حیزبی دێموکراتی کوردستان لە 25ی گەلاوێژی ئەمساڵدا جێژنی 72 ساڵەی دامەزرانی خۆی گرت. پتر لە حەوت دەیە خەبات و تێکۆشانی سیاسی بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆر دەسکەوتی بە نرخ کە ئەو حیزبە لە ڕەوتی ئەم خەباتەدا بۆ کوردی دەستەبەر کردوە، جێگە و پێگەیەکی تایبەتیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەخشیوە.
«کوردستان» بەو بۆنەیە ڕاوسەرنجی کۆمەڵە کەسایەتییەکی سیاسی و ڕووناکبیریی کوردی وەرگرتوە:
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی سیاسیی ناسراوی باشووری کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبێکی مێژوویی نیشتمانپه‌روه‌ر و نەتەوەییە. ئەم حیزبە هەر لە کۆنەوە و لە دامەزرانیەوە خەباتی کردوە بۆ وەدێهاتنی مافەکانی کورد لە ئێران و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە. حیزبێکی تێکۆشەر کە زۆر لە سەرکردەکانی تیرۆر و شەهید کران، بەڵام قەت نەوێستاوە.
ئەم حیزبە بە پڕەنسیپە لە پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا قەت پێوەندییەکانی لەسەر حیسێبی کوردی پارچەکانی دیکە نەبوە، بۆ وێنە ئەگەر پێوەندییەکی باشی لەگەڵ رێژیمی عێڕاق بووە، بەڵام قەت ئەو پێوەندییەیان بە کار نەهێناوە دژی کوردی عێراق، کەچی ئێمە پێشتر تووشی ئەو هەڵەیە بووین.
ئەوەش کە ئەم حیزبە تەمەنێکی زۆری هەیە و هێشتا نەیتوانیوە خەباتەکەی بگەیەنێتە لوتکەی سەرکەوتن، هەم هۆکاری دەرەکیی هەیە، وەک ئەوەی ڕێژیمەکانی ناوەند هەموویان سەرکوتگەر و دڕندە بوون و قەتیان زمانی ئاشتی و دیالۆگ نەزانیوە و پاڵپشتیی نێونەتەوەییش بۆ پرسی کورد نەبوە، هەم مەسەلەی ناکۆکیی نێوماڵی کورد کە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەداخەوە بووە. ئەگینا بە شانازییەوە ئەم حیزبە سیاسەتەکانی هەموو دروست بووە و هه‌رگیز سیاسەتی وای نەبووە کە دژی بەرژەوەندی گەل و نەتەوەکەمان بێ و هەموو کاتێ لەسەر سەر ڕێی ڕاست بووە. بەڵام ئەشێ هەڵەشی کردبێ و ئەگەر واش بووبێ ئەوە لە گەورەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کەم ناکاتەوە. حیزبێک نییە کە هەڵەی نەکردبێ و مومکینە جاری وایە فورسەت هاتبێتە پێشێ و سوودی لێ وەرنەگرتبێ، به‌ڵام به گشتی حیزبێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بووه و خه‌باتی بۆ نه‌ته‌وه‌ی خۆی کردووه و به‌ردوامه له‌و خه‌باته‌ی.
هەر بۆیە لە قووڵایی دڵەوە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی پیرۆزباییان لێ دەکەم و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدەکانیان و لە سەروو هەموویانەوە قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕفکەندی. هاوکات سیاسەتی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەم کە بەو شێوەیە کوردی وڵاتەکەی سەرکوت دەکا و هیچ مافێکی پێ ڕەوا نابینێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئاواتەخوازم کە دوو بەشی حیزبی دێموکرات ببنەوە بە یەک و خەباتی خۆیان بۆ مافەکانیان لە ئێران‌دا بەرینتر بکەنەوە.
برایم عەلیزادە، سکرتێری کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٧٢ ساڵ بۆ هه‌ر حیزبێكی سیاسی ته‌مه‌نێكی دوور و درێژه، له سه‌ره‌وه بوونی ته‌مه‌نی حیزبی دیمۆكرات وامان لێده‌كا كه هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوویی ئه‌و حیزبه بسپێرین به مێژوونوسانێك كه به ویژدانی زانستییه‌وه، به دوور له «حب و بغز»، ڕاستییه‌كان بخه‌نه به‌رده‌م نه‌وه‌ی نوێ و نه‌وه‌ی داهاتوو. ئه‌گه‌ر چی به‌داخه‌وه ئه‌و كاره تا ئێستا نه‌كراوه، به‌ڵام ڕۆژێك له ڕۆژان هه‌ر پێویسته بكرێ.
ئێمه هیوادارین حیزبی دیمۆكرات ڕابردووی پڕ له هه‌وراز و نشێوی بكاته پرده بازێك به‌ره‌و داهاتوویه‌كی باشتر. به‌ڵام ئه‌وه مه‌یسه‌ر نابێ به‌بێ پێداچوونه‌وه به‌م ڕابردووه‌دا و ئه‌زمون لێ وه‌رگرتنی. لام وایه گرینگ‌ترین ئه‌زموون ئه‌وه‌یه كه ئه‌م واقعیه‌ته به ڕه‌سمی بناسرێ كه له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا به هۆی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به هۆی گه‌شه‌ی پیوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، به هۆی ده‌ورانێكی دوور و درێژ له خه‌بات و خۆڕاگری به‌رانبه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی، ئاستی وشیاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك گه‌لێك به‌رز بووه‌ته‌وه و ئه‌و كۆمه‌ڵگایه خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی پێشكه‌وتنخوازانه و شارستانیانه‌یه. هه‌ر حیزبێك كه له گه‌ڵ ئه‌و دیارده نوێیه نامۆ بێ و خۆی له‌گه‌ڵ نه‌گونجێنێ و وەڵامی پێویستی پێ نه‌داته‌وه، مێژووی ڕابردووی نایه‌ته هانایه‌وه و ده‌كه‌وێته پهراوێزهوە. به لای منه‌وه واتای ئه‌م وته‌یه پێداگرتن له سه‌ر چه‌ند خاڵی گرینگه:
ڕوحی ڕه‌خنه‌گرتن و ڕۆشنگه‌ری به زمانی نه‌رم و شارستانییانه بسه‌لمێنین و پێی سه‌خله‌ت نه‌بین. هه‌رگیز له كێشه و ناكۆكییه سیاسییه‌كاندا، چه‌ك و تووندوتیژی به‌كار نه‌هێنین. ده‌سه‌ڵات به ئه‌مری جه‌ماوه‌ر بزانین و ڕێز بۆ ئازادی دابنێین و هه‌رگیز به بان سه‌ری خه‌ڵكه‌وه ده‌سه‌ڵات له نیو خۆماندا دابه‌ش نه‌كه‌ین. ڕێگا نه‌ده‌ین ڕێژیمێكی وه‌كوو كۆماری ئیسلامی له كه‌لێن و كهلهبهركاندا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و یان فێڵاوی جێگای خۆی بكاته‌وه و چه‌ند به‌ره‌كی بنێتەوه. ڕێگا نه‌ده‌ین بزووتنه‌وه‌ی خه‌لكی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له بزووتنه‌وی ڕزگاریخوازانه و ئازادیخوازانه له ئیران و له ناوچه‌كه داببرێ، ڕێگا نه‌دین هیچ لایه‌نیكی كۆنه‌پارێز و ده‌سه‌ڵاتدار و زلهێز به ده‌ستێوه‌ردانی خۆی رواڵه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و عادلانه و ڕه‌وای خه‌لكی كوردستان خه‌وشدار بكا.
72 ساڵەی دامه‌زرانی حیزبی دیموكراتتان لێ پیرۆز بێ.
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان
به‌ر له هه‌موو شتێک سڵاو و ڕێزم هه‌یه بۆ هه‌موو هه‌واداران ئه‌ندامان و بۆ هه‌موو تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له هه‌ر شوێنیک بن.
بێگومان هه‌بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ئیران یا با بڵێین له دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌میشه کارێکی وای کردوه که هه‌ر چوار وڵاته داگیرکه‌ره‌که‌ی کوردستان له یه‌ک له‌و پارچانه‌دا ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیه‌یان هه‌بێ که به‌ڵێ هه‌میشه بزاوت و حه‌ره‌که‌تێکی کوردی ماوه و ده‌مێنێ. به خۆشییه‌وه ڕه‌وتی خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌م میلله‌ته قه‌ت وای لێ نه‌هاتوه داگیرکه‌رانی کوردستان بتوانن هه‌ناسه‌یه‌کی ئاسووده هه‌ڵکێشن و بڵێن له کوردستان شۆڕش و خه‌بات بۆ ڕزگاری دامڕکاوه و نه‌ماوه.
هه‌ر بۆیه ئه‌من پێموایه هاوکات بوونی یادی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رهه‌می هه‌ڵکه‌وت و سوتفه‌یه‌ک نه‌بووه، به‌ڵکوو به‌رهه‌می ڕاویژی بارزانیی نه‌مر له‌گه‌ڵ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و سه‌رکردایه‌تیی حیزبی دێموکرات له دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووه. ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌م خه‌باته و ئه‌م دوو حیزبه دوو لقی دارێک و دوو به‌شی یه‌ک تێکۆشانه له‌و نیشتمانه‌دا. دیاره له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا که قه‌ناعه‌تمان وایه ئێمه یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین و یه‌ک جوغرافیا و یه‌ک نیشتمان و یه‌ک چاره‌نووسیشمان هه‌یه، به‌ڵام پێمان وایه سروشتی داگیرکه‌رانی کوردستان له هه‌ر پارچه‌ی کوردستان و زۆر واقعی سیاسی که له ده‌یان ساڵی ڕابردوودا له‌و به‌شانه ڕوویان داوه، تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازی به خه‌باتی هه‌ر کام له‌و به‌شانه‌ی کوردستان داوه و له ئێستادا هه‌ر کام له به‌شه‌کان بۆ خۆیان باشتر رێگای خه‌بات بۆ ئازادیی خۆیان ده‌ناسن. له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئێمه ڕێز له تێکوشانی برایانمان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌گرین و رێز له بڕیاریان ده‌نێین و تێکۆشانیان بۆ به ده‌ستهێنانی ئازادی به‌رز ده‌نرخێنین.
حه‌وت ده‌یه خه‌بات بۆ ڕزگاری ماوه‌یه‌کی که‌م نییه، به‌ڵام ئه‌وه که بۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌و ماوه درێژه خه‌باتی ئێمه به ئاکام نه‌گه‌یشتووه چه‌ند هۆی هه‌یه. جارێ پێش هه‌موو شتێک سروشتی مرۆڤی کورد وایه که هه‌میشه خه‌تا له خۆی داده‌ماڵێ و له ده‌ره‌وه‌ی ماڵی خۆیدا بۆ بیانوو و بۆ هۆکاره‌کان ده‌گه‌ڕێ. به‌ڵام ئه‌من پێموایه کێشه‌ی سه‌ره‌کی جۆری خه‌باتی خۆمانه، ئێمه زیاتر لایه‌نه چهکدارییهکهمان مه‌به‌ست بووه هه‌تا کار له‌سه‌ر ڕێکخستنی کۆمه‌ڵ و دروستکردنی گوشار بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌رمان بکه‌ین. ڕاسته دوژمنی دڕنده زۆر سیاسه‌ت و بڕیارت به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام ئێمه ده‌بوا له ماوه‌ی ئه‌و 72 ساڵه‌دا له بواری خه‌باتی مەدەنییه‌وه جۆرێکمان کار کردبا که خه‌ڵکمان ئاماده‌ی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری و مانگرتنی سهرتاسەری کردبا. ئه‌من پێموایه له‌و بواره‌دا ئێمه که‌متر پشتمان به ڕێکخستن به‌ستووه و زیاتر خۆمان به چه‌که‌وه سه‌رقاڵ کردوه. ده‌بێ ئه‌و قه‌ناعه‌ته دروست بکه‌ین که لایه‌نی چه‌کداریی خه‌باته‌که‌مان ئه‌وه‌نده زاڵ نه‌بێ که سێبه‌ری قورس بخاته سه‌ر خواسته سیاسییه‌کان له رێگای وشیاری و تێکۆشانی مه‌ده‌نی.
عەبدوڵلا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
به‌ر له هه‌موو شتێک پیرۆزبایی یادی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە هەموو تێکۆشەرانی کۆن و نوێی ئەو حیزبە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم. حیزبی دێموکرات هەر لە کۆماری کوردستان لە مهابادەوە تا ئێستا، خاوەنی مێژوویەکی خەباتکارانەی دوورودرێژە، هەزاران شەهیدی داوە، سێ ڕیبه‌ری یه‌که‌می ئەو حیزبە ئیعدام یان تیرۆر کراون، ناو و ناوبانگی لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان هەیە و ئێستاش لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا بوونێکی چالاکی هەیە. دیاره ئەو حیزبە گرفت و تەنگەژەشی کەم نەبووە و زیانی زۆریشی بەرکەوتووە کە ئەوەش نائاسایی نییە.
حیزبی دێموکرات لەگەڵ کۆمەڵە نیزیکەی پەنجا ساڵە کە دوو ڕەوتی سەرەکیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان پێک هێناوە. ئەو دوو ڕەوتە سەردەمی هاوکاری و تەباییان زۆر بووە کە بەخۆشییەوە ئێستاش درێژەی هەیە، بەڵام گرفت و گرژیش لە نێوانیاندا هەبووە. دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان له ئیستادا بەرینتر کردنەوەی هەرچی زیاتری ئەو هاوکاری و هاوپەیمانییەمان لێ دەخوازێ تا ئاستی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی، وه لە داهاتووشدا تا ئاستی پیکهێنانی دەوڵەت و دەسەڵاتی هاوبەشی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
سەردەمانێک بوو کە حیزبی دێموکرات زەرفی گشتگیری سەرجەم بزووتنەوەی گەلی کورد بوو. نەوەی پێشووی هەموومان بە شانازییەوە لە ڕیزی ئەو حیزبەدا خەباتیان کردووە. لە لایەکی دیکەوە، پلۆرالیزمی سیاسی کە لە دەیەکانی ڕابردوو هاتە ئاراوە و کوردستانی کردە مەیدانی خۆنواندن و ململانێی نێوان ئەو دوو هێزە و هێزەکانی دیکه‌ش، نەقشە و پیلانی شاراوەی کەس نەبوو و نییە، بەڵکوو بەرهەمی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری کۆمەڵگەی کوردستان بووە و دەبێ بە دڵی ئاواڵەوە وەربگیرێ و بە دروستی مودیرییەت بکرێ. گرینگ ئەوەیە کە لە هەناوی ئەو فرەییەدا یەکیەتی و یەکگرتووییەک بنیات بنێین. ئەمە گەورەترین ڕاسپاردە و ئەرکی مێژوویی ئەم سەردەمەی حیزبەکانی کوردستان بە تایبەت کۆمەڵە و دێموکڕاتە، وەڵامدانەوەی دروست و بەرپرسانەشە بە داخوازی کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستان. هەر ئەو ئاراستەیەش لە بەرژەوەندی باڵای گەلی کورد و بزووتنەوەکەی دایە.
عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
دامه‌زراندنی حیزبی دێموکرات هی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه که بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کورد پێ ده‌نێته قۆناغێکی نوێ و مودێرن و دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و حیزبه وه‌ڵامی گونجاو به‌و قۆناغه ده‌ده‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه کۆماری کوردستان دامه‌زراوه که دامه‌زرانی کۆمار هه‌م شانازییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ حیزبی دێموکرات و، هه‌م دامه‌زراندنی کۆمار له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورددا ئیقدامێکی سیاسیی گرینگه که خه‌باتی ڕزگاریخوازیی کوردستانی برده قۆناغی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و؛ هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی به چه‌ند قات برده سه‌رێ. دامه‌زراندنی کۆمار کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له سه‌ر هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان دانا و ده‌توانم بڵێم تا ئێستاش کاریگه‌رییه‌کانی هه‌ر هه‌ن.
حیزبی دێموکرات له‌و کاته‌وه به‌رده‌وام تێکۆشه‌ری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاریخوازی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بووه. سه‌ره‌ڕای هه‌وراز و نشێوی سیاسی، به‌ڵام ئه‌و حیزبه هه‌م شه‌هیدی زۆری داوه و، هه‌م به بێ پسانه‌وه به‌رده‌وام بووه له خه‌بات و به‌رگری له مافه‌کانی خه‌ڵک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. بۆیه ئه‌م مێژوویه جێگای ڕێزه و ئه‌و حیزبيش له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دێموکراتیکی کوردستاندا جێگای خۆی گرتووه و فاکته‌رێکی گرینگه له پرۆسه‌ی سیاسی کوردستاندا.
له ئێستاشدا که بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و مافخوازانه‌ی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان هه‌ل و ده‌رفه‌تی باشی بۆ ڕه‌خساوه و له هه‌مان کاتدا نه‌یارانی کوردستان پێلانگێرییهکانیان زیاتر ده‌که‌ن، پێویسته یه‌کڕیزیی کوردستان بپارێزرێ بۆوه‌ی بتوانین خه‌باته‌که‌مان سه‌ربخه‌ین و دێمۆکراسی بسه‌پێنین. له‌و بارودۆخه‌دا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له حیزبی دێموکرات ده‌کرێ شێلگیرانه بۆ یه‌کڕیزی و پێکه‌وه کارکردن له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تێ بکۆشێ و، بۆ پاراستنی دێموکراسی و دیالۆگی سیاسیی نێو هێزه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌نگاوی جیددی هه‌ڵبگرێ؛ تا هه‌موومان بتوانین پێکه‌وه ئه‌و قۆناغه هه‌ستیاره به سه‌رکه‌وتوویی تێپه‌ڕ بکه‌ین.
مومتاز حەیدەری، کەسایەتیی ئەدەبی و سەرنووسەری گۆڤارەکانی K21 و لەیلا قاسم – لەیلا زانا
حیزبی دیموکراتی کوردستان خاڵی وەرچەرخان بە نەتەوەبوونی هاوچەرخانەی ڕەوتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانە. حزبی دیموکراتی کوردستان لە ئامێزەی میهرەبانەکەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ کاف)دا خەمڵا و بوو بە بەشێکی زیندووی مێژووی نوێی کوردایەتی.
حیزبی دیموکراتی کوردستان نموونەی حیزبێکی شۆڕشگێڕ و ڕووناکبیرە و لە 72 ساڵەی دامەزرانی ئەو حیزبەدا بەر لە هەموو شتێک یادی هەر سێ سەرکردە کاریزما و مەزنەکەی بەرز ڕادەگرین، چونکی ئەم یادە لە نێو دڵی هەموو نەتەوەی کورددا هەر دەم شکۆدارە.
لەگەڵ دەسپێکی بزووتنەوە ڕووناک‌بیری و شوناسخوازییەکان لە سەدەی 19 لە سەر دەستی نوخبە سیاسی و ڕووناکبیرییەکان لە خاکی ئیمپراتوریی عوسمانی‌دا و سەرهەڵدان و دامرکانی زۆر شۆڕش و ڕاپەرین، ئەوانە هەموو کاریگەریی قووڵیان لەسەر بزووتنەوەی سیاسی و ڕووناک‌بیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕێچکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەینەوە، ئەگەر لە شۆڕشەکانی شیخ عوبەیدوڵڵا و سمکۆ وردبینەوە تا دەگاتە سەردەمی درووستبوونی «ژ.ک»، ئەوانە دەسەلمێنن کە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لەو بەشەدا پاشخانەکەی نەتەوەیی و شۆڕشگێرییە. ئەوەیە کە لە ئەنجامدا و لە 16/8/1945 لە باوەشی نەتەوەپەروەرییەکەی ڕێکخراوی «ژ.ک» حیزبی دیموکراتی کوردستان بە گەورەیی لە دایک بوو.
دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەکوو زەروورەتێکی گرینگی مێژوویی و خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە لە پیناو ئازادیی نیشتمان و بەختیاریی تێکڕای خەڵکی کوردستان بووەتە هۆی ئەوە دەسکەوتی گەورە لەسەر دەستی ئەم حیزبە دروست بێ.
دیارە لە سەرەتاوە بە خەباتێکی پشوودرێژو و شەونخونیی سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەسەرۆکایەتیی پێشەوا قازی و تێکڕای پێشمەرگە شوڕشگێر و ڕووناکبیرەکان، حیزبی دیموکراتی کوردستان زۆر بەزوویی لە باوەشی گەرم و گەورەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا جێی خۆی کردەوە و توانی لە سەردەمی گۆرانکارییەکانی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی دەرفەتەکان بقۆزیتەوە و دەسکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی وەک کۆماری کوردستان بۆ کورد بە دیاری بێنێ.
بە گشتی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پاشان ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە خاڵی وەرچەرخان لە ڕەوتی میژووی کوردایەتیی نوێی و هاوچەرخ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کوردستانی گەورەش دادەنرێ.
ئەو ٧٢ ساڵە لە تەمەنی دژوار و پڕ شکۆی خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، خەباتە خوێناوییەکەی و قوربانیدانە هەرە زۆرەکەی لە پێناو کورد و کوردستان بە بەشێکی مەزن و زیندووی سەرجەم مێژووی خەباتی گەلی کورد دادەنرێ.
وێڕای پیرۆزبایی گەرم، دەکرێ سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە چاوی رەخنەشەوە چاو لەو میژووە پڕ هەوراز و نشێو و شکۆدارەی خەبات و قوربانیدانی بکا و دەرس لە کەوتنەکانی وەربگرێ و لە پێناو یەکڕیزیی نێو ماڵی حیزبی دیموکرات و و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێ بکۆشێ.
جەلیل ئازادیخواز، نووسەر و ڕووناکبیر
چڕبوونەوەی داواکاریە سیاسیەکانی کورد، گەشەی کۆمەڵگەی کوردستان و دەرکەوتنی سەرەتاکانی بۆرژوازیی نەتەوەیی و ڕووناک‌بیری نوێی کورد، گۆرانکارییە جیهانی و ناوچەییەکان و دەرکەوتنی جیهانی پیشکەوتووی ڕؤژئاوا، لە چەمکی سیاسیی کۆی دیاردەکانی ناوچەکەدا، دەرفەتێکی تازەی بۆ کورد ڕەخساند کە هێزی خۆی کۆکاتەوە و لە فۆرمیکی نوێی سەردەمیانەدا هەموو خواستەکانی خۆی گەڵالە بکا و بە چاوکراوەیی و بەرنامەوە هەوڵی وەدیهاتن و ئەنجامدانیان بدا.
لەڕاستیدا ئەم فۆرمە نوێ و هێزە ریکخراوەیە حیزبی دیموکرات بوو کە بوو بە پێشەنگی داواکانی گەلی کورد و بەرپرسایەتییەکی گرنگی مێژوویی کەوتە ئەستۆ. ئەم دەرفەتە گرنگ و دەرکەوتە مێژووییە، نەک تەنیا لە کوردستانی خۆرهەڵاتدا، بەڵکوو لەکۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییماندا ئەرک و بەرپرسیارەتیی گرنگی خستە ئەستۆی حیزب. بۆیە وەک بوونێکی بابەتی، حیزب لەمیژووی خۆیدا خاوەنی ڕۆڵ و قورسایی و جێگای خۆی بووە لە کۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا. مێژووی حیزب بە هەموو هەوراز ونشێوەکانیەوە مێژوویەکی قابلی قبوڵ و گونجاوە . ڕۆڵی حیزب لە قۆناغی تازەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، بەتایبەتی لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا دیار و بەرجەستە و شیاوی سەرنجە. سودوەرگرتن لە تاکتیکی گونجاو، هەوڵی خۆرێکخستن و گونجان لەگەڵ سەردەم و گۆرانکارییەکان و داخوازییەکانی گەل ئەرکی هەمیشەی حیزب بووە و هەیە.
چرکەساتی ئێستامان چرکەساتێکی گرنگ و چارەنووسساز و هەتا کەم وێنەیە لە کۆی مێژووی نوێماندا. ئەم دەرفەت و چرکەساتە بەباوەڕی من دەخوازێ حیزب وەک یەک لە کۆڵەکە سەرەکی و هێزە گەورەکانی ڕۆژهەڵات، لە ئاست دوو بابەتی هەرە گرنگدا هەڵوێستەی جدی بکا و بە لێبراوی و سنگفراونی و هەست بە بەرپرسیارێتی زۆرتر وڵامی گۆرانکارییە نوێکان و پێداوێستیەکانی بداتەوە.
پێدەچێت لەئێستادا لانیکەم لە ڕووبەری زەینی و کولتووریدا، بزاوتی کوردی ڕۆژهەڵات ویست و داواکارییەکانی گۆڕاون و تاکی کورد بە فیدرالیزم و ئەم جۆرە فۆرمانە بۆ دەستەبەرککردنی ویستەکانی رازی و پێ مل نەبێ. باشتر وایە هەم حیزب و هەم کۆی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دروشمی «مافی چارەی خۆنووسین» هەڵگرن . فۆرمی ئەم چارەش دانێن بۆ دەنگدانی سەربەست و ئازادانەی جەماوەری گەل لە چرکەساتی شیاوی خۆیدا.
دۆخی ئێستامان، بەئاشکرا بەرجەستە و لە ویست و پێویستییەکی گرنگی ئیستراتیژیکەوە، خوازیاری یەکبوون و یەکگرتن و یەکخستنی هێزەکانمانە، بۆیە دەبێ حیزبی دیموکرات لەئاست دروستبوونی بەرەی کوردستانی و چەترێ بۆ یەکخستنی توناکانی خۆرهەڵات لانیکەم، لە ڕەهەندەکانی سەربازی و دیپلۆماسی و میدیاییدا بە ڕاشکاوی و لەخۆبوردەیی بێتە مەیدان و هەوڵی دروستکردنی ئەم بەرە و چەترە بدا.