ئێستا ئیدی نەک خەڵک و چاوەدێرانی سیاسی و ڕەخنەگرانی دەسەڵات، بەڵکوو لە کاربەدەستانی حکومەتیش که‌س حاشا له‌وه ناکا هه‌ژاری و داماوی یه‌ک له‌و پێناسه سه‌ره‌کییانه‌یه که ئێران و کۆمه‌ڵگای ئێرانی ئێستای پێ ده‌ناسرێته‌وه.
هه‌ژاری و مه‌ودای چینایه‌تی (کاخنشینی و کوخنشینی) خۆی یه‌ک له‌و ته‌وه‌رانه بوو که له شۆڕشی ساڵی 57 به دژی ڕێژیمی پاشایه‌تیدا دروشمی زۆری له‌سه‌ر درا، به‌ڵام ئێستا دوای نیزیک به ٤٠ ساڵ له ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی کۆماری ئیسلامی ده‌بینین که هه‌ژاری کۆمه‌ڵگای ئێرانی به‌ره‌و هه‌ڵته‌کان بردوه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی زۆر خه‌سار و دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیکه.
باس له هۆکاره‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری له کۆمه‌ڵگای ئێران باسی سەرەکیی نووسینی ئه‌و بابه‌ته نییه، به‌ڵکوو شێوه‌ی مامه‌ڵه و هه‌ڵسوکه‌وتی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌و دیارده‌یه، که به‌رهه‌می شێوه‌ی مودیرییه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته له‌لایه‌ن خۆیانەوە؛ ئەوەیان جێی باس و لێوردبوونه‌وه‌یه.
له پێشدا با بزانین ئاماره ڕه‌سمییه‌کان چیمان پێده‌ڵێن و قسه‌ی کاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته چین:
دوای ماوه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری باسی میدیاکان له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته که هێڵی هه‌ژاری له ئێران چه‌نده‌یه و چه‌ند که‌س له حه‌شیمه‌تی ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاری دا ده‌ژین، دواجار به‌رپرسێکی ره‌سمیی وڵات دانی به‌وه دانا که دیارده‌ی هه‌ژاری له ئیران‌دا په‌ره‌ی سه‌ندوه و زیاتر له ٤٠ میلیۆن له حه‌شیمه‌تی ٧٠ میلیۆن که‌سیی ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین.
سه‌رۆکی ناوه‌ندی ئاماری ئێران له لێدوانێکیدا بۆ هه‌واڵده‌ریی ئیسنا ڕایگه‌یاندوه که به هۆی کێشه‌کانی بێ‌کاری، ته‌وه‌ڕوم و نه‌بوونی کۆنتڕۆڵی نه‌ختینه‌یی ٤٠ ملیۆن که‌س له خه‌ڵکی ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین. ئه‌و ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران له ڕووی سه‌رچاوه سروشتی و کانگا و سه‌رچاوه ژێر زه‌وینییه‌کاندا یه‌کجار دهوڵهمەنده، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش زیاتر له ١٠ میلیۆن که‌س له ئێران له ژێر هیڵی هه‌ژاری موتڵه‌ق و ٣٠ میلیۆن که‌سیش له ژێر هێلی هه‌ژاری رێژه‌یی دا ده‌ژین.
محه‌ممه‌د موخبیر دزفولی، سه‌رۆكی «ستادی ئیجڕایی فه‌رمانه‌کانی ئیمام» ده‌ڵێ ٣٠ میلیۆن كه‌س له ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین که ١٢ میلیۆن كه‌س له‌وان به ته‌واوی له ژێر هیڵی هه‌ژاریی موتڵهقدان، واته بۆ نانی شه‌وێ موحتاجن.
هه‌ر ماوه‌یه‌ك له‌وه پێش بوو که په‌رویز فه‌تاح، سه‌رۆكی كومیته‌ی ئیمداد ڕایگه‌یاند كه ١١ میلیۆن كه‌س له ئێران توانای دابینکردنی خواردنی ڕۆژانه‌ی نییه و عه‌لی ئه‌كبه‌ر سه‌یاری، جێگری وزیری ته‌ندروستی، ده‌رمان و فێركردنی پزیشكیش ڕایگه‌یاندبوو كه داڵغه‌ی زیاتر له ٢٥ میلیۆن كه‌س له خه‌ڵکی ئێران نان و چۆنیه‌تیی هێنانی بژیوی ژیان بۆ سه‌ر خوانی ماڵه‌که‌یانه.
موجته‌با ڕه‌حماندوست، نوێنه‌ری تاران و ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌جلیس ڕایگه‌یاندوه كه له ئاستی ئێران‌دا ١٢ میلیۆن كه‌س ئاتاج و چاو له‌ده‌ستن. وه‌ک ئه‌و باسی ده‌کا ٦ میلیۆن که‌س له‌وان له ژێر چاودێریی ماڵیی هیچ ناوه‌ندێکی حکومی‌دا نین و جێی سەرنجە کە لانی زۆری داهاتی ئه‌م ٦ میلیۆن كه‌سه‌ش کە ڕه‌حماندوست باسی ده‌کا هه‌مان بڕی ٤٥ هه‌زار و ٥٠٠ تمه‌ن یارانهیهیه که له ده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرن.
ئه‌حمه‌دڕه‌زا موعینی، نوێنه‌ری كرێكاران له شوڕای بالای كار ده‌ڵێ ئێستا حه‌قده‌ستی ژێر ١ میلیۆن و ٨٠٠ هه‌زار تمه‌ن به ته‌واوی ده‌خرێته ژێر هێڵی هه‌ژاری، کەچی هەر بەپێی نرخی دەوڵەت كرێكاران هه‌قده‌سته‌كانیان مانگانه خوار ٩٠٠ هه‌زار تمه‌نه.
خۆش ئه‌وه‌یه که پاسدار ڕۆسته‌م قاسمی وه‌زیری پێشووی نه‌وتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و باڵباڵێنی نێو رێژیم‌دا له‌و پێوه‌ندییه‌دا که‌می ناهێنێ و دان به بارودۆخی خراپی ئابووری و هه‌ژاری و بێكاری داده‌نێ. ئه‌و ده‌ڵێ ٢٠ میلیۆن که‌س له ئێران به ته‌واوی هه‌ژارن. ئه‌و به په‌لاماردانی حه‌سه‌ن ڕوحانی ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ی ده‌یانگوت له ماوه‌ی ١٠٠ ڕۆژدا هه‌موو كێشه‌كانی ئێران چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین پێموایه ئالزایمێری سیاسی‌یان گرتوه.
له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه په‌ره‌سه‌ندنی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ئێران به‌هۆی هه‌ژاری ڕوویه‌کی دیکه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌یه که ئه‌ویش هه‌ر به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.
حه‌سه‌ن موسه‌وی چه‌له‌ک، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نوسینگه‌ی کار و به‌رنامه‌کانی ڕێکخراوی بێهزیستی ده‌ڵێ زۆربوونی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئه‌منیه‌ت و سڵامه‌تیی کۆمه‌ڵاتی خه‌ڵکی ئێران داناوه و ئه‌و خه‌سارانه له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا هه‌ر دێ و زیاد ده‌بن.
ئێعتیاد، ته‌ڵاق، خۆکوژی، چوونه‌سه‌رێی ته‌مه‌نی پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوبه‌ش، دزی و له‌شفرۆشی به‌شێک له‌و خه‌سارانه‌ن به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژارییه‌وه تا دێ زیاتر ده‌بن، به‌ڵام خه‌مساردیی ده‌وڵه‌ت گه‌یوه‌ته جێیه‌ک که له به‌رنامه‌ی پێنجه‌می گه‌شه‌دا ته‌نانه‌ت چووکترین ئاماژه‌ش به خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نه‌کراوه.
ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا ئه‌و ئامار و ڕهقهمانهن که له‌لایه‌ن خودی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ته‌وه باس ده‌کرێن و سه‌ره‌ڕای که‌مێک سه‌نگی و سووکییان لەگە یه‌کتر به ڕوونی ده‌ریده‌خه‌ن که ڕه‌وشی کۆمه‌ڵگایان به چ ئاقارێکدا بردوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێ ئه‌وه‌یه که کێ سه‌به‌بکاری ئه‌و دۆخه‌یه؟ مه‌گه‌ر ئەو بەڕێزانە هه‌ر بۆ خۆیان بڕیاربه‌ده‌ست و جێبه‌جێکاری به‌رنامه‌کانی ده‌وڵه‌ت و پیاوی ئه‌و حکومه‌ته نین؟ بە ئەمنیەتیکردنی ئابووری، گەندەڵیی سیستماتیک و ڕانت‌خۆری کە بەشێک لە هۆکارەکانی ئەو دۆخەن مەگەر هەر لەلایەن خۆیانەوە نەکراوە؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان گله‌ییان له‌و دۆخه هه‌یه خه‌ڵک ده‌بێ چیی دیکه‌ی لێ زیاد بکا و پاشان چاره‌سه‌ر چین و کامانه‌ن؟ ئایا جیا له‌وه‌یه که هه‌ر خۆیان تاوانباری سه‌ره‌کیی خوڵقانی ئه‌و دۆخه‌ن؟
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.