کاریگه‌ری میدیا به به‌رده‌وامی زۆرتر ده‌بێ به هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک له چوارگۆشه‌ی جیهان بۆ وه‌رگرتنی زانیاری و بۆ به‌سه‌ربردنی کاتێکی خۆش که‌ڵک له میدیا وه‌رده‌گرن. بازرگانه‌کان، خاوه‌نانی کۆمپانیا، چالاکانی مه‌ده‌نی، سیاسه‌تمه‌داران و خه‌ڵکی پسپۆر سه‌رمایه‌گوزاری له میدیادا ده‌که‌ن تا په‌یامی خۆیان به شێوه‌یه‌کی خێرا و کاریگه‌ر به خه‌ڵکێکی زۆر بگه‌یه‌نن. جگه له‌مه گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆژی، که‌ڵک وه‌رگرتن له کامێرای پێشکه‌وتوو، کامپیوتێر و ئینترنێت، ئه‌و هێزه‌ی به میدیا به‌خشیوه تا به‌رده‌نگ به ده‌نگ و وێنه‌گه‌لێکی زۆرتر و ئالۆزترسهرقاڵو سەرسام بکا. هه‌ر بۆیه زۆرێک له خه‌ڵک نه‌ته‌نیا جیهان له رێگه‌ی میدیا ده‌بینێ به‌ڵکوو چۆنیه‌تی بیرکرنه‌وه و تێگه‌یشتنی له جیهانیش هه‌ر به هۆی میدیایه. میدیا ده‌توانێ هیوای ژیان و داهاتوویه‌کی ڕوون بۆ به‌رده‌نگی دروست بکا و ده‌شتوانێ تۆوی نائۆمێدی و ره‌شبینی بچێنێ. به‌ڵام میدیا به‌شێوه‌یه‌کی بێ لایه‌نانه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ واقعییه‌ت ناکا و هه‌وڵ ده‌دا که به‌شێک له واقعییه‌تێک به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت نیشان بدا. له‌و وتاره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌مه‌وه که سێ ئامرازی وه‌ک ته‌له‌ڤیزیۆن، رۆژنامه و رێکلام به رێگه‌ی جۆراوجۆر په‌ره‌یان به پیاوسالاری داوه. پیاوسالاری ڕوانگه‌یه‌که که کار بۆ ئه‌وه ده‌کا که پیاوان له بواری جۆراوجۆر هێژمۆنیان به سه‌ر ژنان دا هه‌بێ. پیاوسالاری هه‌ر وه‌ک چۆن سه‌رده‌مانێک به‌شێک له خه‌ڵکی سپی پێست له ئورووپا و ئه‌مریکا به چاوی سووک سه‌یری ره‌ش پێسته‌کانیان ده‌کرد، پیاوسالاریش به‌و شێوه‌یه له ژنان و تواناکانی ئه‌وان ده‌روانێ. پیاوسالاری له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌یه له‌به‌رده‌م مرۆڤسالاری.
فیلم و پیاوسالاری
ته‌له‌ڤیزیۆن و فیلم له رێگه‌ی نیشاندانی ژنان وه‌ک کاراکتێری پاسیڤ و پاشکۆی پیاوان، په‌ره‌یان به پیاوسالاری داوه. له زۆربه‌ی فیلمه‌کاندا، پیاوان رۆڵی یه‌که‌میان هه‌یه و وه‌ک قاره‌مانی فیلم رۆل ده‌گێرن به‌ڵام ژنان زۆربه‌ی کات رۆلی لاوه‌کیان پێ ده‌درێ. بۆ نموونه به پێی لێکۆلینه‌وه‌ی که مارتا لاوزن، (Martha Lauzen)، ماموستای زانکۆی سان دیاگۆ، ئه‌نجامی داوه به‌شداری ژنان له 100 فیلم که له ساڵی 2013 زۆرتریان فرۆشیان هه‌بووه به‌مشێوه بووه؛ ته‌نیا 15% قاره‌مان و که‌سی یه‌که‌می فیلمه‌کان ژن بوون، ته‌نیا 29% کاراکتێره گرینگه‌کان و 30% ئه‌و کاراکتێرانه‌ی قسه‌یان کردوه ژن بوون. که‌وایه له‌و 100 فیلمه نزیک 70% کاراکتێره ژنه‌کان، له‌و فیلمانه‌دا به‌شدار بوون به بێ ئه‌وه‌ی قسه بکه‌ن. ئه‌و فیلمانه ئه‌و ڕوانگه‌یه په‌ره پێ ده‌ده‌ن و دووباره‌ی ده‌که‌نه‌وه که ژنان ناتوانن رۆلی سه‌ره‌کی و گرینگ وه‌ئه‌ستۆ بگرن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ببینن که ژنان له نێو فیلمه‌کاندا رێبه‌ر و به‌رێوه‌به‌رن، ئه‌وه خه‌ڵک هان ده‌دا که له ژیانی واقعیش دا متمانه‌ی زیاتر به ژنان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاره‌تی رێبه‌ری و به‌رێوه‌به‌ریان پێ بده‌ن. گینا ده‌یویس له ساڵی 2005 له فیلمێکدا به ناوی کاماند ئین چیف (Command in chief) رۆلی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکای گێرا. دوای فیلمه‌که ڕاپرسییه‌کی ئه‌نجامدا که له‌ودا 68% به‌شداربووان که فیلمه‌که‌یان دیتبوو، ره‌زامه‌ندی یه‌کی زۆرتریان په‌یدا کردبوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆک کۆمارێکی ژنیان هه‌بێ.
تهلهڤیزیونهکان ژنانی گه‌نج زیاتر نیشان ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و به‌کارهێنانه ئامرازی و سێکسییه که میدیا له ژنان و جه‌سته‌ی ژنان ده‌یکا. بۆ نموونه ژنانی ئه‌مریکی له نێوان ته‌مه‌نی 20 بۆ 30 ساڵ ته‌نیا 39% حه‌شیمه‌تی ژنانی ئه‌مریکا پێکدێنن. ئه‌وه له حالێکدایه که 70% ئه‌و ژنانه‌ی له میدیای ئه‌مریکادا دا نیشان ده‌درێن، ته‌مه‌نیان له نێوان 20 بۆ 30 ساڵ دایه. ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان له نێو فیلمه‌کانی دراما، ڕوانگه کۆن و نه‌رێنییه‌کان له‌هه‌مبه‌ر ژنان به‌کار ده‌هێنن تا پیاوسالاری له زه‌ینی منداڵان وه‌ک شتێکی ئاسایی و سروشتی جێ بگرێ. به پێی لێکۆلینه‌وه‌یه‌ک که رێکخراوی گینا ده‌یویس (Geena Davis Institution)
ئه‌نجامی داوه، له نێوان 129 فیلمی دراما که ئه‌وان سه‌یریان کردوه، ته‌نیا 28.3 % کاراکتێره قسه‌که‌ره‌کانی ئه‌و فیلمانه له ره‌گه‌زی مێ بوون؛ بۆ ئه‌و درامایانه‌ی تایبه‌ت به منداڵان بووه، ته‌نیا 30.8% کاراکتێره قسه‌که‌ره‌کان له ره‌گه‌زی مێ بوون. به‌و پێیه ئه‌و فیلم و درامایانه منداڵان وا په‌روه‌رده ده‌که‌ن که بێ ده‌نگ و پاسیڤبوون تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئاسایی ژنانه و ئه‌وان له داهاتوودا پێویسته پاسیڤبووبی ژنان به به‌راورد به پیاوان وه‌ک شتێکی ئاسایی وه‌ربگرن.
«کیسه‌له‌کان ده‌توانن بفرن» یه‌کێک له به‌رهه‌مه به‌ناوبانگه‌کانی ده‌رهێنه‌ری کورد، به‌همه‌نی قوبادی یه. ئه‌و فیلمه باسی ژیانی دژواری کۆمه‌لێک منداڵ له که‌مپ له ساڵی 2003 له عێراق ده‌کا. فیلمه‌که سێ کاراکتێری سه‌ره‌کی هه‌یه؛ دوو کور به ناوه‌کانی هه‌نگاو و سه‌ته‌لایت و کچێک به ناوی ئاگرین. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌نگاو دوو ده‌ستی نیه، ئه‌و قاره‌مانی ئه‌و فیلمه‌یه و پارێزگاری له ئاگرینی خوشکی ده‌کا. ئاگرین له‌و فیلمه‌دا کاراکتێرێکی پاسیڤی هه‌یه؛ ئه‌و تاکه کاری ئه‌وه‌یه ئاگای له منداڵه‌که‌ی بێ و له کۆتایی دا خۆی ده‌کوژێ. فیلمی «کیسه‌ڵه‌کان ده‌توانن بفرن» له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا توانێوێتی ئازاری ئه‌و منداڵه کوردانه به باشی نیشانی بینه‌ر بدا، به‌ڵام ته‌نیا کاراکتێری سه‌ره‌کی مێینه‌ی ئه‌و فیلمه‌ی، ئاگرین، وه‌ک کاراکتێرێکی بێ ئیراده نیشان دراوه. فیلمه‌که بۆ ژنان هه‌ڵگری په‌یامێکی ئه‌رێنی و هیوابه‌خش نیه.
رۆژنامه و پیاوساڵاری
رۆژنامه‌کان وه‌ک به‌شێک له میدیا ده‌توانن ببنه هۆکاری مانه‌وه و په‌ره‌گرتنی پیاوسالاری. رۆژنامه‌کان زۆربه‌ی کات له رێگه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتن له زمانێکی سێکسی، توانا و ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان بچووک نیشان ده‌ده‌ن. زمانی سێکسی به زمانێک ده‌وترێ که به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان و دادپه‌روه‌رانه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌کان ناکا و له رێگه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتن له هێندێک ده‌سته‌واژه، یه‌کێک له ره‌گه‌زه‌کان، زۆربه‌ی کات ژنان، سووک و بچووک نیشان ده‌دا. تایتێلی رۆژنامه‌کان زۆربه‌ی جار روخساری ژنان به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه له‌حالێکدا به نیسبه‌ت پیاوان، جه‌خت له‌سه‌ر شاره‌زایی و به‌رپرسیاره‌تیان ده‌کا. ناوه‌ندی بریتانیا بۆ ژنان له به‌شی زانست، ئه‌ندازیاری و ته‌کنۆلۆژی (UKRC) بۆ ماوه‌ی 6 مانگ سه‌یری 12 رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی بریتانیای کردوه و بۆی ده‌رکه‌وتووه که ئه‌و رۆژنامانه له‌هه‌مبه‌ر 50% ژنانی پسپۆر و زانا باسی ستایلی جل و قژی ئه‌و که‌سانه‌یان کردوه له‌حالێکدا ته‌نیا بۆ 20% پیاوانی هاوئاست ئه‌و کاره‌یان کردوه. هه‌روه‌ها له ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و رۆژنامانه له‌و 6 مانگه‌دا وه‌ک شاره‌زا نه‌قلی قه‌وڵیان لێ وه‌رگرتوون، 80% له ره‌گه‌زی نێر و ته‌نیا 20% له ره‌گه‌زی مێ بوون. له زۆربه‌ی رۆژنامه‌کان دا، پیاوانی پیاوسالار خاوه‌ن ئیمتیاز و سەرنووسەر و نووسه‌رن، هه‌ر بۆیه جیهانێکیش که نیشانی ده‌ده‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی پیاو دایه.
زۆرێک له‌و دروشمانه‌ی ته‌نانه‌ت باس له ئاشتی نێوان نه‌ته‌وه‌کانیش ده‌که‌ن هه‌ڵگری زمانێکی سێکسی و پیاوسالارانه‌ن. بۆ نموونه دروشمگه‌لێک وه‌ک «کورد و تورک بران» یان «کورد و عه‌ره‌ب بران» هه‌ڵگری زمان وعهقلانییهتێکی پیاوسالارانهیە چونکه پێوه‌ندی نێوان دوو نه‌ته‌وه به پێوه‌ندی نێوان پیاوانی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه کورت ده‌که‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و دروشمانه نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه به نوێنه‌رایه‌تی پیاوان کورت ده‌که‌نه‌وه. به جێگه‌ی ئه‌و دروشمانه ده‌کرێ بلێین «کورد و تورک هاوڕێن» یان «بژی هاورێیه‌تی کورد و تورک». له زمانی ئینگلیسیش دا پێشتر وشه‌ی Men که به مانای پیاوان دێ، بۆ ئاماژه به مرۆڤه‌کان به‌کارده‌هێنا به‌ڵام به هۆی گه‌شه‌ی ره‌وتی فێمێنیستی، ئه‌وانیش پێداچوونه‌وه‌یان به زمان و ئه‌ده‌بیاتی خۆیان کردوه و ئێستا زۆربه‌ی کات له وشه‌ی Humans که ته‌عبیر له ژن و پیاو ده‌کا بۆ ئاماژه به مرۆڤه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرن.
شێوه‌ی دارشتنی هه‌واڵێک ده‌کرێ به شێوه‌ی سێکسی بێ و هه‌وڵ بۆ بایه‌خ دان به پیاوان و بچووک کردنه‌وه‌ی ژنان بدا. لێره‌دا چاو له تایتێلی راپۆرتێک ده‌که‌ین که سۆران عومه‌ر له رێکه‌وتی 3/12/2014 له سایتی خه‌ندان بڵاوی کردۆته‌وه. تایتێلی راپۆرته‌که ئه‌وه‌یه: «ئه‌و ئافره‌ته‌ی له لوبنان ده‌ستگیر کراوه ژنی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی نییه«. تایتێلهکه به ناونه‌هێنانی ناوی ژنه‌که، ئه‌و په‌یامه به به‌رده‌نگ ده‌دا که ئه‌وه‌ی گرینگه مێردی ئه‌و ژنه‌یه نه‌ک خۆی. راپۆرته‌که له درێژه‌دا ده‌لێ که ئه‌و ژنه خوشکی عومه‌ر عه‌بدوڵحه‌مید دلێمییه که ئه‌میری یه‌کێک له که‌تیبه سه‌ربازی یه‌کانی داعشه. راپۆرتنێر له زه‌قکردنه‌وه‌ی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادییه‌وه ده‌روا بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی پیاوێکی دیکه به ناوی عومه‌ر عه‌بدولحه‌مید به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌وه بدا که ئه‌و ژنه واته سه‌جا عه‌بدولحه‌مید دلێمی کێیه و چ ده‌ورێکی له داعش دا هه‌بووه. بیرکردنه‌وه‌ی پشت ڕاپۆرته‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌و ژنه وه‌ک خۆی گرینگ نیه، به‌ڵکوو کاتێک گرینگی په‌یدا ده‌کا که ژن یا خوشکی پیاوێکی گرینگ بێ.
رێکلام و پیاوسالاری
ئه‌گه‌رچی رێکلام ده‌توانێ کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر هه‌ر دوو ره‌گه‌زی مێ و نێر بێ به‌ڵام زۆربه‌ی کات ره‌گه‌زی مێینه ده‌کاته ئامانج و ئامراز. رێکلامه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ستێکی نائه‌منی سایکۆلۆژی و دڵه‌راوکێ له ژنان دروست بکه‌ن تا په‌نا بۆ کرینی شتومه‌کی جوانکاری به‌رن. زۆربه‌ی رێکلامه‌کان له ژنانی کز و سپی پێست که‌ڵک وه‌رده‌گرن. ئامانج له‌و رێکلامانه ئه‌وه‌یه که به به‌رده‌نگی ژن و پیاو بلێن که مۆدێل و باشترین ستایلی ئافره‌ت ئه‌وانه‌ن که زۆر کزن، پێستی سپی و سافیان هه‌یه. ژنان به هۆی رێکلام نیگه‌رانی که‌شی خۆیان ده‌بن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و ئایدیاله له له‌شجوانی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. به پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی ناوه‌ندی تێكچوونی باری خواردنی ئه‌مریکا (National Association of Anorexia and Associated Disorder)، ژنان زۆر زیاتر تووشی تێکچوونی باری خواردن ده‌بن. هه‌روه‌ها به پێی لێکۆلینه‌وه‌که 53% کچانی 13 ساڵی ئه‌مریکی له که‌شی خۆیان نارازین؛ ئه‌و ناره‌حه‌تییه بۆ 78% ئه‌و کچانه به‌رز ده‌بێته‌وه کاتێک ده‌گه‌نه ته‌مه‌نی 17 ساڵ. رێکلامه‌کان زۆربه‌ی کات وێنه‌ی ئه‌و کچه مۆدێلانه نیشان ده‌ده‌ن که به کامێرا و کامپیوتێر وێنه و فیلمه‌کانیان مۆنتاژ و دیزاین کراون به شێوه‌یه‌ک که هیچ چین و چرووکێک له ده‌موچاو دا نیه یان هیچ بهرزگێکیان نییه. ژنان له ئه‌مریکا ساڵانه له نێوان 12000 دۆلار تا 15000 دۆلار بۆ کرینی شتومه‌کی جوانکاری و روێشتن بۆ سالۆنی ئارایش خه‌رج ده‌که‌ن. ئه‌و رێکلامانه ئه‌و په‌یامه به ژنان ده‌ده‌ن که گرینگ نییه چ کرده‌وه یان سه‌رکه‌وتنێکیان هه‌بووه به‌ڵکوو شتێک که سه‌ره‌کی یه ئه‌وه‌یه که له‌شێکی جوان و رۆخسارێکی جوانیان هه‌بێ.
رێکلامه‌کان به شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ توندوتیژی به دژی ژنان په‌ره پێ ده‌ده‌ن کاتێک که له‌شی ژنان له‌ته‌نیشت کالایه‌ک یان وه‌ک کالایه‌ک نۆمایش ده‌که‌ن. جین کیلبورن (Jean Kilbourne)، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر، له‌و بروایه دایه که نیشاندانی مرۆڤێک وه‌ک ئامراز، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کاته‌کان هه‌نگاوی یه‌که‌م بووه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت به توندوتیژی له دژی ئه‌و که‌سه بدرێ؛ مرۆڤ وه‌ک شتومه‌ک نۆمایش ده‌کرێ و توندوتیژی ده‌بێته بابه‌تێکی بێ ئه‌ملاوئه‌ولا.
لێره‌دا نموونهیەک له رێکلام ده‌بینین که کۆمپانیایه‌کی ئه‌مریکی له‌ساڵی 1967 بۆ فروشتنی سیگار که‌ڵکی لێ وه‌رگرت . رێکلامه‌که ئاوا وه‌سفی سیگاره‌که ده‌کا: «سیگار وه‌ک ژن وایه، باشترینیان کز و ده‌وله‌مه‌نده.
کۆمپانیایه‌که له لایه‌ک ژنی کز و ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌ک ئایدیال نیشان ده‌دا و له لایه‌کی دیکه ژن وه‌ک کالایه‌ک هاوشێوه‌ی سیگار نیشان ده‌دا. ئه‌و به ئامرازکردنهی ژن له رێکلام دا به‌ستێنی زه‌ینی خۆش ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی پیاوان ژن وه‌ک ئامراز سه‌یر بکه‌ن و خۆیان به کڕیار و خاوه‌نی ژنان بزانن. به‌و پێیه رێکلامی له‌م چه‌شنه به هێنانه‌خواری به‌های ژنان تا ئاستی کالایه‌ک، توندوتیژی ده‌رهه‌ق به ژنانیش هه‌ر وه‌ک هه‌ڵسووکه‌وتی خاوه‌ن کالا له‌گه‌ڵ شتومه‌که‌که‌ی، ئاسایی و نۆرمالیزه ده‌کا.
ئاکام گیری
سیستمی پیاوسالاری له رێگه‌ی کۆنتروڵکردنی میدیا هه‌وڵ بۆ نوێکردنه‌وه، به‌رده‌وامی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆی ده‌دا. له شوێنێک دا که میدیا له زمانێکی سێکسی و پیاوسالار که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و ئه‌و زمانه وه‌ک شتێکی ئاسایی و ته‌نانه‌ت به‌شێک له ئازادی به‌یان وه‌رده‌گیرێ، نیشانه‌ی به‌هێزبوونی پیاوسالاری و لاوازی وشیاری فێمێنیستی له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه دایه. ئه‌رکی ره‌وتی فێمێنیستی ئه‌وه‌یه تێگه‌یشتن و وشیاری گشتی له‌هه‌مبه‌ر رۆلی میدیا له‌هه‌مبه‌ر په‌ره‌دان به پیاوسالاری به‌رێته سه‌رێ. فیلم، رۆژنامه و رێکلام ده‌توانن هه‌ڵگری په‌یامگه‌لێک بن که ئامانجی به ئامرازکردن و بچووک کردنی ژنان بێ. خوێندنه‌وه و لێکۆلینه‌وه‌ی فێمێنیستی بۆ میدیای کوردی ده‌توانێ به‌ستێنی هه‌بوونی میدیایه‌کی مرۆڤتهوهرتر خۆش بکا.
Works Cited
Al-Ramahi, R. A. (2013). Sexist Manifested in the Language of Nursery Rhymes: Analysis of Sexist linguistic Features. European Scientific Journal, 8.
Breitman, K. (2014, September Monday). Politico. Retrieved December 3 December, 2014, from politico: https://www.google.iq/#q=9%2F29%2F14
Caldas-Coulthard, C. R. (1995). Man in the News: the Misrepresentation of Women Speaking in News-as-Narrative-discourse. Birmanghan University International Language Debates, 8.
Disorders, N. A. (2014, December 2). Anad. Retrieved December 3, 2014, from Anad : http://www.anad.org/get-information/about-eating-disorders/eating-disorders-statistics/
Evans, K. (2012). Media Representations of Male and Female. Internet Journal of Criminology © , 8.
Ghobadi, B. (Director). (2005). Turtles Can Fly [Motion Picture].
Gull, R. (Director). (2014). Ahol advertising for washing machine [Motion Picture].
Hamedy, S. (2014, March 11). Report: Just 15% of lead characters in major movies are female. Retrieved December 1, 2014, from articles.latimes.com: http://articles.latimes.com
https://www.youtube.com/watch?v=hZkC_fNxmQk (Director). (2011). Misrepresentation, The media›s manipulative influence over your morals [Motion Picture].
Jenny Kitzinger, M. C. (2008). Gender, Stereotypes and Expertise in the Press: Cardiff School of Journalism, Media and Cultural Studies, iii.
Media, G. D. (2012). THE THIRD GLOBAL SYMPOSIUM. THE THIRD GLOBAL SYMPOSIUM, 7.
Talks, T. (Director). (2014). Looks are not everything. Believe me, I am a model. [Motion Picture].
كه‌ریم, س. (2014, December 3 December). xendan. Retrieved December 4 December, 2014, from Xendan: http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=20816&Jor=1
ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٧ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە