ڕێکخراوی ئەنترناسیونال سۆسیالیست که حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌سڵی تێیدا ئه‌ندامه، ڕۆژی هه‌ینی، 3٣ی سه‌رماوه‌ز له کاتالۆنیائی ئیسپانیا و له شاری بارسەلۆنە کۆبوونه‌وه‌ی به‌رینی خۆی پێک هێنا. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەرپەرستی مستەفا شەلماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوون و نوێنه‌ری حیزب له کۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌دا وتاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکێش کرد.
ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه دووه‌مین کۆبونه‌وه‌ی دوای کۆنگره‌ی 25ی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ بوو و جیا له حیزبی دێموکڕاتی کوردستان؛ دوو لایه‌نی کوردیی دیکه تێیدا به‌شداربوون که بریتی بوون له یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و پارتی یه‌کیه‌تیی دێموکرات PYD.
له‌سه‌ر چه‌ندی و چۆنیی باسه‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وانه و چۆنیه‌تیی باس له پرسی کورد له توێی مژار و باسه‌کانی کۆبوونه‌وه‌کانی بارسه‌لۆنا، «کوردستان» وتووێژێکی له‌گه‌ڵ کاک مسته‌فا شه‌ڵماشی، به‌رپرسی شاندی حیزب له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا پێک هێناوه:
کاک مسته‌فا ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی ڕێکخراوی ئەنترناسیونال سۆسیالیست له‌سه‌ر بنه‌مای چی پێکهاتبوو؟ گرینگ‌ترین باس و ته‌وه‌ره‌کانی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه چ بوون؟
ئه‌و کۆبونه‌وه یه له سه‌ر بناغه‌ی ستڕاتیژییه‌ک پێک هاتبوو که سێ تێمای سه‌ره‌کیی ده‌گرته‌وه. ستڕاتیژییهکه بریتی بوو له بنیاتنانی داهاتوو له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی چه‌پ له دنیادا. ئه‌و سێ تێما سه‌ره‌کییه‌ش که باسیان له سه‌ر کرا بریتی بوون له یه‌که‌م، دێموکڕاسی، یه‌کسانی و هاوکاری. دووه‌م؛ کارکردن له پێناوی سه‌قامگیری و ئاشتی له جیهانی پڕ کێشه‌ی ئێستادا و، سێهه‌م؛ په‌ره‌پێدانی هه‌ستی ئینسانی له به‌رامبه‌ر قه‌یرانه ئینسانیه‌کاندا.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێکی زۆر باس و وتار پێشکێش کران و ئه‌نجامی زووربه‌ی باسه‌کان ده‌هاتنه‌وه سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگی جیهانی که په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به ژیانی مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌یه. گرنگترینی ئه‌و بابه‌تانه‌ش بریتی بوون له ئاشتی، ئازادی، دێموکراسی، یه‌کسانی، ئابووری، پێکه‌وه‌ژیان و مافی مرۆڤ.
ئاکامگیری له‌و باس و وتارانه چ بوون؟ ئایا نه‌خشه‌ڕێیه‌کیان لێ ساغ کراوه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه و قه‌یرانه‌کان و ئایا سیاسه‌تیان له‌سه‌ر ده‌کردرێ؟
له کۆی وتاره‌کاندا جگه له‌وه‌ی که هه‌رکه‌س باسی له کێشه‌کانی وڵاتی خۆی ده‌کرد، به‌ڵام به‌گشتی پێداگری هه‌موویان ئه‌وه بوو که به‌ره‌ی چه‌پ و دیموکڕات پێویسته ده‌ست له پۆپۆلیزم هه‌ڵبگرێ و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بنه‌مایانه‌ی که له پێناویان‌دا دامه‌زراوه، ده‌نا به به‌ره‌ی ڕاستی ده‌دۆڕێنێ. جگه له‌وه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و پره‌نسیپانه پێویسته سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ له دنیادا زیاتر چالاک بێ و له‌و پاسیفیزمه بێته‌ده‌ر که به‌سه‌ریدا زاڵه.
بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجه گرنگانه‌ی مرۆڤ هاوکاریی جیهانی پێویسته به تایبه‌تی له نێو حیزب و ڕێکخراوه چه‌پ و دێموکراته‌کاندا. هه‌مو ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ش بناغه‌ی تیۆری و بۆچوونی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ پێک دێنن و ئامانج له پێکهێنانی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵیش هه‌ر پێکهێنانی ئه‌و به‌سته‌ره‌یه.
ئێوه وه‌ک حیزبی دێموکرات و ئه‌ندامی ئه‌سڵی له‌و ڕێکخراوه‌یه‌دا وتاریان هه‌بوو و جه‌نابت قسه‌ت کرد. باسه‌که‌ین ئێوه چی بوو؟
وتاره‌که‌ی ئه‌من سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی و چه‌ند تێبینییه‌کی له خۆ ده‌گرت. ته‌وه‌ری یه‌که‌م هه‌ڵسه‌نگاندنێکی وه‌زعی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران بوو له ژێر سایه‌ی ده‌سڵاتی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا. ئاماژه به پێشێلکارییه‌کانی ڕێژیم له بواری مافی مرۆڤ چ له کوردستان و چ له ئێران‌دا، تیشک خسته‌سه‌ر فشاره سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ سه‌ر کوردستان و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ڕێژیم له هه‌موو ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هه‌ر له کوردستان و عێڕاقه‌وه بگره تا ده‌گاته یه‌مه‌ن.
ته‌وه‌ری دووه‌م مه‌سه‌له‌ی بومه‌له‌رزه ماڵوێرانکه‌ره‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان بوو. له‌و بواره‌دا ئیشاره‌م به قووڵایی کاره‌ساته‌که و به‌رفراوانی زیانه ئینسانی و ماددیه‌کانی کرد به تایبه‌ت له ناوچه‌ی کرماشان و سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی ڕژیمم له و مه‌سه‌له‌یه‌دا له‌قاودا که چۆن هه‌وڵ ده‌دا گه‌وره‌یی کاره‌ساته‌که بشارێته‌وه و، به‌ربه‌ست ده‌خاته سه‌ر ڕێی یارمه‌تیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و بۆخۆشی یارمه‌تییه‌کی ئه‌تۆ ناکا. هه‌روه‌ها ئیشاره‌م به‌وه کرد جێگای تێڕامانه که ڕێژیم داوا له کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ناکا تا به هانای قوربانییه‌کانی بوومه‌له‌رزه‌که‌وه بێن و ده‌بێ ڕێژیم شتێکی بۆ شاردنه‌وه هه‌بێ که نایهه‌وێ ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌نووسانیش به زۆر له‌و ناوچه و ده‌ڤه‌رانه‌دا ڕابرن. باسیشم له‌وه کرد که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان چۆن به هانای خوشک و براکانیانه‌وه چون بۆ دابینکردنی پیداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کان و له کۆتایی ئه‌و ته‌وه‌ره‌ی قسه‌کانمدا داوام له سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ و کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کرد که یارمه‌تیده‌ر بن له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌دا به یارمه‌تیی ڕاسته‌وخۆ به بومه‌له‌رزه‌لێدراوان، نه‌ک له ڕێگه‌ی ڕێژیمه‌وه.
ته‌وه‌ری سێهه‌می باسه‌که‌شم مه‌سه‌له‌ی ڕیفڕاندۆمی باشوری کوردستان و گه‌له‌کۆمه‌گی ئێران، عێڕاق و تورکیه بو، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌ڵن گه‌لی کورد بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدا. له‌و باره‌وه تیشکم خسته سه‌ر هێرشی نیزامیی ئێران و میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌رته‌شی عێڕاق بۆ سه‌ر ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کانی باشووری کوردستان. له کۆتایی ئه‌و باسه‌شدا داوام کرد که پێویسته پشتیوانی له‌وه بکرێ که مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد که له ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیی عێڕاقدا هاتون جیبه‌جێ بکرێن، ده‌نا دیاره کوردیش وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه مافی خۆیه‌تی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدا و ده‌وڵه‌تی خۆی ڕاگه‌یه‌نێ. کۆتایی وتاره‌که‌شم به‌وه به‌ست که سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ پێویسته چالاکانه‌تر به‌رگری له دێموکڕاسی، ئازادی، مافی گه‌لان، ئاشتی، یه‌کسانی و پێکه‌وه ژیان بکا له هه‌موو جیهاندا.
له دنیای پڕ کێشه‌ی ئێستا و گۆڕانی به‌رده‌وامی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان و به‌و پێیه‌ش هه‌ڵویستی وڵاتان، ئێوه پێتان وایه ئێنتێرناسیونال سۆسیالیست له‌کوێی ئه‌و هاوکێشانه‌دا جێده‌گرێ و چ جێگه و پێگه‌یه‌کی بۆخۆی پێناسه کردوه؟
سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ یه‌کگرتنێکی به‌رفره‌وانه له حیزب و ڕێکخراوه سۆسیال دیموکڕاته‌کانی سه‌رانسه‌ری جیهان که به هه‌رسێک ستاتوتهکهی واته ئه‌ندامی ئه‌سڵی، چاوه‌دێر و موشاویرهوه 150 حیزب و ڕێکخراوی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا له ده‌وری یه‌ک کۆ کردووه‌ته‌وه. هه‌ر ئێستا ٤٩ حیزبی ئه‌ندامی ئه‌و به‌ره‌یه له حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی خۆیان دان به شێوه‌ی ئیئتیلافی یا حکومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه. بیگومان ئه‌و حیزبانه هه‌رکام به گوێره‌ی قازانجه‌کانی وڵاتی خۆیان و حیزبی خۆیان، به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و قه‌تعنامه و بریارانه‌ی که له کۆنگره‌کان و کۆبونه‌وه‌کانی شوڕا دا به تێکڕای ده‌نگ، یا به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند ده‌کرێن، هه‌موویان ده‌بێ ڕه‌چاوی که‌ن و پێبه‌ندی بن. به گشتی سۆسیال ئینته‌رناشناڵ له ڕادده‌ی دنیادا ده‌کرێ بڵێین له به‌ره‌ی چه‌پدا ڕاده‌وه‌ستێ، که باوه‌ڕی به دێموکڕاسی، یه‌کسانی (چ بۆ تاکه‌کان، چ بۆ نه‌ته‌وه‌کان و چ بۆ ده‌وڵه‌ته‌کان)، ئازادی، مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و پێکه‌وه‌ژیانی به ئاشتی هه‌یه. له‌باری جێگه و پێگه‌شه‌وه زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام ئینکار ناکرێ تاکوو ئێستا له ڕاده‌به‌ده‌ر پاسیڤه. له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌شدا هه‌موو قسه‌که‌ران و پهنێلگیڕان به تێکڕایی ئه‌وه‌یان هێنایه گۆڕێ.
پرسی مافی مرۆڤ، پرسی نه‌ته‌وه بنده‌سته و بێ مافه‌کان چ به‌ها و گرینگی و بایه‌خێکیان هه‌یه له‌و کۆڕ و کۆمه‌ڵانه‌دا، به‌تایبه‌ت ده‌بینین کۆبوونه‌وه‌که له شوێنێک گیراوه که ماوه‌یه‌ک له‌وه پێش راپرسیی سه‌ربه‌خۆیی تێدا کرا، به‌ڵام دیمان که چۆن له‌لایه‌ن وڵاتێکی به‌ڕواڵه‌ت دێموکراتیکه‌وه سه‌رکوت کران؟
به پێی بنه‌ما فکرییه‌کانی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ بێ، بێگومان ده‌بێ لایه‌نگری مافی مرۆڤ و مافی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان بێ. له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌شدا که له ڕاستیدا میوانی خه‌ڵکی کاتا‌لۆنیا بوو، زۆر گرنگی درابوو به کاتالۆنیه‌کان و پرسی چاره‌نووسیان؛ به جۆرێک که دوای وتاری سکرتێری سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ یه‌که‌م نۆره‌ی قسه‌کردن درابوو به میگوێل ئیسێتا، سکرتێری حیزبی سۆسیال دیموکڕاتی کاتا‌لۆنیا. له کاتێکدا که سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی سه‌راسه‌ریی ئیسپانیاش له وێ بوو که بۆخۆشی جێگری سه‌رۆکی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ بوو. هه‌روه‌ها ئیوارهخوانی ڕۆژی یه‌که‌م میوانی حیزبی سۆسیالیستی کاتا‌لۆنیا بووین له باره‌گای ئه‌سڵیی ئه‌و حیزبه. جگه له‌وه‌ش بڕیارنامه‌یه‌ک په‌سند کرا که تێیدا پیداگری کراوه له سه‌ر دانی ده‌سه‌ڵاتی زۆرتر به هه‌رێمی کاتا‌لۆنیا.
ئه‌دی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی کورددا چی؟ له‌کوێی بڕیارنامه و ڕاسپارده‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌دا کورد خۆی ده‌بینێته‌وه؟
بۆ ئاگاداریی هه‌موو لایهل له‌سه‌ر یه‌ک ١١ قه‌تعنامه، یا پهسندنامه له سه‌ر ئه‌و گه‌ل و وڵات و مه‌سه‌لانه په‌سند کران که بریتی بوون له:
پرسی چاره‌نووسی سیاسیی خه‌ڵکی کاتا‌لۆنیا؛ له‌سه‌ر پێکهێنانی کومیته‌ی هه‌وڵدان بۆ یه‌کسانی؛ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی وڵاتانی گینه، هیندوراس، نیکاراگوا و هایتی؛ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی کۆره‌ی باکوور، له بابه‌ت پرسی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان؛ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له نیکاراگوا؛ له‌سه‌ر پرسی خه‌ڵکی ڕۆهینگیا؛ له‌سه‌ر بابه‌تی کۆچبه‌ری و کۆیلایه‌تی؛ هه‌روه‌ها له سه‌ر بارودۆخی دوو وڵاتی ڤێنێزۆلا و یه‌مه‌ن.
ئه‌وه جگه له بڕیار له‌سه‌ر چالاککردنی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ و کۆمیته ئێتنیکی، سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی.
وا هه‌ست ده‌کرێ سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ پێشتر زیاتری بایه‌خ به پرسی کورد و حیزبه کوردییه‌کان ده‌دا، چونکی گرووپی کاری کوردان هه‌بوو له‌و رێکخراوه‌یه‌دا. هۆی چییه هێزه کوردییه‌کانی ئه‌ندام له‌و ڕێکخراوه‌یه‌دا نه‌یانتوانیوه نه‌ک باشتر ده‌ور و ڕۆڵیان هه‌بێ، بگره ڕه‌نگبێ پێگه‌یان لاوازتر بووبێ؟
له ڕاستیدا ئه‌من به پێچه‌وانه بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌ڕوانم. ئه‌من پێموایه که ئه‌وه هێزه کوردییه‌کانن که زۆر که‌متر گرینگی ده‌ده‌ن به سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ له چاو جاران. کورد به گشتی عاده‌تی وایه، تا به شتێک ده‌گا زۆری خۆ بۆ ماندوو ده‌کا و زۆری هه‌وڵ بۆ ده‌دا، به‌ڵام که پێی گه‌یشت له به‌رچاوی ده‌که‌وێ و پشتگوێی ده‌خا. لێره‌شدا ئه‌وه ڕاسته. پێشتر زۆربه‌ی حیزبه کوردییه‌کان خۆیان بۆ ده‌کوتا. که‌سی به نفوز و کاریزمای وه‌ک مام جه‌لال، جێگری سه‌رۆکی بوو، زۆربه‌ی حیزبه‌کان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی ئه‌ندام، چاوه‌دێر یا موشاویریش نه‌بوون به‌شدارییان له کۆبونه‌وه و کۆنگره‌کانیدا ده‌کرد، که‌چی ئه‌مجاره له هه‌موو کوردستان ته‌نیا سێ حیزب به‌شدارییان کردبوو. ده‌نا مه‌جالی کار بۆ کورد زۆره. گروپی کاری کوردانیش که چالاک نییه هه‌ر خه‌تای کورد خۆیه‌تی. ئێستاش ئه‌و مه‌جاله هه‌ر هه‌یه. به‌ڵام کورده‌کان بۆخۆیان به‌دواداچوونی بۆ ناکه‌ن و ته‌نیا له کۆبونه‌وه و کۆنفڕانسه‌کاندا سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵیان بیر ده‌که‌وێته‌وه. له یه‌ک، دوو ڕۆژیشدا زۆرکه‌م شت جێبه‌جێ ده‌بێ. ئه‌گه‌ر پێشه‌کی پڕۆژه‌ت هه‌بێ، بێگومان له‌وێش زه‌مینه‌ی په‌سندبوونی هه‌یه. ئێمه ئه‌وجاره ته‌نیا به سێ حیزب، ئه‌ویش به ڕاستی ته‌نیا به ئیبتیکاری حیزبی دێموکراتی کوردستان توانیمان باشترین قه‌تعنامه له سه‌ر هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان به په‌سند بگه‌یه‌نین.
ڕه‌نگبێ ئه‌و پرسیاره‌ش هه‌بێ که کورد چۆن ده‌توانێ له ڕێگه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا پرسی خۆی به‌ڕۆژه‌ڤ بکا و دۆست و لایه‌نگری زیاتر بۆ خۆی په‌یدا بکا؟
کورد پیویسته گرووپێکی کاریی به هێز له‌و ڕێکخراوه‌یه‌دا پێک بێنێ، که به به‌رده‌وامی کار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌که بکا و له کۆنگره و کۆبونه‌وه‌کاندا پڕۆژه بێنێ و به په‌سندی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵی بگه‌یه‌نێ و دواتر له رادده‌ی نێو نته‌وه‌یی دا کاری بۆ بکا و لایه‌نگری بۆ کۆ بکاته‌وه. زۆریش گرنگه که کورد وه‌ک یه‌ک نوێنه‌رایه‌تی ده‌رکه‌وێ و به پێی نه‌خشه‌یه‌ک که داگیرکه‌ران دایان ناوه هه‌ڵسوکه‌وت نه‌کا. نه‌ڵێ ئێران، سووریه، تورکیه و عێڕاق، به‌ڵکوو بڵێ کوردستان و هه‌مو وه‌ک یه‌ک پابه‌ندی کوردستانیبوونی خۆیان بن و هه‌ر حیزبه‌ی له بیری ناوچه‌که‌ی خۆی و حیزبه‌که‌ی خۆیدا نه‌بێ. ئه‌و کاته‌یه که بێگومان له‌م ڕێکخراوه‌یه و زۆر ڕێکخراوی دیکه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییش ده‌توانرێ که‌ڵک وه‌ربگیرێ. ئیسڕائیلییه‌کان بوونه ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزیش، که‌چی ئێستاش له هه‌مو بونده نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا به ناوی جۆراوجۆر بوونیان هه‌یه. کورد تا ئێستاش هیچی نییه، که‌چی هه‌موو تریبونێک و مه‌جالێک به‌بێ که‌ڵک و بێ سوود ده‌زانێ. چاو له سۆشیال مێدیا بکه، کورد ته‌نیا ده‌توانێ ڕه‌ت بکاته‌وه و به بێ بایه‌خ وه‌سفی هه‌موو شتێک بکا و هه‌موو چالاکییه‌ک ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. که‌س ناڵێ با فڵان چالاکی بکه‌ین و به‌م شێوه‌یه نا، به‌ڵکوو به فڵان پلان و به‌رنامه بیکه‌ین. هه‌موو ده‌ڵێن جا ئه‌وه چ فایده‌یه‌کی هه‌یه.
زۆر سپاس کاک مسته‌فا بۆ کات تهرخانکردنت بۆ ئه‌و وتووێژه
سپاس بۆ ئێوه‌ش
***
* ڕێکخراوی ئێنتێرناسیوناڵ سوسیالیست له چه‌ند دێڕێک‌دا
ڕێکخراوی “ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست”، بە یەکێک لە گه‌وره‌ترین رێکخراوە سیاسییەکانی جیهان داده‌نرێ و دەیان حیزبی سۆسیالیست و سۆسیال دێموکرات و حیزبی کرێکاریی جیهان، تێیدا بەشدارن. ئه‌و ڕێکخراوه‌یه له ئێستادا ١٦٠ ئه‌ندامی له ١٠٠ وڵات و له سێ ستاتووی ئه‌ندام، چاوه‌دێر و ڕاوێژکاردا هه‌یه و حیزبی دێموکراتی کوردستان ته‌نیا هێزی سیاسیی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه که تێیدا وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌سڵی به‌شداره.
بۆ یه‌که‌م جار شه‌هید دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات له ساڵی١٩٨٦ له کۆنگره‌ی لیما له وڵاتی پێڕۆ وه‌ک میوان له‌و کۆبوونه‌وه‌ی ١٧ی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست‌دا به‌شداریی کرد و دواتر حیزب له کۆنگره‌ی بیسته‌می ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌دا وه‌ک ئه‌ندامی چاوه‌دێر وه‌رگیرا. حیزبی دێموکراتی کوردستان له کۆنگره‌ی ٢٤ی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست‌دا که له وڵاتی کۆلۆمبیا گیرا، به ئه‌ندامی ئه‌سڵیی ئه‌و ڕێکخراویه وه‌رگیرا
( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)