بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا
یەزدانپەرست_یەکێک لە خوێندکارانی هێرشبەر بۆسهر باڵویزخانە_ لە فیلمێکی دێکۆمێنتاریدا، دەڵێ: قەزییەکە بوو بە شتێکی دیکە دوای ئەوەی ئیمام پشتیوانی لێکردین. (١) دواتر ئەوەی خومەینی بە شۆڕشێکی گەورە و گەورەتر لە شۆڕشی یەکەم و بە «شۆڕشی دوویەم» پێناسە کرد؛ زۆربەی بەرپرسان و دامودەزگاکانی حکوومەتی پشتیوانی چڕوپڕیان لەو کردهوه دزێوە کرد و بەر دەرگهی باڵوێزخانەی ئەمریکا کرا بە مەکۆی خۆپێشاندانەکانی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی پاوانخواز، بێ گوێگرتن لە ناڕەزایەتییەکی بەربەرینی وڵاتانی جیهانی.
حیزب و ڕێکخراوە چەپە نائیسلامی و ئیسلامییەکانیش چالاکانە لهوهدا بەشدار بوون. نێهزەتی ئازادی تووشی دابڕان بوو. حیزبی دێموکرات موخالیفی ئەو کردەوەیە بوو.
باری رۆزەن_ کارمەندێکی باڵوێزی ئەمریکا_ دەڵێ: چەند ڕۆژ دوای وەرگیرانی شا لە ئەمریکا، ئارامییەک هەبوو، ئێمەش بە جیدی وەرمان گرتبوو. بەڵام ئارامییەکی پێش تۆفان بوو.(٢) خۆپێشاندانەکان پتر و پتر دەبوون و ئاڵای ئەمریکا و بووکەڵەی جیمی کارتێر لەبەر دەرگای باڵیوێزخانەکە دەسووتێندران. دروشمی «خومەینی دەجەنگێ و کارتێر دەترسێ» لە دیواری دەرەوەی باڵوێزخانە هەڵاوەسرابوو.(٣)
عەبدولحوسێنی ڕووحولئەمینی _کە بۆ خۆی لە خوێندکارانی هێرشبەر بوو_دەڵێ: پێمان وابوو جەوهەری بێزاری لە ئەمریکا جگە لە پەنادان بە محەممەد ڕەزا پەهلەوی- وەک کەسێک کە ماکەی زوڵمێکی زۆر لە میللەتی ئێمە بوو- نیشانەی چالاکییهکی وابوو کە ئەمریکا بەڕاستی دەیهەوێ بگەڕێتەوە.(٤) سهیر ئهوهیه که لەنێو گیراوەکانی خۆپیشاندانهکانی شەپۆلی سەوزدا، موحسینی ڕووحولئەمینی_کوڕێ عەبدولحوسێن_ یان تێدابوو، کە لە زیندانی کەهریزەک لە ژێر ئەشکەنجەدا، گیانی لێ ئەستێدرا!
مێلکۆم بێڕن_بەرپرسی ئارشیوی ئەمنییەتی ئەمریکا_ دەڵێ: ئەوان مەترسیی کوودێتایەکی لە شێوەی ئاگوستی ١٩٥٣یان دهکرد؛ بۆیە خوێندکارانی ئێرانی دەیانویست پێش بە دووبارە بوونەوەی بگرن.(٥)
بۆ بیروڕای گشتی و بەتایبەتی گەلانی تورکی ئازەری و کورد ئاماژەکردن بەو قسهیهی پووریەزادنپەرەست لە جێ دایە کە دەڵێ: لە ڕۆژی وتاردانی «ئیمام» – ١٠ ی گەڵاڕێزانی ٥٨- دوو ڕووداوو هاتنه پێش، کە بەهۆی کەسانی سەر بە ئەمریکا لەنێو خۆی ئێران بەڕێوە چوون. یەکەم کوژرانی ٧٠ کەس لە هێزەکانی ئەرتەش لە کوردستان. [ ئەوان بۆ خەزا و کوردکوژی و وێرانی هاتبوون.] دوویەم، کوژرانی ئا. قازی تەباتەبایی لە تەورێز، بە دهستی گرووپی فەرقان، وەک کەسێک کە پێلانی کەسانی سەر بە ئەمریکای پووچەڵ کردۆتەوە(٦) ئەو کەسانەش ئەندام و لایەنگرانی حیزبی جمهووری خەڵقی موسڵمان بوون کە دەستیان بەسەر رادیو_ تلویزیۆن و پارێزگاری تەورێزێ داگرتبوو.
دکتور ڕەسووڵی نەفیسی سەبارەت بە ڕووداوی هێرش بۆسهر باڵوێزخانەی ئەمریکا و بارمتەگرتنی ئەمریکاییەکان و پشتیوانی ئا. خومەینی لەو کردەوە چەوتە دەڵێ: ئەو کردەوەیە لە بیرێک ڕا هات کە خومەینی له دێڕێکدا کردبووی کە «پێوەندی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا وەک گورگ و بەرخە». ئەو قسەیە ئاغای خامنەییش بەجۆرێکی دی دهیکا. ئەو بۆچوونانەی دوو وەلی فەقهیە بۆ نەزانی و نهشارهزاییان له پێوەندی نێودەوڵەتی و قازانجی دوو لایەنە دەگەرێتەوە کە ئەوان لێی حالی نین، یا خۆی لە گێل دەکەن. چوونکە پێوەندیی دروستی وڵاتی ئۆردۆن لەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیس هەم بە قازانجی دەوڵەتە و هەم خەڵک، کە وەزعی ئابوورییان باشە و… ئیسراییل هاوسەنگی ئەمریکا نیە، کە ئەو هەموو سوودەی لێ وەردەگرێ. یا کۆرەی باشوور کە لە ژێر سێبەری ئەو ئەمریکایەدا بوو بە هێزێکی گەورەی ئابووری لە جیهاندا. ئەو قسە زۆر بێ مانایە کە ئێمە بگەینە هاوسەنگی ئەمریکا، ئەوە قەت ڕوونادا. مەسەلەیەکی دیکەی کاربەدستانی ئیران باسی متمانەیە. مەگەر چین و ئەمریکا متمانەیان پێک هەیە کە پێوندیی بەربەرینیان هەیە؟ مەگەر ئەمریکا نایهەوێ چینێ بڕووخێنێ؟ ویست و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لە دنیای سیاسەتدا، زۆر گرینگە.
یەکەمین سەفەری دەرەوەی عەلیی خامنەیی بۆ چین بووە. پسپۆڕێکی چینی کتێبێکی لەسەر ئەو سەفەرە نووسیوە و قسەیەکی خامنەیی گێڕاوەتەوە کە گوتوویەتی: ئەوانە کەسانێک نین کە بیانهەوێ ئێمە بچەوسێننەوە. ئەو قسەیه گرینگە، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوانە لەگەڵ کێ دەسازێن و لەگەڵ کێ ناسازێن. ئێستا گرینگ ئەوەیە ئەو وەزعەی لە ئێرانێدا هەیە، درێژەی هەبێ و پێوەندییەکانیش پتر لەگەڵ ڕووسیە، چین و کۆرەی باکوورە. ئەو وڵاتانەش حکوومەتەکانیان هاوشێوەن. کاریان بە سیاسەتی ئێران نیە و پشتیوانیی تەواویشی لێدەکەن. پشتیوانی لە سەرەڕۆییەکانیشی دەکەن. پوتین و خامنەیی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نیە.(٧)
سیاسەتی تا ڕادەیەک ئەرێنی و مام ناوەندیی ڕووحانییەکان، پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە تایبەتی ئا. خومەینی لە نوڤللۆشاتۆ و گفتوگۆ لە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و بوونی ڕاوێژکار و و وتەبێژانی وەک: ئیبراهیم یەزدی، ئەبولحەسەن بەنی سەدر و سادق قوتبزادە، ئەمریکای تووشی خۆشبینی کردبوو. بۆیە زووریان لە پشت پردە یارمەتیی ئیسلامییەکان دا.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەرەوەی ئەمریکا_ بەتایبەتی سولیوان_ کە هەوڵی زۆری دا، بە نێوبژیوانیی نێوان ئەرتەش و موخالیفانی ئیسلامی، لایەنی چەپ و دێموکڕاتەکان نەگەن بە دەسەڵات. چونکە ئا. خومەینییان وەک ئاغای بازەرگان دەشوبهاند، کە دەتوانی ئیسلامێکی مامناوەندی بێنێتە سەر دەسەڵات و لەبەرانبەر یەکیەتیی سۆڤیەتدا ڕاوەستێ. یا بچێتەوە حوجرەکانی قوم. ئەوان کتێبی «ولایت فقیە و جهاد اکبر» ی خومەینییان نەخوێندبۆوە. کەم کەسیش لەنێوخۆی ئێران لەگەڵ ئەو بیروڕایەی ناوبراو ئاشنا بوون.(٨)
بەڵام دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیسلامییەکان، گرینگینەدان بە بەڵێنییەکانیان دهرکهوت. ویلیام سولیوان_باڵوێزی ئەرمریکا_ هەتا بە بارمتە نەگیرا و پەیامی «شۆڕشی دوویەم» ی ئا، خومەینی باسی نەکرا، لەگەڵ ساریس وەنس، وەزیری دهرهوهی کاتی ئهمریکا باوهڕیان بە «ئیسلامی سیاسی تۆند ئاژۆ» لە ئێرانێ نەکرد!
سەرچاوەکان
١، ٢، ٣، ٤، ٥ و ٦- یوتیوب، فیلم مستند پنجەی عقاب، پاسخ سپاە بە فیلم آرگو.
٧ و ٨- یوتیووب، یورونیوز فارسی، ٣٦ سال پس از اشغال سفارت آمریکا، چرا دیوار بی اعتمادی بین دو کشور فرو نمیریزد؟
( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)