نیزیکه‌ی چل ساڵه له نێو کۆمه‌ڵگەی ئێران‌دا توڕه‌یی کۆ ده‌بێته‌وه و ڕق په‌نگ ده‌خواته‌وه. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هه‌ر زۆر زوو دوای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی، ته‌واوی جیابیرانی خۆی وهلادا و به شێوه‌یه‌کی دڕندانه سه‌رکوتی کردن و خستنیه به‌ره‌ی دژی خۆیه‌وه. تا ئه‌و کاته و له سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا جگه له کوردستان زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئێران پێیان وابوو که سهرهدهمێکی تازه له په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک و حکومه‌ت هەڵدەدرێتەوە و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌توانن به‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆیاندا زاڵ بن، له سه‌روه‌ت و سامانی وڵات به شێوه‌یه‌کی عادڵانه که‌ڵک وه‌رگرن و هاوشانی وڵاتانی دیکه‌ی دنیا به شێوه‌یه‌کی ئاشتیخوازانه بۆ گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی وڵاتی خۆیان له‌گه‌ڵ باقی وڵاتانی ناوچه و هه‌مو دنیادا ڕه‌قابه‌ت بکه‌ن.
مخابن هه‌ر زۆر زوو ده‌رکه‌وت که به‌رنامه‌ی کۆماری ئیسلامی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ویست و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه و نیازی ئه‌و نه‌ک گه‌شه‌پێدانی ئابووریی ئێران، دابینکردنی ژیانێکی خۆش بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران و ئازادی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و یه‌کسان بۆ گه‌ڵانی ئێران و کۆمه‌ڵگەی ئێران به ژن و پیاوه‌وه نیه، به‌ڵکوو ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه به‌کارهێنانی سه‌روه‌ت سامانی گه‌لانی ئێران بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیر و بۆچونی دواکوتووانهی خۆیان لهناوچهدایه و به واتایه‌کی دیکه بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و وڵاتانی ئیسلامییه، له پێناو دامه‌زراندنی ئیپمڕاتۆڕیی ویلاتی فه‌قیه له دنیای ئیسلامدا.
دیاره به‌داخه‌وه زۆری پێ چوو تا کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران، جگه له کوردستان له مه‌به‌ستی دژی گه‌لیی کۆماری ئیسلامی ئێران تێ بگه‌ن و ده‌ستی کاربه‌ده‌ستانی ڕژیم به ته‌واوی بخوێننه‌وه. له سه‌ره‌تادا هه‌شت ساڵ شه‌ڕی ئێران و عێڕاقیان وه‌ک ئامڕازێک به‌کار هێنا بۆ شاردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته گڵاوه‌کانی خۆیان و خه‌ڵکی ئێرانیان به بیانووی بەرگری له خاکی وڵات سه‌رقاڵ کرد و ژماره‌یه‌کی زۆر له لاوانی ئێرانیان کرده قوربانی. له ئاخریشدا خودی دامه‌زرێنه‌ری کۆماری ئیسلامی جورعه‌ی زه‌هری نۆشی و به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی چیدیکه به‌ره‌کانی شه‌ڕیان پێ ئیداره نه‌ده‌کرا ملیان بۆ ئاشتییه‌ک ڕاکێشا که دۆڕاوی سه‌ره‌کی تێیدا بۆخۆیان بوون.
به‌دوای ته‌واو بوونی شه‌ڕ که ده‌یانزانی ئه‌وجار کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران ئاوڕ له ژیانی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه و ده‌یانهه‌وێ به‌رهه‌می شۆڕشێک بچننه‌وه که به تێکۆشانی خۆیان له پێناوی باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی خۆیاندا کردویانه، کاربه‌ده‌ستانی ڕژیم بوون به دوو ده‌سته‌وه که هه‌ردوکیان یه‌ک مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی بوو و ئه‌ویش پاراستنی نیزامه‌که‌یان بوو، به‌ڵام به دوو مێتۆدی جیاوازه‌وه. ئەوان ده‌ستیان کرد به دانانی به‌رنامه‌ی کورتخایه‌ن و درێژ خایه‌نی دیکه بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ئیحساساتی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له لایه‌ک و درێژه‌دان به ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی به قه‌ولی خۆیان شۆڕشی ئیسلامی له لایه‌کی دیکه‌وه. له‌و دوو بۆچوونه‌دا دوو میکانیزمی سه‌ره‌کی دەرکەوتن: له لایه‌که‌وه به‌ره‌ی ئیسڵاحات که بانگه‌شه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووری، باشترکردنی ژیانی خه‌ڵک و دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ی دیپڵۆماسی و ئاشتیخوازانه‌یان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌کرد، که له کرده‌وه‌دا هیچیان بۆ نه‌کرد و ته‌نیا مه‌به‌ستیان فریودانی خه‌ڵک بوو و له لایه‌کی دیکه‌وه به‌رفره‌وانکردنی نه‌خشی داموده‌زگای ڕێبه‌ری بۆ به‌هێزکردنی به‌شی نیزامیی ڕێژیم، دروستکردنی چه‌کی ئه‌تۆمی و موشه‌کیی دوورهاوێژ، دروستکردنی سوپای قودس بۆ ده‌ستێوه‌ردان له وڵاتانی ناوچه‌دا و ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتنی هه‌مو دامه‌زراوه و سه‌رچاوه ئابورییه‌کان له‌لایه‌ن سوپای پاسداران و مۆره و دامه‌زراوه‌کانی سه‌ر به ڕێبه‌ری، تیڕۆڕکردنی موخالیفان له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و دامه‌زراندنی ده‌یان ڕێکخراوی تیڕۆڕیستی هه‌ر له عێڕاقه‌وه هەتا یه‌مه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه به‌رێته ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی ئێران و له ڕاده‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا سه‌ودای مه‌رگیان پێوه بکا و ئیمتیازی نیزامی وسیاسیان پێ وه‌ده‌ست بێنێ. ئه‌و دوو میکانیزم و ئاراسته‌یه هیچکامیان نه‌یانتوانی گرفته‌کانی خه‌ڵکی ئێران چاره‌سه‌ر بکه‌ن. میکانیزمی یه‌که‌م ته‌نیا دوو ئامانجی پێکا یه‌کیان ئه‌وه بوو که بۆ ماوه‌یه‌ک کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵکی ئێرانی فریو دا و ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامیی درێژ کرده‌وه به‌ڵام نه‌یتوانی، یا نه‌یویست هیچکام له داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگەی ئێران به‌دی بێنێ، جا له بێ ده‌سه‌ڵاتی بووبێ، یا له نه‌ویستن هیچ جیاوازی نییه. هه‌روه‌ها له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌ییش بێ به‌ڵێن ده‌رچوو چونکه تا ئێستاش نه‌یتوانی شک و گومان له‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌که‌ی بڕه‌وێنێته‌وه و جگه له‌وه‌ش به‌رنامه‌ی دروستکردنی موشه‌کی دوورهاوێژ هه‌ر درێژه‌ی هه‌بوو و ته‌نانه‌ت له یه‌مه‌ن به کرده‌وه‌ش تاقی کرایه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری وڵاتان و پشتیوانی له تیڕۆڕیزم به شێوه‌یه‌کی ڕووههڵماڵاوتر له جاران درێژه‌ی هه‌بوو. میکانیزمی دووه‌میش که دیاره خه‌ریکی چ به‌رنامه‌یه‌که. له جیاتی خەرجکردنی داهاتی ئێران بۆ باشترکردنی ژیانی خه‌ڵک و پێکهێنانی ده‌رفه‌تی کار بۆ تازه ده‌رچووانی زانکۆکان و خه‌ڵکی بێ‌کاری دیکه، ده‌ستێوه‌ردان و شه‌ڕ و ئاژاوه‌نانه‌وه و دروستکردنی گرووپی جۆراوجۆر و سه‌رفکردنی ئیمکاناتی ماددی ئێران له وڵاتانی ده‌ور و به‌ردا درێژه‌ی هه‌بوو. ته‌نانه‌ت کار گەیشتە ئەو جێیەی به ڕۆژی ڕووناک هاوکاری له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌ش و میلیشیاکانی عێڕاق بکا بۆ گرتنه‌وه‌ی که‌رکووک و ناوچه کوردستانییه‌کانی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و شانازیشی پێوه بکا.
به‌رهه‌می ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی هه‌ردووک باڵی کۆماری ئیسلامی بۆ گه‌لانی ئێران بریتی بو له دزی میلیاردی له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ڕژیمه‌وه، گه‌نده‌ڵی ماڵی و ئیداری، بێ‌کاری زۆرتر، نه‌داری، هه‌ڵاوسانی نرخه‌کان و گرانی له ڕادده‌به‌ده‌ر و فشاری زۆرتری سیاسی و ئابووری بۆ خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتوی ئێران. چاره‌سه‌رنه‌کردنی گرفته که‌ڵه‌که‌بووه‌کان له نێوخۆی ئێران‌دا و زه‌وتکردنی هه‌مو مافه ڕه‌واکانی خه‌ڵکی ئێران به تاک و کۆوه. چ مافه ئینسانییه‌کانی تاک و چ مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لانی ئێران هیچ ئاوڕێکیان لێ نه‌درایه‌وه و ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌کی دڕندانه سه‌رکوتکردن له پێناوی زه‌وتکردنی ماف و ئازادییه‌کاندا درێژه‌ی هه‌بوو.
به‌رئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته دژی گه‌لییه‌ی هه‌ردووک باڵی ڕژیم، به کۆنه‌پارێز و به‌ناو ئیسڵاحتهڵهبهوه بوو به‌هۆی وه‌زاڵه هاتن و له کۆتاییدا توڕه‌یی زۆرتری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک. وه‌ک ده‌ڵێن جام ئه‌گه‌ر پڕ بوو سەررێژ دەبێ، هه‌ربۆیه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له زۆربەی شاره‌کانی ئێران‌دا خۆپێشاندان و هاتنه سه‌ر شه‌قام ده‌ستی پێ‌کرد و دروشمه‌کان هه‌رهات و ڕادیکاڵتر بوون.
جێگای ئاماژه‌یه که ئه‌و خۆپیشاندانانه جیاوازییان هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو خۆپیشاندانه‌کانی 39 ساڵی ڕابردوودا. ئه‌و خۆپیشاندانانه دژی هه‌موو جیناحه‌کانی ڕژیمن به ئیسڵاح ته‌ڵه‌ب و بنئاژۆوه، بنئاژۆکان هه‌رچه‌ند له سه‌ره‌تاوه ویستیان موهه‌ندیسی بکه‌ن و ئاراسته‌داری بکه‌ن و ڕووی پێ له ده‌وڵه‌تی ڕوحانی بکه‌ن و بیکه‌نه خۆپیشاندانێک بۆ به چالشکێشانی ده‌وڵه‌تی ڕوحانی، به‌ڵام بۆیان نه‌کرا و خۆپیشانده‌ران به‌سه‌ریاندا بازیان دا و هێڵه سوره‌کانی نیزامیان تێپه‌ڕاند و وێنه‌ی خومه‌ینی وخامنەییان سوتاند و دروشمی دژی کۆی نیزامی کۆماری ئیسلامیان دا. ئه‌گه‌ر له ساڵی 88 دا جڵه‌وی خۆپیشاندانه‌کان به ده‌ست لایه‌کی نیزامه‌وه بو و له کاتی هه‌ستکردن به‌وه‌ی که هه‌مو نیزام بکه‌وتایه ژێر پرسیار فه‌وره‌ن تورمزیان ده‌گرت، ئه‌مجاره هێزی جووڵانه‌وه‌کان به‌ده‌ست فه‌قیر و هه‌ژاره‌کان و چینی مام ناوه‌ندی کۆمهڵگەوهیه که هیچ لایه‌ن و هێزێک به ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا نیه. هه‌روه‌ها له خۆپیشاندانه‌کانی ڕابردوو دا هیچ ده‌وڵه‌ت و هێزێکی ده‌ره‌کی و نێونه‌ته‌وه‌یی پشتیوانی له خۆپیشانده‌ران نه‌کرد و ته‌نانه‌ت له خۆپیشاندانه گه‌وره‌که‌ی ساڵی 88 دا گه‌وره‌ترین هێزی جیهانی که ئه‌مریکا بوو له زمان سهرۆککۆمارهکهیهوه ئۆباما، به جۆرێک پشتی تێکرد و ڕایگه‌یاند که مهسهلهیەکی نێوخۆییه و ئێمه کارمان پێی نیه و ده‌ستێوه‌ردان ناکه‌ین و به‌مجۆره کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران خۆیان به ته‌نیا دیته‌وه و نا ئومێد کران، به‌ڵام ئه‌مجاره سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا و کۆمه‌ڵێک له به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و وڵاته و چه‌ندین وڵاتی دیکه به ئاشکرا هاتنه سه‌ر خه‌ت و پشتیوانیی خۆیان بۆ خه‌ڵکی ئێران ڕاگه‌یاند و ته‌نانه‌ت به مافی ڕه‌وای خه‌ڵکی ئێرانیان زانی که ئه‌و ڕژیمه گه‌نده‌ڵه بگۆڕن. هه‌روه‌ها به هۆی ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ڕژیم له هه‌مو وه‌ڵاتانی ده‌راوسێدا، پشتیوانییه‌کی به‌رین بۆ گه‌ڵانی ئێران له لایه‌ن هێز و ڕیکخراوه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی وڵاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش بۆ خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکی ئێران هه‌یه. له‌وه‌ش گرنگتر هێزه‌کانی ڕێژیم، ته‌نانه‌ت له به‌ره‌ی توندئاژۆشدا دووبه‌ره‌کی و درزیان له ڕیزه‌کانیان که‌وتوه و له‌سه‌ر تاڵان‌کردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات کێشه‌یه‌کی گه‌وه‌ره‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه و له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا به ده‌یان جار به‌ڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزییان له‌سه‌ر یه‌کتر بڵاو کردوه‌ته‌وه به جۆرێک که هیچ نرخێکیان له بازاڕی سیاسی ئێران و جیهاندا بۆ خۆیان نه‌هێشتوه‌ته‌وه. ئه‌و له‌قاودان و په‌رده له سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت به‌یتی ڕێبه‌ریشی گرتوه‌ته‌وه. هیچ باڵێکی ڕێژیم له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران‌دا متمانه‌ی پێ ناکرێ و زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌مجاره‌یان ڕژیم بتوانێ وه‌ک جاره‌کانی دیکه فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یه‌ک به‌کار بێنێ بۆ فریودانی خه‌ڵک و ئارامکردنه‌وه‌یان.
دیاره لایه‌کی دیکه‌ی مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه که تا ئێستاش ڕێژێم چه‌ندین داموده‌زگای وه‌ک سپای پاسداران، نیروی ئینتیزامی، به‌سیج، سپای قودس، ئیتیلاعات و ده‌روێشه‌کانی لیباس شه‌خسی و خواهران زینب ..هتدی به ده‌سته‌وه‌یه و ده‌توانێ چه‌رخی سه‌رکوت و کوشتاری خه‌ڵک وه‌گه‌ڕ خا. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه داخوا کۆمه‌ڵگەی ئێران چیدیکه له‌و ده‌زگا تۆقێنه‌رانه ده‌ترسێ و ده‌ست له ماف و ئازادییه‌کانی هه‌ڵده‌گرێ؟ هه‌روه‌ها پرسیار ئه‌وه‌یه که ئایا کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌مجاریش وه‌ک جارانی پێشوو ته‌نیا له دووره‌وه سەیری ئەو ڕووداوانە دەکا و چاو لە جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی دەنووقێنێ و هەر بە به به‌یاننامه‌یه‌کی مه‌حکومکردن له بواری مافی مرۆڤدا به‌سنده ده‌کا و وڵاتانی وه‌ک ئه‌مریکا که به ئاشکرا پشتیوانیان له خۆپیشانده‌ران کردوه، به‌ڵێنه‌که‌یان ده‌به‌نه سه‌ر و به کرده‌وه‌ش پشتیوانی ده‌که‌ن و له‌سه‌ر خه‌ڵکی ئێران وه‌جواب دێن یا نا؟
ئه‌و نیشانانه‌ی که ده‌کرێ بیکەینە که‌ره‌سه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆت، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که له لایه‌که‌وه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران هه‌م ترسیان شکاوه و هه‌م هیچیان بۆ له‌ده‌ستدان نه‌ماوه. کۆمه‌ڵگەی نێو نه‌ته‌وه‌یی و به‌تایبه‌ت هێندێک وڵاتی وه‌ک ئه‌مریکاش به‌جۆرێک ڕاشکاوانه پشتیوانیان کردوه که گره‌وێکی پرستیژیان له‌سه‌ر کردوه، هه‌روه‌ها هێز و ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمیش وه‌ک جاران یه‌کده‌ست و به وره نین. هه‌موو ئه‌و ڕاستییانه ئه‌و ئه‌نجامه به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن که ئه‌مجاره‌یان سه‌رکوتکردنی جووڵانه‌وه و به‌ته‌واوی له نێوبردنی بۆ ڕێژیمی ئاخوندی هێنده‌ش کارێکی هاسان نییه و بیگومان له کۆتاییدا ئه‌وه هێزی جووڵانی گه‌لانی وه‌زاڵه هاتوویه که مه‌یدانه‌که ده‌باته‌وه، هه‌رچه‌نده به شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه و ئاشتیانه‌ش و به ده‌ستی خاڵیشه‌وه هاتبێته ویزه‌ی هیزێکی ئه‌هریمه‌نی تا ددان چه‌کدار به چه‌کی پیشکه‌وتو. سه‌رکه‌وتنی کۆتایی هه‌ر بۆ گه‌ڵانی چه‌وساوه‌یه و گومان له‌وه‌دا نییه که هێزێکی جینایه‌تکاری وه‌ک کۆماری ئیسلامی داهاتوی نییه.
له چوار چێوه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌دا ده‌بێ گه‌لی کورد و هێزه سیاسیه‌کانی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ هه‌ڵوێستێکیان هه‌بێ و چۆن به قازانجی وه‌به‌رهاتنی داری خه‌باتی سه‌د ساڵه‌یان له‌و ئاڵوگۆڕانه که‌ڵک وه‌رگرن. به باوه‌ڕی من تا ئه‌و جێگایه‌ی به خۆپیشاندان و خه‌بات له دژی ئه‌و ڕێژیمه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه مه‌ربوته خه‌ڵکی کوردستان و هێزه خه‌باتگێڕه‌کانی هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری ئه‌و ڕێژیمه‌وه به قوربانیدانێکی زۆر ئه‌رکی خۆیان به‌جێ گه‌یاندوه و له ڕاستیدا کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ زۆر قه‌رزداری حیزب و ڕێکخراوه‌کان و خه‌ڵکی کوردستانن، چونکه له قۆناغی جۆراوجۆردا له خه‌بات دژی کۆماری ئیسلامی‌دا به ته‌نیا شانیان وه‌به‌ر داوه. دیاره ئێستاش هه‌ر له‌مه‌یدان دان و پێشه‌نگن، به‌ڵام کاتی ئه‌وه هاتوه که له هه‌مو شتێک زیاتر بیر له داهاتوی کوردستان بکەنه‌وه و بزانن هه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێک له کۆتاییدا چ ده‌سکه‌وتێکی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بێ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌ر له هه‌موو شتێک حیزب و ڕێکخراوه‌کان پێویسته یه‌ک بگرن. حیزبه لێک دابڕاوه‌کان یه‌ک بگرنه‌وه و به‌ره‌یه‌کی به‌هێز له حیزب و ڕێکخراوه کاریگه‌ره‌کان پیک بێ. به‌رنامه‌یان بۆ ئاڵوگۆڕه‌کان هه‌بێ و له ده‌رفه‌تی گه‌وره‌دا هه‌مو پێکه‌وه چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌که‌یان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا به ده‌سته‌وه بگرن و نه‌یکه‌نه که‌ره‌سه‌ی ساتوسه‌ودا بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی حیزبی و گرووهی. چاویشیان له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی نه‌بێ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌که‌یان. ئه‌گه‌ر کوردستان یه‌کگرتوو بێ، ناوه‌ند چاره‌یه‌کی نامێنێ جگه له دانپێدانان به مافی ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستان، ئه‌گه‌ر یه‌کگرتووش نه‌بن و چاویان له سواڵی ماف و ده‌سه‌ڵات بێ له ناوه‌ند، گومانم له‌وه‌دا نییه که هیچ جیاوازیی نیه کێ له تاران خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بێ. هه‌مو ئاڵوگۆره‌کانی ڕابردووش له ئێران و ناوچه‌دا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌بێ پشت به خۆی ببه‌ستێ و ماف له‌که‌س داوا نه‌کا، به‌ڵکوو به یه‌کگرتویی خۆی ماف بکاته ئه‌مری واقیع.
( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)