«شەقام» به ته‌نیا هه‌ر شوێن نییە، شەقام واتا و مانای ڕاستەقینەی ژیانە. تەنیا شوێنێکە کە دەکرێ متمانەی پێبکەی. ئەوەی لە شەقام فێری دەبی لە هیچ شوێنێکی دیکه فێری نابی. هیچ زانکۆیەک، هیچ ده‌سه‌ڵات و حکوومەتێک، هیچ مزگەوت و کلیسە و کەنیسەیەک وەک شەقام ڕاستگۆ نین. تەنانەت لە زەمەنیش ناچێ، چون هەموو کات و ساتەکانی لە هەموو قۆناغێکی تەمەندا هی تۆن، شەقام ئاوێنەی باڵانوێنی ڕووحی تاکەکانە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا، لە شەقامدا خۆتی بە بێدەمامک، وەک هەزاران و سەدان هەزار کەسی دی، دێی و دەچی بەبێ جیاوازی لەگەڵ دیتران. شەقام دەریایە بۆ مەلەوانی ئازا و بەجەرگ.
(له ده‌فته‌ری بیروهرهییهكانم)
(1)
خرۆشانی ئه‌م ڕۆژانه‌ی شه‌قامی شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ڵگری هه‌ندێ دال و هێمای تایبه‌تن كه شرۆڤه‌ی هه‌ر هه‌موویان ده‌مانگه‌یه‌نێته چه‌مكێك به ناوی «پێكه‌وه‌لكاوی ناسیۆنالیزمی». مه‌به‌ستم له پێكه‌وه‌لكاوی ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر سه‌یری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بكه‌ی له ڕوانگه‌یه‌كی خه‌سارناسانه‌وه ده‌بینین كه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گرفتێك به ناوی «كه‌لێن» به‌ره‌ڕوو بووه.
لە كۆمەڵناسیی كلاسیك‌دا، چەمكی كەلێن زیاتر بریتییە لە دابڕان و جیاوازییەكانی نێوان كۆمەڵگای سوننەتی و كۆمەڵگای مۆدێرن، بەڵام لە كۆمەڵناسیی سیاسی‌دا ئەم چەمكە بەربڵاوتر دەبێ، بە واتایەكی دیكە ئەگەر لە كۆمەڵگا سوننەتییەكاندا كەلێنەكان كەمتر بوون بەهۆی پێكهاتە و نێوەرۆك و چەشنی پەیوەندییەكانی ئەم جۆرە كۆمەڵگهیانە، ئەوا لە كۆمەڵگه‌ی مۆدێرندا ئاست و جۆری كەلێنەكان زۆر زیاتر خۆی دەردەخا. بۆ وێنە ئەو كەلێنانەی ئەمڕۆ لە كۆمەڵگاكاندا بەدیدەكرێن بریتین لە: كەلێنە چینایەتییەكان، كەلێنە حیزبییەكان، كەلێنە ئایینی و مەزهەبییەكان، كەلێنە جێندەرییەكان، كەلێنە جیلییەكان و… كۆی ئەم كەلێنانە دواجار لەسەر ڕەفتاری سیاسیی كۆمەڵگه شوێندانەر دەبن و كەلێنە سیاسییەكان بەرفراوانتر دەكەن. به‌ڵام وێده‌چێ حزووری ئه‌م دواییانه‌ی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له سه‌ر شه‌قامه‌كان، خه‌ریكه كه‌لێنه جۆربه‌جۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات داده‌پۆشێ و، له ڕاستیدا ئه‌و پێكهوهلكاوییه ناسیۆنالیزمییه‌ی باسم لێوه كرد زۆر به ڕاشكاوی له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستادا هه‌ستی پێده‌كرێ. هه‌م به ڕه‌هه‌نده نێوخۆییهكهیدا، هه‌م له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیکه‌ی کوردستانیشدا.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ناسیۆنالیزمی سه‌ر شه‌قام ڕه‌نگه بكرێ به‌م شێوه‌یه پۆلێن بكرێ:
هه‌مه‌گیره: واته له گه‌نجه‌وه تا به ساڵاچوو، ژن و پیاو، له باكووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌تا باشووری ڕۆژهه‌ڵاته مه‌یدانی چالاكییهتی.
كایهكهره: واته سنووردارییه‌كان ده‌ناسێ و یاسا‌وڕێساكانی كایه‌كه ده‌زانێ و دروشمی ڕادیكاڵ بۆ وێنه ڕووخاندن تاكتیكی ئه‌م ناسیۆنالیزمه نییه. (لانیكه‌م تا ئێستا)
لێك گرێدراوه: واته كه‌لێنی تێدا بهدیناكهی، ته‌نانه‌ت به هۆی ئایینزای سوننه و شیعه كه ڕۆژهه‌ڵات دابه‌ش كرابوو، له‌م جووڵه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌دا ئه‌و كه‌لێنه به‌ته‌واوی پڕبۆته‌وه و خه‌ریكی مه‌ودا گرتنی زیاتره له ده‌سه‌ڵات.
وهبهرهێنهرهوهیه: واته به‌خه‌ستی شوێن له پارچه‌كانی دیکه وه‌رده‌گرێ و سه‌رله‌نوێ له نێوخۆی‌دا ده‌زێته‌وه (Reproduction)
ڕهگاژۆكهره: واته به هۆی كه‌ره‌سه‌ی به‌رده‌ستی وه‌ك سۆشیال میدیا په‌لوپۆ داوێ.
(2)
له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی بیرۆكه‌یه‌كی مه‌ترسیدار به پێویست ده‌زانم. بیرۆكه‌یه‌ك ڕێك به دژی ناسیۆنالیزمی سه‌ر شه‌قام. ئه‌م بیرۆكه مه‌ترسیداره، به تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا خه‌ریكه ناسیۆنالیزمی كوردی له ڕۆژهه‌ڵات له چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانی داماڵێ. دیاره نایهه‌وێ خودی ناسیۆنالیزمه‌كه بسڕێته‌وه، چونکی ده‌زانێ ئه‌وه‌یانی بۆ ناكرێ و له‌وه پێشتریش هه‌ولی داوه ئه‌م كاره بكا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دژكرده‌وه‌یه‌كی به‌رگریكارانه به‌ره‌وڕوو بووه و ڕیسه‌كه‌ی لێ بۆته‌وه خوری. بۆ وێنه هێرش به هێزی سه‌خت و ئاسمیلاسیۆن له ساڵانی ڕابردوودا، حه‌ولێكی جیددی بوون بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی ناسیۆنالیزمی كوردی له ڕۆژهه‌ڵات. به‌ڵام كه بۆی ده‌ركه‌وت به‌م شێوازه بۆی ناچێته سه‌ر، ئێستا خه‌ریكه به داماڵین و سڕینه‌وه‌ی چه‌مكه‌كان (یه‌ك له‌وان: پێكه‌وه‌لكاوی ناسیۆنالیزمی) له ناسیۆنالیزم و ده‌به‌رکردنی قاوغێكی تیۆریكیش به‌م داماڵین و سڕینه‌وه‌یه، به‌ره‌نگاری ته‌قه‌ڵه‌كانی ناسیۆنالیزم له‌سه‌ر شه‌قام بێته‌وه و دواجار ئه‌م ته‌قه‌ڵ و پێكه‌وه‌لكاوی و به‌ستراوه‌ییه هه‌ڵوه‌شێنته‌وه.
ئه‌وان ده‌یانه‌وێ، سه‌ره‌تا به لێدانی مۆركی ناسیۆنالیزمی سوننه‌تی و كلاسیك، له چه‌مكی نه‌ته‌وه‌خوازی، مرۆڤی كورد له به‌ها شۆڕشگێڕییه‌كان به‌تاڵ كه‌نه‌وه، ده‌یانه‌وێ ڕووحی كێویی مرۆڤی سه‌ركه‌شی كوردی ڕۆژهه‌ڵات له شه‌قامه‌كان، كه‌وی كه‌ن و به‌ره‌و ماڵ كه‌نه‌وه و ده‌رئه‌نجام سڕینه‌وه و داماڵینی هه‌ر چه‌شنه ڕادیكالیزمێك له هه‌ر چه‌شنه بزووتنه‌وه‌یه‌ك، به‌تایبه‌تی له بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی و جووڵه‌ی هێزی له‌بڕان نه‌هاتووی شه‌قامه‌كان.
ئه‌م بیرۆكه هه‌ر له درێژه‌ی پڕۆژه‌كه‌یدا و بۆ پێكانی مه‌به‌ست، هۆكاری گه‌شه‌ونه‌شه‌ی ناسیۆنالیزم له ڕۆژهه‌ڵات گرێ ده‌داته‌وه به‌وه كه ئه‌م ناسیۆنالیزمه، ناسیۆنالیزمێكی بێكاره. سه‌رقاڵی خۆی نییه، سه‌رقاڵی پارچه‌كانی دیکه‌یه و خه‌ریكی كاری جیددی نییه. ته‌نانه‌ت دێنێ ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی له ده‌وری یه‌كتر كۆكردۆته‌وه، تا ئاستی سۆزێكی نابه‌ئاگا داده‌به‌زێنێ و خۆیشی سوورسوور ده‌زانێ ئه‌وه‌ی له شه‌قامه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ڕوو ده‌دا گه‌شه‌سه‌ندنێكی بێ وێنه‌ی ناسیۆنالیزمێكی عه‌قڵانییه له‌سه‌ر بنه‌مای بایه‌خه ئینسانییه‌كان.
(3)
وه‌ك له سه‌ره‌تادا باسم لێوه كرد، پێكه‌وه‌لكاویی ناسیۆنالیزمی له ڕۆژهه‌ڵات له‌م دواییانه‌دا كارتێكه‌رییه‌كی بێوێنه‌ی بووه كه ده‌كرێ له دوو ڕه‌هه‌نده‌وه بۆی بچین:
یه‌كه‌میان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیکه‌دا، لاموایه زۆر له‌وه ئاشكراتره كه بمانه‌وێ باسی هه‌ست و دژكرده‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات به نیسبه‌ت به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ین. له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا هاتنی ده‌یان هه‌زار كه‌سی له خه‌ڵكی شاره جۆربه‌جۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه ناسیۆنالیزمی كوردی له ڕۆژهه‌ڵات به‌ته‌واوی په‌لوپۆی هاویشتۆته پارچه‌كانی دی و ڕهگئاژۆی كردووه و خه‌ریكی ته‌قه‌ڵ و دروومانی سنووره‌كانه له‌باری زه‌ینی و سۆزدارییه‌وه. ڕۆژێك بۆ په‌سندی فیدرالیسم له عێراق یان پشتگیری له شنگال یان به بۆنه‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له باشوور دێته شه‌قام، ڕۆژێك به بیانووی كۆبانی بۆ ڕۆژاوا، ڕۆژێك به بیانووی ده‌سبه‌سه‌ر كردی سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكوور و… و بۆ هه‌مووی ئه‌مانه‌ش تێچووی بۆ داوه به گیان و ماڵ و ژیان.
دووه‌میان سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌نده نێوخۆییه‌كه، ڕه‌نگه باس له دوایین نموونه‌ی هاتنی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات له شه‌قامه‌كان پێوانه‌یه‌كی باش بێ بۆ مه‌به‌سته‌كه‌مان. هه‌ره‌وه‌زی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌ی كرماشان و خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌م هه‌ره‌وه‌زه و لێكدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م دال و نیشانه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه باكووری ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری كوردی سوننه‌مه‌زه‌ب و كوردی شیعه‌مه‌زه‌ب و یارسان لێك گرێ دراون، ئیراده‌ی گه‌ل له سه‌رووی خواستی ده‌سه‌ڵاتی حاكم به شێوه‌یه‌كی دژكرده‌وه‌یی، هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ تاك و كۆمه‌ڵی كوردهواری. به واتایه‌كی دی ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی كه‌لوپه‌لی پێویستیان بۆ ناوچه بوومه‌له‌رزه‌لێدراوه‌كان ده‌گواسته‌وه، له‌گه‌ڵ بڕینی تاك به تاكی سنووری نێوان شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ڕاستیدا ته‌قه‌ڵ و دروومانی لێكترازانی مێژوویی شار و ناوچه‌كان بوو. ئه‌مه واته به ده‌روونی كردنه‌وه‌ی چه‌مكی نه‌ته‌وه‌خوازی له نێوخۆدا.
له هه‌مان كاتدا هه‌ر ئه‌م هه‌ره‌وه‌زه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی بۆ كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌ی كرماشان کرا و لایه‌نه نێوخۆییهكهشیمان باس كرد، له ڕاستیدا به‌شێكیشی به جۆرێ دژكرده‌وه‌یه‌كی نیشتمانیش بوو له سه‌ر بنه‌مای سایكۆلۆژیكی نسكۆی پاش ئه‌و کارەساتەی بەسەر باشووری کوردستان هێندرا. ئه‌و دروشمانه‌ی خه‌ڵك ده‌یانوته‌وه و به‌رزیان كردبۆوه گوزاره له‌وه ده‌كه‌ن كه ڕۆژهه‌ڵات به حه‌ماسه‌ی حزووری له شه‌قامه‌كان ده‌یویست تاڵایی شكستی باشووریش له نابه‌ئاگای زه‌ینی تاك و كۆمه‌ڵی كورد كه‌م كاته‌وه و كردیشی. به دوور له غه‌ڵبه‌غه‌ڵب و زه‌نازه‌نا و په‌رته‌وازه‌یی حیزبه‌كان، ڕۆژهه‌ڵات بۆخۆی خه‌ریكی ته‌قه‌ڵ و دروومانی ناسیۆنالیزم و پێكه‌وه‌لكاندنی ئه‌م چه‌مكه‌یه له نێوخۆ و له پارچه‌كانی دیکه‌ش.
( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)