کێ پێی وابوو حەسەن ڕوحانی دوای گەمە و یارییەکانی پێش هەڵبژاردن و ئەو هەمووە وادە و بەڵێنە ڕادیکاڵ و خەڵک پەسندە، هەر کە گرەوی هەڵبژاردنەکانی بردەوە ئاوا پشت لە خەڵک و وادە و بەڵێنییەکانی دەکا.
ڕەفتاری حەسەن ڕوحانی لە رەوتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا دەتگوت مێژووە دووپات دەبێتەوە و ڕێک لە چەشنی وادە و بەڵێنەکانی خومەینی دەچوو کە پێش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٣٥٧ لە دەرەوە و نێوخۆی ئێران دەیدان و لەگەڵ دەنگوەرگرتن بۆ «کۆماری ئیسلامی» هەمووی بوونە بڵقی سەر ئاو.
ئەوانەی ڕۆژ و مانگەکانی پێش ڕووخانی رێژیمی پاشایەتییان لەبیرە، ئێستاش ئەو دروشمانەی خومەینییان لە گوێدا دەزرینگێتەوە کە «ئا و بڕق دەبێتە خۆڕایی»، «ترسی هەڵپێچان لەسەر بیر و باوەڕ لەسەر کەس نامێنێ»، «چالاکیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان تەنانەت بۆ مارکسیست و کۆمۆنیستەکان ئازاد دەبێ»، «حیجاب نابێتە زۆرەملێ»، «هەڵاواردنی ڕەگەزی نابێ»و …..
ئەو دروشمانە خومەینی لەو پەڕی ڕووهەڵمالراویدا دەیدان و ڕۆژنامە و نوخبەکانی ئەم سەردەمیش بۆیان بڵاو دەکردەوە و بانگەشەیان بۆ دەکرد. بڕیار بوو خومەینی بۆخۆی لە قوم دابنیشێ و کاری حەوزەوی بکا، بڕیار بوو قانوونی بنەڕەتیی وڵات مۆدێرن و نیزامی سیاسی سێکۆلار بێ، بڕیار بوو ئێران بەرەو ئاوەدانی و گەشەی زیاتر هەنگاو هەڵێنێ؛ بەڵام ئەو هەر کە لاقی گەیشتەوە ئێران هەموو ئەو دروشمانە پێچەوانە بوونەوە، نە خەبەرێک لە ئازادی ما و نە کەس بە سۆراغی ماف و داواکانی زانی؛ ئاوەدانیی زیاتر نەک ڕووی نەکردە وڵات، شەڕ و ماڵوێرانیش بۆ خەڵک بووە دەردی سەرباری دەردانی دی…
چوار دەیە لە ئێران کاراکتێرە سیاسییەکان بەمجۆرە دێن و دەڕۆن. کە دێن هەگبەی دروشمیان پڕە لە شتی جوان و خەڵک هەڵخەڵەتێن، دوایەش کە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست، سووک و ئاسان پشت لە خەڵک و دەنگدەرانیان دەکەن و ئێوە بەخێر و منیش بە سڵامەت…
تۆ بڵێی حەسەن ڕوحانی ئەگەر پێش هەڵبژاردنەکان ناوی وەزیر و پێکهاتەی کابینەکەی ڕاگەیندبا، یان ئەو دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی سپای پاسداران و مەیداندانی زیاتر بەوانی پێش هەڵبژاردنەکان کردبا، یان ڕوانگە و بۆچوونی ڕاستەقینەی خۆی لەسەر مافی کەمە نەتەوە و کەمە ئاینییەکان و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی کۆمەڵگا پێش دەنگدان گوتبا، ئێستا سەرکۆمار دەبوو؟ ئەوە تەنیا کاراکتێرە سیاسییەکان لە ئێرانن کە دەتوانن لە ماوەی کورت پێش دەنگدان و دوای هەڵبژاردندا ئەوەندە ڕەنگ بگۆڕن و ئەوەش تەنیا خەڵکی ئێرانن کە دەتوانن هیندەی دیکەش تاقەت بێنن و هەر بە چەند دەمەبۆڵەیە و ڕەخنەیەکی زارەکی چاو لە داهاتووی نادیاریان ببڕن.
ئەرک و کاری پێسپێردراوی حەسەن ڕوحانی لە پازێلی ناوەندی بڕیاری ئێراندا ئەمانەن کە سەرکۆماری ئێعتیدالگەرا ڕوو بە کۆمەڵگای جیهانی ئەوەندەی بتوانێ بە ڕوتووشی سیاسەتی دەرەوە و لە پێگەی لاوازیی ئێرانەوە پێوەندییەکان لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وزە و وەبەرهێنان لە ئاستی جیهاندا رێک بخاتەوە و، لە فۆرجەی نێوان ئورووپا و ئەمریکا بە قازانجی بووژاندنەوەی بازاڕی ئێران کەلک وەرگرێ.
لە نێوخۆی وڵاتیش وەک سوپاپی ئیتمینان، هەوڵی کەمکردنەوەی فشارە کۆمەڵایەتییەکان بدا و بە هەندێ کراوەیی لە بوارەکانی دنیای مەجازی، پێوەندیی ڕەگەزی و جل لەبەرکردن و هونەر و فیلم و موسیقیدا بەر بە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان بگرێ.
ئەگینا ئەوەی ڕوحانی وەک بنچینە بۆی دیاری کراوە و بۆ خۆیشی بە جوانی بەڕێوەی دەبا، پاراستن و بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە لە توێی گەمەی کێشەکانی نێوباڵەکانی حاکمییەتدا. گەمەیەک کە ئەوان لەسەرەوە دەیکەن و لەگەڵ یەکتر ڕێک دەکەون و زەرەر و زیان و بێ مافی و بەشمەینەتییەکانیش وەک هەمیشە پشکی سەرەکیی خەڵکە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.