(پشتبەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان)
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ هاوکاتە لە گەڵ ٧٢ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ٧٢ ساڵ پێش لە ئێستا لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کۆمەڵەی رێکاف) و بە پێشەوایەتیی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر دامەزرا. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە یەکەم هەنگاوی مەزن و مێژوویی دامەزرانی کۆماری کوردستان بووە، لە تەمەنی زیاتر لە حەوت دەیەی خۆیدا وەک حیزبێکی کاریگەر کە شوێنپەنجەی راستەوخۆی بە سەر رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، گەلێک قۆناغی جۆراوجۆری تێپەڕاندوە. قۆناغەکانی کارو تێکۆشانی ئەم حیزبە پڕن لە هەورازو نشێوی سەخت و دژواری سیاسی-تەشکیلاتی کە لە جۆری خۆیدا بۆ ئەم حیزبە تایبەتی و ناوازەن.
ئێستایش دوای ٧٢ ساڵ بەسەر دامەزرانیداو تێپەڕاندنی کۆمەڵێک قۆناغی پڕ لە شانازی و دەسکەوت، پڕ لە نشێو و نەهامەتی، پڕ لە فیداکاری و گیانبازی، پڕ لە ناکۆکی و لێکترازان، پڕ لە دووری لە ژینگەی ئەسڵیی خۆی و و دنیایەک پڕاوپڕی دیکەی خۆش و ناخۆش، دیسان ئەم حیزبە لە گۆڕەپانی خەبات و سیاسەت و خاوەنداریدا، جێگەو پێگە، ئێعتبارو کاریگەریی تایبەتیی هەیەو، وەک یەکێک لە حیزبە دیار و بەرچاو و سەرەکییەکانی کورد و کوردستان دێتە ئەژمار.
ئەوەی لەم پێوەندییەدا دەمانهەوێ قسەی لە سەر بکەین و تایبەتی باسی لە سەر بکەین، رەمزی مانەوە و بەردەوامیی ئەم حیزبە لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشاندایە وەک رێبەری بزووتنەوەیەکی لەمێژینەی ڕەوا لە رۆژهەڵاتی کوردستان. زۆرن ئەو هۆکارو دەلیلانەی کە دەکرێ پشتیان پێ ببەستین و ئاماژەیان پێ بکەین کە ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان هەبووەو هەیە لە مانەوەی ئەم حیزبەدا، بەڵام ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمانە وەک هۆکارێکی ژیاری (حەیاتی) بۆ مانەوەی ئەم حیزبە باسی لێوە بکەین، ئەسڵێکە کە دەتوانێ بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو ئەو هۆکارانەی دیکە لە خۆیدا کۆبکاتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە پێناسەی “رێبەری بزووتنەوەی میللی – دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان”ی بۆ کراوە، لە گەڵ ئەوەیکە زۆربەی هەرە زۆری تەمەنی دوور لە ژینگەی ئەسڵیی خەبات و تێکۆشانی خۆی بووە، بەڵام چۆنە لە گەڵ ئەوەیکە هەمیشە لە تاراوگەدا بووە، توانیویەتی رێبەریی ئەم بزووتنەوەیە بکات ؟! بێگومان وڵامی ئەم پرسیارە هەمان ئەو رەمزەیە کە ئەم حیزبەی بە زیندوویی و شوێندانەریی هێشتۆتەوە کە، ئەوەیش شتێک نیە جیا لە “پشت بەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان”. ئەم ئەسڵە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان هێند گرینگ و حەیاتییە کە یەکەم پێشەوای ئەم حیزبە لە پێگەی سەرکۆمارییدا، ئامادەیە بە خاتری گیانی ببەخشێ. پێشەوای نەمر، قازی محەممەدی سەرکۆمار، کاتێک کە لێی دەپرسن بۆچی نەڕۆیشتی و خۆت بە دەستەوە دا؟!، لە وڵامدا دەڵێ “تەنیا لەبەر “خەڵک”ەکەم، بۆ ئەوەی خەڵکەکەم بپارێزم”. ئەم هەڵوێستەی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بۆ ئێعتبار پەیداکردنی حیزبەکەی لای خەڵکەکەی و متمانە پێکردنی کە بتوانن بۆی ببنە پشتوپەنای هەمیشەیی، بە رادەی راگەیاندنی کۆماری کوردستان جیی بایەخ و پشت پێبەستنە. پێشەوا دەیزانی کە بەتەنیا هێشنەوەی خەڵک لە بەرانبەر هێزی سەرکوتکەری رێژیمی ئەوکاتدا، بۆ هەمیشە متمانەی خەڵک بە حیزبەکەی لە نێو دەبات و چیدیکە خەڵک بۆ حیزب نابنە پشت و پەنا.
لە تەواوی بڕگەو قۆناغەکانی ژیان و تێکۆشانی ئەم حیزبەدا ئەم ئەسڵە بە لەبیرنەکراوەیی ماوتەوەو بەردەوام پێداگری لە سەر کراوە. شەهید دوکتور قاسملوو لە پێوەندیی لە گەڵ رۆڵی خەڵک و پشت بەستن بە ئیرادەی گەل لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چەندین وتارو لێدوانی تایبەتی هەیەو لە چەند نموونەیەکیشدا بە کردەوە تەنیا غەم و نیگەرانیی ناوبراو، پاراستنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. کاتێک کە لە ساڵەکانی ١٣٥٩ بۆ ١٣٦٠دا هێزی پێشمەرگە شارەکان چۆڵ دەکەن و مەیدانی بەرەنگاری دژ بە هێزەکانی رێژیم بۆ دەرەوەی شارەکان دەگوازنەوە، شەهید دوکتور قاسملوو لە پێوەندی لە گەڵ هۆکاری ئەم بڕیارەدا دەڵێ: “ئامانجی ئێمە لەو کارە پاراستنی خەڵکە لە شەڕ و ماڵوێرانی.” هەر لە پێوەندی لە گەڵ روانینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ “خەڵک”دا، شەهید دوکتور قاسملوو پشتیوانیی خەڵک بۆ موبارزە بە یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی سەرکەوتن دەزانێ و دەڵێ:” سێ هۆکار هەیە کە دڵخۆشمان دەکات بە سەرکەتن کە بریتین لە: پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و واقعبینی لە سیاسەت.”
خودی ئەم پشت پێبەستنە بە “ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان” بۆ حیزبی دێموکرات هەروا بە ئاسانی و لەخۆڕا درووست نەبووە! هەڵوێستی درووستی سیاسی، خوێندنەوەی واقعبینانەی شەرایەتی موبارزە و رووداوەکان و، لە هەمووی گرینگتر خۆبەختکردن لە پێناو ئامانجەکانی خەڵک و بەردەوامبوون لە خەبات و تێکۆشانە کە متمانەی لە لای خەڵک درووست دەکات بۆ پشتیوانی لێکردن. حیزبی دێموکرات ئەم متمانەیەی بە هەزینەیەکی قورس و گران وەدەست هێناوە. حیزبێک کە سەرکۆمارەکەی لە پێناو پاراستنی خەڵک و، دوو رێبەری وەک شەهیدان؛ دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندیی لە پێناو ویستوداخوازەکانی خەڵک و، بە هەزاران کەس لە باشترین رۆڵەکانی لە پێناو سەربەرزی و سەربەستیی ئەم خەڵکەدا بەخت کردبێ، چۆن ناتوانێ متمانەی میللەتێکی لە پشت بێ؟! کە بێگومان هەر ئەم متمانەیە بە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خەڵک و هەر ئەم پشتبەستنەی حیزب بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هۆکاری بنەڕەتین بۆ بەردەوامیی ئەم خەباتەو ئەم رۆڵەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان زیاتر لە حەوت دەیەیە وەک رەساڵەتێکی تاریخی هەڵیگرتووە.
پشت بەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ حیزبی دێموکرات لە روانگەی ئەم حیزبەوە تەنیا ئەمرێکی داخراو و یەکلایەنە یان یەک تەرەفە نیەو نەبووە، بەڵکوو تێکەڵێک بووە لە متمانە پێ کردن و مودیرییەت کردنی بەردەوام. بە مانایەکی دیکە بۆ ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بتوانێ لە شەرایەتی جۆراوجۆری خەباتدا متمانەی ئەم پشتیوانەیە وەدەست بهێنێ، هەوڵی داوە بە خوێندنەوەیەکی واقعبینانە لە شەرایەتی کۆمەڵگا و ژینگەی جووڵەی خەڵک و پتانسێلی ئەم هێزە، بە جۆرێک مودیریەتی رەفتاری ئەم پشتیوان و ئیرادەیە بکات.
مادام ئەم پشتیوانەیە بە پێی تەمەن و فەزای فکری و تەنانەت روانگەیان بۆ جۆری خەبات بە پێی شەرایەتی زاڵی سیاسی لە گۆڕان و تەحوول دایە، بۆ حیزبی دێموکراتیش هەوڵدان بۆ راگرتنی ئەم پشتیوانە و، متمانە پێدانیان ئەمرێکی زەروورییە. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ئەم زیاتر لە حەوت دەیەیەدا بە خوێندنەوەی سەردەمیانە لە رووداوەکان و جۆری روانین بۆ رەهەندەکانی خەبات، بەردەوام هەوڵیداوە متمانە و سەرنجی نەسڵە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بۆ لای خەباتی مافخوازانەی نەتەوەیی و دێموکراتیک کە خۆی رێبەری دەکات رابکێشێ. هەر ئەوەیکە دەبینین لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا بە ئێستایشیەوە، رۆژانە پۆل پۆل لە لاوانی خاوەن هەڵوێست پەیوەست بە ریزی تێکۆشانی ئاشکراو نهێنیی ئەم حیزبە دەبن و تێکۆشەرانی ناوخۆی وڵات چاویان لە رەفتار و گوفتاری ئەم حیزبەیە، دەریدەخات کە ئەم پشتیوانەیە هەر وا لە جێی خۆیدایە.
ئێستایش دوای ٧٢ ساڵ لە دامەزراندنی هەرچەند شەرایەتی خەبات و مەیدانی تێکۆشانی ئەم حیزبە لە ئاست پێویست و چاوەڕوانییەکاندا نیە، بەڵام مادام “خەڵک”، حیزبی دێموکرات بە هی خۆیان دەزانن و حیزبیش پشتی بە ئیرادەی خەڵک قایمە، دڵنیاین لە هەر ئەگەرێکدا، حیزبی دێموکراتی کوردستان دەتوانێ ئەو رۆڵە بگێڕی کە لە کۆنەوە لێی چاوەڕوان دەکرێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.