پاشماوەی ناکۆکیی حیزبی جمهووری ئیسلامی لەگەڵ بەنی سەدر
بەنی سەدر ده‌نووسێ: حیزبی جمهووریی ئیسلامی به عینوانی پووششی سیاسی «نهادهای انقلابی» بۆ شێوه‌یه‌ک سه‌نگایی دروستکردنێک له‌نێوان ڕێبه‌ری و حیزب و نیهاده‌کان، هه‌وڵی بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌دا که له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا، بڕیاران له‌سه‌ر درابوو. وه‌ک: شووڕای به‌رزی قه‌زایی، مه‌جلیسی شووڕا و شووڕای نیگابان که ئامانجی یه‌که‌م بوون. هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شووڕایان به یارمه‌تیی ئاغای خومه‌ینی و نه‌هاده‌کان و بە فێڵ و ته‌ڵه‌که گرتە دەست و شووڕای به‌رزی قه‌زاییان به وه‌لانانی یاسای بنه‌ڕه‌تی لهژێرچۆک نا. به‌هۆی هێناگۆڕێی جیاوازیی «ئیسلامی فه‌یزییه» و «ئیسلامی به‌نی سه‌در» و نزیکایه‌تیی چه‌پ له ده‌وره‌ی بەنی سه‌در که دره‌نگ یا زوو له‌گه‌ڵ موجاهیدین ئیئتلاف ده‌که‌ن و به فشاری خومه‌ینی، سه‌رۆک وه‌زیر و هه‌یئه‌تی وه‌زیرانیان خستە بەردەستی خۆیان. ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ عێراق یارمه‌تییه‌کی باشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێکردن. (١)
به پێی قسه‌کانی به‌نی سه‌در؛ حیزبی جمهووریی ئیسلامی، ڕووحانیت و خومه‌ینی له ڕۆژانی دوای نه‌مانی په‌هله‌ویی دووهه‌مدا، به‌ره‌به‌ره هه‌م ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ریی تایبه‌ت به‌خۆیان دروست کرد و هه‌م بۆ ده‌سبه‌سه‌رداگرتن و ئیسلامیکردن و له‌ژێر چنگنانی ده‌زگا جۆراوجۆره‌کانی ئیداری و نیزامی و باڵاده‌ست کردنی ڕووحانییهکان، هه‌وڵیان دا. (٢)
پەرەسەندنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی جمهووریی ئیسلامی
له دوای هه‌ڵبژرادنی سێیه‌مین ده‌وره‌ی سه‌رکۆماری (ڕه‌زبه‌ری ١٣٦٠)، به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ئه‌و پۆسته له لایه‌ن ڕووحانییهتەوە، گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی حیزبی جمهووریی ئیسلامی بوو. هه‌م خومه‌ینی رازی کرا ئه‌و پۆسته‌ش بدرێ به ئاخوندەکان و هه‌م ئه‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتی لە زۆربەی دامودەزگا و ئۆرگانەکانی رێژیمی وه‌ده‌ست خست.
خامنه‌یی که سکرتێری ئه‌و حیزبه‌ش بوو، لایه‌نگری له قۆڵی ڕاستی حیزبه‌که‌ی ده‌کرد. بۆخۆی به‌دڵخواز پێی خۆش نه‌بوو، میر حوسێنی مووسه‌وی ببێته سه‌رۆک وه‌زیر، به‌ڵام پشتیوانیی خومه‌ینی له ناوبراو، خامنه‌یی ناچار کرد قبووڵی بکا. بە بوونی مووسه‌وی به سه‌رۆک وه‌زیر و ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌که‌ی، ده‌سه‌ڵاتی حیزبی جمهووریی ئیسلامی پتر بوو. هه‌رچه‌ند چه‌په ئیسلامییه‌کان که جێی متمانه‌ی ‹حجا› و هاوبیری بوون، له کابینه‌ی مووسهویدا، تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو ده‌وریان هه‌بوو. وه‌ک: بێهزادی نه‌به‌وی و محه‌ممه‌دی سه‌لامه‌تی لە ڕێبه‌رانی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی.
نزیک ٦ ساڵ له ٨ ساڵەی سه‌رۆک وه‌زیریی مووسه‌وی، ‹حجا› به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ره‌کیی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو و جگه له ماوه‌ی سه‌رکۆماریی بەنی سه‌در له نیوه‌ی دوویه‌می ڕێبه‌ندانی ١٣٥٨ هه‌تا جۆزه‌ردانی ١٣٦٠ (نزیکه‌ی ١٧ مانگ) رێبه‌رانی مه‌زهه‌بی له ئێران (خومه‌ینی و خامنه‌یی)، زۆرترین ده‌سه‌ڵاتی به‌رز، به‌تایبه‌تی فهرماندەریی هێزە چه‌کداره‌کانیان به‌ده‌ست بووه و هەیە.
بەشێک لە کارنامەی حجا
حیزبی جمهووری ئیسلامی له کاتی دروستبوونی هه‌تا کاتی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کی زۆری له گۆڕه‌پانی سیاسی _ کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران‌دا، هه‌بوو. به‌شێک له کرده‌وه‌کانی ئه‌و حیزبه بریتین لە:
١_ رۆژنامه‌ی جمهووری ئیسلامی _ وه‌ک ئۆرگانی حجا_ له ساڵه‌کانی یه‌که‌می شۆڕشدا، نه‌خشێکی گه‌وره و گرینگی له وەلانان و پاڵپێوەنانی «حیزبی تووده»، «لیبڕاڵه‌کان» و «به‌نی سه‌در» و هاوبیرانی له گۆڕه‌پانی چالاکیانیاندا، هه‌بوو. (٣)
٢_ ئه‌و حیزبه له گه‌ڵاڵه‌ڕێژی و به‌شداری و به‌ڕێوه‌به‌ریی ڕێوڕه‌سمه‌کانی وه‌ک: «ڕۆژی کرێکار» ، «ڕۆژی ژن»، پشتیوانی له خوێندکارانی موسڵمانی «خط امام»، له ڕووداوی گرتنی [باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا] «لانه‌ی جاسوسی» ؛ به‌شداری سیاسیی له ڕاپرسی بۆ کۆماری ئیسلامی، یاسای بنه‌ڕه‌تی، هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی یه‌که‌می مه‌جلیسی شووڕا دا، دەوری بەرچاوی هه‌بوو. ئه‌و حیزبه هەروها نه‌خشی به‌رجه‌سته‌ی له په‌سندکرانی مادده ئابووری و قه‌زاییه‌کان و به‌تایبه‌تی ئه‌سڵی ١١٠ی قانوونی بنەڕەتی (دەسەڵاتی وەلی فەقیهـ)، دامه‌زراندن و وه‌ڕێخستنی لقه‌کانی چاپه‌مه‌نی، کرێکاری، خوێندکاری، ژنان، بازاریان، مههندیسان، پزیشکان و سازماندانی ته‌شکیلاتیان بۆ په‌ره‌پێدانی ده‌سکه‌وته‌کانی شۆڕش، گێڕا. (٤)
حیزبی جمهووریی ئیسلامی کۆنگره‌ی یه‌که‌می له بانه‌مه‌ڕی ساڵی ١٣٦٢ له ئۆردووگای باهونه‌ر له نیزیک ماڵی خومه‌ینی و کۆنگره‌ی دوویه‌می له ساڵی ١٣٦٤، له مه‌دره‌سه‌ی عالیی موته‌هه‌ری گرت.
حیزبی جمهووری ئیسلامی بۆ له‌سه‌رکار لابردنی ده‌وڵه‌تیی کاتیی بازرگان و به‌نی سه‌دری یه‌که‌م سه‌رکۆمار، ده‌وری سه‌ره‌کیی _ به پشتیوانی خومەینی_گێڕا. هه‌روه‌ها له سه‌رکوتی ڕێکخراوه‌کانی چه‌پی ئیسلامی (موجاهیدینی خه‌لقی ئێران) و غه‌یره ئیسلامی (حیزبی تووه‌ی ئیران و چریکه‌کان به‌گشتی)، هه‌مان ده‌وری هه‌بوو.
ڕێکخراوی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی
له‌پێش سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران‌دا، باسی ٧ گرووپی بچووکی ئیسلامی کرا. دوای سه‌رکه‌وتنی راپه‌ڕین، ئه‌وان له ١٦ ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٥٨ رێکخراوێکیان به ناوی رێکخراوی موجاهدینی شۆڕشی ئیسلامی (مجاهدین انقلاب اسلامی)، دامه‌زراند. حوسێن فدایی، یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و ڕێکخراوهیە ده‌ڵێ: له کاتی دامه‌زرانی گرووپی ته‌وحیدی به‌در و رێکخراوی موجاهیدین، ئیلهاممان له ڕووحانییه‌ت وه‌رده‌گرت. بناخه‌ی کاری ئێمه حیزبی نه‌بوو، ڕووحانییه‌ت، مه‌کته‌بی ئیسلام و هه‌یئه‌تی ئیمام حوسێن، ڕێنوێنی ئێمه بوو. (٥)
له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و بۆچوونه به هێندێک جیاوازییه‌وه، ٧ گرووپی ئیسلامخوازی موخالیفی نیزامی پێشوو (شا)ی ئێران، ئه‌و رێکخراوه‌یان دروست کرد که پێشتر پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆیان پێکه‌وه نه‌بوو. به‌ڵام ئامانجی هاوبه‌شیان که پاشان به درێژه‌دانی تێکۆشانی «ئیسلامی شۆڕشگێڕ» و بڕوا به ویلایه‌تی فه‌قیهـ و ڕێبه‌ریی ئا. خومه‌ینی، پێناسه کرد، ئه‌وانی لێک کۆکردبۆوه. نووسراوه‌یه‌کی دیکه‌ش له‌م باره‌یه‌وه هەیە کە دەڵێ: خومه‌ینی که له ئاخری مانگی ڕه‌زبه‌ری ١٣٥٧، مه‌سه‌له‌ی یه‌کیه‌تیی گرووپه چالاکەکانی باس کرد، به‌قسه‌یان کرد. ئه‌و ٧ گرووپه له سه‌ر چوار خاڵ پێ‌داگر بوون.
دامه‌زرانی حکوومه‌تی ئیسلامی، رێبه‌ریی ئا. خومه‌ینی، خه‌باتی چه‌کدارانه و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ رێکخراوی موجاهیدینی خه‌لق، له‌به‌ر ئاڵوگۆڕی ئیدئۆلۆژییه‌که‌ی. (٦)
ئه‌و ٧ گرووپه بریتی بوون له:
١- گرووپی «امت واحده»، ساڵی ١٣٥٥ به جیابوونه‌وه له – سازمان مجاهدین خلق ایران_ دروست بوون و ڕێبه‌ره‌که‌یان، بێهزادی نه‌به‌وی بوو.
٢- گرووپی «توحیدی بدر»، حوسێن فدایی.
٣- گرووپی «توحیدی صف»، محه‌ممه‌دی برووجردی، سه‌لمانی سه‌فه‌وی، ئهکبەری توڕابی، حه‌سه‌نی سادقی، محه‌ممه‌دی عه‌تریانفه‌ر لە ئه‌ندامانی سەرەکیی بوون که له تاران و ئیسفه‌هان، چالاک بوون و پێوه‌ندییان به محه‌ممه‌دی مونتهزیرییهوه هه‌بوو.
٤- گرووپی «فلاح»، محه‌ممه‌دی مونته‌زیر قائێم، حه‌سه‌ن مونته‌زیر قائێم و موڕته‌زا ئه‌لویری.
٥- گرووپی «فلق»، مسته‌فا تاجزاده و حه‌سه‌نی واعیزی، ئه‌ندامانی خوێندکارانی دانیشتووی ئه‌مریکا.
٦- گرووپی «منصورون»، له ساڵی ١٣٥٤ له چه‌ند شانه‌ی چالاکی شاره‌کانی، ئه‌هواز، خوڕڕه‌مشار و دزفوول پێک هات. غوڵامحوسێنی سه‌فایی دزفوولی، موحسینی ڕه‌زایی، محه‌ممه‌د باقر (عه‌بدوڵڵا) زوولقه‌در، عه‌لیی شه‌مخانی، له ئه‌ندامان و دامه‌زرێنه‌رانی بوون.
٧- گرووپی «موحدین»، حوسێن عه‌له‌م ئه‌لهودا و هاوبیرانی له ئه‌هواز دایان مه‌زراند و یه‌کێک له کاره‌کانیان کوشتنی «پل گریم» موستەشارێکی ئه‌مرێکایی بوو که ناوی «اعدام انقلابی» یان له‌سه‌ر دانا.