ئێستا باس لە قۆناغی دووهەمی ژیانی سیاسیی د.قاسملوو دەکەین دەکەین کە دوکتور قاسملوو چۆن لە چەپێکی ڕادیکاڵەوە دەبێتە چەپێکی میانه؟ ئێستا ئیدی لە چەپێکی کوردەوە بۆتە کوردێکی چەپ، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە، [لە چەپێکی ڕادیکاڵەوە بۆ چەپێکی میانە] چۆن دروست دەبێ؟ ئەو گۆڕانکارییە ساڵی١٩٨٣ بە نووسین و بڵاوکردنەوەی نامیلکەی «کورتە باسێک لە سەر سوسیالیسم» خۆی دەرخست. لەوێ ئیدی دوکتور قاسملوو بە تەواوی مەرزبەندیی خۆی لە گەڵ چەپی ڕادیکاڵ ئاشکرا دەکا. لەوە بە دوا ئیدی ئەو کۆمۆنیست نییه و کۆمۆنیست نەماوه، بەڵکوو سۆسیالیستە. دەقیقتر بڵێم ئیدی بەرەو سۆسیالیزمی دێموکراتیک دەڕوا و بە دەرکردنی ئەو نامیلکەیە ماڵئاوایی لە متافیزیکی کۆمۆنیزم دەکا.
مێتافیزیکی کۆمۆنیسم مەسەلەی چینایەتی وەک پرسی بنەڕەتیی هەموو لێکدانەوەیەکی سیاسی بەکار دەهێنێ و کێشەکانی دیکە وەک کێشەی نەتەوەیی، کێشەی ژنان، کێشەی کولتوری؛ ئەوانە بەلایەوە مەوزووع نین. ئەو هەموو تەحلیلێکی سیاسی و هەموو لێکدانەوەیه‌ک لە سەر بنەمای چیینایه‌تیه و دوکتور ماڵئاوایی لە ئەمە.
دوکتور قاسملوو ساڵی١٩٧٠ هاتەوە نێو حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و بوو بە ڕێبەری ئەو حیزبە. کە چاو لە بەرنامەکانی ئەو کاتی حیزب دەکەین، دەبنین بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی3دا گوزارشت لە چەپێکی ڕادیکاڵ دەکا و بۆ یه‌کەم جار سوسیالیسم بەڕەسمی دێتە نێو بەرنامەی حیزبه‌وە وەک ئامانجی دواڕۆژ.
لە ئەساسنامەی حیزب‌دا نووسراوە: «حیزبی دێموکراتی کوردستان پێڕه‌وی لە تێئۆریی گەشەسەندنی کۆمەڵ دەکا.» ئەمه بێ ئەملا و ئەولا ماتریالیزمی تاریخیی مارکسە. بەپێی ئەو ئیدەیە (تاریخ‌گەرایی یا هیزتوریزم) مێژووی مرۆڤایەتی سەرەتایەک، مەبدەئێک و مەقسەدێکی دیاریکراوی هەیە و هەموو ئەو ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکان لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا «مانادارن» و هەر قۆناغێک لە مێژوو پێشکەوتووترە لە قۆناغی پێش خۆی و بمانەوێ و نەمانەوێ؛ واتە بەدەر لە ئیرادەی مرۆڤ دەگەینە قۆناغی کۆتایی و هەرە پێشکەوتوو، واتە قۆناغی (کۆمۆنیزم).
ئەگەر چاو لە ئەدەبیاتی بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب بکەن لە کۆنگرەی ٣دا، دەبینین کە پڕە لە ئەدەبیاتی مارکسیستیی ڕادیکاڵ، ئیستعماری کۆن، ئیمپریالیزم، بوڕژووازی، چین، فیئۆداڵ، دەرەبەگ، زەروورەتی تاریخی، پڕە لە ئەو دەستەواژانە. یانی کە وابوو لە سەرەتادا بەرنامەی حیزب لە کۆنگرەی 3دا گوزارشت لە چەپێکی ڕادیکاڵ دەکا بەڵام ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییە کەی ڕوو دەدا؟ لە ساڵی ١٩٨٣ دا. بە چی ڕوو دەدا؟ بە نووسینی «کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزم. کورتە باس چ بوو؟ کورتەباس پێناسەی سوسیالیزمی دێموکراتیکە. سۆسیالیزمی دێموکراتیکی پێناسەکراو لە کورتە باس‌دا چییە و چیی دەوێ؟
مرۆڤی موتەمەدین مرۆڤی هەمیشە عەوداڵ و تامەزرۆی ئازادی و عەداڵەتە، بەڵام کامیان دەبێ پێش ئەوی دیکەیان کەوێ؟ ئازادی یان عەداڵەت؟ کێشەکه لێرەدایە کە کامیان لە پێشترن؟ هەر کۆمەڵگەیەک هەر کام لەم دوو چەمکەی وەپاش گۆی دابێ و پەراوێزی خستبێ زەرەری کردوە. سوسیالیزمی مەوجوود، ئازادییه‌کەی لە بەر چاو نەگرت، دیتمان چیی لێ بەسەرهات. ئێستاش لە ئۆورووپای سەرمایەداریدا عەداڵەتەکە ئەو جۆرەی کە دەبێ ببێ لە بەرچاو ناگیرێ. کە وابوو مەوزووع چیە و کورتەباس دەیهەوێ بڵێ چی؟ هه‌موو مه‌به‌سته‌که ئه‌وه‌یه کە کورتەباس ده‌یهەوێ ئەو دووانە پێکەوە کۆ بکاتەوە. دیاره ئه‌وه کارێکی دشواره و هه‌روا ساده نییه هه‌وڵه که بۆ ئه‌وه‌یه.
دوکتور قاسملوو لە «کورتەباس»دا باس له دێموکراسیی کۆمەڵایەتی، دێموکراسیی سیاسی و دێموکراسیی ئابووری ده‌کا، هه‌ر سێکیان پێکه‌وه باس ده‌کا. «کورته باس» چیی دیکە دەڵێ؟ کورتەباس هێندێک مه‌رزبەندی و په‌یامێکیشه. په‌یامه‌که چییه؟ دوکتور قاسملوو ده‌ڵێ ده‌مانهه‌وێ سوسیالیزمێک دابمه‌رزێنین کە له‌گه‌ڵ هه‌ڵومه‌رجی وڵاته‌که‌مان بێته‌وه، ئه‌مه یانی چی؟ یانی چیدیکه چه‌پی لۆکا‌ڵی و چه‌پی کورد نه‌بیته پاشکۆی چه‌پی سه‌راسه‌ری. له هەموو مێژووی هاوچەرخی ئیران‌دا هه‌میشه چه‌پی ناوچەیی چه‌پی کورد ویستوویه‌تی پاشکۆی چه‌پی سه‌راسه‌ری بێ و، چه‌پی سه‌راسه‌ریش کاریگه‌ری ناسیونالیزمی ئێرانیی به سه‌ره‌وه‌یە، وەک ئەو نموونانەی باسمان کرد کە چۆن ڕێبه‌رانی حیزبی توده دوکتور قاسملوو و کورده‌کان به ناسیونالیست و به مونحه‌رێف ده‌زانن. هه‌میشه‌ش چه‌پی سه‌راسه‌ری به گوێی چه‌پی مه‌نته‌قه‌یی هەڵێناوە و به چه‌پی کوردی گوتوە کە بۆ لای کوردایه‌تیی نه‌چن، کوردایه‌تیی پرسی ده‌ره‌جه سێ و ده‌ره‌جه چواره و بۆ ئێمه مه‌سه‌له‌ی ئه‌ساسی مه‌سه‌له‌ی چینایه‌تییە.
هەر ئه‌م به‌قسه‌کردنانه بوو که چه‌پی سه‌راسه‌ری چیی به سه‌ر چاره‌نووسی ڕێکخراوی چه‌پی ناوچەیی هێنا. دیتمان ڕێکخراوی «سه‌هه‌ند» چیی به سه‌ر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هێنا. ئەوانی هه‌ر لە کوردایه‌تیی شوشتەوە و بەتاڵی کردن و ئەو پرسەی بۆ کردن به ده‌ره‌جه سێ و چوار. ئا لێرەدایە کە دوکتور قاسملوو ده‌یهه‌وێ ئەمە بسه‌لمێنێ و سنووری خۆی لەگەڵ ئەو تێفکرین و مێتۆدە جیا کاتەوە، دواتر لە هێژموونیی چه‌پی جیهانیش یانی ئینترناسیۆنالیزمی پڕۆلیتاریش ڕزگارمان بکا. ئاخر ده‌بوو هه‌میشه له ژێر ئاڵای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئینترناسیۆنالیزمیی پڕۆلیتاریا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت بپارێزرێ. دیاره نەک چەپ هەموو، بەڵکوو ئه‌و چه‌پانه‌ی که سه‌ر به ئۆردوگای سۆسیالیستیی بوون؛ به‌ڵام دوکتور قاسملوو به‌وه‌ش ده‌یهه‌وێ خۆی له ژێر هێژموونیی ئینتێرناسیونالیزم پرۆلیتاریاش بێنێته ده‌رێ. دیارە خۆ دوکتور قاسملوو دژایه‌تیی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌تیی نه‌کردووه و هه‌ر له‌و «کورته باسه«ی‌دا ده‌ڵێ سۆڤییه‌ت دۆستی ئێمه‌یه، به‌ڵام ئێمە سه‌ربه‌خۆین و سەربەخۆبوون له‌گه‌ڵ کلکایه‌تی فه‌رقی هه‌یه و ئەوەی حیزبی تووده دەیکرد کلکایه‌تیی بوو. دوکتور قاسملوو له کورته باس‌دا ده‌ڵێ: یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌تی دۆستی ئێستراتژیکیی ئێمه‌یه، بەڵام ئێمە لە سیاسەت و بەڕێوەبەریی خۆماندا سەربەخۆین. ڕاست وەک ئەوەی تیتۆ کردی. دوکتور قاسملوو ئا لێرەدا تیتۆی کوردانه. «تیتۆ»ش له یوگوسلاڤیا خۆی له ژێر هێژموونیی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت هێنایە ده‌رێ. ئەویش ده‌یگوت دۆستایه‌تیت ده‌که‌م به‌ڵام خۆم بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆم ده‌ده‌م.
دوکتور قاسملوو لە «کورتەباس»دا دەڵێ چی و مهرزبهندیهکان چی بوون؟ مه‌رزبه‌ندییه‌کان ئه‌وه بوون که سنووری نێوان خۆی و حیزبی توودە بکێشێ، مەرزبەندی لەگەڵ ستالینیزم بکا و سنوورێک لە نێوان خۆی و ئه‌و جۆرە بیرکردنه‌وه دوگم و ویشکەی دابنێ کە ساڵانێک بوو به‌سه‌ر فه‌زای فیکریی ئه‌و حیزبانه‌دا حاکم بوو و مه‌جالی ڕه‌خنه‌گرتنیان نه‌ده‌دا. دواتر پێداگری له سه‌ر پێگە و شوێنی دێموکراسیی و هه‌موو ئه‌مانه نیوه‌ڕۆکی مه‌سه‌له‌ی سوسیالیزمی دیموکراتیک، پیناسه کراو له «کورته باس» دا بوو. لێرە پرسیار ئەمەیە کە سۆسیالیزمی دێموکراتیکی چۆن لە نێو حیزبەکەی خۆیدا جێ خست؟
لە کۆنگرەی شەشدا کاتێک دوکتور قاسملوو ئه‌و بیرۆکه‌یه دێنێ بۆ جاری یه‌که‌م وەرناگیرێ و پەسند ناکرێ، ئەوە نیشاندانی قووڵایی سەمپاتییە بۆ چه‌پی ڕادیکاڵ لە نێو حیزبی دێموکڕات‌دا کە ئەوەندە بەهێزە «کورتەباس» ده‌نگ ناهێنێته‌وه. دوایەش کە پەسند کرا دەبینین ڕێکخراوه‌کانی وەک کۆمه‌ڵه و «راه کارگر» و ڕێکخراوە چەپییەکانی دیکە هه‌موو هه‌ڵوێست دەگرن لە به‌رامبه‌ر ئەم نامیلکه و گوتارە نوێیەی دوکتور قاسملوودا. کۆمه‌ڵه ده‌ڵێ: «ئه‌وه کۆمەڵگایەکی سه‌رمایه‌داری بۆ ئێمه به‌دیاری دێنی»، ڕای‌کارگه‌ر دەڵێ: «ئەم سۆسیالیزمه بۆ ڕۆژی قیامه‌تە». دوکتور قاسملوو لەو بارودۆخەدا به هێنانه‌گۆڕێی ئه‌و بابه‌ته وه‌ک ئه‌وه‌ی بوو که به پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی ڕووبار مەلە بکا، بەڵام ئەو لەو بارودۆخەدا قسەی خۆی کرد و باسەکەی خۆی هێنایە پێشێ و لەسەری پێ‌داگر بوو. چەند ساڵ دواتر و به ڕووخانی دیواری بێرلین و له به‌ریەک هەڵوەشانی سوسیالیزمی مه‌وجوود ده‌رکه‌وت که بووچوونه‌کانی دوکتور قاسملوو درووست بوون، به‌ڵام به داخه‌وه چوار مانگ پێش ئەوه‌ی ئه‌و ڕووداوانه ڕوو بده‌ن و دوکتور قاسملوو دروستبوون و دهقیقبوونی بووچوونه‌کانی له سه‌ر ئه‌و بابەتانە به چاوی خۆی بیبینێ شه‌هید بوو.
ئەم تەحەولە فیکرییەش لە د. قاسملوودا زەمینە و بەکگراوندی هەیە و بەرهەمی وردبوونەوە و بە چاوی کراوە ڕوانین لە ڕووداوەکان بوو؛ وەک: ژیانی تاراوگەیی لە وڵاتانی سۆسیالیستی و لە نیزیکەوە هەستکردن بە کەموکوڕییەکان، ناڕەساییەکانی سۆسیالیزمی مەوجوود بە تایبەتی لە بواری نەبوونی دێموکراسی و ئازادی و بوونی دەوڵەتانی توتالیترێ لەم وڵاتانە؛ هەروەها ڕووداوەکانی لەهێستان و ڕاپەڕینی مەجارستان لە دەیەی ٥٠ی زایینی بە تایبەت ڕووداوی «بەهاری پراگ» لە ساڵی ١٩٦٨؛ دەرکەوتنی قوتابخانەی «فڕانکفۆرت»، «چەپی نوێ» و «ئۆرۆکۆمۆنیزم» کە هەر کامەیان بە شێوازێک لەگەڵ چەپی کلاسیک و ئۆرتۆدۆکس سنووربەندییان دەکرد. ئەوانە هەموو لە چاوی وردبینی ئەو بەدوور نەمانەوە و شوێنەواری قوڵیان لەسەر دانا.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.