن؟
چوارەمین ڕووداوی ئەم یەک مانگەی ڕابردوو (وەبیرهێنانەوەی پێویستیی پێکهاتنی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانو ڕووبەرووکردنەوەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ ئەم داوایە) هەوڵدانە بۆ چارەسەری کێشەیەکی گەورە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم ڕووداوانەی دواییو لە هەموو ڕووداوە گرنگەکانی پێشوودا لە گەڵیان بەرەوڕوو بووە. خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، بەوانەشەوە کە بە چالاکانی سیاسی، فەرهەنگیو مەدەنیی کورد لە نێوخۆدەژمێردرێن، لە بەر بارودۆخی نەخوازراوی خۆیان، چاویان لە هێزەسیاسییە دوورخراوەکانیانە کە ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی پرسی کورد لە ئێرانو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بقۆزنەوەو چی دیکە نەهێڵن پرسی کورد لەم بەشە لە گەمارۆی ئەمنیەتی- سیاسیی ڕێژیمی ئێرانو دۆستە هاوبەرژەوەندەکانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بمێنێتەوە. بەڵام ئەم چاوەڕوانییە بەجێ و ڕەوایە، هەر وەک زۆر جاری دیکەش حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕاشکاوی باسی کردوە، وەدی نەهاتوە. چونکە حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەم بەشە کە هیچکامیان بە تەنیا توانای ڕووبەرووبوونەوەو مودیرییەتی گرفتو ڕووداو و کێشە گەورەکانیان نییە، بۆ پێکەوەبوونو هاوکاری لە گەڵ یەکتر لە ژیر چەتری بەرەیەک یا هەر ناوێکی دیکەش، ئامادەییەکی ئەوتۆیان لە خۆیان نیشان نەداوە.
ئێستا و دوای ڕووداوەکانی ئەم دوایانە، جارێکی دیکە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، لە کەشوهەوایەکی بارگاوی بە هیواو ئیرادەی هەستانەوەی ڕۆژهەڵات، بەرەوڕووی پرسیارە هەمیشەییەکە بوونەتەوە. ئەرێ هەر لەم پەرشوبڵاوییە خۆویستانەیە دا دەمێننەوە کە بزووتنەوەی ئەم پارچەیە و خۆتانی “زەمینگیر” کردوە یا لە سەر بناغەی بەرژەوەندو داواو چاوەڕوانییە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی سەرکوتکراو، گەمارۆدراوو بەجێماو، یەک دەگرن بۆ ئەوەی هیوای زیندووبوونەوەو هەستانەوە لە هەناوی ڕۆژهەلاتەکەتان دا بڕوێنن؟
ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٧ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە