هەینیی رابردوو، دەستێکی نادیار، بنکەی ئەدەبی و فەرهەنگیی “ڤەژین”ی لە شاری مەریوان کردە ئامانج و ئاوەری تێبەردرا. ئەم بنکەیە لە کاتێکدا کرایە ئامانج کە کۆمەڵێک منداڵی خوازیاری فێربوونی زمانی دایکیی خۆیان، لە درێژەی دەورەیەکدا کە لە یەن ناوەندی ناوبراوەوە بۆیان داندرابوو، خەریکی فێربوونی خوێندن و نووسین بە زگماکی خۆیان بوون. چاڵاکانی ئەم بنکەیە و مامۆستایانی فێرگەی زمانیی کوردیی بنکەکە، راست رۆژێک دواتر بە بێ ئەوەی بە هۆکاری ئاورتێبەربوونی بنکەکەوە، چالاکییەکانیان پەک بخەن، لە بەردەم بنکەکەدا درێژەیان بە وانەوتنەوە بە فێرخوازانی زمانی کوردی دا. ئەمە پەیامێکی پڕناوەڕۆک بوو بۆ ئەو کەس یان لایەنەی کە لە پشت ئاورتێبەردانەکەی بنکەی ڤەژینەوەیە. ئەوان ویستیان بە ئاورتێبەردانی ئەم بنکەیە کۆتایی بە چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی ئەم کۆمەڵە کەسە دەروەست و گەلدۆستە بێنن، بەڵام ئەمان بێئەوەی بۆ رۆژێک پەکی کارەکەیان بخەن، لە وڵامدا پێیان وتن کە: “ئەم میللەتە لە سەر پێیە”.
ئاورتێبەردانی بنکەیە ئەدەبیی فەرهەنگیی ڤەژین و لەبەرانبەردا بەردەوامبوون لە کارو تێکۆشان و بەرەوپێشچوونی چالاکانی سەر بەم بنکەیە، دەکرێ نموونەیەکی هەرەزیندوو و بەرچاو بێ لە، کۆڵنەدانی میللەتێک بەرانبەر بەو هەمووە زوڵم و زۆرییەی کە لە لایەن دوژمنانی رەنگاورەنگیەوە لێ دەکرێ.
ئەگەر هەر تەنیا کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ئەو نزیک بە ٤٠ ساڵەدا بە نموونە بهێنینەوە، دەبینین کە لەو نزیک بە چوار دەیەیەدا، دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئەم بەشە لە کوردستاندا، بە گرتنە پێشی سەدان پیلان و سیاسەتی سەرکوتکارانەی جۆراوجۆری سیستماتیک، هەوڵی داوە ئەم میللەت و نیشتمانە بەرەو داروخان، کۆڵدان، دەستەمۆیی و لە کۆتاییدا تەسلیمبوون پەلکێش بکات. بەڵام لە بەرانبەردا ئەم میللەتە بە دانی دنیایەک هەزینەی قورسی گیانی و ماڵی، هەر بە راوەستاوی و لە سەرپێبوون ماوەتەوەو درێژەی بە حەیاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئەدەبی و مەدەنی خۆی دەدات.
یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم راوەستاوی و لەسەرپێبوونە، جەماوەری بوونی خەبات و تێکۆشانی مافخوازانەی ئەم میللەتەیە لە هەموو بەستێنەکانیدا. گومان لەوەدا نیە کە ئەگەر جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا لە سەر ئەستۆی هێزە سیاسییەکانی بایە، ئەمڕۆ ئەم بزاڤە نەیدەتوانێ بە سەرنجدان بەو هەمووە بەربەست و شەرایەتە نادڵخوازەی کە مەحدوودییەتی لە چالاکبووندا بۆ ساز کردوە، لە سەر پێ و راوەستاو بێ.
لە نزیک بە دوو دەیەی رابردوودا، چالاکانی ناوخۆی وڵات لە هەموو بەستێنەکانی سیاسی، مەدەنی، ژینگەپارێزی، ئەدەبی، فەرهەنگی، وەرزشی و تەنانەت ئایینیی و نیشتمانپەروەرانە، سەرەڕای بێئیمکاناتی و ئاوەڕلێنەدانەوەی دەسەڵات و بگرە بەربەست درووستکردن و لێپرسینەوە لێیان و زۆر جاریش گرتن و زیندانی کردن و مەحروومکردنیان لە زۆر مافی کۆمەڵایەتی، دیسانیش توانیویانە ئەم میللەت و بژافە مافخوازانەیە راوەستاو رابگرن. ئەوان هاوکات لە گەڵ رووبەرووبوونەوە لە گەڵ سیاسەتی توانەوەو سڕینەوەی دەسەڵات دژ بە زمان، کلتوور و بە گشتی شوناسی میللیی ئەم نەتەوەیە، بە دامەزراندنی کۆمەڵێک بنکەو ئەنجوومەن و دامەزراوەی مەدەنی و غەیرە دەوڵەتی، بوون بە پارێزەری ئەم خاک و خەڵکە. ئەوان بە کۆبوونەوەیان لە دەوری یەکتر لە کۆمەڵ و رێکخراو و ئەنجوومەن و گرووپی جیاوازدا، پارێزگارییان لە زمان، کلتوور، ژینگە و شوناسی ئەم خاک و خەڵک و نیشتمانە کردوەو دەیکەن.
جێی خۆیەتی بە چاوی رێزو پێزانینەوە بڕواندرێتە چالاکیی و تێکۆشانی ئەم رێکخراو و ناوەندە جۆراوجۆرانەو باوەڕ بەوە بهێنین کە ئەگەر لانیکەم لە دوو دەیەی رابردوودا رۆڵ و کاریگەریی ئەم دامەزراوانە لە سەر کۆمەڵگا نەبا، ئەمڕۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە دەسەڵاتێکی رەشی کۆنەپەرەست بەم شێوەیە لە سەر پێ نەدەبوو.
.