لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانداین. بە درێژایی مێژووی خەباتی پێشمەرگە و پانایی کوردستان و قووڵایی باوەڕی پێشمەرگە و بەرزایی ورەی پێشمەرگە لە قەڵافەتی پڕشانازیی پێشمەرگە دەڕوانم. تەمەنی “پێشمەرگە”، واتە لەو ڕۆژەوە کە ئەم ناوە دڵچەسپەی لەسەر دانراوە (١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤) کەمتر لە ٧٢ ساڵە و تەمەنی “ڕۆژی پێشمەرگە”ش تەنیا ٣۳ ساڵە (سەرماوەزی١٣٦٣). بەڵام تەمەنی خەباتی پێشمەرگە بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان سەدان ساڵ و ڕێک بەقەدەر ئەو مێژووەیە کە نەتەوەی کورد وەک کۆمەڵە مرۆڤێکی جیا لە هەموو نەتەوەکانی دیکە هەستی بە بوونی خۆی کردوە و بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی دەستی داوەتە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان.
چاوخشاندنێک بە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا بۆمان دەردەخا کە پێشمەرگە لەمسەر تا ئەوسەری کوردستان چفیداکارییەکی کردوە، چەندی حەماسە خوڵقاندوە و چۆنی ناوی کورد و داخوازە ڕەواکانی بە دنیا ناساندوە. ناتوانم داخ و کەسەری خۆم لەوە بشارمەوە کە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە هێندێ بەشی کوردستاندا تێکۆشەری چەکداری کوردیان لە ناوی پڕشانازی و ئیلهامبەخشی “پێشمەرگە” بێبەش کردوە و بەجێگای ئەوە ناوی نامۆ و بێگانەی وەک “گریلا”، یان ناوی بێناوەرۆکی وەک “شەڕڤان”یان بەسەردا بڕیوە. بەڕاستی حەیف و مخابن نیە ئەو خەباتگێڕە چەکدارە فیداکارانە کە ناوی کورد و بزووتنەوەی کورد لە تورکیەیان زیندوو کردەوە و گەیاندیانە لووتکە، یان ئەو کیژ و لاوە بە هەیبەت و بەهەڵمەتانەی لە خۆرئاوای کوردستان سەری کوردیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بەرز کردەوە بە ناوێک جگە لە “پێشمەرگە” بە دنیا بناسێندرێن؟ ئاخر هەرکەس چەکی هەبێ و شەڕی پێبکا دەکرێ پێی بڵێین “شەڕڤان” بەڵام تەنیا ئەو چەکهەڵگرە بەدیمەنانە “پێشمەرگە”ن کە بۆ ئازادی و بەختیاریی کورد هەوڵ دەدەن.
خەفەتێکیش لەوە دەخۆم کە تەنانەت ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییانەی ناوی پێشمەرگەشیان بۆ تێکۆشەرە چەکدارەکانیان پەسند کردوە تا ئێستا ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزیان وەک ڕۆژی پێشمەرگە دانەناوە و هەرکامە ڕۆژێکی دیکەی ساڵیان بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژاردوە. دەگەڵ ڕێز و شانازیم بۆ هەموو بۆنەکان پێم وایە هەم بۆ یەکدەنگیی هێزەکانی نێو بزووتنەوەی کورد و هەم بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی مێژوویی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ کە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە، (ئێستاش نەچووە بچێ) هەق وایە ئەو ڕۆژە لەلایەن هەمووانەوە بکرێتە ڕۆژی پێشمەرگە.
داخی گرانتر لەسەر دڵی من ئەوەیە کە هێندێک دەنگی ناساز بە ناوی ئەوە کە سەردەمی خەباتی چەکدارانە بەسەر چووە و دەوران دەورانی خەباتی ئاشتیخوازانەیە، دەیانەوێ پێمان بسەلمێنن کە پێشمەرگایەتییش باوی نەماوە و تەنانەت وشەی بێگانە و ڕەزاگرانی “ئیکسپایەر”ی بۆ بەکار دەبەن. غافڵ لەوە کە ئەو هێز و لایەنانەی هەوڵ دەدەن ئەم بۆچوونە لە مێشکی کوردی زۆرلێکراو بچەسپێن هەموو ڕۆژێ لە فکری دروستکردن و بەرهەمهێنان و وەدستخستنی چەکی تازەتر و ماڵوێرانکەرتردان و بەناهەقی ناڕەوا هەوڵ دەدەن کورد کەمترین ئامرازی خۆپاراستنی بەدەستەوە نەمێنێ و بە قەولی کوردەواری “بەنبڕی ددان بێ”.
بەشبەحاڵی خۆم لە سەرەتای لاویمەوە بە بیروباوەڕی حیزبێک گۆش کراوم کە پێیوابووە مەسەلەی کورد ڕێگاچارەی نیزامیی نیە و خەباتی چەکدارانەی بە شێوەیەکی داسەپاوی خەبات داناوە. کەوایە پێویست نیە کەس تێمبگەیەنێ کە خەباتی چەکدارانە کام گیروگرفتی لەسەر ڕێیە و کامە ئاکامی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە. بەوحاڵە پێموایە هەتا دیکتاتۆری و حاشاکردن لە مافە ڕەواکانی کورد لەلایەک و تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان لەلایەکی دیکە لە ئارادا بن هەمیشە مەترسیی ئەوە هەیە کە بۆ وێنە ڕێژیمی ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامیی دەورێکی دیکە لە بەرەنگاریی چەکدارانە بەسەر بزووتنەوەی هەقخوازانەی گەلەکەماندا بسەپێنێ. کەوایە دەبێ گەلی کورد و هێزە خەباتکارەکانی هەمیشە گیانی بەرهەڵستی و بەربەرەکانی لە هەموو شێوەکانیدا بپارێزن و نەهێڵن ئەو زەمینەیە بڕەخسێ کە کۆنەپەرستیی دەسەڵاتدار بێترس لە بەرخۆدانی شۆرشگێڕانە پەلاماری گەل و وڵاتەکەمان بدا. ئەمەش پێویستیی بەوە هەیە کە پێشمەرگایەتی و ڕووحی پێشمەرگایەتی ئەگەریش لەباری چەندییەوە نەبێ لەباری چۆنییەوە هەمیشە لە گەشە و پێشکەوتندا بێ.
لەوەش بگەڕێتەوە، نەخشی پێشمەرگە هەر لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی کورددا کورت ناکرێتەوە و ئەرکی گرنگتر و درێژخایەنتری ئەو، پاراستنی ماف و ئازادییەکانی کورد دوای بەدەستهێنانیانە. بەڵێ، ئەو ڕۆژەی گەلەکەمان لە سایەی هەوڵی هەموو ڕۆڵەکانی و بەتایبەتی فیداکاریی پێشمەرگەدا بەئاوات دەگا و مافە زەوتکراوەکانی وەدەست دێنێ، تازە پێویستیی زیاتر بە دەستی ئەمینی پێشمەرگە پەیدا دەکا کە دەسکەوتە گرانوەستاوەکانی بۆ بپارێزی و ڕێگا نەدا مافخۆران با بدەنەوە سەری و بە کەلکوەرگرتن لە خەمساردی و کەمتەرخەمی، باغی ئاواتەکانی بدەنە بەر شەختەی چاوچنۆکیی خۆیان.
بێجگە لە هەمووی ئەمانەش، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە پێشمەرگە تەنیا لە خەباتی چەکدارانە و لە سەنگەری بەرگریدا دەتوانێ خزمەت بەگەل و نیشتمانەکەی بکا. پێشمەرگەی ئەمڕۆ دەگەڵ تازەترین دەسکەوتەکانی زانست و تەکنۆلۆژیدا دەژی و لە مەیدانی کاری مەدەنی و بنیاتناندا دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێ و تەنانەت لەو بوارەشدا هەر نەخشی پێشەنگایەتی بۆخۆی بپارێزێ. دووپاتەکردنەوەش بێ، دەڵێم کە پێشمەرگە هەر ئەوانە نین کە چەکلەشان خزمەت بە وەدیهێنان و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بەڵکوو هەمووی ئەوانە کە لە هەر بوارێکدا خشتێک لەسەر دیواری کۆشکی بەختەوەریی کورد دادەنێن پێشمەرگەن. بەڵێ نەخشی پێشمەرگە و سوپای پێشمەرگە ئێستاش و لە دواڕۆژیشدا زۆر لەوە مەزنترە کە هێندێ کەس بە کورتبینییەوە لێی دەڕوانن.
با هەموومان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەزەوە سڵاو لە ناوی پێشمەرگە، لە مێژووی پڕشانازیی پێشمەرگە، لە شەهیدانی پێشمەرگە و لە کەسوکاری سەربەرزی پێشمەرگە بکەین و زۆر بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی ڕۆژی سەرکەوتنی یەکجاریی پێشمەرگە بین. کوێر بێ ئەو چاوەی بە پێشمەرگە هەڵنایە.