ده‌وڵه‌تی حه‌سه‌نی ڕوحانی بودجه‌ی ساڵی ١٣٩٧ی داوه‌ته مه‌جلیس. ئه‌گه‌رچی مشتومڕه‌کان له‌سه‌ر په‌سندکردن یان گۆڕانکاری له‌و بودجه‌یه‌دا جارێ درێژه‌ی ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوونه ئه‌وه‌یه له‌و لایحهیهدا بودجه‌ی هێزه چه‌کداره‌کان زیادی کردوه، ناوه‌نده مه‌زهه‌بییه‌کان و دامه‌زراوه به‌ناو کلتووری و ئاینییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کاربه‌ده‌ستانی ئایینیی کۆماری ئیسلامی پشکیان له بودجه‌ی ئه‌مساڵدا زیاتر لە ساڵانی ڕابردوویه؛ هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت پێشنیاری لابردنی یارانه‌ی له‌سه‌ر قووتی سه‌ره‌کیی ژیانی خه‌ڵک، واته نان کردوه، بودجه‌ی به‌شی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵات سەدا ١٥ و هه‌روه‌ها بودجەی بەشی په‌روه‌رده و فێرکردن سەدا ٤٠ له که‌می داوه و خشتەی ژمارە ١٧ش چۆتە ڕەدیفی بودجەوە.
خشته‌ی ژماره ١٧ی بودجه له‌مێژ ساڵه خه‌ڵک ده‌یزانن و ده‌یناسن، ڕیزی کۆمه‌ڵێک بنیات و ناوه‌ندی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسانی ئایینی و مه‌رجه‌عه مه‌زهه‌بییه‌کان، کاربەدەستانی دەستڕویشتوو که ساڵانه هه‌زاران میلیارد تمه‌ن له سامانی گشتیی وڵاتیان ده‌درێتێ، بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێ ئه‌و پاره به لێشاوه له کوێ و له چیدا خه‌رج ده‌کرێ و قازانجی بۆ خه‌ڵک چین؟
«حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی قوم»، «سازمانی ته‌بلیغیاتی ئیسلامی»، «دامه‌زراوه‌ی توێژینه‌وه و فێرکاریی ئیمام خومه‌ینی» که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی میسباح یه‌زدیدا به‌ڕێوه ده‌برێ، «جامعه المصطفی العالمیه» که له بەردەستی ئایه‌توڵڵا مه‌کارم شیرازی دایە، «دامه‌زراوه‌ی دایه‌ره‌تولمه‌عارفی فیقهی ئیسلامی» که سه‌ید مه‌حمود هاشمی شاهروودی هه‌ڵیده‌سووڕێنێ، «دامه‌زراوه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ئیمام» که سه‌ید حه‌سه‌ن خومه‌ینی ده‌یگێڕێ، «بنیاتی ئێرانناسی» کە محەممەد خامنەیی، برای سەید عەلیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبا، «بنیاتی سه‌عدی، دایه‌ره‌تولمه‌عارف و فه‌رهه‌نگستان» کە غوڵامعەلی حەداد عادل، خەزووری کوڕی خامنەیی سەرۆکایەتیی دەکا، «زانکۆی موته‌هیری»، «فه‌رهه‌نگستانی هونه‌ر»، «کتێبخانه‌ی ئایه‌توڵڵا مه‌ڕعه‌شی» و ده‌یان ناو و شوێن و دامه‌زراوه‌ی دی که هه‌ر کام ساڵێ له نێوان ١٥ هه‌تا ٤٥٠میلیارد تمه‌نیان به‌به‌لاش ده‌درێتێ، بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ت بۆ خۆیشی ده‌سه‌ڵاتی هیچ جۆره چاوه‌دێرییه‌کی به‌سه‌ر جۆری چالاکی و چۆنیه‌تیی خه‌رجکردنی ئه‌و هه‌زاران میلیارد تمه‌نه هه‌بێ که له باخه‌ڵی خه‌ڵک ده‌ری دێنن و له حسێبی ئه‌وانی ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی له لایحه‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵدا ده‌رده‌که‌وێ، ده‌وڵه‌ت ئه‌و خشتهیهیهی لابردوه و وه‌ک ساڵان و به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ نهیگونجاندوه، به‌ڵکوو له ڕدیفی بودجه و لە ڕیزی تێچووەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیڕشاددا هێناونی که ئه‌گه‌رچی وه‌ک هه‌وڵێکی دەوڵەت بۆ شەفاففییەتی زیاتر و چاوەدێری بەسەر چۆنیەتیی ئه‌و به‌شینه‌وه زۆر و زه‌وه‌نده چاوی لێده‌کرێ، به‌ڵام ئه‌سڵی بابه‌ت هه‌ر له جێی خۆیه‌تی. خه‌ڵک ده‌پرسن کاری ئه‌م هه‌موو داموده‌زگا پان و به‌رینه به‌و هه‌مووه تێچووه قورسه چییه و چی‌یان کردوه و له پێناو کام پرس و خه‌می کۆمه‌ڵگه‌دان که خوانی ئاوایان بۆ ڕاده‌خرێ.
بەپێی داتا و دێکۆمێنتەکان ئەوەندەی بە ئاشکرا دەدرێتە ئەو شوێنانە لە ساڵدا نیزیک بە ٨٠٠٠ میلیارد تمەنە، ئەویش لە حاڵێکدا بەپێی سەرچاوە ڕەسمییەکان بودجەی هەر هەموو ژینگەپارێزیی وڵات تەنیا ٣٠٠ میلیارد تمەنە، هەروەها لە هەموو بودجەی تەرخانکراوی ئەمساڵ بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە کەمێک زیاتر لە ٧٠٠ میلیارد تمەنی بۆ تەرخان کراوە(١)، بە واتایەکی دی سەرجەم بودجەی ئاوەدانی و وەبەرهێنان و گەشەی وڵات ناگاتە ئەو پووڵ و پلەیەی بەبەلاش و بێبەرامبەر دەدرێتە ئەو ناوەند و دەزگا حکومییانەی هیچ فەڕ و خێرێکیان بۆ خەڵک و کۆمەڵگە نییە.
حه‌سه‌ن ڕوحانی له حاڵێکدا ڕایگه‌یاندوه که ئامانجی سه‌ره‌کیی بودجه‌ی ساڵی ٩٧نههێشتنی هه‌ژارییه له کۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام که سه‌یری ڕدیفی بودجه و هه‌روه‌ها پڕاکتیکه‌کانی ناوبراو ده‌که‌ین، ده‌بینین کابینەکەی ئەویش نەک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌ڵکوو بۆ سه‌قامگیربوونی زیاتری ڕێژیم و له پێناو بردنه‌پێشێی سیاسه‌ته ئیدۆلۆژیکییه‌کانی ڕێژیمه‌که‌ی هه‌نگاوی ناوه. چۆن؟
له حاڵێکدا سه‌رجه‌م بودجه‌ی پێشنیارکراو بۆ ساڵی ١٣٩٧ له چاو ساڵی ڕابردوو ته‌نیا سه‌دی 7/3 زیادی کردوه، به‌ڵام بودجه‌ی پێشنیارکراو بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری سه‌دا ٣٣ و بودجه‌ی سپای پاسداران به تایبه‌تی سه‌دا ٤٢ زیادی کردوه. بودجه‌ی سپا ئه‌وه‌نده‌ی به ئاشکرا له ڕدیفی بودجه‌دا هاتوه، ساڵی ڕابردوو ١٥ هه‌زار و ٥٠٠میلیارد تمه‌ن بوو و بۆ ئه‌مساڵ 27 هه‌زار میلیارد تمه‌نی بۆ له‌به‌رچاو گیراوه. به‌ڵام؛
پشکی بودجه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵات بۆ ساڵی داهاتوو ١١ هه‌زار میلیارد تمه‌ن له چاو ساڵی ڕابردوو له که‌می داوه، ئه‌ویش له کاتێکدا که به هه‌زاران پڕۆژه‌ی نیوه‌چڵ به‌سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا ماوه‌ته‌وه و سروشتییه له‌و دۆخه‌دا چیی به کوردستان و ناوچه په‌راوێزخراوه‌کانی دیکه‌ی ئێران ده‌بڕێ که به درێژایی هه‌موو ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی به‌لاوه‌یان ناون. کهمکردنهوهی١١ هه‌زار میلیارد تمه‌نی له بودجه‌ی وەبەرهێنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵات و زیادکردنی ١٢ هه‌زار میلیارد تمه‌نیی زیاتر له بودجه‌ی ساڵی ڕابردوو بۆ سپای پاسداران ده‌ریده‌خا که سپای پاسداران له حاڵێکدا زیاتر له نیوه‌ی هه‌موو بودجه‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی ئیرانی دراوه‌تێ، بۆ ساڵی داهاتوو چ خه‌ون و خه‌یاڵێکی له‌سه‌ر دایه.
سه‌یر ئه‌وه‌یه که حه‌سه‌ن ڕوحانی له کاتێکدا پێشنیاری ئه‌و بڕه بودجه‌یه‌ی بۆ سپای پاسداران کردوه که پێش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به سه‌رۆک کۆماری به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی له‌وه ده‌گرت که کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و نیزامی و ڕاگه‌یاندن له شوێنێک _ که مه‌به‌ستی سپای پاسداران بوو_ بووه‌ته هۆی گه‌نده‌ڵییه‌کی هه‌وسار پچڕا‌و.
لەلایەکی دیکەشەوە تەرخانکردنی بەشی هەرە زۆری داهات و بودجەی گشتیی وڵات بۆ سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕێژیم لە حاڵێک دایە کە هەژاری، بێ‌کاری و گرانی بینەقاقای زۆرینەی خەڵکی ئێرانی گرتوە و هێنانی «نان» بۆ سەر سفرە بۆتە بارگرانی بۆ زۆر خەڵک، هەر ئەو نانەی کە ئێستا لە بودجەی ٩٧ دا بڕیارە یارانەی دەوڵەتیی لەسەر هەڵگیرێ و نرخەکەی ئازاد بکرێ، بە واتایەکی دی ئەگەر مەجلیس ئەو بەندە لە بودجەی پێشنیاریی دەوڵەت پەسند بکا نرخی نان زیاتر لە دوو هیندەی ئێستا گرانتر دەبێ و خەڵکێکی زۆر هەر ئەو نانە ویشکەیان بۆ ناکڕدرێ.
چەند خاڵێکی دیکەی بودجەی٩٧ جێی سەرنجە:
_ بودجه‌ی پێدانی مانگانه بۆ په‌ککه‌وتووان و بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا کۆچکردووه‌کان ١٨٧میلیارد تمه‌ن و بودجه‌ی یارمه‌تیدانی ژیانی فه‌قێکانی حکومه‌ت ٣٣٥ میلیارد تمه‌نه و ٢٥٣ میلیارد تمه‌ن بۆ بیمهکردنیان ته‌رخان کراوه، به‌ڵام له کوردستان نه‌ک کۆڵبه‌ران و کرێکاران بیمه ناکرێن و قوربانی و بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی مین و ده‌ستڕێژی هێزه چه‌کداره‌کان قه‌ره‌بوو ناکرێنه‌وه، بگره ده‌گیرێن و جه‌ریمه‌ش ده‌کرێن.
_ بودجه‌ی ناوندی خزمه‌تگوزارییه‌کانی حه‌وزه‌کانی عیلمییه ٦٠٠میلیارد تمه‌نه، به‌ڵام سه‌رجه‌م کتێبخانه گشتییه‌کانی وڵات ١٥٧ میلیارد تمه‌نیان ده‌درێتێ.
_ «جامعه المصطفی العالمیه» که ته‌نیا یه‌کێک له ناوه‌نده‌کانی په‌روه‌رده‌ی ئایینیی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاته، به ته‌نێ ٣٣٠میلیارد تمه‌نی دراوه‌تێ، به‌ڵام بودجه‌ی زانکۆکانی سه‌نعه‌تیی شه‌ریف و ئه‌میرکه‌بیر ٢٥٤ میلیارد تمه‌نه.
_ لەو بودجەیەدا سەرانەی فێرکردن و پەروەردە بۆ ساڵی داهاتوو نیوە کراوە، ئەویش لەبەرچاوگرتنی ئەو هەمووە کەمایسییە لە دابینکردنی شوێن و ئیمکاناتی خوێندن، وەک کەمیی قوتابخانە و خوێندنگەکان، نۆژەنکردنەوە و کۆک و پۆشتەکردنیان.
_ لە بودجەی ٩٧دا پێشبینی کراوە داهاتێکی زیاتر لە ئی ئەمساڵ، واتە نیزیک بە ١٩.٥هەزار میلیارد تمەن لە بەشی ماڵیات و پیتاک بە نەسیبی دەوڵەت بێ؛ کە هەر کەسەو لە ئێران ٢٤٥ هەزار تمەنی پێ دەبڕێ.(٢) واتە دەوڵەت دەیەوێ بە کەمتر حسێبکردن لەسەر داهاتی فرۆشی نەوت، نوقسانیی ئەو بەشە بە زۆرکردنی باج و پیتاک لەسەر خەڵک و، گرانکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و بڕق و گاز و سوتەمەنییەکانی وەک نەوت و گازۆڵ و بێنزین و تەنانەت نان و سەیرتر لەوە وەرگرتنی باجی قورسی سەفەر بۆ دەرەوەی وڵاتی خەڵک بەپێی بڕوانامەی خوێندن پڕ بکاتەوە.
_ دواجار لایحەی بودجەی ساڵی داهاتووش لە کاتێکدا هەمیسان تێچووەکانی ڕاییکردنی کاروباری وڵات سەدی 9 زیادی کردوە، کە حەسەن ڕوحانی لە 5 ساڵی سەرکۆماریی خۆیدا بەردەوام لەو سۆنگەیەوە ڕەخنەی توندی لە سەردەمی ئەحمەدینژاد دەگرت، ڕێچکەیەک کە بۆ خۆی خراپتر پێیدا دەڕوا.
به کورتی بودجه‌ی 97 نه‌ک هیچی بۆ خه‌ڵکی ئێران تێدا نییه، به‌ڵکوو له سفره‌ی خه‌ڵک و له زاری خه‌ڵکیان گرتۆته‌وه و له ده‌می هێز و ده‌زگا نیزامی و ئهمنیهتییهکانیانی ڕۆ کردوه.
سەرچاوەکان
1) ایلنا، کد خبر: 569032 139۶/09/21
2) روزنامە خراسان/ شماره : 19706 – 1396 پنج شنبه 23 آذر
( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)