مه‌سعوود موحه‌ممه‌د ڕۆژنامه‌نووسی چالاکی کورد که بۆ چه‌ند ڕۆژنامه‌و گۆڤاری ئینگلیزی و عه‌ڕه‌بی ده‌نووسێ، له‌باره‌ی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دوایییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه وتووێژێکی ده‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ڕێک خستوه که ڕۆژی پێنچ شه‌ممه ١٤ی مای (ئه‌یار)ی ٢٠١٥ له ڕۆژنامه‌ی “المستقبل”دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. ده‌قی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌نووس به‌م جۆره‌یه:
هه‌ولێر – مه‌سعوود موحه‌ممه‌د
“پیری خه‌باتگێڕانی کوردی ئێران” عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت که ئه‌وه‌ی له مههابادو شاره کوردییه‌کانی دیکه‌ی ئێران ڕووی دا، ڕاپه‌ڕینێکی گه‌لی بوو، و حیزبه کوردییه‌کان له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا له‌پشت کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ڕاوه‌ستان. حه‌سه‌نزاده له دیدارێکی تایبه‌ت ده‌گه‌ڵ “المستقبل”دا ئاواتی خواست که هه‌موو کورده‌کان پشتی مههابادو شاره ڕاپه‌ڕیوه‌کانی ئێران بگرن و گله‌یی له ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کرد که پشتگیرییه‌کی زۆری له ڕاپه‌ڕینی کورده‌کان نه‌کردوه. له باری نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، پیری خه‌باتگێڕانی کوردی ئێران ئومێدێکی به کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی نیه‌و داوای هاوپێوه‌ندییه‌کی پتری وڵاتانی عه‌ڕه‌بی ده‌گه‌ڵ کوردی ئێران ده‌کا.
پیری خه‌باتگێڕانی کورد ساڵی ١٩٣٨ له‌دایک بووه‌و له ته‌مه‌نێکی که‌مه‌وه چۆته نێوکاری سیاسی و له ١٣ ساڵییه‌وه چۆته گه‌ڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. وه‌ک ئه‌ندامێک کاری کردوه هه‌تا ساڵی ١٩٦٩ که وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێراوه، ساڵی ١٩٧١ بۆته ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و سێ جار وه‌ک جێگری سکرتێر ده‌گه‌ڵ دوکتۆر عبدالرحمن قاسملوو کاری کردوه. هه‌روه‌ها ساڵی ١٩٩٥ بۆته سکرتێر و هه‌تا ساڵی ٢٠٠٤ له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی خواره‌وه ده‌قی وتووێژه‌که‌یه:
له‌باره‌ی ئه‌و بڵێسه‌یه‌وه که ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ی لێ که‌وته‌وه حه‌سه‌نزاده گوتی: “ڕۆژی ٥ی ئه‌م مانگه (مای) کچه‌کوردێکی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی لیسانس (به‌کالۆریۆس) به ناوی فه‌ریناز خوسره‌وانی که له هۆتێل “تارا”ی شاری مه‌هاباد کاری ده‌کرد ده‌که‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژیی یه‌کێک له‌پیاوانی هێزه ئه‌منیه‌تییه‌کانی ئێران و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕیگایه‌کی هه‌ڵاتنی نابێ، بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی له نهۆمی چواره‌می هۆتێله‌که‌وه خۆی فڕێ ده‌داته خوارو ده‌سبه‌جێ گیانی ده‌رده‌چێ”.
“ئه‌و ڕووداوه ده‌بێته هۆی تووڕه‌یی توندی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و داوای به‌ربه‌رینی ئه‌وان بۆ لێپرسینه‌وه‌و سزادانی تاوانباره‌که. کاتێک خه‌ڵکه‌که ده‌بینن کاربه‌ده‌ستانی ئێران هیچ بایه‌خێک به داخوازه‌که‌یان ناده‌ن، ڕۆژی ٧ی مانگ هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ئه‌و هۆتێله‌ی تاوانه‌که له‌وێ ڕووی داوه‌و ئاگری تێ به‌رده‌ده‌ن، چونکه هێندێ زانیاری هه‌بوون که خاوه‌ن هوتێله‌که ته‌ون و به‌ستێکی ده‌گه‌ڵ تاوانبار هه‌بووه. له‌و ڕووداوه‌دا چه‌ند که‌سێک بریندار بوون و ژماره‌یه‌کیش له خۆپیشانده‌ران گیراون که تائێستا نازانرێ له کوێن و چی‌یان به‌سه‌ر هاتوه”.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی حیزبه کوردییه ئێرانییه‌کان به‌رامبه‌ر به‌و ڕووداوه‌وه، حه‌سه‌نزاده گوتی: “سروشتییه که هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه پێشکه‌وتووه‌کانی کوردی ئێران پشتی کۆمه‌ڵانی ڕاپه‌ڕیویان گرت و به‌توندی ئه‌و تاوانه چه‌په‌ڵه‌یان مەحکووم کرد، هه‌روه‌ک هه‌ڵوێستی تهماشاچییانهی ڕێژیمی ئێران به‌رامبه‌ر به‌و ڕووداوه دڵتهزێنهشیان ڕیسوا کرد”.
ده‌رباره‌ی نه‌خشی حیزبه‌کان له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا که له مه‌هاباده‌وه ته‌نیه‌وه بۆ شاره‌کانی دیکه‌ش، باوه‌ڕی وا بوو که: “ئه‌م ڕاپه‌ڕینه دژکرده‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به‌و ده‌ستدرێژییه تاوانبارانه‌یه بووه که کراوه‌ته سه‌ر ئه‌و کیژهو بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌و سیاسه‌تی بێ موبالاتی و که‌مته‌رخه‌مییه که کاربه‌ده‌ستانی ئێران به‌رامبه‌ر به هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ک که پیاوه‌کانی بۆ سه‌ر هاونیشتمانه کورده‌کانی ده‌که‌ن. به‌ڵام شاراوه نیه که حیزب و ڕێکخراوه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن هه‌رکام به‌پێی توانای خۆی خه‌ڵکیان هه‌یه‌و هه‌موویان به جیددی تێده‌کۆشن پشتگیریی کۆمه‌ڵانی تووڕه‌ی خه‌ڵک بکه‌ن و هانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ڕێژیم ده‌رهه‌ق به هاونیشتمانانی ئێران و به‌تایبه‌تی کورده‌کان ڕه‌ت بکه‌نه‌وه”.
به‌هاری ئێرانی
بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، حه‌سه‌نزاده گوتی: “به‌ڕاشکاوی بڵێم ئه‌من چاوه‌ڕوانیی هه‌ڵوێستێکی چالاکانهترو کاریگهرترم له هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هه‌بوو، که‌چی به‌شی زۆریان یان ته‌نیا وه‌ک خه‌به‌رێکی ساده ڕووداوه‌که‌یان بڵاو کرده‌وه یان به “دڵ گه‌وره‌یی”! بهپهنایدا تێ په‌ڕین و ئاوڕیان لێ نه‌دایه‌وه”.
ئومێدێک به ڕۆژئاوا نیه
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چ چاوه‌ڕوانییه‌کی له ڕۆژئاوا له سێبه‌ری وتووێژه‌کانی ده‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، حه‌سه‌نزاده گوتی: “بۆخۆم پێم وایه به‌جێ نیه چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆرمان له ڕۆژئاوا هه‌بێ که پێش هه‌موو شتێک بیر له قازانجه نیشتمانییه‌کانی خۆی ده‌کاته‌وه‌و ئه‌مه‌ش سروشتییه‌و هیچ قسه‌یه‌کم له‌سه‌ری نیه. چونکه به‌رپرسایه‌تیی ڕزگارکردنی ئێران ده‌که‌وێته سه‌ر شانی گه‌لانی ئێران و حیزبه سیاسییه‌کانیان ، نه‌ک هیچ لایه‌نێکی ده‌ره‌وه. به‌ڵام مه‌نتیقی و ڕه‌وایه که چاوه‌ڕوانیمان له ڕۆژئاوا‌و هه‌موو لایه‌کان هه‌بێ که چاوپۆشی له پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له ئێران و له ژێرپێنانی مافی دانیشتووانی ئێران نه‌که‌ن، ههرچونکه هێندێ قازانجی ماددیی خۆیانی تێدایه یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕواڵه‌ت قه‌ولی داوه واز له به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌کانی بێنێ، به‌تایبه‌تی که ده‌رکه‌وتوه ئه‌و ڕێژیمه پابه‌ندی هیچ قه‌ول و قه‌رارێک نیه که ده‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێک دایده‌نێ”.
چاوه‌ڕوانی له عه‌ڕه‌ب
له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه که کوردی ئێران چ ئومێدێکیان به ده‌وڵه‌تانی عه‌ڕه‌بی هه‌یه، حه‌سه‌نزاده گوتی: “ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواوه گوتم ده‌وڵه‌ته عهڕهبییهکانیش ده‌گرێته‌وه، به‌و جیاوازییه که زۆر پێوه‌ندیی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و هتد.. وڵاتانی عه‌ڕه‌بی به گه‌لانی ئێرانه‌وه گرێ ده‌ده‌ن. بۆیه جێی خۆیه‌تی چاوه‌ڕوان بین گه‌لانی عه‌ڕه‌ب پشتیوانییه‌کی زۆرتر له خه‌باتی ئه‌و گه‌لانه له پێناوی ڕزگاری له دیکتاتۆری و گه‌یشتن به ئازادی و دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانیدا بکه‌ن”.
هاوپێوه‌ندیی کورده‌کان
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که داخوا کورده‌کانی عێڕاق و تورکیه‌و سووریه پشتیوانی له کوردی ئێران ده‌که‌ن، ڕوونی کرده‌وه: “له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا هه‌ستمان کرد برا کورده‌کانمان له عێڕاق و تورکیه‌و سووریه دوای ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر کیژهکورد فه‌ریناز خوسره‌وانی، پشتیوانییه‌کی باشیان له ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی مه‌هاباد کرد. به‌ڵام له‌حاڵێکدا پڕ به‌دڵ سوپاسی ئه‌و هه‌ڵوێسته شه‌ریفه‌یان ده‌که‌م ناتوانم بیشارمه‌وه که ئه‌من وه‌ک هه‌ر کوردێکی ئێرانی چاوه‌ڕوانی پشتیوانیی بهربهرینترو کاریگهرترم لێیان هه‌یه، به‌تایبه‌تی له براکانمان له کوردستانی عێڕاق که به‌خۆشییه‌وه له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له‌پێشترن”.
له‌باره‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانه‌وه، گوتی: “زۆر به‌ڕاشکاوی بڵێم ئه‌من له‌کۆنه‌وه باوه‌ڕم وا بووه‌و ئێستاش هه‌ر وای ده‌بینم که پێکهێنانی کۆنگره‌یه‌کی کوردستانی به‌مانای ته‌واوی وشه‌که له‌و هه‌لومه‌رجه نێوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌دا که کوردی تێدا ده‌ژی، ئاواتێکی دووره‌ده‌سته. ئاره‌زوو ده‌که‌م ئه‌من به هه‌ڵه چووبم و کۆنگره‌یه‌کی له‌و بابه‌ته له زووترین کاتی گونجاو‌دا پێک بێ”.
ڕوو به کورده‌کان له وڵاتانی جۆراوجۆریشدا گوتی: “شتێک که ئه‌من له کورده‌کانی ئێران و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و هه‌موو جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌م ده‌وێ و به ئاواتی ده‌خوازم هه‌ر ئه‌وه‌یه که پاڵ وێک دهن و پشتی یه‌کتر بگرن و له خه‌باتی ڕزگاریخوازانهیاندا پشت به تواناکانی خۆیان ببه‌ستن، چونکه پێم وایه هه‌موو یارمه‌تییه‌کی ده‌ره‌وه -ئه‌گه‌ر هه‌بێ- ته‌نیا هۆیه‌کی لاوه‌کی و یارمه‌تیده‌ری تواناکانی خۆمانه. به هیچ جۆرێکیش مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه یارمه‌تیی خێرخوازان له‌و ڕێبازه خهباتگێڕانهیهدا به‌که‌م بگرم”.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه که داخوا به ده‌سکه‌وته‌کانی کورد ڕازییه، گوتی: “قسه‌یه‌ک هه‌یه که ده‌ڵێ گرنگ ئه‌وه نیه مرۆڤ به زیندی سه‌ری له خه‌باتی خۆیدا سه‌ر ده‌که‌وێ یان نا، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌وکاته‌ی ده‌مرێ بتوانێ بڵێ ئه‌وه‌ی له‌توانامدا بوو کردم… ئه‌من ناڵێم هه‌موو شتێکم کردوه به‌ڵام ویژدانم ئاسووده‌یه له‌وه‌ی توانیومه بۆ گه‌له‌که‌می بکه‌م. شانازییش ده‌که‌م که حیزبه‌که‌مان هیچ هه‌ڵه‌یه‌کی وای نه‌کردوه که زیان به مه‌سه‌له‌ی کورد‌و قازانجه‌کانی بگه‌یه‌نێ”.