(باشووری کوردستان وه‌ک نموونه)
له به‌شی یه‌که‌می ئەو باسەدا هەوڵ درا به وه‌رددانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌کانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌ر دوو پڕه‌نسیپی دانپیانراوی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و ڕێزگرتن له پاراستنی ته‌واویه‌تیی ئه‌رزی، ئاماژه به‌و پارادۆکسانه بکه‌م که له نێوان ئه‌و دوو چه‌مکه له ده‌قه‌کانی یاسادا بوونیان هه‌یه. لێره‌دا به پشت به‌ستن به‌و به‌ڵگه‌نامانه پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له ئاست یاسای نێوده‌وڵه‌تی شی ده‌که‌مه‌وه و وڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌ده‌مه‌وه که سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان ده‌که‌وێته کوێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه و مافی جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و یه‌که جوغرافیایی _ نه‌ته‌وه‌ییه چه‌نده ڕه‌وایه؟
کاتێک چاو له بڕیارنامه‌کانی ٢٦٦٥ و ١٤١٥ی کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌ین خاڵێکی زۆر گرینگی تێدا به‌دی ده‌که‌ین. به پێی ئه‌و ده‌قانه پاراستنی ته‌واویه‌تیی ئه‌رزی وڵاتێک به‌نده به دوو مه‌رجه‌وه، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو خه‌ڵکی وڵات بکا و مه‌رجی دووه‌م بریتییه له‌وه‌ی که هه‌ڵاواردن له نێوان گرووپه ئینسانییه جیاوازه‌کاندا نه‌کرێ.
پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق پابه‌ندی ئه‌و مه‌رجانه بووه؟ ئایا هاووڵاتیی کورد و نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و مافانه‌یه که هاووڵاتییه‌کی عه‌ڕه‌ب یان نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب هه‌یه‌تی؟ ئایا هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی به نیسبه‌ت کورد کراوه؟
بۆ به‌رچاوڕوونی سه‌باره‌ت به ڕوانینێکی حقووقی به پێگه‌ی کورد له عێڕاقدا پێویسته ئاوڕێکی مێژوویی له په‌یوه‌ندیی نێوان کورد و عه‌ڕه‌ب له عێڕاقدا بده‌ینه‌وه.
به دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆری عوسمانی پاش شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی عێڕاق به بێ ڕه‌چاوکردنی تایبه‌تمه‌ندیی دێمۆگرافی و فره‌یی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ئایینزایی، که‌مینه‌ی سوننی له به‌غدا به پشتگیری زلهێزه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه گرت. ئه‌و که‌مینه‌یه به درێژایی ساڵانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆی هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌کانی دا و له‌و پێناوه‌دا په‌نای بۆ هه‌ر دوو ڕه‌هه‌ندی نه‌رمامێری و ڕه‌قامێری برد. له لایه‌ک به سیاسه‌تی یه‌کسانسازیی فه‌رهه‌نگی و ئاراسته‌کردنی داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌کان بۆ چه‌سپاندن و زاڵکردنی فه‌رهه‌نگی ناوه‌ند و هه‌روه‌ها ڕێگری‌کردن له ده‌رکه‌وتنی هه‌ر شوناسێکی دیکە، ڕووحی به‌ره‌نگاری و دوورکەوتنەوە لە ناوه‌ندی له کورده‌کان (و به شێوازێکی جیاوازتر شیعه‌کان) به‌هێز کرد. له لایه‌کی دیکەوە به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی سه‌رکوتی فیزیکی و له‌نێو بردنی کورده‌کان له چوارچێوه‌ی چه‌ندین پڕۆژه و پڕۆسه‌ی جیاواز له قۆناغه جیاوازه‌کاندا وه‌ک ڕاگواستنی زۆره‌ملێ و به عه‌ڕه‌ب کردنی ناوچه کوردییه‌کان و سه‌ره‌نجام عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفال وه‌ک گه‌وره‌ترین ژینۆسایدی سه‌ده‌ی بیسته‌م پاش شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م و زۆر کاره‌ساتی دیکەی له‌و چه‌شنه، کۆتایی به هه‌موو ئه‌و به‌ستراوه‌ییه زۆره‌کییه هێنا که پڕۆژه‌ی دروستکردنی عێڕاق مه‌به‌ستی بوو. ئه‌نجامی کۆی ئه‌و سیاسه‌ته داپڵۆسه‌رانه بێ متمانه‌ییه‌کی گه‌وره‌ی لای کورد له ئاست ناوه‌ند لێ که‌وته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌و بێ متمانه‌ییه له دوای کۆتاییهاتنی فه‌رمیی به‌عسیزم و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی عێڕاق، کورده‌کان بوونه دینامیزمی سه‌ره‌کیی بنیاتنانه‌وه‌ی عێڕاق، به هیوای ئه‌وه‌ی کۆتایی به عه‌قڵییه‌تی فاشیزم له عێڕاق هاتووه و هه‌موو پێکهاته‌کان ده‌توانن به‌شدارییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی عێڕاقی نوێ بکه‌ن.
له دوای ڕووخانی سه‌ددام و جێگۆڕکێی ده‌سه‌ڵات له عه‌ڕه‌بی سوننییه‌وه بۆ عه‌ڕه‌بی شیعه و به هۆی ڕابردووی هاوخه‌باتیی نێوان کورد و شیعه، متمانه‌یه‌کی پشتبه‌ستوو به نه‌بوونی تێگه‌یشتنی ستڕاتژیک لای کورده‌کان دروست بوو، که زۆری نه‌خایاند کورده‌کان ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی فاشیزمی شیعیان بۆ ده‌رکه‌وت و به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتن که پێکهاته‌یه‌کی زیاده و په‌ڕاوێزخراون و فاشیزمی عه‌ڕه‌بی له هه‌ر دوو جۆری شیعی و سوننی‌دا جیاوازییان نییه و کورد ناتوانێ به‌شێک بێ له عێڕاق.
شیکردنه‌وه‌ی یاسایی به هۆی نه‌بوونی ده‌ق
هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌مان پێ‌کرد ده‌قێکی ڕوون له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا نییه که جیاییخوازی وه‌ک ماف بۆ نه‌ته‌وه‌کان بسه‌لمێنێ [به تایبه‌ت پاش کۆتاییهاتنی کۆلۆنیالیزم]، له وه‌ها حاڵه‌تێکدا ده‌توانرێ پشت به شیکردنه‌وه‌ی ده‌قه‌کان و نموونه عه‌ینییه‌کان ببه‌ستین.
هه‌ر گرووپێکی هێمۆژێن که دانیشتووی جوغرافییه‌کی دیاریکراون مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خۆیان دیاری بکه‌ن و یاساناسان ئه‌وه وه‌ک به‌شێک له مافی مرۆڤ پێناسه ده‌که‌ن. به پێی ئه‌و بۆچوونه هه‌روه‌ک چۆن مافی مرۆڤ مافێکی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دییه بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کان، مافی جیابوونه‌وه‌ش وه‌ک مافێکی کۆلێکتیڤ قابیلی سازشکردن نییه و ناتوانرێ به هیچ پاساوێک پێشێل بکرێ.
کورد ده‌توانێ تیۆری مافی سه‌ره‌تایی وه‌ک شیکردنه‌وه‌یه‌کی یاسایی بۆ شه‌رعییه‌ت دان به مافی جیایی خوازی به‌کار بێنێ. هه‌ر وه‌ک چۆن ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی دیاریکردنی شوێنی ژیان له ئازادییه بنچینه‌ییه‌کانی تاکه‌کانن و به مافی سه‌ره‌تایی ئه‌ژمار ده‌کرێن و به هۆی ساوکه بوونی ئه‌و چه‌شنه له مافه‌کان له ئاستی جیهانیدا، ته‌نانه‌ت له یاسای دیکتاتۆرلێدراوترین وڵاتانی جیهانیشدا ده‌بینرێن و هیچ گرووپ و لایه‌نێک ناتوانێ به ئاشکرا گومانیان بخاته سه‌ر، به هه‌مان شێوه مافی جیابوونه‌وه مافێکی سه‌ره‌تاییه‌و ئه‌و شیکردنه‌وه له نه‌بوونی ده‌ق دا هێزی یاسایی هه‌یه و ده‌کرێ پشتی پێ ببه‌سترێ.
ئه‌مری واقع، سه‌رچاوه‌ی ره‌واییه‌ت
زۆرجار سه‌پاندنی ئه‌مری واقع ده‌بێته مایه‌ی به‌دیهێنانی ڕه‌واییه‌تی یاسایی و پاش ئه‌وه‌ی دۆخێکی دیاریکراو وه‌ک ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بوو به واقع، ئه‌وا له‌گه‌ڵ پێشوازی و دانپیانانی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه و ده‌بێته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. له نموونه دیاره‌کانی ئه‌و شێوازه له دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، کۆچی جووله‌که‌کانی سه‌راسه‌ری جیهان بۆ ئیسڕائیل و کڕین و هه‌ندێک جار داگیرکردنی زه‌ویی موسڵمانان و له ئه‌نجامدا ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل، کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی خسته دۆخی ئه‌مری واقعه‌وه، [جا گرنگ نییه پاساوی سیاسی له پشته‌وه بووبێ یان نا] و ده‌بینین دواجار ئیسرائیل ده‌بێته ئه‌ندامی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و وه‌ک وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.
که‌واته ده‌توانین بڵیین زۆربه‌ی کات هێز جا چ سه‌ربازی بێ، تێکنۆلۆژی بێ، دیپلۆماسی بێ … ده‌توانێ به‌دیهێنه‌ر و سه‌رچاوه‌ی هێزی یاسایی بێ، هه‌ر چه‌نده هیچ ده‌قێکی یاسایی له‌و باره‌یه‌وه نییه.
وته‌ی کۆتایی
باشووری کوردستان به پێی هه‌موو ئه‌و پێوه‌رانه‌ی ئاماژه‌مان پێ‌کرد مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی و جیابوونه‌وه له عێڕاقی هه‌یه، که به کورتی له‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا کورتی ده‌که‌ینه‌وه:
1) کورد له باشووری کوردستان نه‌ته‌وه‌یه‌که که خاوه‌نی خاک و خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه و له یه‌کیه‌تییه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه‌دا له‌گه‌ڵ عه‌ڕه‌بی شیعه و عه‌ڕه‌بی سوننی وڵاتی عێراقیان پێک هێناوه و یاسای بنه‌ڕه‌تی زامنی ئه‌و یه‌کگرتووییه و مانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره سیاسییه‌یه. پێشێلکردنی یاسای بنه‌ڕه‌تی واتای کۆتایی هاتنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌یه. جێبه‌جێ نه‌کردنی بڕگه جیاوازه‌کانی ئه‌و یاسایه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییه‌وه ده‌توانێ پاساوێکی یاسایی به‌هێز بێت بۆ جیابوونه‌وه له ناوه‌ند.
2) بوونی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک دیفاکتۆیه‌کی به‌هێز که خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌کی فراوانی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسییه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خاوه‌ن ئاستێکی به‌رز له ڕێزگرتن له نۆڕم و به‌ها نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه، ده‌توانرێ وه‌ک هۆکارێکی گرینگی سه‌لمێنه‌ری شیاویه‌تی بۆ په‌یوه‌ست بوون به کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتی پێ ببه‌سرێ.
3) پێویسته گه‌لی کورد له باشووری کوردستان ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (به تایبه‌ت ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی) دڵنیا بکاته‌وه که ده‌بێته هۆکاری په‌ره‌پێدانی ئاشتی و سه‌قامگیری له ناوچه.
( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)