«خوێندکاران ئاڵاهه‌ڵگری ئازادی و بزوێنه‌ری شۆڕشه‌کانن، ئه‌وان ڕۆڵی کاتالیزۆر له شۆڕشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌گێڕن.»
کاتێک هێربێرت مارکۆزه له بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی فڕانکفۆرت وه‌ک باوکی مه‌عنه‌ویی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی ده‌یه‌ی 60ی زایینی شاهیدی جۆش و خرۆشی خوێندکاران له شه‌قامه‌کانی پاریس و کالیفۆرنیا و ژماره‌یه‌کی زۆر له وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دوور بوو، به‌م شێوه‌یه دوا.
بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ئێرانیش له چه‌ند قۆناغێکی مێژوویی‌دا ڕۆڵی کاریگه‌ری له ئاراسته کردنی گۆڕانکارییه‌کان و ڕووداوه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا هه‌بووه.
هه‌ر چه‌ند پێکگرتنی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا (به تایبه‌ت ده‌یه‌ی 60) هه‌ڵه‌یه‌کی مێتۆدیکه و گه‌ڕان به‌دوای ڕه‌گه‌زه هاوبه‌شه‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وانه کارێکی زه‌حمه‌ت و بێ سووده، مه‌به‌ست له‌و وتاره‌ش گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ ئه‌و ڕۆژگاره پڕ قه‌یراناوییه‌ی که له ئه‌نجامی ده‌رکه‌وتنی پاڕادۆکس له هه‌ناوی سه‌رمایه‌داری و مۆدێڕنیته‌دا سه‌ری هه‌ڵدا و به‌شێک له پێته‌خته‌کانی گرینگ‌ترین وڵاتانی رۆژئاوایی هه‌ژاند. به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌کرێ له سێبه‌ری دروشم و ئامانجه‌کانی بزووتنه‌وه خوێندکارییه‌کانی ده‌یه‌ی 60ی زایینی‌دا شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه بۆ ئه‌و ئاکسیۆن و جووڵه خوێندکارییانه بکرێ که له ئێران‌دا ڕوویان داوه. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه هۆکاره‌کانی ڕکوودی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌ستنیشان بکرێن و ڕێکاره‌کانی ده‌ربازبوون له‌و بێده‌نگییه بخرێنه ڕوو.
لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکه‌م که له بنه‌ڕه‌تدا بوونی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری به‌و واتا ڕادیکال و ئانارشیستییه‌ی که ناسراوه، ده‌ره‌نجامی ئه‌و بۆشاییه سیاسی و ڕێکخراوه‌ییه‌یه که له کۆمه‌ڵگا گه‌شه‌نه‌سه‌ندووه‌کاندا هه‌بووه، یان به‌رهه‌می (توسعه)ی ناهاوسه‌نگی سیاسی و ئابووریی کۆمه‌ڵگایه. له ڕاستیدا ڕەوابوونی چه‌مکگه‌لی وه‌ک رادیکالیزم، پێکهاته‌شکێنی، شۆڕشگێڕی و ته‌نانه‌ت ئانارشیزم له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا و چاوپۆشین له ده‌رکه‌وته نێگه‌تیڤه‌کانی ئه‌و چه‌مکانه له سه‌ر کۆمه‌ڵگا ته‌نیا به هۆی بارودۆخی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگاوه و به سپۆنسه‌ریی خوێندکار پاساو هه‌ڵده‌گرێ که ئاماژه‌ی پێکرا.
خواست ته‌وه‌ری
بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری وه‌ک هه‌موو بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دی بزووتنه‌وه‌یه‌کی خواست ته‌وه‌ره، به‌و واتایه‌ی خوێندکار وه‌ک هه‌ر ئه‌ندامێکی دیکەی کۆمه‌ڵگا خاوه‌ن کۆمه‌ڵێک مافه که پێویسته له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانه‌وه ڕێزیان لێ بگیرێ. خواست ته‌وه‌ری یه‌کێکه له‌و فاکته‌رانه‌ی که بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری ده‌توانێ که‌ڵکی لێوه‌رگرێ و زیاترین خوێندکار له پێناو به‌دیهێنانی خواسته گشتییه‌کانی خوێندکاراندا بۆ ئاکسیۆنه خوێندکارییه‌کان مۆبیلیزه بکا. داواکردنی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی خوێندکاران له زانکۆ وه‌ک مافی خواردنی ته‌ندروست، خه‌وتنگه‌ی گونجاو، هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی جلوبه‌رگ، ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ریی زانکۆ و هتد ده‌توانن ببنه هه‌وێنی ئاکسیۆنی جۆراوجۆر له ئاستی زانکۆ‌دا. ناسیاسی بوونی ئه‌و خواستانه ده‌رفه‌تێکی باش ده‌ڕه‌خسێنێ بۆ چالاکیی خوێندکاران له وڵاتانی نادێمۆکراتیک که هه‌ر داواکارییه‌کی سیاسی به ئاژاوه‌گێڕی و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌منییه‌تی میللی داده‌نرێ. واته لێره‌دا ته‌نانه‌ت له سیسته‌مێکی تۆتالیتێریشدا خوێندکاران وه‌ک هاوڵاتی ده‌رفه‌تیان هه‌یه مافه مه‌ده‌نییه‌کانی خۆیان داخواز بکه‌ن. جیاوازیی خواست ته‌وه‌ری خوێندکاریی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تر له‌وه دایه که ناڕه‌زایه‌تیی خوێندکاران به دۆخی ئارایی ئاوێته‌ی ڕادیکالیزم ده‌بێ و زۆرجار ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕه‌ق ڕوو ده‌دا.
گومان له‌وه‌دا نییه که بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئیدەئالگهرایه و به‌رده‌وام به دوای ئیدهئالهکاندا وێڵه. هه‌ر بۆیه کۆی ئه‌و خواستانه‌ی ئاماژه‌یان پێکرا له سه‌ره‌نجامدا ڕوخساری سیاسی وه‌رده‌گرن و خواسته گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌نه هه‌وێنی جووڵه‌کانیان و کۆی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌نه ئامانج.
خاڵی ده‌سپێکی گۆڕانخوازیی خواست ته‌وه‌ر پێکهێنانی ئه‌نجومه‌ن و گرووپ و ڕێکخراوی جۆراوجۆره که بتوانێ به خستنه سه‌ر یه‌کی تواناکان به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر خواسته‌کانی بخاته ڕوو.
سه‌ربه‌خۆیی و بەسراوە نه‌بوون به ڕه‌وته‌کانی ده‌ره‌وه
دوای ئه‌وه‌ی زانکۆکان له پاوانی چینی خانه‌دان و ئه‌شراف هاتنه ده‌ر و خوێندکاران له چینی نێونجی شاری به لێشاو ڕوویان کرده زانکۆکان، گه‌راکانی بزووتنه‌وه‌یه‌ک سه‌ری هه‌ڵدا که له ده‌رکه‌وته‌کانی مۆدێرنیته بوو. زانکۆ وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی مۆدێڕن و خوێندکاران وه‌ک مرۆڤی مۆدێڕن به‌ره‌وڕووی پاڕادۆکسێکی ڕاسته‌قینه بوونه‌وه له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕ، سیسته‌می نۆڕم و به‌هاکان و دامه‌زراوه سوننه‌تییه‌کان. نه‌به‌ستراوه‌یی خوێندکار به بنه‌ماڵه و دامه‌زراوه ئیداری و ئابوورییه‌کان و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئیراده‌ی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات لای خوێندکاران وایکردووه که سه‌ربه‌خۆیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جه‌وهه‌ری بێته به‌ر باس. به ده‌ربڕینێکی دیکه ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری پێشڤه‌چوونی کۆمه‌ڵگایه له بواری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری. له پڕۆسه‌ی ئه‌م گۆڕانکارییه‌دا خوێندکار وه‌ک سووژه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و به دووره‌په‌رێزی له به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی که خۆی له به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بینێته‌وه نابێته پاشکۆی ڕه‌وت و پارته سیاسییه‌کان. له کاتێکدا بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دی به زۆری خۆیان له قالبی پارته سیاسییه‌کان دا سازمان ده‌ده‌ن وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری، بزووتنه‌وه‌ی ژینگه‌پارێزی، بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی و …
هه‌ڵبه‌ت پاشکۆنهبوونی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری به‌و مانایه نییه که خوێندکاران ناکه‌ونه ژێر کاریگه‌ریی خه‌ته فکری و سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی زانکۆ. هه‌روه‌ک ده‌بینین زۆر جار ئیدئۆلۆگه‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی زانکۆن.
کاتێک شه‌پۆله‌کانی نافه‌رمانی خوێندکاران له ئورووپا و ئه‌مریکا له ساڵی 68ی زایینی‌دا که له کۆنتێکستێکی ته‌واو شۆڕشگێڕانه و پێکهاتهشکێندا ڕوویدا گه‌یشته ئێران، بوو به هۆی وه‌رچه‌رخانێک له دیسکۆرسی بزووتنه‌وه‌دا و ڕه‌هه‌ندێکی شۆڕشگێڕانه و ته‌نانه‌ت چه‌کدارانه‌ی به خۆی گرت و خوێندکاران بوونه به‌شێک له تێکستی خه‌باتی چه‌کدارانه و چیتر له کۆنتێکستدا قه‌تیس نه‌مانه‌وه. لێره دایه که سمایلی شه‌ریفزاده‌کان کلاسه‌کانی ده‌رسی زانکۆ به‌جێ دێڵن و ڕوو ده‌که‌نه شاخه‌کانی کوردستان. له ساڵه‌کانی دواتریشدا خوێندکاران له ناوچه جۆراوجۆره‌کانی ئێران‌دا هه‌مان ڕێچکه‌یان گرته به‌ر. هه‌ر چه‌ند ئه‌و حه‌ڕه‌که‌تانه له ژێر کاریگه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕیی چه‌پ و سیمبۆله‌کانی شۆڕشه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌ریان هه‌ڵدا، له هه‌مان کاتدا به‌ستراوه‌یی سازمانی و ته‌شکیلاتییان به هیچ کام له پارت و ڕه‌وته سیاسییه‌کان نه‌بوو. سه‌ربه‌خۆیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌کی بێ وێنه‌ی به‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌خشیوه که وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی ده‌روه‌ست و ئه‌خلاقگه‌را له کۆمه‌ڵگادا ڕێزی لێ ده‌گیرێ.
خوێندکار و عه‌قڵانیه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه
ڕه‌گه‌زی هاوبه‌شی کۆی بزووتنه‌وه خوێندکارییه‌کان بوونی عه‌قڵانییه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه. به‌و واتایه‌ی خوێندکار له هه‌ر قۆناغێک له قۆناغه‌کانی بزووتنه‌وه‌دا سه‌رجه‌م خه‌بات و ههوڵهکانیڕ ده‌داته به‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی بێ ڕه‌حمانه و به تێپه‌ڕین به سه‌ر دروشم و ئامانجه‌کانی بزوتنه‌وه‌دا به‌ره‌نگاری چه‌مکه پیرۆزه‌کان ده‌بێته‌وه و له خاک و خۆڵیان وه‌رده‌دا. ئه‌وه له ئاستی نێوخۆیی‌دا و له ئاستی ده‌ره‌کیشدا به هه‌مان شێوه کۆی که‌م و کورتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌خاته ژێر پرسیار. عه‌قڵانییه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه که دژکرده‌وه‌یه به عه‌قڵانییه‌تی ئامێری وه‌ک ده‌رکه‌وته‌ی سه‌ره‌کی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، خزمایه‌تییه‌کی نزیکی له‌گه‌ڵ سۆسیالیزم هه‌یه. زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی ده‌یه‌ی 60 به جۆرێک هاوپه‌یوه‌ندی خوێندکاران بوو له‌گه‌ڵ چینی کرێکاری پیشه‌یی. واته خوێندکاران شۆڕ‌شیان کرد بۆ گۆڕینی به‌هاکانی کۆمه‌ڵگا به ڕه‌خنه‌گرتن له‌و سیسته‌مه ئهرزشییهی که هەبوو. ڕوحی پرسیارخوڵقێنی و ڕه‌خنه‌گرتن له خوێندکاردا به‌رهه‌می ژینگه‌ی مه‌عریفی و سروشتی قۆناغه ته‌مه‌نی و پیشه‌ییه‌که‌یه‌تی.
ئه‌وه‌ی ئێستا له زانکۆکانی ئێران ده‌بینرێ بێ ده‌نگییه‌کی گه‌وره‌یه له ئاست چاره‌نووسی نه‌وه‌یه‌ک، له کاتێکدا ڕه‌ساله‌تی ڕووناکبیریی خوێندکاران، چاوه‌ڕوانیی کۆمه‌ڵگای له‌و بزووتنه‌وه‌یه تا ڕاده‌یه‌ک به‌رز کردۆته‌وه که وه‌ک پێشه‌نگ ده‌ڕوانیته خوێندکار و بزووتنه‌وه‌که‌ی…
درێژه‌ی هه‌یه
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.