ناکۆکیی حیزبی جمهووری ئیسلامی لەگەڵ بەنی سەدر
حیزبی جمهووری ئیسلامی له یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی له‌گه‌ڵ بەنی سه‌در له‌سه‌ر ناساندنی سه‌رۆک وه‌زیر به مه‌جلیس ناکۆکیی لێ په‌یدا بوو. ئه‌و حیزبه دەیهه‌ویست که‌سێکی خۆی بکا به سه‌رۆک وەزیر، چونکه هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی به ١٤٦ ده‌نگی ئه‌رینی ببووه سه‌رۆکی مه‌جلیسی یه‌که‌م. بەنی سه‌دریش بیر و بۆچوون و کرده‌وکانی ئه‌و حیزبه‌ی پێ باش نه‌بوو و هه‌وڵی ده‌دا که‌سی هاوبیری خۆی بۆ سه‌رۆک وه‌زیری هه‌ڵبژێرێ تا ڕاده‌یه‌کیش قه‌ره‌بووی شکستی مه‌جلیسی بۆ بکاته‌وه. ئەو سه‌ره‌تا ئه‌حمه‌دی خومه‌ینی پێشنیار کرد، بەڵام ئا. خومه‌ینی ئیزنی نه‌دا. پاشان «مسته‌فا میر سه‌لیم»ی دەستنیشان کرد که ئه‌ندامی شووڕای ناوه‌ندی حیزبی جمهووری ئیسلامی بوو؛ به‌ڵام ئه‌و حیزبه جه‌لاله‌دینی فارسی به بەنی سه‌در ناساند. بەنی سه‌در ناوبراوی پێ باش نه‌بوو. حیزبی جمهووری ئیسلامیش میرسهلیمی بۆ ئه‌و پۆسته به شیاو نه‌ده‌زانی. کێشه‌که زۆر گه‌وره بۆوه و مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆک وه‌زیر بوو به گرینگ‌ترین باسی ڕۆژ. به ڕاوێژ و وتووێژی نهێنی و ئاشکرا، هه‌یئه‌تێکی سێ که‌سی دیاری کرا و له‌نێوان چه‌ند که‌سدا، محه‌ممه‌د عه‌لی ڕه‌جایی_ که لە حیزبی جمهوری ئیسلامی نه‌بوو، به‌ڵام رێبازه‌که‌ی قبووڵ بوو_ سەرەڕای پێناخۆشبوونی بەنی سه‌در بەسەریدا سەپێندرا. بەمجۆرە لە ١٨ ی گه‌لاوێژی ١٣٥٩، به ١٥٣ ده‌نگی ئه‌رێنی، ٢٤ دەنگی نەرێنی و ١٩ دەنگی پارێزکەر (ممتنع)، ڕه‌جایی وه‌ک یەکەمین سه‌رۆک وه‌زیری کۆماری ئیسلامی له‌لایه‌ن مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامییەوە هه‌ڵبژێرا. (١)
ئا. خومه‌ینی له‌و پێوەندییەدا بیروبۆچوونی ئه‌وه بوو که: «ئاغای سه‌رکۆمار ده‌بێ که‌سێک بە سه‌رۆک وه‌زیر دیاری بکا که به‌ده‌ردی کۆمه‌ڵگەی ئیسلامیی ئێمه بخوا و به‌کاری مه‌کته‌بی ئێمه بێ و سه‌داسەد حوکمه‌کانی ئیسلام پیاده بکا؛ نه ئه‌وه‌ی که میلله‌ت و میللییه‌ت بێنێته گۆڕێ. له‌سه‌رووی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کان مه‌کته‌بی بوون گرینگه.» (٢)
بەنی سه‌در له‌سه‌ر ئه‌ندامانی کابینه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌جایی ناکۆکیی لێ په‌یدا بوو. له‌ڕۆژی ١٧ی خه‌رمانان که ناساندنی کابینه‌ی ڕه‌جایی له مه‌جلیس بوو، بەنی سه‌در به بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی کوژراوەکانی مه‌یدانی ژاڵه‌ی تاران_که ناوی شوهه‌دای لێ نرابوو_ وێڕای باسکردن لە بارودۆخی وڵات و ناکۆکییەکانی له‌سه‌ر دانانی وه‌زیران و… گوتی: «که‌مایه‌تییەک خه‌ریکه ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ئیمکاناتی سیاسیی و نیزامی وڵات‌دا بگرێ تا بۆ له‌نێوبردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆککۆمار که‌ڵکی لێ وه‌رگرێ».
شه‌ڕی ئێران و عێراق له ٣١ ی خه‌رمانانی ١٣٥٩دا، ده‌ستی پێ‌کرد. لایه‌نه ناکۆکه‌کان بڕیاریان دا، هێرشه ته‌بلیغاتییه‌کانیان بۆ سەر یه‌کتری راگرن، به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بپارێزن. له دوایین ڕۆژه‌کانی پاییز و زستانی ئه‌و ساڵه‌دا، دوو ڕووداو بوونه هۆی ته‌شه‌نه‌کردنی پتری ناکۆکییه‌کانی نێوان بەنی‌سه‌در و هاوبیره‌کانی له لایه‌ک و، خه‌تی ئیمامییه‌کان که حیزبی جمهووری ئیسلامی گرینگ‌ترینیان بوو له لایه‌کی دیکه.
رووداوی یه‌که‌م که له پاییزدا بوو. دوو که‌س به‌ناوه‌کانی ئه‌حمه‌د سه‌لامه‌تییان (نۆێنه‌ری مه‌جلیسی شووڕا له شاری ئیسفه‌هان) و حه‌سه‌ن لاهووتی ئیشکه‌وه‌ری (نوێنه‌ری مه‌جلیسی شووڕا له ڕه‌شت) که لایه‌نگری بەنی‌سه‌در بوون، له شاری مه‌شهه‌د قسه‌یان له‌سه‌ر وه‌زعی ئێران کرد. لایه‌نگرانی سه‌رکۆمار به دژایه‌تی حیزبی جمهووری ئیسلامی دروشمیان دا و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه‌ش، به خۆپێشاندان و دروشم‌دان و‌ڵامیان دانه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی قسه‌کانی نوێنه‌رانی ناوبراوی مه‌جلیس له ڕۆژنامه‌ی «انقلاب اسلامی»دا بڵاو کرایه‌وه، کێشه‌که گه‌وره‌تر بۆوه. ده‌مارگرژه‌کانی نێو حیزبی جمهووری ئیسلامی خه‌ڵکێکی زۆریان له شاره‌کانی تاران و قوم هێنایه سه‌ر شه‌قامه‌کان که به لایه‌نگریی له ڕووحانییه‌ت دروشیان دا و بازاره‌کانی ئه‌و شارانه و مه‌شهه‌د داخران. [ رۆژنامه‌ی «انقلاب اسلامی»، خاوه‌ن ئیمتیازه‌که‌ی بەنی سه‌در بوو و له کاتێکدا ئه‌ندامی شووڕای شۆڕش بوو و ئه‌رکی ده‌وڵه‌تیی به‌ڕێوه‌نه‌ده‌برد، له ٣٠ جۆزه‌ردانی ١٣٥٨دا یه‌که‌مین ژماره‌ی بڵاوکرده‌وه. ئه‌و رۆژنامه‌یه، له کاتی سه‌رکۆماریی به‌نی سه‌در دا، به‌شی» کارنامه‌ی سه‌رکۆمار» و» راپۆرت دان به‌خه‌ڵکی» هه‌بوو که ڕووداوه‌کانی ڕۆژانه‌ی سه‌رکۆماری بڵاو ده‌کرده‌وه، به‌تایبه‌تی ناکۆکیی قۆڵه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کات. ئه‌و رۆژنامه‌یه ٥٥٧ ژمارەی ئیزنی بڵاوبوونه‌وه‌ی پێ درا و پاشان له‌لایه‌ن دادستانی شۆڕشی ئیسلامی تاران داخرا.]
ڕووداوی دووهه‌م سوخه‌نرانیی بەنی‌سه‌در له ١٤ ی رهشەممەی ١٣٥٩به بۆنه‌ی ساڵیادی د. موسه‌دیق بوو. نابراو ٣ کاتژمێر له‌سه‌ر وه‌زعی وڵات قسه‌کرد.
ڕه‌وتی رووداوه‌کان و به‌تایبه‌تی لابردنی به‌غه‌دری به‌نی سه‌در_یه‌که‌مین سه‌رکۆمار، که ده‌کرێ وه‌ک کوودێتایهکیش حێسێب کرێ_ و کوژرانی یه‌که‌مین و دوویه‌مین سکرتێری حیزبی جمهووری ئیسلامی [بەهێشتی لە ٧ ی پووشپه‌ڕی ١٣٦٠ و محمد جواد باهنر، سه‌رۆک وه‌زیری سه‌رکۆماریی ره‌جایی که هه‌ردووکیان رۆژی ٨ خه‌رمانانی ١٣٦٠ کوژران] ڕێگەی بۆ عەلیی خامنه‌یی خۆش کرد کە ببێتە سه‌رکۆمار.
به‌نی سه‌در لەبارەی حیزبی جمهوریی ئیسلامیی و ڕووداوه‌کانی ئه‌و کات له کتێبکدا به ناوی «خیانت به امید» ده‌نووسێ: پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری، حیزبی جمهووری منیان به ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردبوو. له‌به‌ر پێکهاته‌ی شووڕای ناوه‌ندی و ڕێگایه‌کی کە گرتبوویانه بەر، قبووڵم نه‌کرد. که‌سانێکی رووحانی و غهیرهرووحانی داوایان له‌من کرد حیزبێک دامه‌زرێنم. دوای باس و گفتوگۆیه‌کی زۆر، بڕیار بوو ئاغایانی تاڵەقانی، مونته‌زیری و من ئاگادارییه‌کی هاوبه‌ش بڵاوکه‌ینه‌وه و دا‌و بکه‌ین لایه‌نه ئیسلامی و میللییه‌کان به‌گشتی له به‌ره‌یه‌کدا کۆببنه‌وه. ئاغای خامنه‌یی موافیق بوو. پێشنیاره‌که‌ی برده لای شووڕای ناوه‌ندی حیزبه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌وان دژی به‌شداریی زۆر که‌س بوون؛ ته‌نانه‌ت داریووش فرووهه‌ریش که وه‌زیر بوو. (٣)
بەندی سەدر دەڵێ: ئه‌وه روون بوو که مارکسیسته‌کان و نا مارکسیسته‌کانی بێ بڕوا به حکوومه‌تی دینی وەلادەنران و ڕوانگه‌کانی باوه‌ڕمه‌ند به حیزبی جمهووری ئیسلامی، به‌ڵام بێ بڕوا به رێبه‌ری و «هێژمونی»ی حیزبی جمهووریش مه‌حکووم به وه‌لانان کران. لەو کاتدا هه‌وڵێکی زۆرم دا تا به‌ڵکوو بێ به‌شداریی حیزبی جمهووری به‌ره‌یه‌ک که به‌ڕاستی نوێنگه‌ی ڕێکخستنی هەموو خه‌ڵک بێ، پێک بێنم. به‌ڵام له‌پێش هه‌موویاندا خومه‌ینی موخالیفه‌تی ده‌کرد و به‌پێچه‌وانه، داوای لە من ده‌کرد که حاشا له تاقمه‌کانی»نامطلوب» (نه‌باش به‌بڕوای ئه‌و)، به‌تایبه‌تی بەرەی میللی، جاما، موجاهدینی خه‌ڵق و… بکەم. شێواویی فیکری لەوپهڕی خۆی دابوو. هه‌ردوو لایه‌ن دژی یەکتر دەجووڵانەوە و هیچ لایه‌نێک خوێندنه‌وه‌ی جیدیی له هه‌لومه‌رجه‌که نه‌بوو که به‌پێی ئه‌و کرده‌وه نیشان بدا. کارمایهکان له ڕێی ناکۆکییه‌کان سه‌رف ده‌کران. شه‌ڕی ته‌بلیغاتی و شه‌ڕ به چه‌کی جۆراوجۆر بڕه‌وی په‌یدا کرد. چۆماغ و ژ-3، له‌ونێوه‌دا به‌کار بران و جه‌غزی کرده‌وه‌ی دادگای شۆڕش و لقەکانی، گه‌وره بوونەوه. چووکبوونهوهی ئازادییه‌کان له‌وکاتی ڕا ده‌ستی پێ‌کرد. (٤)
سەرچاوەکان
1_ ویکی پدیا، دانشنامەی آزاد.
٢_ یووتیووب
٣_ بنی‌صدر، ابوالحسن، کتاب خیانت بە امید، ١٣٦٠، ص ٧٠.
٤_ سەرچاوەی پێشوو ل ٧١.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.