تیرۆر کردارێک یا دیاردەیەکە که مێژووه‌که‌ی له‌گه‌ڵ مێژووی مرۆڤایه‌تی دێ، بە ڵام قەت بە ڕادەی ئیستا لەلایەن دەوڵەتانەوە بە ڕێکخستن نەکراوە و بۆ ئامانجی سیاسی کەڵکی لێ وەرنەگیراوە .
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو حکومەتانەیە کە هەر لە سەرتای به دەسەڵات گەیشتنی به شێوه‌یه‌کی به‌ربه‌رین له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی لە تیرۆریزم وەک کەرەسەیەکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکانی کەلکی وەرگرتووە. بە واتایەکی دی تیرۆر و تیرۆریزم لە فەلسەفەی وجوودی کۆماری ئیسلامی دایە و ئه‌و ڕێژیمه تێرۆر به یەکێک لە ڕێگاکانی مانەوەی خۆی دەزانێ.
تێرۆره سیاسییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی به تێرۆری شهریار شه‌فیق، کوڕی ئەشرەفی پەهلەوی له ١٦ی سەرماوەزی ١٣٥٨ له پاریس ده‌ستی پێ‌کرد و به تێرۆری میکونوس له ٢٦ی خه‌رمانانی ١٣٧١ کۆتایی هات. له ماوه‌ی ئه‌و سێزده ساڵه‌دا ٨٩ که‌سایه‌تیی سیاسی و ڕێبه‌رانی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی به ده‌ستی نێردراوانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران.
تێرۆری میکونوس له ٢٦ی خه‌رمانان _ که له‌ودا دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، فه‌تاح عه‌بدوڵی و هومایون ئه‌ڕده‌ڵان دوو ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌م حیزبه و نوردی دێهکوری، که‌سایه‌تیی سیاسیی دۆستی حیزب و دژبه‌ری نیزام تێرۆر کران_ قه‌رار نه‌بوو دواتێرۆری کۆماری ئیسلامی بێ، بەڵام ئه‌مجاره‌یان کۆماری ئیسلامی نەیتوانی وه‌ک پێشوو به ساتوسه‌ودا خۆی لێ ده‌رباز بکا. ده‌زگای قه‌زایی ئاڵمان لێبڕاوانه ئه‌و په‌روه‌نده‌یه‌ی به ئه‌نجام گه‌یاند و به مه‌حکومکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران له به‌رزترین ئاستدا، دوابڕیاری خۆی له‌سه‌ر تاوانباران دا و ده‌سته شاراوه‌کانی پشتی په‌رده‌ی تێرۆره‌کانی ئاشکرا کرد.
ئامانجی تایبه‌تیی کۆماری ئیسلامی لە تیرۆری د.شەرفکندی
شەڕی ئیران وعێڕاق ته‌واو بوو، به‌ڵام کوردستان هه‌روا سه‌نگه‌ری خۆڕاگری و به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی بوو. ڕێژیم ده‌یویست شکانی خۆی له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێڕاق به هه‌ندێ پڕۆژه‌ی ئابووری و هه‌روه‌ها کپکردنی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان قه‌ره‌بوو بکاته‌وه. لێدان له سه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ڕێبه‌رانی ڕێژیم پێویستییه‌کی ژیانه‌کی بوو که پلان و پیلانیان بۆ دانا.
کۆماری ئیسلامی بە پێی خویندنەوەیەک کە لە مێژووی کورد هەیبوو، پێی وابوو ئه‌گه‌ر له‌سه‌ری رێبەر یا سەرۆکی جووڵانەوەی کورد بدرێ، جووڵانه‌وه‌که تێدا ده‌چێ، به‌ڵام دوای تێرۆرکردنی د.قاسملوو دیتیان د.شەرەفکندی زۆر خێرا و به لێوهشاهویی توانیی جێگه‌ی به‌تاڵی ئه‌و پڕ بکاته‌وه، بۆیه بۆ ڕێژیم زهروورهیهکه له‌جێی خۆی مابۆوه و ئه‌وش پیلان بۆ تێرۆری مێکۆنووسی به‌دوادا هات.
هۆکارێکی دیکه‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر تێرۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی ئه‌وه بوو که ڕەوتی ڕووداوەکان لە ناوچەکە لەو سەردەمدا بە قازانجی دۆزی کورد بوو. دوای ڕاپه‌ڕین حکومه‌تی عێڕاق له باشووری کوردستان کشابۆوه و کورد له عێڕاق خه‌ریکی به‌ره‌و بنیاتنانی کیانی سیاسیی خۆی ده‌چوو، ئه‌وه‌ش به دڵی تاران نه‌بوو. به تایبه‌ت کە جووڵه و چالاکییه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین هێزی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە و پێگه و که‌سایه‌تیی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له ئێران و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ببووه چقڵی چاوی ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی و زراوی ئه‌وانی بردبوو.
تیرۆری میکوونوس بۆ حیزبی دیموکرات وجووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان خەسارێکی گەورە بوو، به تایبه‌ت د.شەرفکندی لە حاڵیکدا بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو کە هێشتا لە دەستدانی د.قاسملوو هەروا گەرمە برین بوو بە جەستە و دڵی حیزبی دیموکرات وخەڵکی کوردستانه‌وه.
دوای وه‌گه‌ڕکه‌وتنی په‌روه‌ندی تێرۆری میکونوس له برلین، ده‌زگای دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیش وه‌خۆ که‌وت و به هه‌موو توانای خۆی هه‌وڵی دا پێش به ڕه‌وتی لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه‌کان بگرێ. عه‌لی فه‌لاحیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاتی ئێران چه‌ند جار سه‌ردانی ئاڵمانی کرد. داواکانی ئێران ئه‌وه بوون که ئه‌و په‌روه‌نده‌یه نه‌درێته دادگا و ئه‌گه‌ر بجێته دادگاش ناوی ئێران نه‌یه‌ته نێو ناوانه‌وه. هه‌روه‌ها ته‌نیا ئه‌وانه‌ی گیراون و ڕاسته‌وخۆ له تێرۆره‌که‌دا به‌شداربوون دادگایی بکرێن و که‌سی دیکه‌ی تێوه نه‌گلێنن، هاوکات وا پیشان بدرێ کە ئێران دەستی لەو تیرۆرانەدا نەبووە و تێرۆره‌که به سیناریۆی پاکانهحسێبی نێوان ئۆپۆزیسیۆن دابندرێ. لە بەرامبەردا ئیران هه‌وڵی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییه‌کانی لای حیزبوڵڵا بکا، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان به‌هۆی سه‌ربه‌خۆبوونی ده‌زگای قه‌زایی له ئاڵمان پایهپووچ مایه‌وه.
حەوت مانگ دوای تیرۆره‌که دادستان داوانامه‌که‌ی به‌ڕه‌سمی دا به دادگای به‌رزی بێرلین و هه‌ر له‌ودا به‌ڕوونی باس له‌وه کرابوو که تێرۆری میکۆنۆس کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوییه‌تی و کاربه‌ده‌ستانی هه‌ره‌سه‌رووی ئه‌و ڕێژیمه، وه‌ک سه‌رکۆمار و وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و شه‌خی عه‌لی فه‌لاحیان، وه‌زیری ئیتلاعات له پشتی تێرۆرهکهن.
دادگای بەرزی بیرلین دوای سێ حەوتوو باس و لێکدانەوە ئیدیعانامەی دادستانی قەبووڵ کرد و ٢٨ی ئۆکتوبری١٩٩٣ی وەک یەکەم ڕۆژی دانیشتنی دادگا دیاری کرد، بەمجۆرە دادگا دەستی بە کار له‌سه‌ر په‌روه‌نده‌که کرد و له ماوەی سێ ساڵ و نیو و له 247 دانیشتن‌دا به بڕیارنامه‌ی کۆتایی، کۆتایی به کاره‌کانی هینا.
کار و بۆ دواداچوونه‌کانی دادگا له‌سه‌ر ئه‌و په‌روه‌نده‌یه دژوار و ئاڵۆز بوو. بۆ نموونه: ڕواڵه‌تی بابه‌ته‌که ئه‌وه بوو که لە ڕووداوی تیرۆری میکوونوسدا چوار کەس کوژراون سێ کورد و فارسێک؛ پێنج کەسیش وەک بکوژ لەلایەن پۆلیسی ئاڵمانەوە گیراون که ئێرانی و لوبنانین و هیچ کام لە بکۆژەکان دوژمنایەتیی پێشوویان لەگەڵ کوژراوەکان نەبووە و یەکتریان نەناسیوە . له دانیشتنه‌کانی دادگادا زیاتر لە 170کەس وەک شاهید له هه‌ر دوو لای ده‌عوا بانگ کرانه دادگا و هیندێک لە شاهیدەکان لە ئالمان کاربەدەستی میری بوون و نەدەکرا بە ئاسانی بانگ بکرینه دادگا؛ چونگە بە پێی قانوون دەبووایە قوناغی دوورودرێژ ببرن. هه‌روه‌ها هیندیک لە شاهیدەکان لە دەرەوی ئالمان بوون بۆ هاتنیان پێویستیان بە ویزا هەبوو کە ئەویش کاتبەر بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دەبووایە پەروەندەکان و تەواوی قوناغەکانی دادرەسی بە سێ زمانی ئالمانی، عەره‌بی و فارسی ئاماده‌کرابان که ئەوەش کاتی زۆری ده‌گرت. هه‌روه‌ها پێویست بوو هەموو بەڵگەکان و قسەی شایه‌تحاڵ و ڕاپۆرتی دەزگاکانی زانیاری و هه‌واڵگریی ئاڵمان وبریتانیا وهیندیک دەوڵەتی دیکە لە تەنیشت یەکتر دابندرین هەتا ڕاستی و دروستیان دەربکەوێ بۆ ئەوەی دادگا بگاتە ئەنجامێکی دادپەروەرانە. هەر بۆیە شاهیدێک بە چەند جار لەسەر خاڵێک بانگ کراوە وپرسیاری لێ کراوەتەوە.
دوای ئەو ماوە دور و درێژە دادگا لە ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧(٢١ی خاکەلیوە١٣٧٦)حوکمی کۆتایی خۆی لە ٤٠٠ لاپەرەدا بەو شێوەیە پەسند کرد:
– سیستمی سیاسی و دەسەڵاتداره‌تیی ئێرانی لە سەر یەک بە سیستمی جینایەتکار ناو برا.
– لەو بڕیارەدا ڕاگه‌یه‌ندرا که کوشتاری ڕیستوورانی میکوونوس تیرۆری سیاسی بووه و ئێران لە پشت ئەو تیرۆرەیە.
– کازم دارابی و عەبباس راحیل کە تەقەکەری سەرەکی بوون، بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دران.
– یوسف ئەمین بە ١١ ساڵ زیندان و محمد ئه‌تریس بە 5 ساڵ زیندانی حوکم دران.
– حوکمی گرتنی عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی درا.
بۆ چی ئالمان ئاوا سوور بوو لە سەر بەرێوەچوونی دادگا و وون بوونەوەی ڕاستییەکان ؟
ئالمان وڵاتیکی دێموکراتیک و گەورەی ئابووری لە نێو دڵی ئورووپا دایە و هەموو کات ویستوویەتی سەروەرهی خۆی بپارێزی و تەنانەت فەرزی بکا بە سەر وڵاتانی دیکەشدا، هه‌روه‌ها تاوانی چوار قەتل لە یەک کات و یەک شوین ئەویش له پێتەختی ئالمان شتێک نه‌بوو بتوانی له خواردی بیروڕای گشتیی ئه‌و وڵاته‌ی بده‌ی. له‌لایه‌کی دیکه‌وه تاوانی ئەو چوار قەتلە ئەگەر هۆکاری سیاسی لە پشت بێ، ئەوکات دەوڵەت یا ڕێکخراویکی سیاسی ده‌بێ کردبێتی و ئەوەش بە ئاشکرا پێشێلکردنی قانوونەکانی ئالمان و چوونه ژێر پرسیاری سەروەریی سیاسی ئالمانە له ڕێگای به‌وه داوه. ئه‌و بابه‌ته‌ش
به جیددی باس ده‌کرا که ئەگەر تاوانبارانی میکونوس نەدرێنه دادگا وتاوانەکە ئاشکرا نەکرێ، بوار بۆ دووبارە بوونەوەی کرداری لەو بابەتە خۆش ده‌بێ و ئه‌وه کاریگەری دەبێ لەسەر ئەمنییەتی نێوخۆی ئالمانیش. ئه‌وه‌ش له جێی خۆی که سێ کەس لە تیرۆکراوەکان بە ڕەسمی میوانی حیزبی سوسیالیستی ئالمان بوون کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی سوسیال ئینترناسیونال بانگهێشت کرابوون و ئه‌وه‌ش شتێک نه‌بوو که بتوانرێ به ئاسانی پشتگوێی بخه‌ی.
گرینگی حوکمی دادگای دادگای میکوونوس و کاریگه‌ری و کاردانه‌وه‌کان:
_ یەکەم جار بوو لە مێژوودا کە ژمارەیەک لە ڕێبەرانی وڵاتێک کە هێشتا لە سەر کورسی دەسەڵات بوون بە تیرۆر و کوشتنی جیابیرانی خۆیان تاوانبار دەکران.
_ بۆ یەکەم جار بوو لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و دوای ئەو هەموو تیرۆرانە بە رەسمی لە دادگایەکدا بەوه ناسێندرا که «دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیزامێکی جینایەتکارە»
_ لە دادگای بیرلین ڕوون کرایەوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پێکانی ئامانجە سیاسییەکانی تیرۆر وەک کەرەستەی لە نێوبردنی دژبەرانی به‌کار دێنێ.
چەند سەعات دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای میکوونوس دەوڵەتی ئاڵمان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دەخالەتی ڕێبەرانی حکومەتی ئێران لە تیرۆری میکوونوس پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێوخۆییه‌کانی ئاڵمان و هه‌روه‌ها یاسا نێونەتەوەییهکانه و هەر بۆیە دەوڵەتی ئاڵمان ناتوانی کردەوەی لەوبابەتە قەبووڵ بکا.
دوای ئەو ڕاگەیهندەراوە باڵوێزی ئالمان لە ئێران بە پەلە بانگ کرایەوە، چوار دیپڵۆماتی ئێرانی لە ئالمان دەرکران و کۆتای‌یان به سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانە بەرامبەر بە ئێران هێنا.
دوابەدوای هەڵویستی ئالمان، یەکیەتیی ئورووپا لە 22ی ئاوریلی 1997 لە کۆبوونەوی شوڕای وەزیران هەڵوێستی دەوڵەتی ئالمانیان پەسند کرد و ئه‌وانیش پێوەندیی دیپڵۆماتیکی خۆیان لە گەڵ ئێران پچراند و له ده‌ره‌وه‌ی ئورووپا حکومەتی ئوسترالیا و نیوزلەندیش باڵوێزەکانی خۆیان له ئێران کێشایه‌وه. دیاره ئه‌گه‌رچی دوای ماوەیەک پێوەندییەکان گەرانەوە دۆخی خویان، بەڵام ئه‌وه بۆ ئێران تێچوویه‌کی قورسی هه‌ڵگرتبوو.
وڵاتانی ئورووپایی پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێران به‌و مه‌رجه ئاسایی کرده‌وه کە ئێران چیدی لە نێو خاکی ئورووپادا کردەوەی تیرۆریستی نه‌کا ولە دوای بڕیاری دادگای میکوونوسیش دەبینین کە ئێران هیچ تیرۆرێکی دیکەی لە نێو خاکی ئورووپادا نه‌کردوه. هه‌روه‌ها پۆلیسی وڵاتانی ئورووپایی و دام ودەزگا ئەمنیەتییه‌کانی ئەو وڵاتانە وردتر لە جاران و زیاتر له پێشوو کار و کردەوەکانی باڵوێزخانه و دەفتەری نوینەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی‌یان خستۆته ژیر چاوەدیری.
(لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)