مسته‌فا شه‌ڵماشی:
کورتکردنه‌وه‌ی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا ئاڵۆزییه‌کی تازه
به دوای خۆیدا دێنێ و به شکانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێ
له هه‌لومه‌رجی ئێستادا له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین پتر له هه‌ر کاتێک بۆنی شه‌ڕ دێ، ئێران و کوردستان له کوێی ئه‌و ململانێیانه‌دا جێده‌گرن؟ بوومه‌له‌رزه‌که‌ی ئه‌م دواییانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و لێکه‌وته‌کانی چیمان پێده‌ڵێن؟ بۆ ده‌گوترێ پرسی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له چاو به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ڕۆژه‌ڤ نییه و ئه‌و بابه‌ته چه‌نده له‌جێی خۆی دایه؟ کێشه و ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م پرسی کورد له ئێران چین و حیزبی دێموکرات بۆ لابردنی به‌رده‌م کۆسپه‌کانی یه‌کهه‌ڵوێستی و یه‌ک گوتاری چیی کردوه. ئه‌و بابه‌تانه و کۆمه‌ڵه پرسیارێکی دیکه ته‌وه‌ری وتووێژی «کوردستان» له‌گه‌ڵ مسته‌فا شه‌ڵماشی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانن.
کاک مسته‌فا با له‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین که زیانێکی گیانی و ماڵیی زۆری گه‌یانده خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. وێرانی و زیانه‌کان زیاتر له چاوه‌ڕوانییه‌کان بوون، هۆکاره‌کانی چ بوون؟
دیاره هۆکاری سه‌ره‌کیی ئەوە به‌هێزبونی بوومه‌له‌رزه‌که و درێژبوونی ماوه‌ی بوومه‌له‌رزه‌که بوو. دووه‌م هۆکاری زۆر گرنگیش لاوازیی به‌شی زۆری خانووه‌کان و ئاپارتمانه‌کان بوو، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که به ناوی پڕۆژه‌ی میهر له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دروست کرابوون و به نرخێکی تا ڕادەیەک هه‌رزانتر درابوون به خەڵک. دیاره ئه‌و خانووانه له باری چۆنیه‌تییه‌وه زۆر خراپ بوون و هه‌رچۆنێک بێ به نرخێکی هه‌رزان ته‌واویان کردبوون و ڕه‌نگه به‌شی زۆری بودجه‌ی خانووه‌کانیش چووبێ ده گیرفانی به‌رپرسه‌کانه‌وه. سێهه‌م هۆی قوربانیدانی زۆر، نه‌بوونی سیستمی ئاگادار کردنه‌وه و فریاکه‌وتنه له کاتی کاره‌ساتێکی ئاوا دا. ئه‌گه‌ر هه‌ر دوای له‌رزه‌ی یه‌که‌م زوو خه‌ڵکیان له مەترسیی بوومه‌له‌رزه‌که ئاگادار کردباوه ڕه‌نگه خه‌ساره‌ت زۆر له‌وه که‌متر بوایه. به تایبه‌ت که ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه پێش له‌رزه‌ی هه‌بووه. دیاره خه‌ڵکێکی زۆریش به‌و هۆیه‌وه له‌ماڵه‌کان هاتوونه ده‌ر و ئه‌وه تا ڕادده‌یه‌ک له زیانی گیانیی که‌م کردۆته‌وه. به‌ڵام هیچ ده‌نگێکی وا نه‌بووه که خه‌ڵک وریا بکاته‌وه تا پێش بوومه‌له‌رزه گه‌وره‌که هه‌موویان ماڵه‌کان به‌جێ بێڵن. ئاخر هۆش به باوه‌ڕی من نه‌بوونی فریاکه‌وتنی ڕێکوپێک و به وه‌خت بووه. هه‌ر له ته‌له‌فزیۆنی ده‌وڵه‌تیشه‌وه ده‌ماندی که خه‌ڵکه‌که بۆخۆی به پاچ و پێمه‌ڕه و به ده‌ست به‌دوای قوربانییه‌کاندا ده‌گه‌ڕان. هیچ ئامرازێکی خێرا و پێشکه‌وتووی لێ نه‌بوو. به پێچەوانهی ئیددیعاکانی ڕێژێم هیچ هێزێکی فریاکه‌وتنی واشی لێ نه‌بوو. هه‌ربۆیه ژماره‌ی گیانبه‌ختکردووه‌کان سه‌عات له دوای سه‌عات زیادی ده‌کرد. چونکه هێنده دره‌نگ فریایان ده‌که‌وتن که ئه‌گه‌ر فهورهنیش گیانیان نه‌دابێ له بن دار و په‌ردوودا گیانیان ده‌دا.
ئه‌وه‌ی له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا دڵخۆشکه‌ره، هه‌ڵوێستی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. ئه‌و هاوخه‌می و هاو په‌یوه‌ندییه‌ی له‌م کاره‌ساته‌دا خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له خۆی نیشاندا ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که به خۆشیه‌وه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و ئینساندۆستی له ئه‌وجی خۆی دایه و بەڕاستی ئینسان شانازی به کوردبوونی خۆیه‌وه ده‌کا. ئه‌و به هاوارهاتنهی ڕۆڵه‌کانی کورد له هه‌موو ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕا هه‌ر له باکوره‌وه تا ناوه‌ند و باشووری ڕۆژهه‌ڵات که ئاوا به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو به پیر خوشک و براکانیانه‌وه چوون نیشانی ده‌دا که گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌لاتی کوردستان یه‌کگرتووترین و به‌هه‌ستترین به‌شی نه‌ته‌وه‌ی کورده، که هه‌موو جارێ له خۆشی و ناخۆشییه‌کانی خوشک و برایانی خۆیدا له هه‌ر ناوچه‌یه‌کی کوردستان بێ، دیسان خۆی ده‌سه‌لمێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی وا له وڵاتێکی دۆستی ئێران ڕووی دابا، ئێران به په‌له خۆی ده‌گه‌یاندێ، وه‌ک چۆن بینیمان له شه‌ڕی غه‌ززه‌دا له ماوه‌ی که‌متر له ڕۆژێکدا له که‌ناوی فارسه‌وه خۆی گه‌یانده که‌ناره‌کانی ده‌ریای ئۆردۆن. به‌ڵام خاوه‌خاو و که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ساره گیانییه‌کان زیاتر بن. ئایا ئه‌وه هۆکارێکی تایبه‌تیی هه‌بوو؟
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هه‌ر له بناغه‌دا خۆی به به‌رپرس نازانێ له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی ئێران به گشتی و خه‌ڵکی کوردستان به تایبه‌تی. تێڕوانینی ئه‌و ڕێژیمه بۆ هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌ک، تێڕوانینێکی ئیدۆلۆژیکه. ئه‌و ته‌نیا ئه و که‌س و گرووپانه به ئی خۆی ده‌زانێ که به ته‌واوی له خزمه‌تی ڕێژیمه‌که‌ی دابن. هه‌ربۆیه کاتێک حیزبوڵڵای لوبنان به هۆی ئاژاوهگێڕییهکانیهوه ده‌بێته هۆی وێرانیی به‌شێک له باشووری لوبنان، کۆماری ئیسلامی به ملیاردها دۆلاره‌وه خۆی ده‌گه‌یه‌نێتێ و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئاوه‌دانی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام له نێوخۆی ئێران‌دا ئیستاش گۆیا ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاری «بەم» ته‌واو نه‌بووه. جا بۆ کوردستان هه‌ر زۆر له‌وه‌ش خراپتره. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کوردستان له که‌مته‌رخه‌می تێپه‌ڕیوه. به باوه‌ڕی من ته‌واو عه‌مدییه. له حاڵێکدا له ڕاگهیهندنهکانیاندا هیچیان تێدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه و ئیددیعا ده‌که‌ن فه‌وره‌ن هه‌موو پێداویستییه‌کیان دابین کردوه، له ڕاپۆرتی ته‌له‌فزیۆنی خودی خۆیاندا ده‌بینین که هیچ فریاکه‌وتنێکی لێ نییه و قوربانییه‌کانی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه که بۆخۆیان به هه‌زار زه‌حمه‌ت له بن دار و په‌ردوو ڕزگاریان بووه، به‌دوای ونبووه‌کاندا ده‌گه‌ڕێن و ئه‌وه‌نده کهلوپهلهش که پێیان گه‌یوه هه‌مووی دیاره که هه‌ر یارمه‌تیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه.
جیا له‌و که‌مته‌رخه‌مییانه ئه‌وه‌ی ڕوحی خه‌ڵکی بریندار کرد ئه‌وه بوو که ده‌وڵه‌ت له ڕووداوی ئاگرگرتنهکهی «پلاسکۆ» له تاران که ڕۆژی 30ی به‌فرانباری ساڵی ڕابردوو ڕووی دا، ماته‌مینیی گشتیی له هه‌موو ئێران‌دا ڕاگه‌یاند، له حاڵێکدا له‌و ڕووداوه‌دا باڵه‌خانه‌یه‌ک سووتا و ڕووخا، له نێوان 20 تا 30 که‌س گیانیان له ده‌ست دا و نیزیک 230 که‌س بریندار بوون. به‌ڵام له بوومه‌له‌رزه‌که‌ی پارێزگای کرماشان‌دا نیزیک 500 که‌س کوژران، 7000 که‌س بریندار بوون و سه‌دان باڵه‌خانه و هه‌زاران ماڵ کاول بوون، که‌چی ته‌نیا له کرماشان ماته‌مینی ڕاگه‌یه‌ندرا؟ بۆ؟
ئه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌یه هه‌ڵی ده‌گرت که نه‌ک یه‌ک ڕۆژ بگره سێ ڕۆژیش له سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا ماته‌مینی گشتیی بۆ ڕاگهیهندرابا. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا گوتم، ئه‌و ڕێژیمه کوردستان به خودی نازانێ و گرنگی پێ نادا. مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ش که زۆر ئاشکرا به هه‌ڵوێستی ڕێژیمه‌وه دیاره، سه‌رپۆشدانان له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته و به که‌م نیشاندانی ئه‌نجامه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌یه. ڕێژیم ته‌نانه‌ت داوای یارمه‌تیی کۆمه‌لگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییشی ڕه‌ت کرده‌وه. به باوه‌ڕی من جگه له‌وه‌ی که دوژمنایه‌تی ڕێژیم له گه‌ڵ کورد نیشان ده‌دا، شتێکی بن په‌رده‌شی تێ دایه. چونکه به ئاشکرا دیاره که ڕژیم نایهه‌وێ وڵاتان له قووڵایی ئه‌و کاره‌ساته تێ بگه‌ن و ته‌نانه‌ت نایهه‌وێ ههواڵنێرانیش به‌و ناوچانه‌دا تێپه‌ڕن. هه‌رچه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ک به ده‌سته‌وه نییه، به‌ڵام هه‌موو نیشانه‌کان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ڕێژیم شتێکی بۆ شاردنه‌وه هه‌یه.
بێینه سه‌ر بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی دی. چه‌ند ده‌یه ده‌بێ ڕه‌وشی ئه‌منیه‌تیی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هینده‌ی ئێستا له‌رزۆک و ئاڵۆز نه‌بووه. ناکۆکیی قووڵی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان له یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشانه ده‌گاته کوێ؟ ئایا ناوچه له چاوه‌ڕوانیی شه‌ڕێک دایه؟
له که‌س شاراوه نییه که ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست پڕ کێشه‌ترین ناوچه‌ی جیهانه. ئه‌وه‌ش چه‌ند هۆکارێکی سه‌ره‌کیی هه‌یه. له لایه‌که‌وه ناوچه‌یه‌کی فره نه‌ته‌وه، فره دین و فره مه‌زهه‌به. کلتووری جیاواز و ڕاده‌ی گه‌شه و پیشکه‌وتنی زۆر جیاوازی تێ دایه. یه‌کتر قه‌بوڵکردن و پێکه‌وه‌ژیانی به ئاشتییانه له ڕاده‌ی هه‌ره نزمی خۆی دایه. له باری دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات، دابه‌شکردنی سه‌روه‌ت و سامان و هه‌لی یه‌کسانه‌وه هیچ عه‌داڵه‌تێکی تێدا نییه. نه‌ته‌وه‌کان دابه‌ش بوون به سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا و نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌دا. ئێرانی و تورک و عه‌ڕه‌ب شه‌ڕیانه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و هێژمۆنی له ناوچه‌دا. کورد به تایبه‌تی و چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ش خه‌باتێکی خوێناوی ده‌که‌ن له پێناوی وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ره‌تاییترین مافی ئینسانی خۆیاندا. مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ی گرنگی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئه‌وه‌یه که خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی ژێرزه‌مینیی زۆره، ڕاده‌یه‌کی زۆر له نه‌وت و گازی جیهان له‌و ناوچه‌یه‌وه دابین ده‌کرێ، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی ئاوی شیرینه و جگه له‌وه‌ش ناوچه‌یه‌کی ستڕاتیژیک و ژئوپۆلیتیکی گرنگه له نێوان ئاسیا و ئورووپا دا. ئه‌وه‌ش وایکردوه که به‌درێژایی مێژوو چاوی ته‌ماعی زلهێزه‌کانی دنیای له‌سه‌ر بووه. هاتوون داگیریان کردوه و به پێی قازانجی ئابووریی خۆیان دابه‌شیان کردوه. بایی هه‌زاران میلیارد دۆلار چه‌ک و چۆڵیان تێدا فرۆشتوه و بۆ پاراستنی قازانجه‌کانی خۆیان هه‌رجاره‌ی پشتیوانی‌یان له دیکتاتۆرێک کردوه. له سه‌رده‌می ئێستاشدا شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی زلهێزه‌کانی ناوچه له لایه‌ک و زلهێزه جیهانییه‌کان له لایه‌کی دیکه‌وه له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌رده‌وامه. له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا دوو مه‌سه‌له بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌رفه‌تێکی زێڕین بده‌ن به کۆماری ئیسلامی که هیژمۆنیی خۆی له ناوچه‌دا زیاتر بسه‌پێنێ، یه‌کیان سیاسه‌تی موماشات و ته‌سلیم ته‌ڵه‌بانه‌ی ئیداره‌ی ئۆباما سه‌رۆککۆماری ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ئێران و دووه‌میان شه‌ڕی داعش بوو. تا وای لێهات که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ته‌واو سه‌ره‌ڕۆ و بێ منه‌ت بێ و ڕووهه‌ڵماڵاوانه ده‌ستێوه‌ردان بکا له کاروباری وڵاتانی ناوچه‌دا. به‌ڵام به باوه‌ڕی من چیدی ئه‌وه‌ی بۆ ناچێته سه‌ر و لێی قه‌بوڵ ناکرێ. به تایبه‌ت که وێده‌چێ دوو زلهێزی گه‌وره‌ی جیهانی و هاوپه‌یمانه‌کانیان که له ناوچه‌دان، واته ئه‌مریکا و ڕووسیه له سه‌ر دابه‌شکردنی هێژمۆنی و پاراستنی قازانجه‌کانیان ڕێککه‌وتبن. هه‌روه‌ها وێده‌چێ ئیداره‌ی ترامپ له ئه‌مریکا سیاسه‌تێکی چالاکتری له دژی کۆماری ئیسلامی و به تایبه‌تی ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا هه‌بێ. هێزه ناوچه‌ییه‌کانی وه‌ک عه‌ڕه‌بستان و تورکیه‌ش زۆر له ئێران دڵپڕن. وای بۆ ده‌چم که به‌رنامه‌ی کورتکردنه‌وه‌ی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا ئاڵۆزییه‌کی تازه به دوای خۆیدا بێنێ و به شکستی کۆماری ئیسلامی کۆتایی بێ. جا چ به شێوه‌ی ته‌سلیم بوونی کۆماری ئیسلامی و خواردنه‌وه‌ی جامێکی ژه‌هری دیکه‌بێ تا بتوانێ به شێوه‌یه‌کی لاواز خۆی بپارێزێ، و چ به ڕووخانی ئه‌و ڕێژیمه ته‌واو بێ. به‌هه‌ر حاڵ وه‌زعی ئێستا ناتوانێ درێژه‌ی هه‌بێ.
له ئێستادا وا دێته به‌رچاو که پێگه‌ی ئێران به‌هێزتر له هه‌ر کاتێکه. له سووریه‌دا توانیویه‌تی ستراتیژیی خۆی سه‌ربخا، پێوه‌ندیی قووڵ و پته‌وی له‌گه‌ڵ به‌غدا دروست کردوه و عه‌ڕه‌بستانی له یه‌مه‌ن تووشی شه‌ڕێکی پڕتێچوو و پڕ شه‌که‌تی له‌گه‌ڵ حوسییه‌کان کردوه؛ حیزبوڵلا له هه‌موو کاتێک سهرکهشتره؛ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئورووپاش زۆر باشه. بڵێی ئه‌وه له خۆی تێک دا و بیه‌وێ له‌گه‌ڵ عه‌ڕه‌بستان ڕاسته‌وخۆ تێک گیرێ؟
ڕاسته زاهیره‌ن کۆماری ئیسلامی به‌هێز دیاره و هێژمۆنیی خۆی له ناوچه‌دا بڵاو کردووەته‌وه. به‌ڵام دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کی له‌به‌رده‌م کۆماری ئیسلامی دایه. یه‌کیان ئه‌وه‌یه که تا که‌ی ده‌توانێ به خه‌رجکردنی بودجه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران ئه‌و هه‌موو به‌ره‌یانه‌ی شه‌ڕ بپارێزێ و ئیمکاناتیان بۆ دابین بکا و خه‌ڵک و وڵاته‌که‌ی خۆشی به ده‌ست بێ‌کاری و بێ داهاتی و بێ ده‌ره‌تانیه‌وه بناڵێنن. دیاره به‌م شێوه کۆماری ئیسلامی له وڵاته دراوسێکانی دا کۆمه‌ڵێک جیره‌خۆر به‌ده‌ست دێنێ، به‌ڵام هه‌تا دێ دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران زۆرتر له ده‌ست ده‌دا. قه‌یرانه‌کانی ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیش له نێوخۆی ئیران‌دا هه‌تا دێ زۆرتر قوڵ ده‌بنه‌وه. دووه‌م کێشه بۆ کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه که سه‌بری زلهێزه جیهانییه‌کان و زلهێزه ناوچه‌ییه‌کانیش له سه‌ریه‌وه ده‌ڕژێ. نه وڵاتانی عه‌ڕه‌بی، نه تورکیه و نه ئه‌مریکا و وڵاتانی غه‌ربی و نه ڕووسیه‌ش هه‌تا سه‌ر لێی قه‌بوڵ ناکه‌ن. تا ئه‌و دواییانه‌ش گومان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕووسیه پشتی تێبکا. به‌ڵام ئه‌و دواییانه به ئاشکرا هاوکاریی ڕوسیه و ئه‌مریکا له مه‌سه‌له‌ی سووریه‌دا ده‌بینرێ و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامیشه. له به‌رامبه‌ر کوردیش‌دا ڕووسیه و ئێران دوو سیاسه‌تی لێک جیایان هه‌یه. ته‌نیا له سووریه‌دا به زاهیر له یه‌ک به‌ره‌دان، به‌ڵام له‌وێش ڕه‌قیبن و هه‌تا دێ ڕووسیه زۆرتر ته‌نگ به ئیران هه‌ڵده‌چنێ و له نفوزی که‌م ده‌کاته‌وه. زۆرتریش له تورکیه و عه‌ڕه‌به‌کان نیزیک ده‌بێته‌وه. تورکیه و کۆماری ئیسلامیش قازانجیان پێکه‌وه یه‌ک ناگرێته‌وه. زاهیره‌ن له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ کورددا یه‌ک بوون، که‌چی له کرده‌وه‌دا نه‌یانتوانی هاوکاری بکه‌ن و تورکیه ئه‌و خه‌ته‌ی درێژه نه‌دا که کۆماری ئیسلامی ده‌یهه‌ویست و لانیکه‌م له‌گه‌ڵی هه‌ماهه‌نگ نه‌بوو، چونکه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان لێک جیاوازن. عه‌ڕه‌بستان هه‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ له گه‌ڵ ئه‌و هێژمۆنیخوازییهی ئێران هه‌ڵکا. ئه‌و هه‌م وه‌ک جیهانی عه‌ڕه‌ب دژی په‌لهاویشتنی ئێران له ناوچه دایه و هه‌م وه‌ک ناوه‌ندی جیهانی ئیسلام. بۆیه داهاتوو زۆر به قازانجی کۆماری ئیسلامی نییه ئه‌گه‌ر به‌و سیاسه‌ته فراوانخوازیانه‌ی درێژه بدا.
که چاو له نێوخۆی حاکمییه‌ت ده‌که‌ین ده‌بینین له ئێستادا حاکمییه‌ت ته‌واو یه‌کده‌سته. کاریگه‌ریی ئه‌و یهکدهستبوونه له‌سه‌ر خه‌باتی ئۆپۆزیسیۆن و تێکۆشانی مافخوازیی خه‌ڵکی کوردستان چۆن ده‌بینی؟
من پێموایه ته‌نیا ڕواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حاکمییه‌ت له هه‌لومه‌رجی ئێستادا یه‌کده‌ست دیاره. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که هه‌رچه‌ند به زاهیر له هێندێک مه‌یداندا براوه‌ن، به‌ڵام بۆخۆشیان ده‌زانن که له هه‌موو کاتێک زه‌ڕبه پهزیرترن و ڕێژیمهکهشیان له هه‌موو کاتێک زیاتر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره. دیاره بۆ پاراستنی نیزامیش هه‌موویان یه‌کده‌ستن. ئه‌گه‌ر له ژێره‌وه ناکۆکیشیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌بێ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی ئیداره‌کردن و شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه، له کاتی ته‌نگانه‌دا و بۆ پاراستنی نیزامه‌که‌یان هه‌موو ناکۆکییه‌کان وه‌لا ده‌نێن و یه‌کده‌ست دیارن. سه‌باره‌ت به کاریگه‌ریی ئه‌و یهکدهستبوونه له سه‌ر خه‌باتی ئۆپۆزیسیۆن و تێکۆشانی مافخوازی حه‌ڵکی کوردستان، من به‌ش به حاڵی خۆم پێم باشتره هه‌موو کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نیشان بده‌ن و ڕۆڵ دابه‌ش نه‌که‌ن و ڕوو به‌ده‌ره‌وه‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌بێ که له گه‌ڵ ماهییه‌تیان یه‌ک ده‌گرێته‌وه. چونکه ئیددیعاکانی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردن و ڕوو به دنیای ده‌ره‌وه ته‌نیا ده‌بێته هۆی دروستبوونی هێندێک ته‌وه‌هووم نیسبه‌ت به ڕێژیم و قازانجی بۆ هیچ لایه‌نێک نییه، جگه له ڕێژیم خۆی. بۆیه یه‌کهه‌ڵوێست بوونی کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمم پێ قازانجه بۆ ئۆپۆزیسیۆن و بۆ تێکۆشانی مافخوازانه‌ی گه‌لی کورد. شه‌ڕی زێڕینگه‌ریی کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم هیچ قازانجێک به ئۆپۆزیسیۆن و خه‌باتگێڕانی کورد ناگه‌یه‌نێ. ڕووحانی له دوو ده‌وره‌دا بۆ ڕاکێشانی خه‌ڵک بۆسه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان و بۆ فریودانی ئه‌فکاری عمومی ده‌یان به‌ڵێنی دا و ئێستاش که جارێکی دی نایه‌ته‌وه به‌ر قه‌زاوه‌تی خه‌ڵک، دیاره لە کوێ ڕاوه‌ستاوه.
ئه‌گه‌ر که‌مێک به ڕوونی بدوێین پێتان وانییه کوردستان و پرسی کورد له ئێران ئێستا زۆر له په‌راوێز دایه؟ له دوایین ڕاپۆرتی خاتوو ئه‌سما جههانگیریشدا بینیمان که‌مترین سه‌رنج درابووه سه‌ر پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی کورد له ئێران، یانی هه‌ر باس نه‌کرابوو. ئه‌من ده‌پرسم بۆ له‌و دۆخه داین؟
ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا به‌رهه‌می چه‌ندین هۆکاره. یه‌کێک له هۆکاره‌کان ئه‌وه‌یه که به‌داخه‌وه به‌رگری له مافی مرۆڤ له دنیادا ده‌که‌وێته دوای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسی. وه نیه که‌م له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی و پێشێلکارییه‌کانی کۆماری ئیسلامی گوترابێ، ئه‌وه‌ش وا نییه که ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان لێی ئاگادار نه‌بن. ڕه‌نگه له سه‌رده‌می ئاماده‌کرانی ڕاپۆرتێکی تایبه‌تیدا حیزب و ڕیکخراوه کوردستانییه‌کان و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ غافڵ بووبن و نه‌یانتوانیبێ شوێن دابنێن. به‌ڵام به‌گشتی هه‌موو جیهان و هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی بواری مافی مرۆڤ له جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئاگادارن و ئێمه‌ش له هه‌موو دیداره‌کانماندا ئه‌وه هه‌ست پێ ده‌که‌ین. هۆی دیکه‌ی ئه‌وه‌یه که ئێستا له سه‌ر ڕێژیمی ئێران سێ مه‌سه‌له به گرنگتر داده‌نرێ تا پێشێلکاریی مافی مرۆڤ. ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی، مه‌سه‌له‌ی ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی له وڵاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و مه‌سه‌له‌ی موشه‌که دوورهاوێژهکانیهتی. کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییی به پله‌ی یه‌که‌م ده‌یهه‌وێ ئه‌و خه‌ته‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی له سه‌ر خۆی دوورخاته‌وه. دوایه نۆره‌ی مافی مرۆڤ دێ. به‌داخه‌وه له وڵاتانی دیکه‌ش هه‌روایه. باس له‌سه‌ر مافی مرۆڤ زۆرتر له چوارچێوه‌ی قه‌تعنامه و داواکاریه‌کی سه‌ر کاغه‌ز دا ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ر مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ نییه، ئه‌دی کێشه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له نێو خۆیدا چی که وادێته به‌رچاو ستاتوی کوردی ڕۆژهه‌ڵات به نزمتر ببیندرێ. هۆکاره‌کان چین؟ ئایا نه‌بوونی گوتارێکی گشتگیره؟ کێشه‌ی پڕشوبڵاویی حیزبهکانیهتی؟ مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی شوناسه؟ ژئوپۆلوتیکه؟ به‌هێزبوونی حکومه‌تی ناوه‌ندییه؟ چییه؟
کێشه‌ی سه‌ره‌کیی کورد نه‌بوونی ستڕاتیژیی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌ییه. هه‌رچه‌نده خاڵی هاوبه‌ش له بۆچوونی ڕێکخراوه کوردستانیه‌کاندا زۆره، به‌ڵام ئه‌و خاڵه هاوبه‌شانه کاریان له‌سه‌ر نه‌کراوه و نه‌کراونه‌ته ستڕاتیژی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌کراونه‌ته هێڵی سوور بۆ هه‌مووان. له کوردستان حیزب بۆ ستڕاتیژی نه‌ته‌وه‌یی به کار ناهێنرێ، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه حیزبه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌که بۆ به‌هێزبوونی حیزب به کار بێنن. هه‌ربۆیه‌شه ته‌نانه‌ت له سه‌ر ئه‌وه‌ش زۆر جار کێشه‌یانه و موزایه‌ده‌ی حیزبی پێوه ده‌که‌ن و به مێژووی خۆیانی ده‌زانن و حیزب له کۆمه‌ڵگه جوێ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر وانه‌با مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌یان به ئی هه‌مووان ده‌زانی و له‌گه‌ڵ یه‌کتر ڕێکده‌که‌وتن بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه. دیاره کێشه‌ی قه‌یرانی شوناس و ژئۆپۆلیتیکیشمان هه‌یه. دابه‌شکرانی کوردستان بۆ چوار پارچه هه‌م شوناسی لێ تێکداوین و هه‌م ئێمه‌ی خستووه‌ته نێو چوارچێوه‌یه‌کی ژیئۆپۆلیتیکیهوه که هه‌ر چوار ده‌ورمان دوژمنه. هێزی نه‌ته‌وه‌ی کورد دابه‌ش کراوه، فه‌رهه‌نگ و کلتووری دابه‌ش کراوه، په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی دابه‌ش کراون. له به‌رامبه‌ردا دوژمنمان زۆرتر بوون و هێزی حکومه‌ته ناوه‌ندییه‌کان زۆرتر بووه، به هۆی ئه‌وه‌وه که چوار حکومه‌تی ناوه‌ندی هه‌میشه له دژی ئێمه کۆکن و بۆ لێدانی ئێمه هه‌موو ناکۆکییه‌کانی خۆیان وه‌لا ده‌نێن. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه ئه‌گه‌ر هه‌موو کورد وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه بیر بکاته‌وه، ناکۆکییه‌کان وه‌لا نێین و یه‌کگرتوو بین، هیچ هێزێک ناتوانێ تێکمان بشکێنێ.
ئه‌مه‌ی جه‌نابت فه‌رمووت به چی ده‌کرێ و چۆن ده‌کرێ؟
به داڕشتنی ستڕاتیژیی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کگرتن له به‌ره‌یه‌ک یا کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی دا، به لابیگه‌رییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به به‌شداری هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه کوردستانییه‌کان و کارکردن له نێوخۆی کوردستاندا بۆ ڕێکخستنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و گۆڕینی ئه‌و هه‌سته به‌هێزی نه‌ته‌وه‌یی(به‌واتای دروستکردنی نه‌ته‌وه‌و ئاماده‌کردنی بۆ ده‌وڵه‌تداری)، به جۆرێک که له کاتی پێویستدا بتوانێ بیهێنێه سه‌ر شه‌قام. ئه‌وانه له‌و ئامرازانه‌ن که ده‌توانرێ به هۆیانه‌وه کۆسپه‌کان وه‌لا بنرێن و کورد له جیهاندا شوێندانه‌رتر بکه‌ن و کیانی کوردی بکه‌نه ئه‌مری واقیع.
ئێوه وه‌ک حیزبی دێموکرات چیتان له‌و پێناوه‌دا کردوه و هه‌وڵه‌کانتان به کوێ گه‌یشتوون؟
گرنگترین هه‌نگاو بۆ ئه‌و هه‌وڵانه ئه‌وه‌یه که به‌ڕاستی له‌و پێویستییه مێژووییانه تیگهیشتبی. دووه‌م هه‌نگاو ئه‌وه‌یه که حیزب به ئامرازێک بزانێ بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و پێویستییانه. سێهه‌مین هه‌نگاویش ئه‌وه‌یه که به‌کرده‌وه و باوه‌ڕه‌وه هه‌نگاوی بۆ باوێژی. ئێمه وه‌ک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له هه‌نگاوی یه‌که‌م و دووه‌م تێپه‌ڕیوین و بۆ هه‌نگاوی سێهه‌م ئاماده‌ین. هیوادارم وه‌ڵامی ئه‌رێنی له به‌رامبه‌ره‌کانمان وه‌ربگرین و بتوانین به هاوکاری خه‌باتگێڕانی دیکه‌ی مه‌یدانی کوردایه‌تی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که به بۆچوون و به مێژوو زۆر لێک نیزیکین ئه‌و ئامانجه گه‌وره‌یه وه‌دی بێنین. پێمخۆشه ئه‌وه بڵێم که یه‌کگرتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکڕات که حدک هه‌ر له دوای کۆنگره‌ی چاردهوه به لێبڕاویه‌وه هه‌وڵی بۆداوه، ده‌توانێ چه‌ند هه‌نگاوێک له‌و ستڕاتیژیه نه‌ته‌وه‌ییه نیزیکمان بکاته‌وه.
( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)