کاریگه‌ریی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه له‌سه‌ر شێوازی خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان
لە به‌ره به‌ری دەرچوونی ژمارەی نوێی «کوردستان»دا کۆمەڵە ڕووداوێک لە کوردستان و ئێران ڕوویان دا کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندییان بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها ڕوانین و بەرنامەکانی ئەم حیزبەوە هەیە. له‌نێو ئه‌م ڕووداوانه‌دا ڕووداوەکەی گوندەژوور و ئاڵۆزییه‌کانی دواتر له‌لایه‌ک و، کابینەی نوێی حەسەن ڕووحانی و پرسی هاوبەشی و دابەشینی بەرپرسایەتییەکان لە دەوڵەتی نوێ‌دا له‌لایه‌کی دیکه‌وه، جێگای سه‌رنج بوون. ئه‌و دوو بابه‌ته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هیچ پێوه‌ندییان به یه‌كتره‌وه نین و لێک جیاوازن به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شیان ئه‌وه‌یه که هه‌ردووکیان بۆ ڕوانینی حیزبی دێموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به شێوازه‌كانی خه‌بات قسه هه‌ڵده‌گرن. هه‌ربۆیه به پێویستمان زانی بیانکه‌ینه سووژه‌ی وتووێژێكی «کوردستان» لەگەڵ دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
ڕووداوەکەی گوندەژوور کە بووە هۆی هێرشکردنە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەو ناوچەیە، چەندە پێشهاتێکی نەخوازراو و چەندە کارێکی بەبەرنامە و پلان بۆ داڕێژراو بوو و ئەوەی لە کاردانەوە بەو ڕووداوە لێی کەوتەوە چەندە سروشتی دێتە بەرچاو؟
ئاشکرایه که هه‌م ڕووداوه‌که و هه‌م ده‌ره‌نجامه‌کانی بۆ هه‌ر که‌س و لایه‌نێکی به‌رپرسیار و نیشتمانپه‌روه‌ر نه‌خوازراو و جێگای داخن. به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وه که ئه‌م ڕووداوه و گرژییه‌کانی به‌دوایدا، چه‌نده‌ی پێشهات و چه‌نده‌ی به‌به‌رنامه بووه، به‌ستراوه‌ته‌وه به واقعیه‌تی مه‌سه‌له‌که که هیوادارم لێکۆڵینه‌وه‌کان به ته‌واوی ئه‌وه ڕوون بکه‌نه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر ڕووداوێک له ڕیشه‌وه پلان بۆ داڕێژراویش نه‌بێ، له به‌ستێنێكی وه‌ها و له هه‌لومه‌رجێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستادا، گومانی تێدا نیه که لایه‌نی دژه کورد (لێره‌دا کۆماری ئیسلامی) هه‌وڵ ده‌دا چه‌ندی بۆی بکرێ ده‌ستی خۆی تێ بخا و به‌و ئاقارهیدا ببا که پیلان و مه‌به‌سته‌کانی بۆ تێکدانی یه‌كڕیزی و برایه‌تیی کورد و بۆ له‌باربردنی هه‌وڵه‌کانی هه‌ستانه‌وه‌ی زیاتری خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵات، جێبه‌جێ بن. یه‌ک شت به‌ڵام ڕوونه : نه چه‌ک کێشان و کوژرانی دوو هاووڵاتیی خه‌ڵکی گونده‌ژوور به ده‌ست پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و نه هێرش بۆ سه‌ر بنکه‌کانی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌و شوێنه و سووتاندنیان، نابێ به شتێکی سروشتی بزانین. له‌لایه‌ک ئه‌و کاره‌ساته که به‌داخه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ ڕووی دا (جا چه‌ند و چۆنی واقعییه‌ته‌که هه‌رچییه‌ك بووبێ) هه‌تا بڵێی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بوو. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تووڕه‌یی و دڵ برینداریی خه‌ڵکی ئه‌م ده‌ڤه‌ره خۆشه‌ویسته قابیلی ده‌رکه، به‌ڵام خۆزگه هه‌رگیز ئاکامه‌که‌ی ئه‌و هێرشه به‌کۆمه‌ڵه و هه‌رگیز نه‌دیتراوه بۆ سه‌ر بنکه و باره‌گاکانی پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات نه‌با. ئومێد ده‌خوازم له ئاینده‌دا هیچیان هه‌رگیز جارێكی دیکه دووپات نه‌بنه‌وه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشێک نەبوو لەو کێشەیه. سەرەڕای ئەوەش کە بە ناهەق هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی، بەڵام هەڵوێستی زۆر بەرپرسانەی هەبوو. ئه‌م هه‌ڵوێسته به‌رپرسانه‌یه له‌چیدا خۆی ده‌دیته‌وه؟
ئێمه هه‌ر دوابه‌دوای ڕوودانی ئه‌و کاره‌ساته و وهڕێكهوتنی گرژییه‌کانه‌وه هه‌تا چه‌ند ڕۆژ دواتر به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی خۆمان له‌و ناوچه‌یه و له‌گه‌ڵ دۆستان و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کان لهپێوهندیدا بووین. هه‌روه‌ک له ڕاگه‌یاندراوی ده‌فته‌ری سیاسی و لێدوانی هاوڕێیانمان له‌و پێوه‌ندییه‌دا هاتبوو هه‌وڵی ئێمه ئه‌وه بوو که به‌بێ ئه‌وه‌ی ببین به ته‌ڕه‌فێکی قه‌زیه‌که، ئه‌وپه‌ڕی یارمه‌تی به ئارامبوونه‌وه‌ی دۆخه‌که بکه‌ین. ئه‌وه‌ش پێش هه‌موو شتێک له‌وه‌دا خۆی ده‌دیته‌وه که پێشمه‌رگه‌کانمان له‌و دۆخه‌دا به‌رپرسیارانه بجوڵێنه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌ر به‌شێک له پێشمه‌رگه‌کانمان هات هیچ شایانی مه‌قامی به‌رزی ئه‌وان نه‌بێ، به‌ڵام به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌وه‌ش به شانازییه‌کی دیکه بۆ پێشمه‌رگه‌کانمان ده‌زانم که به‌م چه‌شنه ڕه‌فتاریان کرد. له‌لایه‌كی دیکه‌وه، ئێمه پشتئه‌ستوور به دۆستایه‌تیی پته‌و و ده‌توانم بڵێم ده‌یان ساڵه‌ی حیزب له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه به‌تایبه‌تی خانه‌واده‌ی قوربانییه‌کان، زۆر زوو هه‌یئه‌تێكی پایه‌به‌رزی حیزبیمان نارده ئه‌و ده‌ڤه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م هاوخه‌میی خۆمان به بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌کان و خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ڕابگه‌یه‌نین، هه‌م به گفتگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و که‌سایه‌تی و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ بارودۆخی پێش ئه‌م ڕووداوه خۆش بکرێ. پێشوازیی گه‌رمی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه له هاوڕێیانمان و ته‌قدیری ئه‌وان له هه‌ڵوێستمان له‌و نێوه‌دا هه‌مووی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که سه‌رباری هێندێك ده‌ره‌نجامی ناڕاسته‌وخۆی بوونی ئێمه له‌و ناوچه‌یه، هه‌تا پێش ئه‌و ڕووداوه خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ئێمه‌یان له خۆیان به‌جیا نه‌دیوه. هیوادارم ئه‌و دۆخه سه‌رله‌نوێ زاڵ بێته‌وه و هه‌م ڕه‌عایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه بکرێ، هه‌م پێشمه‌رگه‌کانمان له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکی خه‌باتگێڕانه‌یان له‌وێ به‌رده‌وام بن.
بوونی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهه‌ڵات لە ناوچە سنوورییەکان پێویستیی نوێی خەبات و تێکۆشانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. به‌پێی وڵامی پرسیاری پێشووشت بێ، ئایا حیزبی دێموکرات ئەو شوێنانە بەجێ دێڵێ یا ئه‌گه‌ر شوێنێکی به‌جێی هێشتوه لێی جێگیر ده‌بێته‌وه؟
نزیکه‌ی دوو ساڵ و نیوه هێزه‌کانی ئێمه له چه‌ند شوێنێکی سنووره‌کان حزووریان هه‌یه. ئه‌وه که ئایا هێزه‌کانمان له خودی شوێنی ڕووداو و گرژییه‌كان جێگیر ده‌که‌ینه‌وه یا نا، باسێكه لێره‌دا لێی ده‌گه‌ڕێین. قسه زۆرتر له پره‌نیسپی حزوور و جێگیر بوونه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات یا لانیکه‌م دێموکراته‌کان له سنووره‌کانه. هه‌روه‌ک بۆخۆشت ئیشاره‌ت پێ کرد، جێگیربوونه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له هێندێک له ناوچه سنوورییه‌کانی نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وڵامده‌ری پێویستیی خه‌بات و تێکۆشانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. جه‌نابت ئه‌و پێویستییه به پێویستییه‌کی نوێ ناو ده‌به‌ی، ئه‌من پێم خۆشه به پێویستییه‌کی هه‌میشه‌یی و به پێویستییه‌كی ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گر وه‌سفی بکه‌م. بوونی هێزه شۆڕشگێڕه‌کانی کورد له ناوچه شاخاوییه‌کانی سنووره ده‌سکرده‌کانی کوردستان (جا به هه‌ر دیوێكدا بیگرین) واقعییه‌ت و زه‌رووره‌تێکی له‌مێژینه‌ی نێو بزوتنه‌وه‌ی کورده. بۆ ئه‌مرۆش و هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی کورد هه‌مووی ڕزگار ده‌بێ یا لانیکه‌م ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان دێموکراتیزه ده‌بن، پێویسته ئه‌وه به مافی سروشتیی هێزه شۆڕشگێڕه‌کانی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان بزانین که ئه‌گه‌ر له وڵاته‌که‌ی خۆیان مافی جموجۆڵ و تێکۆشانی ئازادیان نه‌بوو، په‌نا بۆ شاخه‌کانی کوردستان ببه‌ن و له سنووره‌کان جێگیر بن. له حاڵه‌تێکدا که وڵاته‌که‌ت ئازاد نه‌بێ، بته‌وێ و نه‌ته‌وێ ئه‌مه شاخه سنوورییه‌کانی ئه‌مدیوی سنوور ده‌گرێته‌وه. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نیه که پێشمه‌رگه‌کانی هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان خۆیان له خاکی پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان به ساحێب بکه‌ن و مه‌رجی ئه‌و حزوور و مانه‌وه‌یه ده‌بێ ئه‌وه بێ که هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاریان خوانه‌خواسته له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ ده‌وڵه‌تێکی حاکم به‌سه‌ر کوردستان و به‌دژی هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان نه‌بێ. هه‌ربۆیه هه‌روه‌ک زۆر به‌ر له ڕووداوه‌که‌ی گونده‌ژۆر و پاش ڕووداوه‌که‌ش ڕامانگه‌یاندووه، حیزبی ئێمه له به‌رنامه‌یدا نیه که هێزه‌کانی خۆی له سنووره‌کان بکشێنێته‌وه و ئوسوڵه‌ن تا ئێستا هیچ داوایه‌ک له‌و ڕاستایه‌دا له ئێمه نه‌کراوه. له حاڵه‌تێکی وادا ده‌توانین بیر له ئاڵوگۆڕ له شێواز، قه‌باره و نه‌خشه‌ی حزوورمان له سنووره‌کان بکه‌ینه‌وه. به‌ڵام له بنه‌ڕه‌ت ڕا داوای ئه‌وه که بزووتنه‌وه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ر له قووڵایی خاکی باشووردا بپهستێوێندرێ و هه‌رچی زیاتر له کۆمه‌ڵگای خۆی دوور بخرێته‌وه، داوایه‌كی ناڕه‌وایه و زۆر خراپ ده‌بێ ئه‌گه‌ر بۆخۆمان وه‌پێش ئاقارێکی وه‌ها بکه‌وین. پێم خۆشه شتێكی دیکه‌ش لێره‌دا زیاد بکه‌م. بوونی ئێمه له سنووره‌کان هیچ به‌ستراوه به شێوازی خه‌بات نیه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باس له خه‌باتی مه‌ده‌نی و چالاک کردنی خه‌ڵک له ناوخۆش بکه‌ین، باشترین ڕێگا بۆ یارمه‌تیدان به خه‌بات له نێوخۆی وڵات ئه‌وه نیه که بۆخۆمان پێشوه‌خت به حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڵێین که ڕازیین فشارمان بۆ بێنن که هێنده‌ی دیکه‌ش له نێوخۆی وڵات دوور بکه‌وینه‌وه.
به‌ڵام ئایا ئه‌وه بیانوو ناداته ده‌ست کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی زیان به به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه یا به‌گشتی باشووری کوردستان بگه‌یه‌نێ؟
حاشا له‌وه ناکرێ که هه‌م بۆ کۆتایی هێنان به حزووری سهرلهنوێمان له‌و ناوچانه که هه‌تا چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر لێی بووین هه‌م بۆ ته‌گه‌ره دروستکردن بۆ سه‌ر پڕۆژه‌ی سیاسیی باشووری کوردستان، کۆماری ئیسلامی حزووری هێزه‌کانی ئێمه له‌و ناوچانه ده‌کاته بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگای تۆپباران و زه‌ره‌ر گه‌یاندن به سه‌قامگیریی ئه‌و ناوچانه فشار له‌سه‌ر ئێمه‌ش و له‌سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمیش دروست بکا. له‌و باره‌وه پێم خۆشه چه‌ند شت بڵێم: یه‌که‌م، به‌رپرسیارێتیی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا پێویسته به‌رپرسیارێتییه‌کی دوولایه‌نه بێ؛ نه ڕه‌وایه و نه ته‌نانه‌ت به قازانجی نه‌ته‌وه‌ی کوردیشه که خه‌باتی پارچه‌یه‌کی کوردستان (که به باوه‌ڕی من بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ر بێ ده‌بێ خه‌باتێکی مه‌یدانی بێ نه‌ك هه‌ر قسه‌کردن و فه‌زای مه‌جازی) بۆ خاتری پارچه‌یه‌کی دیکه به موتڵه‌قی و تا قیامه‌ت بخه‌وێندرێ. دووه‌هه‌م به‌ڵام، له‌و حزوور و مانه‌وه‌یه‌دا که ئێمه له سنووره‌کان بۆ بووژاندنه‌وه‌ی خه‌باتی خۆمان به زه‌رووری ده‌زانین، پێویسته و ده‌توانین له شێوازی تێکۆشانمان و نه‌خشه و قه‌باره‌ی حزوورمان به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌لکی ئه‌و ناوچانه و به گشتی باشووری کوردستان له به‌رچاو بگرین. سێهه‌م و له هه‌مووی گرینگتر، خۆشخه‌یاڵییه ئه‌گه‌ر پێمان وابێ ته‌نیا به کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان له سنووره‌کان یان به خۆبواردنمان له حزوور و چالاکیی مه‌یدانی، کۆماری ئیسلامی واز له پیلانگێڕییه‌کانی به‌دژی باشووری کوردستان یا لانیکه‌م بۆ پێش‌گرتن له خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان دێنێ، به‌تایبه‌تی که ده‌زانێ که باشووری کوردستان نه‌بۆته و نابێته ئه‌و کۆریدۆر یا حه‌سار خه‌ڵوه‌ته‌ی بۆخۆی مه‌به‌ستیه‌تی. بۆ نموونه دروستکردنی به‌نداو و گرتنه‌وه‌ی ئاوه‌کانی ڕووباری سیروان و زێی بچووک به ده‌یان و ڕه‌نگه سه‌دان قات زیاتر زیان له ژیان و مانی خه‌ڵكی باشووری کوردستان ده‌دا و هیچ پێوه‌ندیشی به حزوور و چالاکیی پێشمه‌رگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات نه‌بووه.
بابەتێکی گرینگی دیکەی ئەو ماوەیە، ناساندن و دەنگی متمانەدان بە کابینەی نوێی حەسەن ڕوحانی بوو. دیتمان کە ئەگەرچی ڕووحانی ڕاده‌یه‌کی زۆری سەرکەوتنی قەرزداری دەنگدەرانی کورد و کەمایەتییە ئاینیی و نەتەوەییەکانە، بەڵام پێکهاتەی کابینەکەی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوو. هەر لە جێ‌دا ئایا هەڵبژاردنی جێگری سەرکۆمار و دانانی وەزیر یا جێگری وەزیر دەتوانێ وەڵامدانەوەی پێویست بە پرسی نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران بێ کە تا ئێستا حاشایان لێکراوە؟
ڕه‌نگه دروستتر وا بێ بڵێین جۆراوجۆرییه‌كانی نێو کۆمه‌ڵگای ئێران له بوعدی واقعیی خۆیدا دانی پێ دانه‌نراوه یان بۆ ئه‌و بڕه‌ش که دانی پێ دانراوه هه‌نگاوی به‌کرده‌وه هه‌ڵنه‌هێنراوه‌ته‌وه، ده‌نا ئه‌م جۆراوجۆرییانه نه له قانوونی ئه‌ساسیدا حاشای لێ کراوه و نه له موناقشه‌ی سیاسیی نێوخۆیی ڕێژیم‌دا (به گوتاری سه‌رکۆمار و کاندیداکانی سه‌رکۆماریشه‌وه) غایبه. ئێستا ئایا دیاریکردنی که‌سانی سه‌ر به نه‌ته‌وه و پێکهاته جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ئێران ده‌توانێ وڵامی پرسی ئه‌و نه‌ته‌وه و پێکهاتانه بێ، له جواب‌دا ده‌بێ بڵێین نه‌خێر، به‌ڵام ده‌توانێ سه‌ره‌تای وڵامه‌كه بێ و به‌شێكی هه‌رچه‌ند که‌م له وڵامه‌که پێک بێنێ. ئه‌زموونی پێكه‌وه ژیانی گه‌لان له چوارچێوه‌ی وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا ده‌ری خستووه که وڵامی گونجاو و ڕاسته‌قینه به پرسێكی وه‌ها ته‌نیا کاتێك ده‌درێته‌وه که فره‌چه‌شنیی نه‌ته‌وایه‌تییی نێو کۆمهڵگاە وه‌ك خۆی، له به‌ستێنێکی مێژوویی‌دا و به ئه‌قڵیه‌تێكی ته‌واو یه‌کسانیخوازانه ببیندرێ و له زه‌رفێكی دێموکراتیکشدا موناقشه و ته‌عامولی له‌گه‌ڵ بکرێ. هه‌رله‌وکاته‌دا به‌ڵام وەڵامی ڕاسته‌قینه به پرسێكی وه‌ها ئاڵۆز ته‌نیا به گوتاری گه‌وره یان فۆرموولێكی گشتی نادرێته‌وه، به‌ڵکوو گوتار یا فۆرمووله‌که ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی له‌ڕووی زانستییه‌وه تۆکمه و له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئازایانه بێ، پێویسته ناوه‌رۆکه‌که‌ی خورد بکرێته‌وه. ئه‌وه مێتۆدی نیهاده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافی که‌مایه‌تییه‌کان و به‌گشتی ڕێکخستنی پێکه‌وه ژیانی جۆراوجۆرییه‌کان له به‌ستێنی گشتی و حکوومه‌تیدا. به‌و مانایه که ئه‌گه‌ر فۆرمووله گشتییه‌كه بۆ ئه‌و پرسه له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا بریتی بێ له به‌شداریی سیاسیی که‌مایه‌تییه‌کان، دیاریکردنی که‌سانی سه‌ر به که‌مایه‌تی یا نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له پۆسته به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کانی وڵات (چ له ئاستی ناوه‌ند و چ له ئاستی ناوچه‌ییدا) یه‌كێک له ڕێکاره‌کانی جێبه‌جێکردنی به‌شداریی سیاسیی ئه‌وانه. به‌ڵام ئه‌م رێکاره به ته‌نیا خودی خۆی نه‌ک ته‌نیا ناتوانێ پرسه‌که چاره‌سه‌ر بکا، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر کێشه‌که ته‌نیا له شتی وادا خولاسه بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه ده‌بێته هۆی بچووککردنه‌وه‌ی پرسه‌که و نه‌دیتنی له بوعدی واقعیی خۆیدا و له ئه‌نجامدا مانه‌وه‌ی به چاره‌نه‌کراوی. له ته‌واوی عومری عیراقدا وه‌زیری کورد هه‌بووه، ته‌ها محێدین مه‌عروف که جێگری سه‌دام حوسێن بوو کورد بوو، ته‌نانه‌ت به‌حیساب ئۆتۆنۆمییش هه‌بوو. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه که نه دێموکڕاسی هه‌بوو و نه ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش که هه‌ڵگیرابوون به به‌شداری و له ئاکامی گفتگۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی کورد بوو، پرسی کورد له عیراق چاره‌سه‌ر نه‌کرابوو. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه ڕووکهشییانهش که کاربه‌ده‌ستانی نادێموکرات له عیراق له‌بواری دانپێدانان به کورد له به‌ستێنی حکومه‌تیدا ههڵیانهێنابۆوه، قازانجی سه‌مبولیک و درێژخایه‌نیان بۆ کورد هه‌ر هه‌بوو. که‌وابوو ته‌نانه‌ت له سایه‌ی رێژیمێکی دیکتاتۆری وه‌ك کۆماری ئیسلامییشدا ئێمه نابێ پرسی دیاریکردنی کورد و پێکهاته په‌راوێزخراوه‌کانی دیکه‌ی ئێران له پۆسته کلیلییهكاندا نادیده بگرین. چونکه هه‌نگاوی له‌و چه‌شنه لانیکه‌م ڕێگه بۆ هه‌نگاوی دیکه خۆش ده‌کا، یارمه‌تی به تابووشکێنی ده‌کا و له پرۆسه‌ی دانپێداناندا ده‌بێته هۆی ئه‌وه که حکومه‌ته‌کانی دواتر (به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئیدیعای دێموکرات بوون بکه‌ن) نه‌توانن بۆ دواتر بگه‌ڕێنه‌وه. چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌روه‌ک خودی دێموکڕاسی پڕۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه و پێویسته هه‌نگاوه هه‌ر چه‌ند بچووکه‌کانی قۆناغێکیش وه‌ك بناخه‌ی هه‌نگاوه گه‌وره‌تره‌کانی درێژخایه‌ن به‌کار ببرێن.
حەسەن ڕووحانی چەند ڕۆژ لەوە پێش باسی لەوەی کرد مادام کەمایەتییە ئاینییەکان ناتوانن ببنە وەزیر، بۆیان هەیە نەچنە سەربازی و ماڵیاتیش نەدەن. ئەویش لە حاڵێکدا هەر بۆ خۆی هیچ کەسێکی لەو جۆراوجۆرییانە لە کابینەکەیدا جێ نەکردۆتەوە، یان تەنانەت لە چوار پارێزگای کوردستان کەسێکی خۆجێی نەکردە پارێزگار. لێکدانەوەی ئێوە بۆ ئەو جۆرە لێدوان و ئاخاوتنانەی حەسەن ڕووحانی چییە؟
له یه‌كه‌م ڕوانین له‌و لێدوانه‌ی ئاغای ڕووحانی‌دا، ڕه‌نگه هێندێك که‌س به قسه‌یه‌کی ئازایانه‌ی بزانن و پێیان وابێ قسه‌ی چاکی کردووه. وه‌ک خۆم باوه‌ڕم به پێچه‌وانه‌که‌ی هه‌یه. جارێ ئه‌و قسه‌یه نووشدارووی پاش مه‌رگی سۆهراب یان به قه‌ولی کورد کهپهنکی پاش بارانه و له‌وه‌شدا ڕووحانی بۆخۆی تاوانبار و به‌رپرسیاره چونکه بۆ ئه‌وه‌ی وای لێ نه‌یه هیچ خۆی ماندوو یان پیاوخراپ نه‌کرد. پاشان، که‌مترین شت که ده‌بێ بیڵێین ئه‌وه‌یه که ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاناکرۆنیک (سه‌رده‌م به‌سه‌رچوو)یه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاسته. له مێژووی کۆندا ئه‌وه هه‌بووه که که‌مایه‌تییه‌کان ڕێك به‌هۆی بێبهشییان له ئیمتیازاتی هاووڵاتیبوون بۆ کۆمه‌ڵێک ئه‌رکیش یه‌ک له‌وان ماڵیات و چوونه سه‌ربازی مه‌عاف بکرێن. سه‌رنجڕاکێشه سهرکۆمارێك که ئیدیعا ده‌کا له ئینگلستان دوکتوڕای وه‌رگرتووه و مهنشوورێكی مافه‌کانی هاووڵاتیشی گه‌ڵاڵه کرد یان به گه‌ڵاڵه کردنی دا (چاک یا خراپ لێره‌دا کارمان به خودی مه‌نشووره‌که نیه)، ئێستا دێ وه‌ك رێگاچاره یا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ئیعتراز له دۆخه‌که‌ش بێ، شتێك ده‌ڵێ که ته‌واو له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی هاووڵاتی بوون له ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن‌دا له دژایه‌تی دایه. واقعییهتهکهی ئه‌وه‌یه که له دوو ده‌هه‌ی ڕابردوودا هه‌م کرانه‌وه‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و هه‌م ئاوڕدانه‌وه له مافی نه‌ته‌وه و پێکهاته په‌ڕاوێزخراوه‌کانی ئێران ته‌نیا ڕیتۆریک و بابه‌تی سه‌فسه‌ته‌ی نێوان باڵه‌کانی ڕێژیم و گه‌رمداهێنانی فه‌زای رهقابهتیی نێوخۆی ئه‌و رێژیمه بووه. نه‌فسی باسکردن له کێشه‌ی پێکهاته‌کان له موناقشه‌ی ئاوه‌ڵای ئێران‌دا به شتێکی موسبه‌ت ده‌زانم، به‌ڵام ئێستا ئیدی وه‌ختی ئه‌وه هاتوه که خه‌ڵک، به‌تایبه‌تی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، رازی نه‌بن که پرسی ماف و داخوازییه‌کانی ئه‌وان ته‌نیا ئه‌و که‌ڵکه ئامرازییه‌ی بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه و ململانێ ناوخۆییانه که هیچ پێوه‌ندییان به‌و ماف و داخوازییانه‌وه نیه که‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێكی به‌کرده‌وه بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی ئیدیعای ده‌که‌ن هه‌ڵبێننه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خودی رووحانییش، بۆ کاری باش قه‌ت دره‌نگ نیه. ئێستا که له دیاریکردنی کابینه‌دا له‌و باره‌وه که‌مته‌رخه‌میی کردوه، ئه‌گه‌ر راست ده‌کا با له دیاریکردنی ئوستاندارهكاندا تێی هه‌ڵێنێته‌وه، خۆ له‌مه‌یاندا به‌ربه‌ستێکی قانوونیی ئه‌وتۆشی له‌سه‌ر رێ نیه.
ئه‌و وڵامه‌ت ده‌قیقه‌ن ده‌مانکێشێته سه‌ر باسی ئه‌رکی خه‌ڵک له‌و پێوه‌ندییه‌دا. پێت وایە کاردانەوەی کۆمەڵگای کوردی بەو جۆرە ڕەفتار و مامەڵهیهی دەسەڵات لەگەڵ ماف و داواکانیان دەبێ چۆن بێ و ئایا له بنه‌ڕه‌ت ڕا کاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵات له‌و پێوه‌ندییه‌دا هیچ جێگایه‌کی له سیاسه‌تی حدک دا هه‌یه؟
حیزبی ئێمه به نۆره‌ی خۆی نوێنه‌رایه‌تیی پرسی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست به پاشخانێکی مێژووییه‌وه ده‌كا و هه‌ڵگری وتارێكی سیاسییه، گوتارێک که ده‌یه‌وێ له ئاستی گه‌وره‌یی ئه‌و پرسه و ئه‌و هه‌موو قوربانییه بێ که گه‌له‌که‌مان به‌و هۆیه‌وه یا له‌و پێناوه‌دا داویه‌تی. به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیی حیزبی ئێمە ئه‌وه‌یه که تێده‌کۆشێ له هه‌موو مه‌یدانه‌کاندا و به هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌بات ئه‌و پرسه بباته پێش یا لانیکه‌م زه‌مینه‌ی چوونه‌پێشی هه‌مه‌لایه‌نه و له هه‌موو که‌لێن و کولێنهکانهوهی بۆ خۆش بکا. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌مانه‌وێ هه‌م ئێمه وه‌ک هێزه سیاسییه‌کان خه‌للاقییه‌تی زیاتر له خۆمان به خه‌رج بده‌ین، هه‌م خه‌ڵکیش له نێوخۆ ئه‌رکدارتر بێ. پێویسته خه‌ڵكی ئێمه له نێوخۆی وڵات به‌تایبه‌تی چالاکانی مه‌ده‌نی و ئه‌و بژارده کوردانه‌ی له‌نێو هێندێک له دامه‌زراوه ره‌سمییه‌کانی نێوخۆی ئێران حزووریان هه‌یه، رێژیم و به‌رپرسانی به خودی زه‌رفییه‌ت و به‌ڵێنه سنوورداره‌کانی خۆیه‌وه به چالش بکێشن. به‌ڵام شتێک که له‌م دواییانه‌دا هاتۆته نێو گوتاری حدک ئه‌وه‌یه که ئێمه پێمان وایه ئه‌گه‌ر پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ڕه‌خنه هه‌ڵده‌گرن، کارکردی چالاکان و نوێنه‌رانی کوردیش ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌یان له‌سه‌ره که ده‌بوایه و ده‌بێ له‌و به‌ستێنه‌دا جه‌سوورتر و شێلگیرتر بجوڵێنه‌وه. وه‌ک پێشتر باسم کرد نابێ پرسی کورد و مافی پێکهاته‌کان ته‌نیا وه‌ک ئامرازێکی گه‌رمکردنی موناقشه و ململانه‌ی سیاسیی نێوخۆی ڕێژیم به‌تایبه‌تی له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کایه‌ی پێ بکرێ، به‌ڵكوو خه‌ڵک ده‌بێ نیشانی بدا له‌سه‌ر به‌دواداچوون و به‌دیهێنانی مافه‌کانی سووره، ئه‌وه‌ش به مانای وه‌رگرتنی مافێك له رێژیم یان شه‌رعییه‌تدان به رێژیم نیه، به‌ڵکوو پاشه‌کشه‌کردن به رێژیم له زه‌وتکردنی کۆمه‌ڵێک ماف و ئازادییه که له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا به‌ڕه‌سمی ناسراون. که‌واته به‌ده‌ر له ڕوانین و ته‌عامولمان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وه‌ک رێژیمێکی دیکتاتۆڕ و سه‌رکوتکه‌ر، ئێمه ئه‌وه که خه‌ڵک سه‌باره‌ت به مافه‌کانی باشتر خۆی ڕێک بخا و چالاک‌تر بێ، به شتێکی باش و پێویست ده‌زانین و پێمان وایه پێویسته حیزبه‌کانیش هانده‌ر و پشتگیری بزوتنه‌وه‌ی خه‌لک به‌و ئاقاره‌دا بن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.