لە چاخی مۆدێڕندا هەر شتێکی سەخت و دژوار دەبێتە دووکەڵ و دەچێتە ئاسمان. ئەوە بۆچوونی مارکسە لە هەمبەر مۆدێڕنیتە وەک لایەنی هزری سۆنامییە یەک لە دوای یەکەکانی ئاڵوگۆڕ خوڵقێن لە جیهاندا.
مۆدێڕنیتە دەبێتە ئاڵا هەڵگری هەستانەوەی ئیرادەی زەوتکراوی بەشەر لە مێتافیزیک و ئاسمان و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕووحی دەسەڵاتخوازیی کلیسا دەکا، لەولاتر دەستەکان ئیزن دەدرێن و ئامێر و ئاسن دەبنە بازووی بەرەو پێشبردنی پیشەسازی و پۆزەتیویسم، دەبێتە تاقانە پێوەری ئیمتیازدان بە هەر سووژەیەک و ماتریالیسمێکی ڕەها بە هۆکاری ئەفیوون بوونی ئایین دەبێتە چاوگەی یەکلاکردنەوەی هەقیقەت. هەقیقەت دێتە شەقام و بەر بینایی هەر دیدەیەک! ئەوە دەسپێکی ڕەخنەیەکی ڕاسیۆنالیستانەترە لە ئەقڵی مۆدێڕن.
نیچە هاواری لێ هەڵدەستێ و بانگی خودامردوویی دەدا!
چاڕڵی چاپڵین لە یەکێک لە بەرهەمەکانی خۆیدا، لە سەر شەقام هاچەر لە دووگمەی چاکەتی ژنێک دەکا و بە قەناعەتی ئەوەی مۆرەیەکی دنیای پێچ و مۆرە و کارخانەیە دەست دەکا بە تووند کردنی. “مەش حەسەن دەبێتە گای مەش حەسەن”و ئەوە دەرئەنجامی مۆدێڕنیتەیە کە لە پێوەری ئەتیک دابڕاوە .
پلۆڕالیسم بە قەبووڵکردنی ئەوەی کە کۆی جوانی و باشییەکان یەکانگیر نابن و قەت هەموو کەماڵێک لە یەک کارەکتەردا کۆنابنەوە، لۆژیکی ئەیزابێڕلین قەبووڵ دەکا و لەپەنا زۆر دەستکەوتی گرانبایی و بە نرخ بۆ بەشەر وەک ملدان بۆ قەبووڵکردنی جیاوازی کە خاڵی دژبەری فاشیزمە، ناسنامە زەرد و شووناسە کازب و سەر لێشێواوەکانی لێ دەکەوێتەوە.
دنیای مۆدێڕن دنیای قەیرانە دەروونییەکانە، بەشەری مۆدێڕنی شارنشین لەگەڵ هەزاران گرفتی سایکۆلۆژیک ڕووبەڕوو دەبێتەوە و لەزۆر حاڵەتی ڕوودانی کێشە و ئارێشەی کۆمەڵایەتیدا، ئەوە مرۆڤی هەڵبڕاو لە واتا و فەلسەفەی ژیان دەبێ بە بکووژو ، کوژراویش بێگوومان هەر ژیانە. مرۆڤی شەقام پێو لە پاڵ هەموو تەنگەژە ئابورییەکانی وڵاتدا و لە سایەی بەرهەمی میلیاڕدی و کایە ئەکشێنی و پڕ لە فانتێزیاکانی سینەمای قازانج دەچێتەوە خەڵوەتی خۆی و پێوەرەکانی بەندبوون بە ژیانی کۆمەڵایەتی سڕ و سست و لاواز دەبن.
لێرەدا ژیان و هەبوون توشی قەیرانی مانایی قووڵ دەبێتەوە و ماتەوزەی لاوان وێڵی کاناڵێک بۆ خۆ بەتاڵکردن دەبێتەوە.
کوژرانی سادق ماهابادی بە دەستی ڕەفیقە ساتانیستەکانی( شەیتان پەرست) دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پازێلی مۆدێڕنیتە بەشەکانی لە هەموو جیهاندا بڵاو بۆتەوە و، مەهاباد دڵی ناسیۆنالیزمی کوردی و مەڵبەندی هۆنراوە ئەهوراییەکانی “هێمن” بۆ ژیان، دەبێتە سەلاخخانە بۆ ژیانی کوڕە کوردێک .
ڕەنگە زۆر کەس لەو نێوەدا توانجیان لە خاڵکی مەهاباد گرتبێ و پێیان وابێ نەدەبوا کارەساتی لەو چەشنە لەم شارە ڕوو بدا و کەسانێکی دیکە لە چوارچێوەیەکی مەعرەفەناسیی تووندوتیژیدا و لە گۆشە نیگایەکی دیکەوە چاویان لەو بابەتە کردبێ.
بە بڕوای ئەم قەڵەمە کاڵبیرە هەر دووک بەریانی فکری بەشێک لە هەقیقەتیان پێوە دیارە.
دەکرێ بە داڕشتنی فۆڕموڵێکی سێ بەشی ئاکامێک لە وێککەوتنی ئەو نێرینانە وەربگرین و لە ئاکامدا پتر لە هەقیقەتی بابەتەکە نزیکتر ببینەوە. مۆدێڕنیتە_ مەهابادی بوون _ نیشتمانپارێزی.
مەهاباد ناتوانێ نیشتمان پارێز و خودانی ئەو کلتورە نەبێ کە “مریەم قازی”یەکان دەرکاودەرکیان بۆ کرد بۆ ئەوەی ژنێکی مەحکوم بە سێدارە مۆتەکەی مەرگی لە سەر لاچێ و لە گرێوی بردنەوەی مەرگدا و لە دووا چرکەکاندا ژیانەوە ژیان سوورپڕایز بکا؛ ئەو نەریتە خۆوڵاتییە ئاماژەکانی ئەوین بە ژیانی تەواو پێوە دیارە و پێگەی ئەو نەستە پاکە بێگومان ویژدان و مەعنەویاتێکی بەرزی مرۆڤانەیە کە شایەنی ئەو کلتورە زەنگین و خەمڵیو بە نیشتمان پارێزییەوە هەیە کە مەهاباد هەیەتی.
ئەو کلتورە دژایەتیی تەواوی هەیە لەگەڵ خۆ بە دەستەوەدان بە بەشێکی دابڕاو لە هەقیقەتی ژیان کە ئەویش بەرهەمە نەرێنییەکانی مرۆڤی مۆدێڕنە.
لێرە مۆدێڕنیتە وەک شیری دێمۆکلیتیز دەشبڕێ و نەشتەرگەریش دەکا کە بێگومان کارەساتەکەی مەهاباد لە بەشی بڕینەکەیدا خۆ دەبینێتەوە، وێڕای قەبووڵکردنی ئەوەی کە ئەو شارە کوتێکە لە تابڵۆی قەیرانی جیهانی مۆدێڕنیتە.
لە پێوەندیی ڕاستەوڕاستی ئەو سێ ئێپیزۆتە دەکرێ بەو ئاکامە بگەین کە ڕاستە قەیرانی مۆدێڕنیتە و شووناسە درۆیینەکان بوونیان هەیە و لیبڕالیزم و تاکی لە کۆمەڵ نامۆ هەوڵی خۆخزاندنە نێو بنچینەکانی ژیان دەدا، بەڵام شارستانییەتی کورد و نۆڕم و بەهاکانی کۆمەڵگای بەڕەچەڵەک دێموکڕاتیکی کوردستان نابێ ڕێگای سەرهەڵدانی ئەو مەکتەب و قوتابخانە زەرد و هیچانە بدا کە کوشتن، توندوتیژی و جەرگسووتاوی بۆ دایکی نیشتمان بەدیاری دێنێ و مەهابادیش وەک لانکەی هزری دێموکڕاتیکی قازییەکانی سەرکووتکەری مەرگ دەبێ و هەروا سەرکوتکاری مەرگ بێ و یاری بە ئەمەگی ژیان.