پاشماوەی رێکخراوی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی
یه‌که‌مین شووڕای هاوئاهه‌نگی ئه‌و ڕێکخراوه، محه‌ممه‌د سه‌لامه‌تی، سادق نه‌ورووزی، مورته‌زا ئه‌لویری، محه‌ممه‌د برووجێردی، مه‌حموود به‌خشه‌نده، محه‌ممه‌د باقر زوولقه‌در و موحسین تهحویلدار، بوون. که‌سانی دیار و شوێندانه‌ری ئه‌و ڕێکخراوەیە له‌کاتی دامه‌زرانیدا، بریتی بوون له: بێهزاد نه‌به‌وی، موحسین مه‌خمه‌لباف، فه‌ریدوون وێردینیژاد، عه‌لیره‌زا شوجاعیفهر، په‌رویز قوربانی، موحسین ڕه‌زایی، عه‌لی شه‌مخانی، موحسین ئارمین، هاشمی ئاغاجه‌ری، فیزوڵڵای عه‌ره‌ب سوورخی، موجتبا شوکری، حوسێن فیدایی، عه‌بدولحوسێن رووح ئه‌مینی، حه‌سه‌ن زیبایی نیژاد، سه‌عید حه‌جاریان، حوسێن عه‌له‌م ئه‌لهودا، محه‌ممه‌د مونته‌زێر قائێم، مسته‌فا تاجزاده، حوسێن واعزی، محه‌ممه‌د عه‌تریانفه‌ر و حه‌سه‌ن سادقی.
ئه‌و رێکخراوهیە له ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕین، به ناوی « بزووتنه‌ی میللیی موجاهدین»(جنبش ملی مجاهدین)، ده‌فته‌ر گه‌لێکی فره‌یان له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا، کردەوە. له‌نێو توێژی لاوان‌دا، ده‌ستیان به راکێشانی خه‌ڵک بۆلای خۆیان کرد و پاشان بوون به موجاهیدنی شۆڕشی ئیسلامی و به‌شێوه‌یه‌کی نیوە نهێنی و چه‌کدار، چالاک بوون. (١)
هه‌روه‌ها نووسراوه‌یه‌کی دیکه‌ش جگه له‌و که‌سانه‌ی وه‌ک ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر ناویان برا، مورته‌زا ئه‌لویری، زوولقه‌در، محه‌ممه‌د برووجردی، عه‌لی عەسکری، محهممەد سه‌لامه‌تی؛ هاشم ئاغه‌جه‌ری، موحسین سازگارا، بهسیرزاده، سادق نه‌ورووزی و مه‌شایخی_ ش زیاد ده‌کا. (٢)
ئه‌ندامانی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی له دامه‌زرانی کۆمیته‌کانی شۆڕش و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ئیتلاعاتی سه‌رۆک وه‌زیری و ئیتلاعاتی ئه‌رته‌شدا، نه‌خشی زۆر گرینگ‌یان هه‌بوو. بۆیه ده‌ره‌تانی خێرایی په‌ره‌گرتنی ئه‌و رێکخراوەیە، له بهدنهی به‌رێوه‌به‌ریی ئیجرایی وڵات‌دا، بوو به‌هۆی پێکهاتنی هه‌لومه‌رجێک، بۆ به‌رده‌وامی مانه‌وه‌یان. (٣)
ئه‌و رێکخراوهیە هه‌م له‌گه‌ڵ سپای پاسداران و هه‌م به‌جیا، له هێرش بۆ کوردستان و بلووچستان نه‌خشی گرینگ‌یان گێڕا. ( محه‌ممه‌د برووجێردی یه‌کێک له فه‌رمانده‌رانی سپا له رۆژئاوای ئێران که له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له رێگای مه‌هاباد_میاندووئاو، نزیک ئاواییه‌کانی ئیندرقاش و خاتوونباغ سه‌ر به شاری مه‌هاباد کوژرا و عه‌لی سه‌ییادی شیرازی – سه‌رهه‌نگی ئه‌رته‌ش و فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای هه‌مزه، که به‌شیوه‌یه‌کی گوماناوی پاشان له تاران له په‌نا ماڵه خۆی کوژرا و موجاهیدینی خه‌ڵق، کوشتنه‌که‌یان وه‌ئه‌ستۆ گرت، ئه‌ندامانی موجاهیدینی شۆڕش بوون). ڕێکخراوی به‌ناو «پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان»، له‌لایه‌ن ئه‌و رێکخراوەیە و به ئیمکاناتی سپای پاسداران دامه‌زرا که له کۆشتار و ئه‌زییه‌ت و ئازار و گرتن و زیندانی و ئەشکهنجه و ئێعدامی تێکۆشه‌رانی کورد و خه‌ڵکی مهدنیدا، ده‌ورێکی دژی مرۆڤایه‌تیی و جینایه‌تکارانه‌یان گێڕا و ئیستاش، به شێوه‌ک هه‌ر چالاکن. له‌و باره‌یه‌شدا حوسێن فدایی ده‌ڵێ: به ته‌فاهوم له گه‌ڵ به‌رپرسانی سه‌رووی سیاسی، سازمانی موجاهدینی شۆڕش، لقی نیزامیی شۆڕش بوو و حیزبی جمهووری ئیسلامیش رێکخراوێکی به‌رفراوانی گشتی. خزمه‌تی زۆرمان ئه‌وکات به شۆڕش کرد. زۆربه‌ی کوودێتاکانی له‌وانه‌بوو ڕووبده‌ن، دهماندیتنهوه و پووچه‌ڵمان ده‌کردنه‌وه. زۆربه‌ی ئێمه له چه‌ند شوێن کارمان ده‌کرد. بۆ وێنه من هاوکات، له کۆمیته و سپا و سازمان بووم. له تێکهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ که‌سانێک که بیری دژی شۆڕ‌شیان هه‌بوو، وه‌ک کوردستان و سیستان و بلووچستان، خوزستان، سازمان زۆر چالاک بوو. هه‌روه‌ها ئیداره‌کردنی زیندانی» ئه‌وین» له‌ده‌ست رێکخراوی ئێمه دابوو. شه‌هید قهلهنبوڕ و سێ که‌سی دیکه بۆ ئامووزشی موسڵمانانی ئه‌فغانی چوونه ئه‌و وڵاته. (٤)
کردهوویهکی گرینگی دیکه‌ی دژی ئازادیخوازانه‌ی ئه‌و رێکخراوه‌یه، دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ بیری لیبڕالی بوو. مورته‌زا ئه‌لویری، ئه‌ندامی شووڕای ناوه‌ندیی ئه‌و رێکخراوەیە ده‌ڵێ: له‌کاتی سه‌رکۆماریی بنی سه‌در دا، ئه‌و رێکخراوهیە جگه له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ناوبراو و به‌ربه‌ره‌کانی قۆڵی لیبڕاڵ، کارێکی دیکه‌ی نه‌بوو. (٥)
مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه بۆ ئه‌ندام وه‌رگرتن، پێڕه‌وی کردن و قبووڵی ویلایه‌تی فه‌قیهـ و ئایەتوڵڵا خومه‌ینی و بڕوا به ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامی بوو. ژماره‌یه‌ک له چالاکانی موجاهیدین، داوایان له خومه‌ینی کرد بۆ چاوه‌دێری و رێنوێنی، نوێنه‌رێکی خۆی بنێرێته ئه‌و رێکخراوه‌یه. ڕاستی کاشانی_ که ئه‌وکات حوجه‌تولئیسلام بوو و ئێستا ئایه‌توڵڵایه_ نوێنه‌ری خومه‌ینی له‌و رێکخراوەیەدا، بوو.
ڕاستی کاشانی له ساڵی ١٣٠٦ له شاری کاشان له دایک بووه. له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵی مودڕڕیسینی حه‌وزه‌ی علمییه‌ی قوم و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رزی حه‌وزه‌ی علمییه‌ی قومه. له ده‌وره‌کانی یه‌که‌م و دوویه‌می مه‌جلیسی خیبره‌گانی رێبهریدا، ئه‌ندام بوه و… ناوبراو له به‌ره‌به‌ری سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌رێنی گه‌لانی ئێران‌دا، چالاک بوه. له ساڵی ١٣٤٣دا، مه‌سه‌له‌ی پێڕه‌وی له خومه‌ینیی به شێوه‌یه‌کی جیدی باس کردوه که بۆته جێی متمانه‌ی ناوبراو. بۆیه له چه‌ند شوێن به‌رپرسایه‌تیی سه‌رووی له‌لایه‌ن خومه‌ینی پێدرا که یه‌کێک له‌وان، نوێنه‌ری ئه‌و و چاوه‌دێر له ڕێکخراوی موجاهیدینی شوڕشی ئیسلامی‌دا بوو. (٦)
زۆری پێنه‌چوو، دوای دروستبوون و هەڵسووڕانی ئەو رێکخراوەیە، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی رۆژی جیهانیی کرێکار، ساڵ مه‌رگی د. شه‌ریعه‌تی لە نێوان بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەکە و نوێنه‌ری ئا. خومه‌ینی له‌و رێکخراوهیەدا، ناکۆکی سه‌ری هه‌ڵدا. به‌ڵام به‌ده‌ستووری خومه‌ینی به‌ناچاری له‌گه‌ڵ یه‌ک به‌شێویه‌کی کاتی سازان.
له ١٠ی خه‌رمانانی ١٣٦٠ (١٩٨١)، دوو رۆژ دوای ته‌قینه‌وه‌ی ده‌فته‌ری سه‌رۆک وه‌زیری، موحسین ره‌زایی ئیستعفای له‌و رێکخراوه دا و چوو بۆ نێو سپا.
به‌شێک لهنووسراوهکان و به‌تایبه‌تی له وتووێژی، «حوسێن فیدایی»دا، ئاماژه به‌وه کراوه که دوای ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه، که‌سانێک گومانیان هه‌بوو که موجاهیدینی خه‌ڵق ئه‌و کاره‌یان کردبێ؛ به‌ڵام شک و گومان له رێکخراوی مجاهدینی شۆڕشی ئیسلامی کرا. ئه‌وان گومانیان له حوسین تارانی_ که بازجوویهکی ناسراو_و بێهزادی نه‌به‌وی بوو. مه‌سه‌له‌ی نه‌به‌وی که موخالیفی توندی ڕاستی کاشانی _ وه‌ک نوێنه‌ری ئا. خومه‌ینی_ بوو، پتر مه‌سه‌له دار بوو. چونکه به قه‌ولی فدایی: نه‌به‌وی له‌دانیشتنێکی دۆستانه‌دا، که باس هاتبووە گۆڕێ؛ گوتبووی: هه‌ر وه‌کوو ئیمام ده‌رسی خوێندوه و له فیقهـ دا بۆته موجته‌هید، ئێمه‌ش له مه‌سه‌له‌ی سیاسیی‌دا موجته‌هیدین. بۆیه مه‌سه‌له‌ی نه‌به‌وی ئه‌ونده گه‌وره کرابۆوه که هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی له نوێژێکی هه‌ینیدا پشتیوانی لێکردبوو. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شک و گومانه‌ش ڕا بوو که کشمیری _ که گۆیا عامیلی ته‌قینه‌وه‌که بوه_، سه‌ره‌تا به شه‌هید له‌قه‌ڵه‌م درا و پاشان بێده‌نگه‌ی لێ‌کرا و ناوی نه‌ده‌برا.
سەرچاوەکان
١- سایت ولایت، سازمان نامشروع مجاهدین انقلاب اسلامی ایران.
٢- وطن امروز شمارە ٤٣٠، ص ١٠.
٣- ماڵپەڕی ویلایەت.
٤- از مجاهدین انقلاب اسلامی تا مجاهدین انقلاب اسلامی ایران.
٥- دولت و انقلاب، محمد حیدری، روزنامەی ایران، شمارەی ٢١٩٨، ٣١ تیر ١٣٨١.
٦- گوگل، سایت ویکی پدیا، دانشنامەی آزاد.
(لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)