حەوتووی داهاتوو، ٧ی ژووئەن، هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز لە تورکیە و باکووری کوردستان بەرێوە دەچێ. لەو هەڵبژاردنەدا، نیزیکەی ٥٤ میلیۆنی نێوخۆ و نیزیکەی ٣میلیۆنی دەەروە – سەرجەم ٥٦میلیون و ٧٥٢هەزار و ٨٨٩ دەنگ دەر-مافی دەنگ دانیان هەیە و ٥٥٠ نوێنەر لە نێو ٢٠ پارتی بەشدار دا هەڵدەبژێرن. پارتی عەداڵەت و گەشە پێدان (ئاکەپە)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی نەژادپەرەست (مەهەپە) و پارتی دێموکراتیکی گەلان (هەدەپە) چوار پارتی سەرەکیی هەڵبژاردنن.
خولی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پارلمانیی تورکیە لە ئان و ساتێکی ئاستەم و گرینگی نێوخۆیی تورکیە و ناوچەیی دا، بەڕێوە دەچێ. هەڵبژاردنێک ئەگەر لە گرینگترین هەڵبژاردنە مێژوویییەکانی ئەو وڵاتە نەبێ، بێگومان یەکێک لە هەرە گرینگەکانێتی. بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی ناوچەیی، پاشان بە هۆی نێوخۆیی یەکێک لە گرینگترین هەڵبژاردنەکانە. دۆخی ناسەقامگیری ناوچە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆخی شڵەژاوی وڵاتانی عەڕەبی لیبی، یەمەن، میسر، تونس، سووریە و عێراق، وڵاتانی درواسێی تورکیە و هەروەها ئەو هەڕەشانەی رێکخراوی ترۆریستی داعش لە تەناهی و سەقامگیری ناوچە بە گشتی دەیکات، هەروەها، خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزی و ئاڵۆزییەکانی تایبەت بەوی، لە قاودانی گەندەڵی و بەرتیلییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان لە لایەن بەرەی فەتحوڵلا گوولەن، پرۆسەی نە شەڕی نە ئاشتی کورد و دەوڵەتی تورکیە، وایکردوە ئەو هەڵبژاردنە لە ڕادەی خۆی زیاتر گرینگ بێ. لەوانەش بەرچاوتر، هەوڵ و تێکۆشانی سەرۆککۆمار، ئەردۆغانە، کە تێدەکۆشێ سیسمتی سەرۆکایەتی لە وڵات جێگیر و بە هۆیەوە دەسەڵات و قورسایی خۆی بەرین و قووڵتر بکات.
ئەگەر پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک – پار)ی لێ دەرهاوێین دەتوانین بڵێین، کوردەکان، بە پێچەوانەی هەڵبژرادنی ١٢ی ژووئەنی ٢٠١١ لەو خولەدا لە ژێر چەتری پارتێکی سەراسەری بەشداری هەڵبژاردنەکانن. هاک- پار، پارتیکی بچووکی کورد لە سەر رێبازی نەتەوەییە و لە ٢٠٠٢ەوە دامەزراوە. کورد، ئەم جار لە ژێر چەتری پارتی دێموکراتی گەلان (هەدەپە) چۆتە نێو هەڵبژاردنەکان. لە پێشدا بزانین هەدەپە چ پارتێکەو و ئامانجەکانی چن. هەر لە جێدا بزانین هەدەپە دەتوانێ بەربەستی ١٠٪ بشکێنێ؟
هەدەپە، لە سەر بناغەی کۆنگرەی دێموکراتیکی گەلان (هەدەکە) لە ئۆکتۆبری ٢٠١٣ دامەزرا. هەدەپە، پارتێکی مەیلەو چەپە، نەخشی پارتێکی سەراسەری و ڕۆڵی بە تورکیە بوونی کوردەکان دەگێڕێ، بۆ ئازادی، عەداڵەت و دێموکراسی تێدەکۆشێ. ئەو پارتە لە بەرنامە و پڕۆگرامی دا سووکە ئاوڕێکیشی! لە مافەکانی کورد داوەتەوە. ڕەوتی نەتەوەیی وەک بەڕێزان لەیلا زانا، عوسمان بایدەمیر و ئەحمەد تورک، ڕەوتی چەپی خۆماڵی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و گوڵتەن کیشاناک، ڕەوتی ئیسلامی پێشکەوتوو وەک بەڕێز ئاڵتان تان و ڕەوتی چەپی تورک وەک سرری سورەیا ئۆندەر، فیگەن یوکسەک داغ و چەپی کۆنە کار ئەرتۆغرۆڵ کورکچوو لە ڕەوەتەکانی پێکهینەری ئەو پارتەن. ئەو پارتە، لە ژێر دۆخی پرۆسەی چارەسەری و بە ڕێنوێنی بەڕێز عەبدووڵڵا ئۆجەلان پاش مشت و مڕێکی زۆر ساغ کرایەوە. لە کۆنگرەی دامەزرانیدا، ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان، پەیامی پیرۆزبایی بۆ نارد، مەرجی بۆ ئەمەش ئەوە بوو کە لە ڕاگەیاندنەکان دا بڵاو نەکرێتەوە، بڵاویش نەکرایەوە. هەدەپە، جێگای پارتی ئاشتی و دێموکراسی (بەدەپە)ی پێشووی گرتۆتەوە بەڵام لە جێی بەدەپە، پێکهاتەی پارتی دیموکراتیکی هەرێمییەکان (دەبەپە) کار و چالاکی هەیە بەڵام بەشداری هەڵبژاردنەکان نییە.
کوردەکان و لە سەرووی هەموویان بەڕێز عەبدووڵڵا ئۆجەلان بە هۆی هەلومەرجی ناوچەیی، بە هۆی ناسران و خەباتی ڕوو لە گەشەی کورد، بە تایبەت لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و، بە هۆی دۆخی شڵەژاوی نێوخۆیی تورکیە، بە هیچ لەونێک نەدەبوو خۆ لە قەرەی دیزەبەدەرخۆ کردنی بەدەپە و پاشان گێڕانی نەخشی پارتی سەراسەری تورکیە لە ژێر بەیداغی هەدەپە دا بدەن. ئەگەرچی، ئەو پارتە، بایەخ و نۆرمی پێشکەوتووانەی بردوونەتە نێو گۆڕەپانی سیاسی تورکیە و هەڵبژاردنەکان، بەڵام تێکۆشان بە نێوی بەدەپە زۆر لەوە باشتر بوو چاو لە دەنگی چەپی سەراسەری و جەماعەتی گولەن بی کە تێیاندا دەگمەنن باوەڕیان بە کیشەی نەتەوایەتی کورد هەبێ، ٨ی حوزەیران خێر و شەڕی ئاراستەی ئەو سیاسەتەمان بۆ دەردەکەوێ.
بە چاو خشاندنێکی کورت بە دۆخی گشتی تورکیە و ناوچە و خەونەکانی ئەردۆغان، وێ دەچێ دوو پارتی جەپەهە و مەهەپە کە ئۆپۆزسیۆنی یەکەم و دووهەمی حکوومەتی ئاکەپەن، رێژەی دەنگەکانیان هەڵکشێ و لە بەرامبەردا دەنگی ئەو پارتە داکشانێکی بەرچاو بەخۆوە ببینێ. جیا لەوە، رێژەی دەنگەکانی ئاکەپە زۆرتر بە رێژەی دەنگەکانی هەدەپە بەستراوەتەوە، واتە بەوە بەستراوەتەوە کە داخوا هەدەپە دەتوانێ رێژەی ١٠٪ بشکێنێ یان نا؟ لەو هەڵبژاردنەدا، ڕێژەی دەنگەکانی ئاکەپە، هەروەها بەزاندن و نەبەزاندنی رێژەی ١٠٪ هەدەپە، زۆرترین لێکدانەوە و شڕۆڤەیان لە سەر دەکرێ. سناریۆ و ئەگەرەکان بۆ ئەمە زۆرن. ئەگەرەکانی هەڵکشانی ڕێژەی دەنگەکانی جەهەپە و مەهەپە وەڕاست گەرێ ، هەروەها هەدەپە ریژەی ١٠٪ تێپەڕێنێ، ئاکەپە کەمتر لە ٤٣٪ دەنگەکان دەهێنیتەوە. ئەگەر هەدەپە لەو رێژە کەمتر و تەنانەت ٩.٩٪ دەنگەکانیش بهێنێ نیزیک بە تەواوی دەنگەکانی بۆ ئاکەپە دەچن، بەم جۆرە، ئاپەکە، کەم بوونەوەی دەنگەکانی بە دۆڕانی هەدەپە بەرامبەر بە دوو پارتەکەی دیکە تێ هەڵدێنێتەوە. ئەگەرچی بێ دەنگی چەکەکانی پەکەکە، پارتی دەسەڵاتداری تورکیە لە ئاستی گشتی دا کەڵکی باشی لێ وەرگرتووە، بەڵام سیاسەتی بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان وخۆ دزینەوەی لە کڕۆک و ڕاستەقینە بوونی کێشەی کورد، وایکردووە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆرتر ڕوو لە هەدەپە بکەن، چوونی چەندین عەشیرەتی قورس و ناسراوی کوردستان بۆ ڕیزەکانی ئەو پارتە، نیشانەیەک لەو ڕاستییە. ڕاستییەک بێ ئەوەی بۆ چەپ بوونی ئەو پارتە بگەریتەوە، بۆ گەشە کردنی شۆڕشی کوردستان و خەباتە ڕەواکەی دەگەرێتەوە.
هەدەپە بە ٢٦٨ پاڵێوراوی ژن سەرجەم بە ٥٥٠ پاڵێوراو دابەزیوە وا تە ٤٨٪ لیستەکە ژن پێکی دەهێنێ، لە کاتێکدا ڕێژەی پاڵێوراوی ژن بە هەر سێک پارتی ئاکەپە، جەهەپە و مەهەپە ٤٥٪ ە.
تەیپ ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە، لە متینگەکان دا – سەرۆککۆمار مافی خۆ تێهەڵقورتاندن لە کایەی سیاسی نێوان پارتەکان دا نییە- بانگەواز دەکات و تێدەکۆشێ پارتەکەی ٤٠٠ نوینەر لە هەڵبژاردنەکان بباتەو، بە قسەی خۆی ٤٠٠ نوێنەری پێویستە تاکوو سیستمی سەرۆکایەتی جێگر بکات، تورکیەی نوێ دابمەزرێنێ و یاسای بنەڕەتی بە مەیلی خۆی بگۆرێ. ئەگەر ئەو ئاواتەی وەدی بێ – کە وەدی نایە- ئەو کاتە پێویستی بەوە نابێ بۆ گۆڕینی دەستوور لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە پەنا بۆ پاڕڵمان ببات ، دیارە بە ٣٦٧ نوێنەر لە ڕیگەی پاڕڵمانەوە دەتوانێ پارتەکەی بە تەنیا بڕیار لە رێفراندۆم بدات، بەڵام لەو ڕێژە کەمتر بهێنێ – کە کەمتریش دەهێنێ- زۆر چەتوونە بە ئامانجەکانی بگات و هەروەها ئامانجی ناوبراو بۆ تورکیەی ٢٠٢٣ تووشی بەرست و تێکشکانی گەورە دێت. ئەو سێ پارتە بەهەڵستکارە، تێدەکۆشن ڕێ لە وەدیهاتنی خەون و دیکتاتۆڕی ئەردۆغان بگرن و نەهێڵن سیستمی ئەردۆغان – داودئۆغڵوو لە چەشنی «سیستمی پوتین، مەدەدۆڤ» بەرۆک بە تورکیە بگرێ. ئەگەرچی خوێندنەوەی وردی روانگەی خەڵکی وڵاتێک بەرامبەر بە پرسی وڵاتەکەیان، وریایی و شیتەڵی وردبینی گەرەکە، بەڵام ئەوەندەی ڕوونە، زۆربەی خەڵکی تورکیە لە هەڵپە هەڵپی تەیپ ئەردۆغان جاڕز بوونە.
ئەردۆغان، داودئۆغڵوو و پارتەکەی، بە شێوەیەکی کەم وێنە لە هەوڵی تێکشاندنی هەدەپە دان. سەیر ئەوەیە ئەوەندەی لە کوردستان پڕۆپاگەندەی چەپ بوون دژ بە هەدەپە دەکەن، لە شارە گەوەرەکانی تورک نشین دا، کەمتر دەدیترێ. ئەردۆغان کتیبی کوردیی قورئانی پیرۆز لە متینگەکان دا دەگێڕێ و ڕێبەر و سیاسییەکانی هەدەپە بە ترۆریست، دژی دین، زەرتوشت و یەزدی لە قەڵەم دەدات. ئەردۆغان – داودئۆغڵوو بە بەرزکردنەوەی قورئانی پیرۆز کەڵکی زێدە خوازانە لە باوەڕی ئاینی کوردەکان وەردەگرن چونکە هەول و تەقەلاکانیان لەو بارەوە پاش قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش چر کردۆتەوە کە گوتبووی» مەیدانی تەقسیم قودسی ئێمەیە»و « دیانەت لادەبەین». ئەوەکە لە شارە گەوەرەکانی تورک نشین کە ئاوا بە چڕی پرۆپاگەندە بە دژی هەدەپە ناکەن، ئەوەیە کە دەنگی چەپەکانی لایەنگری جەهەپە زۆرتر بۆ ئەو پارتە بچن. دوو ڕاستیەکەی سەرەوە سەناریۆی دزێوی ڕاکێشانی کوردەکان بۆ بە تورکیە بوونە.
هەدەپە دوو ئەگەری لە پێشن. ئەگەرێکی قورس ئەوەیە ڕێژەی ١٠٪ بشکێنێ و ئەگەرێکی قورسیش ئەوەیە ئەو ڕێژە نەشکێنێ. چاوەڕان دەکرێ لە خوار ٩.٨٪ کەمتر نەهێنتەوە و لە ١٠.٤٪ زیاتریش نەهێنتەوە. ئەگەر تێیپەڕێنن لە ٦٠ نوێنەر بەرەوو ژوور دەستەبەر دەکەن. ئەو دوو ئەگەرە سەناریۆی جۆراجۆری لێ دەکەویتەوە. ئەگەر سەرکەوێ ، هەنگاوەکانی دیموکراسی لە تورکیە باوخۆشتر دەبن و پێویستی خەباتی چەکداریی کورد لە کزی دەدات. هەدەپە، لە سەرکەوتنی دا، دەتوانێ زۆر لە هاوکێشەکان بگۆرێ و دەستی ڕێبەرانی نێوخۆ ئەستوور و بەهێزتر بکات، ئەگەر سەرکەوتووش نەبێ، کورد تووشی هەڵخلیسکانێکی شووم دێ و هەموو لایەک خۆ لە بەرپرسیارێتی هەڵخلیسکانەکە دەدزنەوە. ڕێژەی ١٠.٤ ٪ بە نیزیکتر دەزانم، بەڵام ناشکرێ لە شۆڕش و خەباتی نەتەوەکەمان لە ژێر چەتری پارتێکی چەپی سەرتاسەری، ئەویش لە کاتێک دا کێشەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی دا خاوەن پشتیوانی بەهێزە و هەروەها هەل و مەرجی ناوچەیی و دۆخی شڵەژاوی نێوخۆی تورکیەش بەستێنی گرینگی بۆ گەشەی خەباتی نەتەوایەتی لەو بەشەی کوردستان رەخساندوە، نیگەران نەبم.
ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٧ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە