لە مێژە ئیدی هەواڵی خۆکوژییەکان لە کوردستان موچرک ناخاتە لەشی ئینسانەوە. ئەو ڕووداوانە هێندە دووپات بوونەتەوە خەریکە دەبنە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی و بە تەواوی ئاسایی دێنەبەرچاو.
هۆکارەکان چین کە دیاردەیەکی ناسروشتیی وەک زۆربوونی خۆکوژییەکان نابنە خەمی خەڵک و دەسەڵات؟ بۆ ئەو لایەنە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک ئاوڕی لێ نادرێتەوە؟ کاریگەریی خۆکوژییەکان لەسەر کۆمەڵگا و بیرکردنەوەی خەڵک چین؟
لە وتووێژ لەگەڵ ئارێز ڕۆژهەڵاتی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی لە نێوخۆی کوردستان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێین:
ماوەیەکە دیسان شەپۆلێکی نوێ لە خۆکوژییەکان لە کوردستاندا دەبینین. ئەوە کە چەندی ئەو حاڵەتانە بە میدیایی دەکرێ و چەندی دیکەش خەڵک پێی نازانن لە جێی خۆی، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئەو شەپۆلە نوێیە هیچ پێوەندیی بە بارودۆخێ ئێستای کۆمەڵگاوە هەیە؟
خۆکوژی وەکوو کردە و ڕەفتارێکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی شتێکی تازە نیە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەردەوام، کەم و زۆر ئامادە بووە. بوونی ڕادەیەکی قەبووڵکراو لە خۆکوژی یا هەر کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگایەکدا نۆرماڵ و ئاساییە و ناسروشتی بوون و ئابنۆرماڵ بوونی کۆمەڵگایەک بە نیسبەت هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کاتێک دەست پێ دەکا کە ئەو کێشەیە لە زەمەنێکی تایبەتدا چ لە باری چەندایەتی و چ لە ڕووی چۆنایەتییەوە جیاواز بێ و بەجۆرێک لە جۆرەکان تۆخ ببێتەوە.
دیارە لێرە مەبەست تەنیا زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانە نیە کە خۆیان دەکوژن، بۆ نموونە، بۆ ئەوەی خۆکۆژی بە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی دابنێین پێویست ناکا حەتمەن ژمارەی قوربانییەکان زۆر بن، جاری وا هەیە ژمارەی قوربانیانی کێشەیەک لە کۆمەڵگا زۆر لەوەندەش زیاترە، وەک مردن بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر؛ کەچی خەڵک ئەو هەستیارییەی بە خۆکوژیی هەیەتی، بۆ ئەوی نییە.
«ئیمیل دورکیم»، کۆمەڵناسی بەناوبانگ پێی وایە هەر کێشە و دیاردەیەک تەنیا کاتێک دەتوانێت ببێ بە قەیرانی کۆمەڵایەتی کە «ویژدانی کومەڵایەتیی» ئەو کۆمەڵگایە بهەژێنێ. هەڵبەت ڕوانگەی کۆمەڵناسەنەی تازەتر و جیاوازتریش بەنیسبەت خۆکۆژی هەیە، بەڵام ئەوەی لێرە بەلای منەوە گرینگە ئەوەیە کە؛ بەداخەوە ئەگەرچی ڕێژەی خۆکۆژی لەم ساڵانەدا لە کوردستان بەردەوام زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی ئیران بووە کەچی نەمانتوانیوە بیکەین بە هۆیەک بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات تا بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە.
من وادەزانم لە ئێستای کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دوو بنەمای کێشە ساز هەیە کە دوو جۆر قوربانی تایبەت بە خۆی لێ دەکەوێتەوە، یەکەمیان بنەما سوننەتییەکانە و ئەویتر خەسارەکانی مۆدێرنیتەیە. دیارە هوێ کێشە ساز بوونی ئەم دوو بنەمایەش، سیاستە هەڵەکانی دەسەڵات لانیکەم لە چل ساڵی ڕابردوو دایە.
ئەوەی ئێمە دەیبینین لە خۆکوژییەکاندا تەنیا بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەمێک لەوان و هەندێ لێکدانەوەی ڕواڵەتیی دیاردەکەیە. دەمەوێ بڵێم ئایا خۆکوژییەکان لە کوردستان بوونەتە خەمێکی گەورە و جیددی؟ ئەگەر بوون تا ئێستا چی کراوە؟
نە بەداخەوە نەبووە بە خەمێکی چکۆلەش، بۆیە کارێکی جدیشی بۆ نەکراوە، تەنانەت ئامارێکی ورد و راستیش لەو پێوەندییەدا لەبەردەستدا نیە.
هەڵبەت ئاماری خۆکوژی لە هەر کۆمەڵگایەکدا و بە تایبەت ئەگەر کۆمەڵگاکە وەکوو کوردستان سوننەتی بێ، زۆر ناڕوونە، لە گەڵ ئەوەشدا بەنیسبەت ئیران دەبێ بە ئەمنیەتی کردنی ئەو ئامارنەشی لێ زیاد بکەی.
دیارە ئەوە ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنییە کە لە ڕێگەی چالاکیی مەدەنی و میدیاوە، ئەو جۆرە کێشانە بکا بە باسێکی کۆمەڵایەتی و لە دواجاردا بە کێشەی دەسەڵات، تاکوو لە بیری چارەسەردا بێ.
ئەگەر ئەو خۆکوژییانە ئەو خەمەیان دروست نەکردوە، هۆکارەکەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
لەکۆمەڵگای ئیمەدا هێشتا وەکوو قوربانیبوون سەیری خۆکوژیی تاک ناکرێ. لەپێشدا وەکوو کەسێکی دۆڕاو و هێندی جار کەم بایەخ و سەربار سەیری دەکەن و بڕیاری لە سەر دەدەن. دیارە لە ڕوانگەی شەرعیشەوە خۆکوژی کردەوەیەکی باش نیە.
جیا لە هەمووی ئەمانەش لەمپەری گەورە کە لە ئێستادا بووەتە هۆی تۆخ نەبوونی دیاردەی خۆکوشتن لە کۆمەڵگادا، ئەوەیە کە لەم کاتەدا زیاتر لە هەر کاتێکی دی، کوژران و کوشتن و خۆکوژییە جۆراوجورەکان لە جیهان و بە تایبەت لە ناوچەدا و ڕەنگدانەوەی لە میدیا و بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بۆ خەڵک ئاسایی بووەتەوە. بۆ نموونە لە کاتێکدا خەڵک ڕۆژانە فیلمی کوشتارە ترسناکەکانی داعش دەبینێ، ئیدی خۆکوژیی تاکێک نایهەژێنێ.
جیا لەوەش ئێمە کۆمەڵگای مەدەنی و میدیایەکی سەربەخۆ و قەدەرمان نیە کە بتوانێ و بیەوێ جەرەیانساز بێ.
ئەسڵەن لە بنەڕەتدا ئەوە دەتوانێ و دەبێ خەمی کێ بێ؟
لە بنەڕەتدا مادام دەڵێین کێشەی کۆمەڵایەتی، ئەوا دەبێ کێشە و خەمی گشت کۆمەڵگا و بە تایبەت بنەماڵەکان وکۆمەڵگای مەدەنی بێ. هەروەها بەزۆر یا ڕەزا لە ڕێگەی گوشارە مەدەنییەکانەوە بکرێتە کێشە و خەمی دەسەڵاتیش.
مەترسییەکانی زۆربوونی خۆکوژی چین؟ کاریگەریی لەسەر ژیان و فەرهەنگ و هەڵسوکەوتی خەڵک چین؟
کەسانێک پێیان وایە کێشە کۆمەڵایهتییەکان لایەنی باشیشیان هەیە، بۆ نموونە ڕادەی قووڵ بوونی کێشەکان و مەترسییە شاراوەکانی کۆمەڵگە ئاشکرا دەکەن یا وەکوو سووپاپی کۆمەڵگا عەمەل دەکەن، هەروەها سنوورێک دەکێشن لە نێوان بەشی ساغ و بەشی نەخۆشی کۆمەڵگادا، تەنانەت کەسانێک پێیان وایە ئەو کێشانە لە دواجاردا دەبنە هەوێنێک بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و…
بەڵام بابەتی گرینگ، ئهو مەترسیانەیە کە دەیخوڵقێنن بۆ نموونە؛ فەرهەنگی ژیاندۆستی و خەبات و هەوڵدان و بەرگری بۆ ژیان، لاواز دەکەن و لە بەرامبەردا بڕەو بە فەرهەنگی تەسلیمبوون و کەمهێنان و دۆڕاندن لە ژیاندا دەدەن. ئەوان پەنا بردن بۆ خۆکوشتن ئەکەن بە باشترین مێتودی چارەسەری یەکجاریی کێشەکان، خۆکوژییەکان هەوڵ بۆ گۆڕان و داهێنان لە ژیاندا لاواز دەکەن و هیوا بەژیان لە نێو خەڵکدا دادەبەزێنن و جومگەکانی کۆمەڵگا و شیرازەی بنەماڵەکان تێک دەدەن. لەگەڵ ئەوانەشدا ڕێگە بۆ پەروەردەبوونی مرۆڤی لاواز و کوێلە بۆ خزمەت کردن بە جۆرەکانی ستەمکاری خۆش دەکەن.
بێینەوە سەر پرسیاری یەکەم، گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوژی لە کوردستان چین؟ لە نێو ژناندا، لە نێو پیاواندا؟
رەنگە بکرێ بڵێن گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوژی لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستاندا، بەگشتی گەشەنەکردنی پێویست لە هیچ بوارێکدا و بە تایبەت دۆخی نالەباری ئابووری و بێکاری لە ڕادەبەدەر و هەروەها رکوود و چەقبەستوویی کۆمەڵگایە لە زۆربەی بوارەکاندا.
نەبوونی هیچ چەشنە گۆڕانێکی سیاسیی کۆمەڵایەتی و چەقبەستوویی و مانەوە لە بازنەیەکی قەیراناویدا هیوای بە ژیان و تەنانەت بە پێی ئامارەکان ئاستی لێبوردەیی خەڵکی هێناوەتە کەمترین ڕادە لە جیهاندا، دیارە ئەمانە و نەریتە خراپەکانی دژ بەژن لە گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوژین.
چارەسەر چین؟ کێ و لایەنەکان هەر کام چیی دەکەوێتە ئەستۆ؟
لە پێشدا دەبێت لایەنە پێوەندیدارەکانی دەسەڵات ئامار و داتای دروست بەبێ سانسۆر بخەنە بەردەست و هەوڵ بدەن ڕاپۆرتی هەموو شێوەکان و حاڵەتەکانی خۆکۆژی بە تایبەت خۆکوژییە ناسەرکەوتووەکان بدەنەوە.
هەروەها دەبێ وەکوو کەیسی جیاجیا لە سەر حاڵەتەکانی خۆکوژی تۆژینەوە بکرێ. بهداخهوه له کۆمەڵگای ئێڕاندا ئاستی ڕاهێنان و پەروەردەکردن بۆ چوونە ژیان و چۆنیەتی چارەسەر کردنی کێشە جوراوجۆرەکانی ژیان، لە کەمترین ڕادەێ پێویست دایە. دەکرێ بڵێین ئەرکی سەرەکی لە سەر شانی دەوڵەتە کە هەم بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە و هەم دەرفەت بۆ خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی بخولقێنێ کە هەوڵ بدەن بۆ بەرەو پێشچوونی باشتری ژیانی کۆمەڵایەتی و وەدی هاتنی کۆمەڵگایەکی تەندروست.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.