پێنج ساڵە لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن برینێک لە جەستەی کوردستان تەشەنا دەستێنی. برینی سووتانی کچانی شێناوێی پیرانشار کە بەهۆی گڕگرتنی سۆبەیەکی نەوتی لە پۆلێکی خوێندندا 24 قوتابیی مێرمنداڵ سووتان و سێزدە کەس لەوان برینی خەستیان هەڵگرت، برینێک کە لەگەڵ گەورەبوونیان نەک ساڕێژ نەبووە، بەڵکوو تا دێ قووڵتر و بە ئێشتر دەبێ.
ئەوەی کە بەڵێنی زۆر بۆ چارەسەر و پیڕاگەیشتن بە کێشە و خەمی ئەو کیژانە درا و کەمیشی نەگەیشت، ئەوەی کە زۆر کەس نان و پیوازی بە زامەکانی ئەوان خوارد و کەس دڕوویەکی لەشیان دەرنەهێنا، باسی سەرەکیی ئەم نووسینە نین. ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە باسکردنە لە سەردێڕی کۆمەڵێک کێشە و قەیران لە دەسپێکی وەرزێکی نوێی خوێندندا، بە تایبەت لە کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئێراندا.
حەوتوویەک پێش کرانەوەی قوتابخانەکان بوو کە بەڕێوەبەرایەتیی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی قوتابخانەکانی ئێران ڕایگەیاند کە ئێستاش ٨٣ هەزار پۆلی خوێندن ستاندارد نین و ئەمنیەتی خوێندنیان تێدا مسۆگەر نییە. بەپێی داتاکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە زیاتر لە ١١٠٠ پۆلی خوێندن قوڕین و دارینەن،١٧٠٠ پۆلی خوێندن کانکێسن و زیاتر لە ١٠٠ هەزار پۆلی خوێندن بە سۆبەی نەوتی گەرم دادێن، واتە دوور نییە کارەساتێکی لە چەشنی ئەوەی شیناوێ لە هەر کام لەو ١٠٠ هەزار پۆلەدا دووپات بێتەوە.
بەڵام ئەو ١٠٠ هەزار پۆلە پتر لە کام جوغرافیای ئێرانن، هەر وەک بۆ خۆیان دەڵێن بەشی هەرە زۆر و نیزیک بە تەواویان نەک لە تاران و تەورێز و شیراز و ئیسفەهان و ئەردەوێل، بەڵکوو لە کوردستان و ناوچە وێڵکراوەکانی دیکەی وەک سیستان و بەلوچستان و بەشە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ناوچە سنوورییەکانن.
باس لە ناوچە سنوورییەکان کرا، خۆزگە دەردی ئەو ناوچانە هەر ستانداردنەبوونی قوتابخانە و خوێندنگەکانی با، ئێش و ژانی سەرەکی ئەوەیە کە نیزیک بە نیوەی قوتابیانی کچی ئەو ناوچانە ناگەنە قۆناغی دواناوەندیی خوێندن و واز دێنن، یان وازیان پێدەهێنن.
هۆکارەکان هەرچی بن، نەبوون یان دووربوونی قوتابخانە لە گوندەکان، کارپێکردنی منداڵ لە مووچە و مەزراکان، هەژاری و دەسکورتیی بنەماڵەکان یان هەر هۆکارێکی دی؛ تاوان و بەرپرسایەتیی یەکەمی لە ئەستۆی حکومەتە کە خوڵقێنەری ئەو دۆخەیە، ئەویش بە تایبەت لە کوردستان.
ڕیزوان حەکیمزادە، جێگری وەزیری پەروەردە و خوێندنی ئێران دەڵێ بەشی هەرە زۆری ئەو منداڵانەی لە قۆناغی سەرەتایی خوێندندا لە قوتابخانە و پەروەردە دادەبڕێن لە ناوچە سنووری و دوو زمانەکاندان، واتە کوردستان و دیسانەکەش سیستان و بەلوچستان و ڕۆژاوای خوزستان.
خوێندنی زۆرەملێ بە زمانی فارسی و بێبەشی لە خوێندن بە زمانی زگماک بە هۆکارێکی سەرەکیی دیکەی دابڕانەکان لە خوێندن باس دەکرێ. عەبدولحوسێن موقتەدایی، پارێزگاری پێشووی خوزستان دەڵێ ڕێگری لە خوێندنی منداڵان بە زمانی زگماکییان بووەتە هۆی وازهێنانی زۆر لە منداڵان لە خوێندن لە ناوچە فارسەکان، بە تایبەت ناوچە سنوورییەکانی سیستان و ڕۆژاوای ئێران، واتە دیسان کوردستان.
چاوخشاندنێک بە چەند ئامارێکی پێوەندیدار بەو بابەتە باشتر و ڕوونتر سیاسەتی هەڵاواردن و پەراوێزخستنی کوردستان لە بەشی پەروەردە و فێرکردنمان لەلایەن حاکمییەتی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ دەردەخا.
ڕەمەزان یوسفی، جێگری بەشی خوێندەوارکردن لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای سنە بە ئاماژە بەوەی پارێزگای سنە دوای سیستان و بەلوچستان پلەی دووهەمی نەخوێندەواریی لە ئاستی ئێراندا هەیە، دهڵێ: هەر بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی ٩٠، پارێزگای سنە زیاتر لە ٢٨٦ هەزار نەخوێندەواری بەتەواو مانا و ٢٦٢ هەزار کەسی کەم سەوادی بووە.
بەپێی ئامارەكان له ئێستادا و لە ئاستی پارێزگای كرماشاندا ٣٠٠ هەزار كەس نەخوێندەوارن. محەممەدڕەزا بەسامی، جێگری “سەوادئاموزی”ی ئیدارەی فێركردن و پەروەردەی پارێزگای كرماشان دهڵێ لهو ٣٠٠ ههزار کهسه زیاتر لە ٨٢ هەزار كەسیان تهمهنیان له نیوان ١٠ تا ٤٩ ساڵ دایه.
لهلایهکی دیکهوه پارێزگای ورمێ لە ئێستادا بە هۆی بوونی ١٨٣ هەزار کەسی نەخوێندەوار، لە پلەی ٢٨ی ڕیزبەندیی پارێزگاکانی ئێران دایە و هەر ئەوەش دەری دەخا کە ئەو پارێزگایەی کوردستان یەکێک لە پەراوێزخراوترین ناوچەکانی ئێرانە.
فەرەیدوون سەید مستەفەوی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای ورمێ دەڵێ پارێزگای ورمێ لە ڕووی شوێن و جێ و ڕێ بۆ خوێندنی قوتابییان کەمایسیی زۆری هەیە و هەرنەبێ ٦٨٠٠ پۆلی نوێی خوێندنیان بۆ دەسپێکی ئەو ساڵی خوێندن کەمە.
پێشتریش فەریبۆرز ئسماعیلزادە، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنكردنەوە و پۆشتە كردنی خوێندنگەكانی ورمێ گوتبووی بەهۆی كەمیی بودجە و ئیعتیبار نەیانتوانیوە بەڵێنییەكان بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی خوێندنگەكانی ئەم پارێزگایە ببەنە سەرێ، واته مهترسیی دوپاتبوونهوهی ڕووداوهکهی شێناوێ ههردهم و له ههر کام لهو قوتابخانه کۆن و دارماو و بی ئیمکاناتانهی کوردستان له ئارا دایه.
ئەو دەڵێ بۆ دروستكردنی ئەوەندە پۆلەی خوێندن لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا بڕی ١٢٥٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویستە و دهوڵهت گوتویه بۆی دابین نابێ و تهنانهت سەدی ١٠ی ئەو بودجەیەش نادرێتە دەست ئەو ئیدارەیە.
ههروهها پارێزگای ئیلامیش که سهدی ١١ی ههموو پاشکهوتی نهوتو گازی ئێرانی ههیه، له بێبهشترین و پهراوێزخراوترین ناوچهکانی ئێرانه و بهپێی ئاماره ڕهسمییهکان ٣٠ ههزار کهسی تێدا به تهواوی نهخوێندهوارن.
له کوردستان پاییز و دهسپێکی وهرزی نوێی خوێندن به واتای وهرزێکی دی له بێبهشیی خهڵکی کوردستان له مافی پهروهرده و فێرکاری دێ که زیانهکانی تا چهند نهوه دواتریش بهرۆکی بهرنادا.
( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)