لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە زنجیرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە شاری مەشهەد دەستی پێکرد و لە قوم و ئیسفەهان و لوڕستان و ناوچەکانی خوارووی ئێران درێژەی پێدرا و ئێستاش هەوڵ دەدرێ درێژەی هەبێ.
پرسیار ئەوەیە ئەم ڕاپەڕینە چیی لێ شین دەبێ؟ تا کوێ بڕ دەکا و لەو نێوەدا خەڵکی کورد و کوردستان چۆنی لەگەڵ دەکەون؟
ئەم ڕاپەڕینە ئەگەرچی تایبەت بە چین و توێژ و نەتەوەیەکی تایبەت و لە ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵام هێشتا لە گوتار و دروشم و ئامانجدا بە تەواوی خۆی نەدیتۆتەوە. لە هەندێ شوێن دژ بە سیاسەتی ئابووریی حکومەتە، لە هیندێک شار دروشمەکان تەعبیر لە ململانێی نێوخۆی باڵەکانی ڕێژیم دەکەن و دژ بە یەکترین و، لە هیندێک ناوچە و کاتدا بە گژی تەواوەتیی ڕێژیمدا دەچێتەوە و تەواو پێکهاتەشکێنە.
ئەوەی لە یەکەم بینیندا دێتە بەرچاو ئەوەیە کە ئەم ڕاپەڕینە هەڵڕشتنی قین و بوغزی لەسەر یەک کەڵەکەبووی چوار دەیە سیاسەتی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵک و بەشمەینەتیی خەڵکی هەژار و مافخوراوی ئێرانە کە لە ئێستادا خەریکە کڵپە دەستێنێ و لە دەفرەکە دەڕژێ. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی دەربڕینە دەیان ساڵە لە کوردستان هەیە و کورد لەو بارەوە پێشەنگە، بەڵام هەموو جارێ بە شێوەیەکی خوێناوی سەرکوت کراوە و ئێستا کە ئەو ناڕەزایەتییانە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران و بەو تایبەتمەندییانەی باسمان کرد سەر هەڵدەدەن، پرسیار ئەوەیە کە چۆن دەبنە هەوێنی شۆڕشێک کە هەموو وڵات دابگرێ و کۆتایی بە تەمەنی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی بێنێ؟
لە زانستی سیاسیدا سێ فاکتەری سەرەکی بۆ سەرکەوتن یان کاریگەریی هەر شۆڕشێک پێناسە کراوە کە بریتین لە:
یەکەم، هەبوونی گوتارێکی شۆڕشگێڕانەی گشتگیر و هێژمۆمیخوازانە کە هەموو پانتایی جوغرافیای وڵات بگرێتەوە؛
دووهەم، هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارامە و جێکەوتوو کە لەلایەن خەڵکەوە وەک جێگرەوەی دەسەڵاتی زاڵ متمانەی پێ بکرێ و خەڵکی ڕاپەڕیو بچێتە پشتی؛
سێهەم، هەبوونی ڕێبەرێکی کاریزماتیک یان خود دەستەیەکی ڕێبەرایەتیی باوەڕپێکراو کە لەلایەن خەڵکەوە وەک مەرجەعییەتی سیاسی و ناوەندی بڕیار چاوی لێ بکرێ و قسەی لێ وەربگیردرێ.
بە چاوخشاندن بە دۆخی سیاسیی ئێران دەردەکەوێ کە دەزگای داپڵۆسین و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا نەیهێشتووە هیچ ئۆپۆزیسیونێک لە نێوخۆی وڵاتدا بیچم بگرێ و لە ئێستادا تەنیا لە کوردستان نەبێ کە خەباتێکی مافخوازنە بە ڕێبەرایەتیی حیزبە شۆڕشگێرەکانی لە چوار دەیەی ڕابردوودا درێژەی بووە، لە نێوخۆی وڵات دژبەر و ئۆپۆزیسیۆنێکی جیددی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نییە. بە واتایەکی دیکە لە ئێرانی ئەمڕۆدا لە کوردستان نەبێ، هیچکام لەو فاکتۆرانە ئامادە نین. ڕاپەڕینێکیش کە نەتوانێ خۆی پێناسە بکا، داواکارییەکانی ڕوون بکاتەوە و حیزب و ڕێکخراوی ئاوانگارد و پیشڕەوی نەبێ، زۆر ڕاحەت سەرکوت دەکرێ و دادەمرکێ. بۆیە لە ئێستادا ئەوەی دەیبینین زیاتر ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە هەتا شۆڕشێک کە بیەوێ گۆڕانکاریی قووڵ و بنەرەتی لە کۆمەڵگەدا دروست بکا.
لە ئێستادا ئەوەی وەک پێویستییەک زیاتر لە هەموو شتێک خۆ دەنوێنێ هاتنە کایەی ئۆپۆزیسیۆنێکە کە بتوانێ ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان بێ و خەڵک لەسەر شەقام بێڵێتەوە و پلان و نەخشە ڕێگای بۆ داهاتوو هەبێ.
بۆیە هەم لە ئاستی ئێراندا دەبێ هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی و دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی جێگرەوە پەلەی لێبکرێ، هەم لە کوردستان دەبێ هێزە سیاسییەکان پتر یەکگرتوو و یەک گوتار بن بۆ ئەوەی دەرفەتخوڵقێنی بکەن و لە دەرفەتەکان باشترین کەلک بۆ بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی وەربگرن.
( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)